ئابووری
نرخی گۆشتی سوور هێشتا وەك خۆیەتی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی لەسەدا 50ی باج، هێشتا نرخی گۆشتی سوور وەك خۆیەتی و بڕیارەكە هیچ گۆڕانكارییەكی لە نرخەكەیدا درووست نەكردووە.
عومەر محەمەد، خاوەنی یەكێك لە قەسابخانەكان بە مەودا میدیای راگەیاند، هەرچەندە بڕیاری كەمكردنەوەی باج ئەمڕۆ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام راگەیاندنی بڕیارەكە هێشتا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر نرخی گۆشتی سوور نەبووە.
وتیشی، چاوەڕێ دەكرێت بڕیارەكە كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەبێت، بەڵام هێشتا نازانن كە ئایا دابەزینی نرخی گۆشتی سوور بەهۆی چوونەبواری جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەوە تا چ رادەیەك دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تا ئەمڕۆ یەك كیلۆ گۆشتی بەرخ 22 هەزار دینارە.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاری كەمكردنەوەی باجیان لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرك كردووە بەمەبەستی جێبەجێكردنی و لە ئەمڕۆوە باجی گومركیی لەسەر ئاژەڵی زیندوو 50٪ كەمدەكرێتەوە.
ئ پ