ئابووری
وهزارهتى دارایی و ئابوورى ههرێم كۆمهڵێك زانیاریی لهسهر ههژمارى من بڵاودهكاتهوه
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، له راگهیهندراوێكدا كۆمهڵێك زانیاریی لهبارهى پرۆژهى ههژمارى من بڵاودهكاتهوه، و وهك بهرگریی كردنێك دژى ئهو كهسانهى به پرۆژهیهكى خراپ ناوى دهبهن و رهتیدهكهنهوه، دهڵێت، ماوەیەکە هەندێک زانیاریی چەواشەکارانە دژی پڕۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان له راگەیەندراوهكهدا رایدهگهیهنێت، پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەئاگاداری سەرۆک وەزیرانی عیراق و بە رەزامەندی بانکی ناوەندی عیراق لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ماوەیەکە هەندێک زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە دژی پڕۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەن زانیارییەک لە سەر پڕۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ رای گشتیی بخەینەڕوو.
کورتەیەک لە پڕۆژەی هەژماری من:
پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەئاگاداری بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عیراق و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عیراق لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
مەبەستی پڕۆژەی “هەژماری من” دروستکردنی بانک نییە بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابین کردنی رێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەست راگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم و دابین کردنی مووچەو پێدانی چەندین جۆری قەرزو سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ رێگری کردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتایهێنان بە گەندەڵی.
پرۆژەی هەژماری من دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و شەفاف لە سەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەش کردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
بانکە بەشداربووەکان:
پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:
● BBAC Bank
● RT Bank
● NBI
● Cihan Bank
● IIB
کەسەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عیراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەرپێکراون.
هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە تەندروستن و هیچ سزایەکیان لەسەر نیە لە پەیوەندییەکی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا و سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.
لە ئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عیراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشدارییکردنییان لە پرۆژەکە. شایەنی باسە، بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من رەتکراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو بانکانە شکستیانهێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە و یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.
شایەنی باسە کە بەپێی دوایین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عیراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من زیاد بکرێت لە (250) بۆ (400) ملیار دیناری عیراقی تاوەکو کۆتایی ساڵ، ئەم بریارە لە پێناو بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیایی دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران.
بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکان:
پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە 19 خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش مووچەخۆران دەکات و تێچووی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنها بڕی (2500) دیناری عیراقیە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عیراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی مووچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی مووچەیە بە شێوازی کاش.
لە کاتێکدا کە مووچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عیراق مانگانە بڕی 6 لە هەزاردا بۆ راکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەش کردنی مووچە (PoC/منافژ) واتا وەرگرتنی 6000 دیناری عیراقی بۆ راکێشانی هەر ملیۆن دینارێک.
ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانەوە بە مووچەکانیان لە رێگەی ئامێری راکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (1000) ئامێری راکێشانی پارە دابنرێت و لە ئێستادا نزیکەی 100 ئامێری راکێشانی پارە لە شاری هەولێر دانراون و 24کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی بانکی ناوەندی عیراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عیراق دانراون.
فراوانبوونی پرۆژەی هەژماری من:
لەئێستادا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا نزیکەی 40 هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوەو قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردووە لە هەردوو پارێزگاکە.
ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی عیراقی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتیی دروست بکرێت و مووچەکانیان لە رێگای هەژماری بانکی وەربگرن.
1- ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبوندایە.
2- بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.
3- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت.
4-هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو رەسیدەی لە رێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سودمەند دەبێت لەقەرزو پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلیەکانەوە.
پ ح ع