تەندروستی

له‌ سه‌ر به‌كارهێنانى ده‌رزییه‌ك هۆشداریی ده‌درێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


له‌ سه‌ر به‌كارهێنانى ده‌رزییه‌ك هۆشداریی ده‌درێت
مه‌ودا میدیا-

له‌ سه‌ر به‌كارهێنانى ده‌رزییه‌كى تایبه‌ت به‌ منداڵان هۆشداریی ده‌درێته‌ دایكان و باوكان و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى منداڵانیش رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ كاتى پێویست نه‌بوونیدا یان له‌ كاتى زیاد له‌ پێویست به‌كارهێنانى، كۆمه‌ڵێك زیانى ته‌ندروستیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

له‌ ئێستادا هه‌ندێك له‌ دایكان و باوكان گۆمانیان هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌ى منداڵه‌كانیان، یان بۆ گه‌وره‌بوونى منداڵه‌كانیان رووده‌كه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ى منداڵان و داواى ده‌رزيى گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، له‌و باریه‌وه‌ دكتۆرێكى پسپۆڕى منداڵان و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى منداڵان رێنمایی ده‌دات له‌ به‌كارهێنان و زیانه‌كانى ئه‌و ده‌رزییه‌ له‌ كاتى پێویست نه‌بوونیدا.

د. كۆیان زاهیر، به‌ڕێه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى دكتۆر جه‌مال ره‌شیدى تایبه‌ت به‌ منداڵان بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "دەرزیی گه‌شه‌ بۆ کاتێکە ھۆرمۆنی گەشە کەم بێت ئەگەر نا خراپە و زەرەری ته‌ندروستیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

وتیشى "له‌كاتى به‌كارهێنانیشیدا پێویسته‌ دڵنیاببینه‌وه‌ له‌ پشكنینه‌كان، چونكه‌ ئه‌نجامى پشكنین هه‌ندێك جار ورد نییه‌ و له‌ تاقیگه‌یه‌ك بۆ تاقیگه‌یه‌كى تر ده‌گۆڕێت، وه‌ ئه‌گه‌ر پێویستیش بوو، ئه‌وكاته‌ش نابێت زیاد له‌ پێویست به‌كار بهێندرێت".

ئه‌و دكتۆره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ پێيده‌ڵێین منداڵه‌كه‌ت ته‌ندروسته‌ و هیچ كێشه‌ى نییه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت حه‌ز ده‌كه‌م منداڵه‌كه‌م گه‌وره‌ بێت، بۆیه‌ رێنمایی ده‌كه‌ین و به‌شێكمان هه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێنماییكردن به‌و كه‌سانه‌".

زیاتر وتى "به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س بێگوێدانه‌ لایه‌نه‌ زانستییه‌كه‌ و ته‌نها له‌ رێى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌سێك له‌ خۆیه‌وه‌ ریكلامى بۆ ده‌كات و ئه‌ویش به‌كارى ده‌هێنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكى زۆر هه‌ڵه‌یه‌ چونكه‌ بابه‌تى هۆرمۆن زۆر هه‌ستیاره‌ و ده‌بێت به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan