ئابووری
نرخی زەوی و خانوو بەرزبووەتەوە، بەڵام كڕیار نییە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشكردنی دوو مووچە بەدوای یەكدا، ئێستا نرخی زەوی و خانوو تا رادەیەك بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا كڕیار لە بازاڕدا نییە.
جەلال شێخ محەمەد، خاوەنی یەكێك لە نوسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند، ئێستا نرخی خانوبەرە بەراورد بە چەند مانگی پێشوو بەرزبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كڕیار لە بازاڕدا نییە و زۆر بە كەمیی خەڵك موڵك دەكڕێت.
وتیشی، ئەو خەڵكە مامناوەندەی كە ئێستا پارەیان هەیە بە زۆریی لە نێوان 60 بۆ 80 هەزار دۆلاریان پێیە و لە هەمان كاتیشدا ئەیانەوێت خانوویەكی جوان و گەورە بكڕن، بەڵام ئەو پارەیە ئێستا خانوویەكی باش و تازەدرووستكراو ناكات، جگە لەوەش متمانە بە بارودۆخەكە ناكەن، بۆیە هێشتا كڕین و فرۆشتن زۆر كەمە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هێشتا زووە بۆئەوەی خەڵك بتوانێ دەست بكاتەوە بە كڕینی خانوو و زەوی، چونكە پێشتر خەڵك بەهۆی بێمووچەییەوە بێپارە بووە، بەڵام ئەگەر مووچە بەردەوام بێت و هەموو مانگێك لەكاتی خۆیدا بدرێت ئەوا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا كڕین و فرۆشتن بە تەواوی دەستپێدەكاتەوە.
باسی لەوەشكرد، ئێستا وایلێهاتووە كە هەندێك لە پرۆژەكان بەبێ پێشەكیش شوقە دەفرۆشن بە هاوڵاتییان، بەڵام هێشتا كڕیاریان هەر نییە.
ئ پ