ئابووری
بانکی ناوەندیی هۆشدارى دهداته ھاوڵاتییان له مهترسى پارهكانیان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
بانکی ناوەندیی عیراق له بارهى کڕینی دۆلار بە نرخی رەسمی لە رێگەی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییە ساختەکانەوە هۆشدارى دهداته ھاوڵاتییان و ئاگاداریان دەکاتەوە كه ئەو خزمەتگوزارییانە تەنھا لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانەوە بەردەستە .
بانکی ناوەندیی عیراق له راگەیەندراوێکدا رایدهگهیهنێت، ھەندێک ماڵپەڕ و پەیجی ساختە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بە ناوی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە مۆڵەتی بانکی ناوەندییان ھەیە، بانگەشە بۆ فرۆشتنی دۆلار دەکەن بە نرخی رەسمی، ھاوڵاتییان و گەشتیارانیش بۆ کڕینی کاتی دۆلارەکە کلیک لەسەر لینکەکە دەکەن، ماڵپەڕە ساختەکانیش رێوشوێن و چۆنێتی پێدانی دینار بەماڵپەر و پەیجەکان دەدەنە کەسەکە.
هاوكات، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری دامەزراوە داراییە نابانکییەکانیش ئاشكرایكردووه، ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە تەنھا لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانەوە بەردەستە و پێدانی دینار و وەرگرتنی دۆلاریش تەنھا لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکان ئەنجام دەدرێت.
پ ح ع