عیراقی

پۆسته‌كانى ترى ئه‌م پارێزگایه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆسته‌كانى ترى ئه‌م پارێزگایه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

له‌ دواى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكانى عیراق تاوه‌كو ئێستا به‌شێك له‌ پۆسته‌ كارگێڕییه‌كانى نه‌ینه‌وا له‌ نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌رپرسى راگه‌یاندنى مه‌ڵبه‌ندى 7ى نه‌ینه‌واى یه‌كێتییش ده‌ڵێت "لێكتێگه‌یشتن كراوه‌ و  گه‌شبینن له‌ دواى جه‌ژن ئه‌و پۆستانه‌ش یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

غیاس سورچى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى مه‌ڵبه‌ندى 7ى نه‌ینه‌واى یه‌كێتیی بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "تاوه‌كو ئێستا ته‌نها پۆستى پارێزگار و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و جێگره‌كانیان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پۆسته‌ كارگێڕییه‌كان وه‌ك به‌رێوه‌به‌رى ناحییه‌كان و قه‌زاكه‌، تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆكان له‌ نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و به‌ ته‌واوى نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ ئه‌نجام".

وتیشى "به‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك پێش جه‌ژن لێكتێگه‌یشتنێك هه‌بوو له‌ نێوان هه‌موو كوتله‌ سیاسییه‌كان به‌ڵام رانه‌گه‌یه‌ندرا، بۆیه‌ گه‌شبینن پاش پشووه‌كانى جه‌ژن به‌شداربووانى حكومه‌ت به‌پێى پشكى خۆیان پۆسته‌كانیان یه‌كلایی ببێته‌وه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ "لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ خاڵ دانراوه‌ بۆ هه‌ر كورسییه‌ك و پۆستێك، له‌ سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و پۆسته‌ كارگێڕییه‌كان و چه‌ند پۆستێكى ئه‌منى راده‌گه‌یه‌ندرێت".

له‌ دواى ده‌ركه‌وتنى ده‌رئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عیراق له‌ سنوورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا، له‌ ماوه‌ى 17 رۆژدا پارێزگار و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و جێگره‌كانیان ده‌شتنیشانكران به‌ڵام پۆسته‌كانى تر تاوه‌كو ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ و یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌. 

پ ح ع 
Qaiwan
Qaiwan