چاوپێكەوتن

کەژاڵ عەلی: مام جەلال مەفرەزەیەکی نهێنی بۆ دەستنیشان کردبووم لە کاتی پێویستدا هاوکارم دەبوون

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەژاڵ عەلی: مام جەلال مەفرەزەیەکی نهێنی بۆ دەستنیشان کردبووم لە کاتی پێویستدا هاوکارم دەبوون
مەودا میدیا- 

تەوارێک لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە بووەتە میوانمان، زامە قووڵەکان زمانیان پژاندووە، كانياوی شیعر و قەڵەمی؛ سۆز و خۆشەویستیی شەهید و شار و شەهدی سروشتی وڵاتەکەیەتی... ئازار نەیکوژاندووەتەوە؛ دایگرساندووە، لەگەڵ خەم باڵای کردووە و چەشنی سارا و کێوەڕەش سەری لە ئاسمان و رەگی لە مێژووی نەتەوەکەیدایە. لە قووڵایی چاوەکانیدا، هەم بڵێسەی ئاگری خەم و حەسرەت، هەم پرشنگی ئومێد و ئاوات دەبینیت...

خاتوو کەژاڵ عەلی، پاش وچانێک و دوورکەوتنەوە لەو هەموو ئازار و ماندووێتییەی رۆحیان دەکرۆژت، ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان و مەبەستێتی لە وێستگەیەکی تر و بە شێوازێکی تر خزمەت بە خاک و گەلەکەی بکات. 

کەی و لەکوێ لەدایک بوویت؟
ناوم کەژاڵ عەلی ئەحمەدە، خەڵکی رانیەی دەروازەی راپەڕینم، بەڵام خۆم لە 6ی ئازاری 1967 لە دیوانیە لەدایک بووم.

بۆچی لە دیوانیە؟
باوکم بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە بوو و گەڕابوونەوە، رایانگواستبوون بۆ ئەوێ، واتە نەفی کرابوون.

تا کەی لەوێ بوون؟
تەمەنم بووم بە پێنج ساڵ ئینجا گەڕاینەوە.

کە گەڕانەوە، چوونە کوێ؟
دوای ئەوە جارێکی تر باوکم پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کرد و ئێمەی بردە سەرگەڵوو و هەر لەوێش چوومە قوتابخانە.

لەوێ قوتابخانەی لێ بوو؟
قوتابخانەکەمان لە ئەشکەوتێکدا بوو، لە لای ئێمەوە دوور بوو و یەک مامۆستاشمان هەبوو. پێڵاوەکانم بە کەڵکی سەرکەوتن بەسەر شاخدا نەدەهات، بۆ هاتوچۆ زۆر ئەستەم بوو.

هیچ بیرەوەرییەکی ئەو کاتەت لەبیرە؟
بیرمە رۆژێکیان فڕۆکەی جەنگیی عیراق بۆردوومانی کردین و بوو زاقوزریک، مامۆستا هێوری دەکردینەوە و دەیوت مەترسن! دەتانبەینەوە ماڵەوە، بەڵام دوای بۆردوومانەکە برا گەورەکەم هات بەدوامدا و بردمیەوە ماڵەوە.

تا کەی لە سەرگەڵوو مانەوە؟
تا ئاشبەتاڵەکە، کە ئاشبەتاڵ کرا، ئێمەش وەک خەڵکەکە گەڕاینەوە. باوکم و برا گەورەکەم و من و هەندێک کەلوپەل بە هێسترێک شەوێک بە رێگەوە بووین تا گەیشتینە سلێمانی، ئیتر لەوێ نیشتەجێ بووین.

لە سلێمانی چوویتەوە بەر خوێندن؟
بەڵێ، لەوێ چوومەوە بەر خوێندن. ساڵێکم فەوتا بوو، لە سەرەتاوە دەستم پێ کردەوە و لە خوێندنگەی راستی لە گەڕەکی شێخ محێدین تا پۆلی سێی ناوەندیم تەواو کرد و پاشان گەڕاینەوە بۆ رانیە. 

قۆناغەکانی تری خوێندنت لەکوێ خوێندووە؟
تا دواناوەندیم تەواو کرد، هەر لە رانیە بووین. لە پەیمانگە، لە شاری بەسرە وەرگیرام و چەند مانگێک لەوێ بووم و دواتر گەڕامەوە بۆ سلێمانی. لە ساڵی 1989 لە پەیمانگەی پزیشکی/ بەشی تەکنیککاری وەرگیرام و لە ساڵی 1992 لە پەیمانگە دەرچووم.

کە پەیمانگەت تەواو کرد، دامەزرایت؟
بەڵێ، لە نەخۆشخانەی رانیە دامەزرام و حەوت ساڵ لەوێ کارم کردووە. 

کەی بوو یەکەم شیعرت نووسی؟
لە ساڵی 1986 یەکەم دەقی شیعرم نووسیوە، لە هۆڵی رۆشنبیریی رانیە خوێندمەوە، ئیتر لەوێوە ناسرام.

شیعرەکەت بۆ کێ نووسیبوو؟
بۆ برا گەورەکەم نووسیبوو.

بۆچی بۆ ئەو؟
ئەو برایەم (سەروەر عەلی ئەحمەد) گەنجێکی زۆر رۆشنبیر بوو، کەسێکی کراوە بوو، ئەندامی رێکخستنەکانی کۆمەڵە بوو. بە مامۆستا و دروستکەری خۆمم دەزانی، پەیوەندییەکی رۆحیی تایبەتمان هەبوو. سەروەر خوێندکاری ئامادەیی بوو، لەدەستدانی ئەو برایەم، کاریگەریی زۆری هەبوو بەسەرمەوە، خەریک بوو بڕووخێم.

بۆ بە مامۆستای خۆتت دەزانی؟
کوڕێکی زۆر رۆشنبیر، خوێندەوار، نووسەر و چەپ بوو، هەروەها کەسێکی کۆمەڵایەتی بوو. شەوان چاوەڕێمان دەکرد تا ماڵەوە دەنوستن، ئەو باسی مارکسیەتی بۆ دەکردم، بەڵام بەداخەوە، فریا نەکەوت دەربکەوێت.

بۆ؟
کە شەشی ئامادەیی تەواو کرد، ناوی بۆ سەربازی هاتەوە. سەروەر نەیدەویست سەربازیی بکات، دەیویست بڕواتە دەرەوە، بەڵام باوکم تەندروستی تەواو نەبوو، پێی وت: "تۆ کوڕی گەورەی ماڵەکەیت، ئەگەر من شتێکم لێ هات، تۆ بەرپرسی لە خوشک و براکانت." جارێک لە رێگەی گەڕانەوەی لە سەربازییەوە بۆ رانیە بۆ ماڵەوە، ئۆتۆمبێلێکی جاشەکانی زێباری لە ئۆتۆمبێلەکەیانی دابوو، وەرگەڕابوون و دواتریش جاشەکان دابەزیبوون رووتیان کردبوونەوە، تەنانەت ناسنامەکانیشیان بردوون و جێیان هێشتبوون. خێرخوازێک دەچێتە سەریان، دەبینێت سەروەری برام هێشتا زیندووە، نازانێت کێیە، سواری ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەکات و دەیباتە هەولێر، بەڵام لە رێگە گیان دەسپێرێت.

ئەى چی لێ دەکات؟
دەیباتە نەخۆشخانە و لەوێ لە ساردکەرەوەیەکدا بەبێ ناو داینابوو.

ئێوە چۆن دۆزیتانەوە؟
ئێمە دەگەڕاین بەدوایدا و دەترساین گیرا بێت و ئاشکرا بووبێت، بۆیە دایکم لە زیندانەکاندا بەدوایدا دەگەڕا. دوای 13 رۆژ وتیان کەسێکیان هێناوە بۆ هەولێر و لە ساردکەرەوەدایە، کە چووین بینیمان، ئەو بوو. ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ورووژاندنی هەستم و دەستکردن بە نووسینی شیعرەکانم.

جگە لەو برایەت، کاریگەریی هیچ کەسێکی دیکەت لەسەر بوو؟
جگە لەو، خاڵە (نیازی حەمە عەزیز)، کە شاعیرێکی ناسراوە، ئەویش مامۆستا و هاندەرێکی گەورەی من بوو دوای براکەم، یەکەم شیعرم نیشانی ئەو دا، پشتیوانیی کردم و ناردی بۆ کوردستانی نوێ بۆ بڵاکردنەوەی و بڵاویش کرایەوە.

ئەمە وەک شیعر، ئەى وەک نووسینی وتار و بابەت؟
وەک وتم، سەرەتا دەستم بە شیعرنووسین کرد، کە بەتەواوی چوومە سیاسەتەوە، دەستم بە نووسینی بابەت و وتاریش کرد، بەتایبەتییش لەسەر مافی مرۆڤ و ژن.

هیچ کتێبێکی چاپکراوت هەیە؟
نەخێر، بەڵام شیعرەکانم کۆ کردووەتەوە و ئێستا خەریکی چاپکردنیم و لەم ماوەیەدا بڵاوی دەکەمەوە.

کەی بوو کە تێکەڵاوی سیاسەت بوویت؟
لە ئامادەیی چووبوومە ناو رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە، پێش ئەوەش لە شانەکانی ناو خوێندکاراندا بووم، کە تەمەنم گەورەتر بوو، لەناو رێکخستنەکاندا کارم دەکرد. ئەو کاتەی لە بەسرە بووین، بەهۆی ئەوەی دوور بووم، تەنیا ئەگەر یەکێک بهاتایە، پەیامەکانمان پێ دەگەیشت، بەڵام کە گەڕامەوە، لە پەیمانگە چالاکییەکانم دەستی پێ کردەوە و رێکخەرەکەم (ئەسعەد حەمەعەلی) بوو.

دیارە کە راپەڕینە مەزنەکە لە دەڤەرەکەی ئێوەوە دەستی پێ کرد، ئێوە لەو کاتەدا چیتان کرد؟
پێش گەیشتنی پەیامی کاتژمێری سفری راپەڕین، دەستمان بە راپەڕین کرد. ئەوسا من و خاڵە نیازم و خەرمان بەشدار بووین، کاتێک پەیامەکەش گەیشت، زیاتر بە گڕوتینەوە دەستمان پێ کرد و پەرەمان پێ دا و رژێممان لەوێ راماڵی. تا دوو رۆژیش ترسی ئەوەمان هەبوو کە رژێم بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەبوو پێشمەرگە گەیشتن.

دوای راپەڕین چۆن بەردەوامیت بە کاری سیاسی دا؟
دوای تەواوبوونی راپەڕین، کاری سیاسیم وردە وردە پەرەی سەند و چالاکییەکانم زیاتر بوون. لە ساڵی 1993 بەتەواوی چوومە خانەکانی رێکخستنەوە و بووم بە ئەندامێکی کارا.

لەو ماوەیەدا یەکێک لە براکانت لە شەڕی بزووتنەوەی ئیسلامیدا شەهید دەکرێت، ئەوە چۆن رووی دا؟
لە 13ی تشرینی یەکەمی 1993، لە شەڕی بزووتنەوەی ئیسلامیدا محەمەد سوڵتان و چەند هەڤاڵێکی تر شەهید کران، سەرداری براشم پێشمەرگە بوو لەگەڵ ئەوان. لە دەوروبەری ماڵی شەهید عەلی نەبی شەڕ گەرم بوو، لە دوورەوە بە قەناس لێیان دابوو و برینداریان کردبوو، ئەویش بە برینداری چووبووە ماڵێکەوە لەو ماڵانەی نزیک ئەوێ. ماڵەکە لە ترسی ئەوەی نەوەک لە ماڵی ئەواندا بمرێت، چونکە خوێنی زۆری لێ رۆیشتبوو، بردبوویانە دەرەوە و لە سوچێکدا دایاننابوو و لەبەر تەقە نەیانتوانیبوو هیچی بۆ بکەن. سۆرانی برام، کە ئەویش هەر پێشمەرگە بوو، لەو ناوە ئەو هەواڵە دەبیستێت کە پێشمەرگەیەکی یەکێتی بریندارە و کەس ناوێرێت فریای بکەوێت، ئیتر سۆران عەرەبانەیەکی حەماڵی پەیدا دەکات و بەپەلە دەچێت و سەردار دەخاتە سەر عەرەبانەکە و دەیبات بۆ نەخۆشخانە.

زانیبووی کە ئەوە سەرداری برایەتی؟
نەخێر، لەو کاتەدا نەیزانیبوو. کاتێک دەیباتە نەخۆشخانە و لەوێ پزیشکەکان سەیر دەکەن گیانی سپاردووە و لە گیرفانیدا سەیری ناسنامەکەی دەکەن، ئینجا بە سۆرانی برامیان وتووە کە ئەوەی هێناوتە براکەی خۆتە.
سۆران خۆی ئەوەى بۆ گێڕامەوە کە لەو کاتەدا کەشەکە باراناوی بووە و ئەویش لەناو قوڕ و لیتەدا بووە، تەقەشیان لەسەر بووە، تەنانەت چەند فیشەکێک بە شەرواڵەکەی کەوتبوو و تا ئەم ساڵانەی دواییش ئەو شەرواڵەی وەک یادگارییەک هەر مابوو. ئیتر لە شپرزەییدا سەیری نەکردبوو بزانێت کێیە، یەکسەر خستبوویە سەر عەرەبانەکە و بردبووی. 

ئەى تۆ لەو کاتەدا لە نەخۆشخانە نەبوویت؟
ئەو کاتە نیو کاتژمێرک دەبوو دەوامم لە نەخۆشخانە تەواو بووبوو و گەڕابوومەوە ماڵەوە، کاتێک سەرداری برام دەگەیەننە نەخۆشخانە، یەکێک لە هاوڕێکانم تەلەفۆنی بۆ کردم و بەڕاکردن خۆم گەیاندەوە نەخۆشخانە، بەڵام بەداخەوە فریای نەکەوتم و گیانی سپاردبوو و بردوویان بۆ مزگەوت.
پاشان چووم بۆ مزگەوت و لەوێ بینیم. ئیتر شووشتیان و کفن کرا، بە چەند کەسێک ناشتیان و نەیانهێشت پرسە دابنێین، تەنیا خزم و کەس لامان بوون. بەداخەوە، ئەو حەوت رۆژەی بزووتنەوە رانیەیان بەدەستەوە بوو، تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام دا.

ئێوە ئەو کەسانەتان دەناسی کە فیشەکیان بە شەهید سەردارەوە نابوو؟
بەڵێ، دەمانناسین، بەڵام هەڤاڵ مام جەلال لێبووردنی دەر کرد و ئێمەش پابەندی ئەو پەیامەی مام بووین. 

دوای تەواوبوونی شەڕەکەش هیچ پرسە و مەراسیمێکتان بۆ نەکردن؟
دوای تەواوبوونی شەڕ، چوومە کۆمیتە و لای د. خەسرەو و پێم وت کە براکەم چاڵێکیان بۆ هەڵکەوندووە و ناشتوویانە. ئیتر د. خەسرەو زۆر بەخێرایی بەدەنگمەوە هات، چونکە خۆشی برایەکی شەهید بوو. ئیتر هەر شەش شەهیدەکەیان بەیەکەوە بە رێوڕەسمێکی شایستە و لەسەر وەسێتی خۆی کە لە کۆمیتە سوێندی خواردبوو، ناشتمانن.

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی شەهیدکردنی براکانی ترت، دەمەوێت باسێکی دایکتم بۆ بکەیت...
دایکم (زەکیە حەمە عەزیز)، ژنی دووەمی باوکمە. دایکم کە شووی پێ کردووە، ئەوەندەی نەبردووە باوکم دەبێت بە پێشمەرگە و دایکم لەگەڵ خۆی دەبات و لە سورداش دادەنیشێت. ئەوسا سورداش بە دەست شۆڕشەوە بوو، سەروەر لە سورداش لەدایک بووە لە ساڵی 1964، کە دەگەڕێتەوە، باوکم نەفی دەکرێت بۆ دیوانیە و منیش لە دیوانیە لەدایک بووم. 
دایکم ژنێکی ئازا و خۆڕاگر بوو، بەرگەی نەبوونی و ماندووبوونی زۆری ژیان گرت، چاونەترس بوو، تا مرد هەر دەیوت شانازیی بە کوڕەکانمەوە دەکەم. ئەو هەموو ژیانە ناجێگیرەی بەهۆی باوکمەوە، نەدەبووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی، دەتوانم بڵێم خۆی ئێمەی بەخێو کردووە، بە نەبوونی و ترسولەرزەوە.
بیرمە کاتێک لە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو گیرساینەوە، ژیانی پێشمەرگایەتی ئەوسا ئەستەم بوو، بەتایبەتی بۆ خێزانێک، جاری وا هەبوو بە سێ مانگ باوکمان نەدەبینییەوە، ژیانمان کولەمەرگی بوو، بۆ نموونە؛ ئەگەر تەنیا هەر نان و چامان هەبووایە و یەکێکمان چاکەمان بڕشتایە، دایکم دەیوت بەشی خۆتان تەواو بوو، بۆی تێنەدەکردینەوە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، دایکم بەسەرهاتێکی بۆی گێڕاینەوە و وتی: "باوکتان جارێکیان جانتایەکی کۆنە بە پشتییەوە بوو و گەڕایەوە، زۆر ماندوو بوو، ئەوکات تەنیا نان و دۆمان هەبوو، خستمە بەردەمی باوکتان و خەوی لێ کەوت و نەچووەوە بۆ مقەڕ و جانتاکەی لە پشتی سەری خۆی دانا. کاتێک بەئاگا هات، رۆیشتە دەرەوە، منیش فزوولی گرتبوومی بزانم ئەم جانتایە چی تێدایە، چونکە باوکتان لەو جۆرە جانتایەی نەبوو. جانتاکەم کردەوە بینیم پڕە لە پارە و بەپەلە دامخستەوە. کە هاتە ژوورەوە، وتم ئەم جانتایە پڕە لە پارە، گوناحت دەگات شتێک پارەمان نادەیتێ. باوکتان تووڕە بوو کێشای بە جانتاکەدا و وتی ئەمە هیی شۆڕشە، هیی ئێمە نییە. بۆ بەیانی رۆیشت و پارەکەی برد و هیچی نەداینێ. مام جەلال زۆر دڵی خۆش دەبێت و بە شانوباڵی باوکتاندا دێتە خوار و ستایشی دەکات، پێشمەرگەکان کۆ دەکاتەوە یەکەم قسەی دەڵێت: عەلی چەندت دەوێت بتدەمێ؟ ئەویش دەڵێت: وەک ئەوانی تر. مامیش وا دەکات، بەڵام باوکتان تەکریم دەکات و دەمانچەکەی بەر پشتی خۆی پێشکەش بە باوکتان دەکات." باوکم بەردەوام ئەم دەمانچەیەی لەبەر پشتی بوو.
بەو نەبوونییەش چەندین جار دایکم خواردنی بۆ پێشمەرگە دەکرد و داوەتی دەکردن، مام جەلال چەندین جار بۆ نانخواردن هاتووەتە ماڵمان، ئێستەش وێنەی ئەو سەردەمەی لەبەرچاومە.

ئەى سەبارەت بە سەردەمی شۆڕشی پێشوو، هیچ چالاکییەکی گرنگی باوکت دەزانیت؟
جارێکیان باوکم دەگوێزرێتەوە بە کاری فەرمی بۆ چوارتا، ئەوەندە نابات شۆڕش هەڵدەگیرسێتەوە، ئەویش یەکسەر هەموو بنکەى پۆلیسی چوارتا و هەرچی چەک و تفاقی هەیە کە ئەوسا زیاتر بڕنە بووە، تەسلیم بە هێزی پێشمەرگە دەکات.

دایکت کەی کۆچی دوایی کرد؟
وەک باسم کرد، دەتوانم بڵێم دایکم خۆی ئەرکی بەخێوکردنی ئێمەی گرتبووە ئەستۆ، منیش هاوکار بووم، چونکە کارم دەکرد. لە ساڵی 2002 چووبوو بۆ فەرماندەیی گشتی بۆ وەرگرتنی مووچەی شەهیدان، کە یەکەم جاری بوو بچێت، چونکە لە ساڵی 1996 بۆ 2002 وەرینەگرتبوو. پێی دەڵێن بۆ نایەت هاوکارییەکەت وەربگریت، کە چووبوو لەوێ برادەرەکانی کوڕەکانی لە فەرماندەیی بینیبوو مەشقی سەربازی دەکەن، یەکسەر جەڵتە لێی دا و دوای سێ مانگ لەسەر جێگە کۆچی دوایی کرد. 

تەمەنی چەند بوو؟
تەمەنی 56 ساڵ بوو. هەر ئەوەندە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییەی گرت.

سەرەڕای ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان باوکت و مام جەلال، چۆنە باوکت بەردەوام نەبوو لە پێشمەرگایەتی و بەرپرسیارێتی؟
پەیوەندیی باوکم و مام جەلال زۆر تایبەت بوو، مام جەلال لە کتێبی (دیداری تەمەن)دا باسی کردووە. 
باوکم لە شۆڕشی نوێشدا بووەتەوە بە پێشمەرگە، دوای ماوەیەک مام جەلال بەزۆر ناردییەوە. وەک باسم کرد، باوکم تەنگەنەفەسییەکی قورسی هەبوو، دەبوایە بەردەوام ئۆکسجین وەربگرێت. ئەوسا لە پێشمەرگایەتیدا پلەکەی بەرز بوو، فەرماندەی میحوەر بوو، نەیدەویست بگەڕێتەوە، بەڵام نەخۆشیی تەنگی پێ هەڵچنیبوو و چاری نەبوو.

پەیوەندیت چۆن بوو لەگەڵ و باوکت، چۆن کەسایەتی ئەو هەڵدەسەنگێنیت؟
باوکم عەریفی پۆلیس بوو، کەسێکی کۆمەڵایەتی و وریا و زیرەک بوو، عەرەبییەکی زۆری باشی دەزانی. تا پێنجی سەرەتایی خوێندبوو، بەڵام زۆر خوێندەوار بوو، لە کارەکەیدا خولی پەرستاری بینیبوو، بۆیە لەناو پێشمەرگەش ئەو رۆڵەی دەبینی و برینپێچی و چارەسەرە سەرەتاییەکانی بۆ پێشمەرگە دەکرد، وەک پزیشکی ماڵەوەش ئەو رۆڵەی دەبینی.
وەک باسم کرد، باوکم زۆر نزیکی مام جەلال بوو، لەناو پارتیدا باڵی مەکتەبی سیاسی بوو. کاریگەری لەسەر هەموومان هەبوو. من پەیوەندییەکی رۆحیم لەگەڵ باوکم هەبوو، نموونەی باڵای من و خوشک و براکانم بوو، بەڵام بەتایبەتی پەیوەندی لەگەڵ من زۆر زۆر توندوتۆڵ بوو، بەردەوام دەیوت دایکەکەم و بەناوی خۆمەوە بانگی نەدەکردم، تا ئەو رادەیە لای نازدار بووم. دایکم لەو هەموو خۆشەویستییە غیرەی دەکرد. باوکم بەرپرسیارێتی هەموو خێزان و خزم و کەسوکاریشی گرتبووە ئەستۆی خۆی و خەمخۆری هەمووان بوو، رۆڵی هەبوو لە ئاراستەکردنمان و رێنماییکردن و بایەخی تایبەتیی بە ژنەکان دەدا.

باوکت کەی کۆچی دوایی کرد؟
باوکم لەدوای شەهیدبوونی برا گەورەکەم کە هەموو ئومێدێکی ئەو بوو، زۆر دەگریا و خۆشی رەبۆیەکی قورسی هەبوو، ساڵێک دوای براکەم ئەویش لە هەمان مێژوو لە تەمەنی 57 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

با بێینەوە سەر شەڕی ناوخۆ و شەهیدکردنی براکانت، برای سێیەمت چۆن شەهید کرا؟
سامانی برام، جێگری تیپی لەشکری پشدەر بوو، لە شەڕەکانی گەردەلوولی تۆڵە، لە شەڕەکەی هیزۆپدا، چونکە هەتا هیزۆپ پاک کرابووەوە، لەگەڵ مستەفای سەید قادر دەکەونە کەمینی پارتییەوە، سامان چل پێشمەرگەی لەگەڵ دەبێت، سەرەتا کاک مستەفا دەرباز دەکەن لە کەمینەکەی پارتی، بەڵام خۆی و پێشمەرگەکانی شەڕ دەکەن و دەکەونە کەمینەوە، بە 35 پێشمەگەی لای خۆی دەڵێت: ئێوە بڕۆن دەرباز بن، ئێمە بەرگری دەکەین، دواتر دەگەینەوە لاتان. سامان و پێنج پێشمەرگەی تر بەرگری دەکەن. هێزی بەرانبەر (سوپای رزگاریی پارتی) لە کشانەوەدا بوون. ئەوان، ئەو شەش کەسەی کە مابوونەوە (عوسمان عەلی، عەلی بابەکر، عەبدوڵڵا چاوشین، ئەژین عەبدوڵڵا و سامان)، هێزەکانی پارتی هێشتا لە سلێمانی مابوون و هێزیان هەبوو لە دوکان مابوونەوە، بۆ هاوکاریی ئەو هێزە (هێزی سوپای رزگاری)، هێزیان بۆ هاتبوو، ئەوانیش پشتیان چۆڵ دەبێت و هێز لە پشتەوە لێیان دەدەن و بواری کشانەوەیان نامێنێت و ناشیانەوێت خۆیان بدەن بەدەستەوە. سامان پێیان دەڵێت کە تا دوایین فیشەک بەرگری دەکەین و دوایین فیشەک بەخۆمانەوە دەنێین. بەڵام فیشەکیان پێ نامێنێت و دەگیرێن. دوای ئەوەی دەیانگرن، زۆریان لێ دەدەن، هەر لەوێ قاچ و دەستی سامان دەشکێنن، پیکاب دەهێنن و دەیانخەنە ناو پیکابەکە. سامان ئەسمەر بوو، یەکسەر خەڵکەکە لەوێ ناسیبوویانەوە کە بە پشتوێنەکەی دەستی خۆی هەڵپێچاوە. بەرەو رانیەیان بردبوون، ئەوسا رانیە لەژێر دەستی پارتیدا بوو. پارتی خەڵکی خۆیان کۆکردبووەوە و وتبوویان یەکێتی دەڵێن پاسدارمان لەگەڵ نییە، ئەوانە پاسدارن، ئیتر خەڵک سووکایەتییان پێ کردبوون. رانیەیەی هەبووە وتوویەتی کوڕە ئەمە سامانی عەریف عەلییە، کەی پاسدارە! بەڵام پارتی نەیهێشتووە بێنە پێشەوە. ئیتر نەمانزانی بۆ کوێیان دەبەن، ئەملا و ئەولایان پێ دەکردن و دەیانشاردنەوە بۆ ئەوەی رەوانەی سەری رەشیان بکەن. وەک بنەماڵەی خۆمان، هەموومان قەرزاری خەڵکی رانیەین، هەموویان بەدوای دایکمدا رایان دەکرد بۆ دۆزینەوەی سامان، بەڵام بێسوود بوو، ون کران و تا ئێستا چارەنووسی هیچیان دیار نییە تەنیا ئەژین نەبێت. 

تەمەنی چەند بوو کە شەهید کرا؟
19 ساڵ بوو.

چۆن بەو تەمەنە کەمەوە ئاوا بووەتە پێشمەرگە و لێپرسراوێتیشی هەبوو؟
بەهۆی لەخۆبردوویی و ئازایەتییەکەیەوە. سامان عەدەد دۆشکە بوو، جارێکیان کاک جەبار فەرمان رزگار دەکات، کاتێک کاک جەبار ئەمە دەبینێت، دەڵێت: ئەو قارەمانەم بۆ بهێنن، ئەمە کێیە؟ لە سەربانەوە بە دۆشکە رزگاری کردبوو، وتبوویان سامانی عەریف عەلییە، ئەویش وتبووی: کوڕی ئەو پیاوە بێت، هەر ئاوا قارەمان دەبێت.

وەک یەکێتی هیچ هەوڵێکیان دا بۆ ئازادکردنیان؟
بەڵێ، هەڤاڵ مام جەلال بەشەخسی داوای لە مەسعود بارزانی کردبوو، بۆ ئازادکردنی سامان و ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵی بوون، بەڵام سوودی نەبوو.

ئەی وەک خێزانی خۆتان هیچتان کرد؟
دایکم بەنەخۆشی و جەرگسووتاوی چەندین جار چووەتە سەری رەش بۆ سۆراخی، بەڵام بێسوود بوو. سواڵ و سەدەقەی دنیامان بۆ کرد، تەنانەت فەرشی ژێری خۆشمان فرۆشت بۆ بەرتیل، بەڵام هیچیان بۆ نەکردین و چەندین جار فێڵیان لێ کردووین.

باشە ئەی ئەژین چۆن رزگاری بوو؟
ئەژین خزمی عارف تەیفور بوو، منداڵتر بوو لەوانی تر، تەمەنی 17 ساڵ بوو، گۆڕییانەوە دیل بە دیل، بەڵام کاتی بەربوونی، بە جەستە و دەروون تێکشکاو بوو.

تۆ وەک خۆت قسەت لەگەڵ ئەژین کردووە کە چییان بەسەر هێناون؟
بەڵێ، خۆم بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ ئەژین کرد، بۆ ئەوەی هەندێک شتم بۆ باس بکات. لەو بارەیەوە بۆی گێڕامەوە و وتی: "زۆریان لێ دەداین و ئەشکەنجەیەکی نامرۆڤانەیان دەداین، کاری بێبەزەییانەیان بەرانبەرمان دەکرد. جارێکیان زۆریان لێ دابووین، هەندێکمان داوای ئاومان دەکرد و لەتاو ئەشکەنجە لەسەر زەوییەکە کەوتبووین، کەچی کە داوای ئاومان دەکرد، میزیان پێدا دەکردین."

کار و چالاکییەکانت لە مەڵبەندی رانیە و کۆمیتەکانی چی بوون؟
من کەسێکم وەک چالاکوان، شاعیر، نووسەر و خوێندکارێکی رێبازەکەی مام جەلال ناسراوم، مام جەلال زۆر مەبەستی بوو شوێنێکی شیاوم بداتێ کە خۆمی تێدا پەروەردە بکەم و سەرکەوتوو بم تێیدا. منیش بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە نەدۆڕێنم، زۆر بەوردی و جدیی کارەکانی خۆم دەکرد. ئەو بەرپرسیارێتییە بۆیان راسپاردم، پرسی ژن و مافەکانیان بوو، بەحوکمی ئەوەی رانیە ناوچەیەکی داخراو بوو لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، بابەتی توندوتیژیی دەرحەق بە ژن زۆر بوو، منیش بەدوای ئەو کەیسانەوە بووم بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بدۆزمەوە. مام جەلال مەفرەزەیەکی نهێنی بۆ دەستنیشان کردبووم، کە لە کاتی پێویستدا هاوکارم دەبوون بۆ رزگارکردنیان، بەتایبەتییش ئەوانەی مەترسی کوشتن و توندوتیژییان لەسەر بوو. بەهۆی نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئەو رۆڵەشم دەبینی. جاری وا هەبوو ئەگەر مەفرەزەکەی خۆمان بەردەست نەبوونایە، هانام دەبردە بەر دەزگاکانی حکومەت، یاخود ژنانی حزبە سیاسییەکانی تریش هەموومان بەیەکەوە هاوکار بووین، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو ژنانە و چارەسەری کێشەکانیان و شاردنەوەیان لای یەکتری.

خۆت ئەو ئەرکەت لا پەسەند بوو؟
بەڵێ، چونکە خۆم هەر لە زووەوە هاوکاری پرسەکانی ژنان بووم، تەنانەت کاتێک لە پەیمانگە بووم، هاوڕێیەکم بەناوی هاژە بابەکر، کە خەڵکی قەڵادزێ بوو، هاوسەرەکەی بەناوی یوسف عزەدین، نووسەر بوو، گیرا بوو، ماڵەکەیان ئاشکرا بووبوو کە ئەوان لە تۆڕی رێکخستندا بوون، ژنەکە خۆشی ئاشکرا بووبوو، چەندین ماڵی کردبوو، نەیانگرتبووە خۆیان. هانای بۆ من هێنا، منیش بەخۆشحاڵییەوە یارمەتیم دا؛ سەرەتا رەنگی قژیم گۆڕی و دواتر لەچکم بۆ کرد و بردمە ماڵی خۆمان، 40 رۆژ لە ماڵی ئێمە مایەوە، تەنانەت هاوسەرەکەشم نەیدەزانی کێیە. کاتێک هاوسەرەکەم زانی، سەرەتا تووڕە بوو، بەڵام دواتر ئەویش هاوکاری بوو و بەرەو گوندەکانی خۆیان دەربازی کرد.
جارێکی تر، کەسێکی تر کە سیاسی نەبوو، ئەویش ژنێک بوو، رەدوو کەوتبوو، خۆیان گەیاندبووە ماڵی ئاغایەکی ناوچەکانی خۆمان، کە چووم، ئاغاژنیشی لێ بوو، ئاغا کوڕەکەی دەرکردبوو، کچەکەی بە زۆرەملێ هێشتبووەوە، منیش بە هاوکاریی هەندێک برادەر توانیمان ئەو کچە لە هەردووکیان رزگار بکەین.
وەک مەرجعێکم لێ هاتبوو، لە هەر شوێنێک بیانووستایە کچێک بەزۆرەملێ بەشوو بدەن، دەهاتن و من رزگارم دەکرد و رێگریم لەو بەشوودانە دەکرد. ئەو کارەی من دەمکرد، کاری رێکخراو و شەڵتەر بوو، نەک تەنیا یەک کەس.

ئێوە چەند خوشک و برا بوون؟
سەروەر، (ئەم برایەم، مام جەلال ناوی ناوە. باوکم ناوی ناوە هەژار، مام وتوویەتی ئەو هەژارە بگۆڕە بۆ سەروەر)، سەردار، من، بێخاڵ، سۆران، سامان، سیروان.
خوشک و برایەکی تریشم لە دایکێکی تر هەیە، بەناوی شەوقی و شەوبۆ.

باسی ئەو خوشک برایانەتم بۆ بکە، بەچییەوە سەرقاڵن؟
بێخاڵ؛ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی تەواو کردووە و ئێستا لە سویسرا دادەنیشێت. خۆشبەختانە توانیومە هاوکاریی ئەم خوشکەم و سۆرانی برام بکەم و بیانبەمە دەرەوە.
سۆران؛ ئێستا ئەندام مەڵبەندە لە رانیە. ئەویش هەر کە تۆزێک باڵای کرد، بوو بە پێشمەرگە و ئێستا کە ماوە، وەک موعجیزەیەک وابوو، چونکە لە یەکێک لە شەڕەکانی ناوخۆ لە ساڵی 1994، هێزەکەیان (هێزی شاورێ) لە کەپکی ئەحمەدئاغا دەبن، سەرەڕای ئەوەی زستانەکەی سەخت دەبێت و بەفرێکی زۆر دەبارێت، چەند رۆژێکیش هیچ خواردن و ئازووقەیەکیان پێ ناگات و بەردەوامیش شەڕ و هێرشیان لەسەر دەبێت، ئیتر هێزەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوە بەدل بکرێن و لە گەڕانەوەدا سۆرانی برام دۆخی تەندروستی تێک دەچێت و داوا لە هاوڕێکانی دەکات کە جێی بهێڵن بۆ ئەوەی بەهۆی ئەوەوە نەکەونە مەترسییەوە، پاشان لەهۆش خۆی دەچێت. لێپرسراوەکەیان و هاوڕێکانی زۆر دڵسۆز دەبن و بەجێی ناهێڵن، وتبوویان ماوەیەکی کەمە برایەکی تری شەهید بووە، لەبەر ئەوە ئەگەر تەرمەکەشی بێت دەبێت لەبەر خاتری دایکی بیبەینەوە، ئیتر هەرچۆنێک بێت بەسەر بەفرەکەدا رایدەکێشن تا دەگەنە لای ئۆتۆمبێلی هێزەکەیان. ئێمە خۆمان دڵمان لەسەر دەستمان بوو، ئەویش بڕوات و لە یەکێک لە شەڕەکاندا شەهید بێت. کاتێک گەیشتنەوە رانیە، برادەرەکانی لە دەرگایان دا، من چووم کردمەوە، کاتژمێر نزیکەی 12ی شەو بوو، سەیرم کرد پێشمەرگەن، یەکسەر هەواڵی سۆرانم پرسی، ترسام هاتبن هەواڵی ناخۆشم پێ بڵێن، هاوارم کرد کوا سۆران؟ سۆران لەناو ئۆتۆمبێلەکە سەری بەرز کردەوە، هەتا ئەو چرکەساتە وایانزانیبوو مردووە. ئازایەتی برادەرەکانی نەبوایە، ئەویشمان دەڕۆیشت.
سیروان؛ لە هەموومان منداڵترە، لەگەڵ خۆم بردمە هەندەران، ئێستا لە فینلەندایە و ماوەیەکە زۆرە ئەندامی کۆمیتەیە و لەوێ کار دەکات.
شەوقی، لە ژیاندا نەماوە.
شەوبۆ لە پیرەمەگروونە.

کەی بوو کە چوویتە دەرەوە و بۆچی چوویت؟
ئێمە وەک خێزان، هەموومان لە رووی دەروونییەوە زۆر ماندوو بووین بە لەدەستدانی ئەو هەموو ئەندامەی خێزانەکەمان، لە پاڵ ئەوەش، خۆم هاوکاری دایکم بووم لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەرکی ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵەکان. لە لایەکی ترەوە، ئەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نووسینم لەسەر بوو، هەروەها ئەو کارانەی بۆ کەیسەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بووبووە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە بۆ من، خودی کێشەکانیش کاریگەرییان لەسەر دەروونم جێهێشتبوو. هەستم دەکرد زۆر ماندووم، ئیتر دوای راوێژکردن لەگەڵ مام جەلال و هێرۆ خان، رازی بوون کە بچمە دەرەوە. 

ئەوە کەی بوو؟
ساڵی 2000 بوو، ئیتر لە سویسرا نیشتەجێ بووم.

لە دەرەوەش کاری سیاسی دەکەیت؟
هەر کە گەیشتمە سویسرا، پەیوەندیم بە کۆمیتەی ئەوێوە کرد و لەوێ بەرپرسیارم لە رێکخراوە دیموکراتییەکان و تا ئەمڕۆ بەبێ بەرانبەر ئەم کارەم کردووە. 

کارکردن لەوێ چۆنە؟
کارکردن لەوێ دژوارە، بەهۆی نەبوونی بودجە، دەبێت خۆمان چالاکییەکانمان بیانکەین. 

چالاکییەکانتان چین؟
چالاکییەکانمان بریتین لە کۆڕ و کۆبوونەوەی سیاسی و سیمیناری هونەری و کولتووری، هەروەها سەردانی پەرلەمان و وتارخوێندنەوە و گردبوونەوە لە کاتی پێویست بۆ پرسە ئایینییەکان. ئەندامیشم لە مانگی سووری رۆژئاوایی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوانی هەر چوار پارچەی کوردستان.

ئێستا کە هاتوویتەوە، پرۆژەت چییە؟
ئێستا کاندیدم بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەو هیوایەی لەو رێگەیەوە خزمەت بکەم، ئەگەر بتوانم بگەمە ئەو بەرپرسیارێتییە.

 دوا وتە و پەیامتان چییە؟
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لە هەر کوێیەک وڵاتەکەم پێویستی بە من هەبێت، من لەوێ دەبم. لەگەڵ ئەوەی ئەزموونی تاراوگەم زۆر چەشتووە، بەڵام لەناو جەرگەی سویسراش نەمتوانیوە دوور بم لە ئازار و خەمەکانی میللەتەکەم و بەردەوام رۆحم بە کوردستانەوە بەستراوە، نووسینەکانیشم شایەتیی ئەوەم بۆ دەدەن.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رۆڵی ژنانی گوندنشین لە بواری کشتوکاڵیدا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئۆپەراسیۆن و شکانی شکۆ

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

پەکەکە و ژمارەکان و ئاسۆیەکی ناڕوون

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام…

لەلایەن رێبوار کەریم وەلی