د.مونیرە ئەبوبەکر

د.مونیرە ئەبوبەکر

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان


مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە کە ئاوی خواردنەوە و پێویستیی ژیانێکی تەندروستی لە ئاو دەستبکەوێ، ئەگەر لەسەر دەریای ئاویش بوویت زیادەڕۆیی مەکە لە بەکارهێنانیدا.

 ئاو بنەمای ئاشتی و سەقامگیری و ئاوەدانییە لە جیهان دا، لە قورئانی پیرۆزیشدا لە چەند ئایەت ناوی ئاو هاتووە وەك (وَأَنْزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً بِقَدَرٍ فَأَسْكَنَّاهُ فِي الْأَرْضِ وَإِنَّا عَلَى ذَهَابٍ بِهِ لَقَادِرُونَ)، (وَجَعَلۡنَا مِنَ ٱلۡمَآءِ كُلَّ شَيۡءٍ حَيٍّۚ ).

جیهان بەرەو رووی کێشەی پیسبوونی ژینگە بووەتەوە، ئاوی خواردنەوە پیسبووە و بەرەو کەمی دەڕوات، لە ئاییندەدا بە زەحمەت دەستدەکەوێ. گۆڕینی کەشوهەوا و وشکەساڵی و وشكبوونی زۆر لە سەرچاوەکانی ئاو، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا، رێکنەخستن و دانەنانی سنوور بۆ بەکارهێنانی، کۆنەکرنەوەی ئاوی باراناو…هتد، بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمئاوی.

لەئێستادا کێشەی سیاسی، دیپلۆماسی و یاسایی لەسەر ئاو هەیە لەنێوان وڵاتان دا. ئەم کێشانە کە کێشەی ئاوی جیهانی و هەرێمین، کێشەی ئاوی رووبارەکان و کەناراوەکانن لەنێوان وڵاتان دا، پێویستە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئاو چارەسەر بکرێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لەلایەن هەندێ لە وڵاتان کە سەرچاوەی هەڵقوڵانی ئاوەکانن لە وڵاتەکەیان دا قورخ نەکرێت، زیاتر لە سێ ملیار مرۆڤ لەسەر ئاوی هاوبەش دەژین کە بەناو سنوورەکانیادا تێدەپەڕێت، کەچی تەنها ٢٤ دەوڵەت رێککەوتنیان لەسەری کردووە.

ئاو هاوبەشییەکی جیهانییە بۆ مرۆڤایەتی و پارێزگاریکردن لێی ئەرکی گشتییە، پێویستە وڵاتان رێنمایی بۆ بەکارهێنانی ئاو لە ناوخۆی وڵاتەکەیان دا دەرکەن کە مافی تاک لە دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوەی تیادا پارێزراوبێت، ئەمەو لایەنی کاریگەرییەکانی لەسەر خواردن و کشتوکاڵ و ماڵات رەچاوبکرێت.

گەر نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی حکومەت و رێکخراوە جیهانییەکان و ناوخۆییەکان پەلەنەکەن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری پیسبوون و کەمبوونی ئاو، کە رۆژ بە رۆژ پێویستیی بە کارهێنانی زیاددەکات و لەگەڵیشیدا ژمارەی دانیشوانی جیهان زیاددەکات، ئەوە بەدڵنیاییەوە شەڕی ئاییندەی جیهان لەسەر ئاو دەبێت.

ئاو لەزێڕ و سەرجەم کانزاکان گرانتر دەبێت و مرۆڤایەتی بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێت، دەبێت ئەوە بزانین لەئێستادا رێژەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان  هەژارن و ئاوی پێویستیان نییە، کەواتە ئاو ژیانە، نانە، ئاشتییە، سەقامگیریی و ئاوەدانیشە، پاراستنی ئەرکی من و تۆیە.

خ.غ

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan