ئابووری
پەرلەمانی عیراق لەسەر مووچەی ھێزە ئەمنییەکان ھاتەدەنگ"مایەی قبوڵکردن نییە"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سەر دوا کەوتنی مووچەی ھێزەئەمنییەکان دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت "کاتی هێنانەوەی هیچ بیانوویەک نیە، هێزە ئەمنییەکان قووتی ماڵ و منداڵیان دەوێت".
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێکیدا کە وێنەیەکی بۆ مەودا میدیا ناردووە، دەشڵێت "دۆخی ئێستای مووچە بەگشتیی و بەتایبەت مووچەی هێزەئەمنییەکان دۆخێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق و ناکرێت لەوەزیاتر درێژە بکێشێت".
راشیگەیاند "پێویستە هەردوو حکومەت زەمینەی هێنانەوەی بیانوو بۆیەکتری سازنەکەن و کۆتایی بەو بێدەربەستییە بھێنن کە ماوەیەکی زۆرە مووچەخۆرانی هەرێم پێوەی سەرقاڵ کراون".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیییە، ئەوەش دەخاتەڕوو "ھێزە ئەمنییەکانی هەرێم هەمان ئەو هێزانەن کە هەمیشە لە ریزی پێشەوەی بەرگریی و گیانفیدایی و خۆبەختکردندابوون بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق، زیاتر لە دوو مانگە ئەو هێزانە دەستگیراوە بەسەر قووتی خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا لەکاتێکدا ئەرکی ئەوهێزانە لە پاراستنی سنوورەکانەوە تا پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان ئەرکێکی پیرۆزە و ناکرێت بەوجۆرە نادیدە بیگرین".
زیاتر دەڵێت "دواخستنی مووچەی ئەو هێزانە لەژێر هەر بیانوو و پاساوێکدا مایەی قبوڵکردن نییە و ناکرێت لەشاشەی تەلەفزیۆنەکان و رووپەڕی سایت و پەیجەکانی سۆشیال میدیاوە یاری بەهەست و سۆزیان بکرێت، ھەرجارێک و لەژێر پاساوێکی بێ مانادا مووچەکانیان چەند رۆژێک دوادەخرێت و سەرەنجام وا زیاتر لە دوو مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە".
سروە محەمەد، پاڵپشتی تەواوی خۆی لە پێناو بەدەستھێنانی مافەڕەواکانی ھێزە ئەمنییەکان دەردەبڕێت و ئاماژە بەوەدەکات "من وەک ئەندامی پەرلەمان لە پەرلەمانی عیراق، پشتیوانی لە خواستی رەوای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم، پێویستە دامەزراوە دەستووریی و یاساییەکانی عیراق و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە هەرچی زووە کۆتایی بەم نمایشە میدیاییەی هات و نەهاتی مووچە و نەناردن و دەستبەسەراگرتنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران بھێنن و بەزوویی دەست بەدابەشکردنی مووچەی هێزەئەمنییەکان بکرێت".
پ ح ع