خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا؛ قەندیل و قەیوم

ئامادەسازیی و بانگەشەی ناڕاستەوخۆ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکردووە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی و پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە، ئامانجی رەجەب تەیب ئەردۆغانن بەسەریاندا سەربکەوێ، بەو پێییەی لە هەڵبژاردنی پێشووتر پێکەوە گورزی قورسیان لە ئەردۆغان دا، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی هەر ئەگەرێک بن و لێ نەسڵمنەوە.

ئەردۆغان، باس لە هاوپەیمانێتیی دەم پارتی و قەندیل دەکات، ئەو بەرەیە لای ئەو لە لیستی تیرۆردان، چوواندنەکەی ئەردۆغان دروست نییە، بەڵام بیانوویەکی باشە لە دەستی لە دوو کاتدا:
یەکەم: بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی بەبیانووی تیرۆر و مەترسییەکانی دەنگدەری دەم پارتی و جەهەپە بۆ خۆی کێش بکات، یان بەلایەنی کەمەوە دەنگی دەنگدەری خۆڵەمێشی بۆ سوودی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوەش نەبێت دەنگدەری دەم پارتی زیاد نەکات و لەهەمان قاڵبی پێشوودا بمێننەوە.

دووەم: ئەگەر دەم پارتی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بەتایبەت لەو شوێنانەی ئەردۆغان دەیەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت تیایدا، ئەوا دوای ماوەیەک بەبیانووی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، سەرۆک شارەوانییەکان لاببات و قەیومەکانی خۆی لە شوێنیان دابنێ وەکو چەندین جاری پێشوو کە ئەو کارەی کردووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئەکەپە رۆژی 23ی شوباتی ٢٠٢٤ لە پارێزگای باڵکئەسیر وتی "بەو ئۆپەراسیۆنە نوێیانەی ئەنجامیان دەدەین، بەردەوام دەبین لە پەرتەوازەکردنی پرۆژەی دامەزراندنی (تیرۆریستان)ێک، کە بە گەمارۆدانی سنوورەکانی باشووری وڵات دەیانەوێت دروستی بکەن".

ستراتیژی ئەردۆغان لەناوبردنی رۆژئاوای کوردستانە، لەماوەکانی رابردوو ئۆپەراسیۆنی زۆری کردووەتە سەری، بۆ سەر قەندیلیش ئۆپەراسیۆن بەردەوامە، لە باکووری کوردستانیش پۆلیس و جەندرمە ئەو کارە دەکەن و ئەندام و کادر و سەرکردەی زۆری دەم پارتی دەستگیرکراون، روونە قەندیل- ئامەد- قامشلوو، لە ستراتیژی ئەردۆغان دا یەکن، بۆیە یەک ئامانجی لە رووبەڕووبوونەوەیان هەیە: لەناوبردن.

کاریگەریی قەندیل لەسەر باکوور و رۆژئاوا روونە، ئەوە سوود و زیانیشی هەیە، رەنگە بە گۆڕینی میکانیزمی هاوپەیمانێتییەکەیان بتوانرێت زیانەکانی کەمتربکرێنەوە، ئەگەر وا نەکرێت ئەوا بەتایبەت لە باکووری کوردستان دەستکەوتەکان هەموو هەڵبژاردنێک کۆدەکرێنەوە و دوای ماوەیەک بەکۆکراوەیی ئەردۆغان بۆ خۆی دەیبات.

 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩، پارتی دیموکراتیی گەلان- هەدەپە لە باکووری کوردستان توانی 3 گەورە شارەوانی و 5 شارەوانیی شار و 40 شارەوانیی شارۆچکەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەست خۆی ماونەتەوە و ئەردۆغان لە شوێنی ئەوانی دیکە قەیومی داناوە.

دەم پارتی پێویستە شێوازی سیاسەتکردنی بگۆڕێت، راستە قەندیل کاریگەر و خاوەن رۆڵی سەرەکییە، بەڵام بوونی ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییە روونەی نێوانیان رۆژ لەدوای رۆژ زیانی زۆر دەبێت، تەنانەت کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی دەم پارتی بۆ ٥٧ کورسی، دیسانەوە بەشێکە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە روونەی قەندیل- دەم پارتی.

هەنگاوی گرنگی دەم پارتی دوورکەوتنەوەی بوو لە جەهەپە، ئەوە بەشێکی فشارەکانی سەری کەمتردەکاتەوە، قۆناغی دووەم دۆزینەوەی میکانیزمی جیاوازترە لەگەڵ قەندیل بۆ بەردەوامی هاوپەیمانێتییەکەیان، ئەگەر وانەکەن دیسانەوە قەیومەکانی ئەردۆغان چاوەڕێیانە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan