چاوپێكەوتن

شەونم محەمەد غەریب: خۆشترین رۆژی ژیانم، رۆژی راپەڕین بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەونم محەمەد غەریب: خۆشترین رۆژی ژیانم، رۆژی راپەڕین بوو
مەودا میدیا-

مێژووی سەد ساڵەی داگیرکاری و پەرتکردن و چەوساندنەوە، لە بەرانبەریشدا سەد ساڵ بەرەنگاربوونەوە و بەرخودان و کۆڵنەدان، کەشێکی خولقاندووە هەموو تاکێک و هەموو خێزانێک خاوەنی چیرۆکی ئازار و نەهامەتی، ئازایەتی و شانازیی تایبەت بەخۆیەتی... بەداخەوە، رۆژانە ئەو چیرۆکانە دەبن بە ژێر خاکەوە و بۆ هەتایە بزر دەبن، لەگەڵ ناشتنی هەر یەکێک لەو نەوەیەی بەو قۆناغانەدا تێپەڕیوە؛ چیرۆکێکی راستەقینەی پڕبەهاش تێکەڵی خاک و خۆڵ دەکەین؛ وەک ئەوەی ئەمە چیرۆکی مێژووی خۆمان نەبێت کە ئاوا بێباکانە سەری دەنێینەوە.
وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر گرنگی بە تۆمارکردنی ئەو ئەزموونانە دەدەن، کەم سەرۆک و کاربەدەست هەیە بەسەرهات و چیرۆک و ئەزموونی کاری نەنووسێتەوە. نەک هەر سیاسییەکان؛ وەرزشەوانەکان، هونەرمەندان و هەموو چین و توێژەکان بەگشتی. ئەو چیرۆک و یادەورییانە خەڵک ئەزموونیان لێ وەردەگرن، زۆربەیان دەبن بە فیلم و زنجیرە و شاکارێکیان لێ بەرهەم دێت. 

خاتوو شەونم، وەک خودی خۆی و وەکوو خێزان و خانەوادەش، خاوەنی چیرۆکی خۆیانن، هەم پڕ حەسرەت و ئازار، هەمیش پڕ لە ئازایەتی و شانازی...

خاتوو شەونم کێیە، کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
ناوم شەونم محەمەد غەریبە، باوکم لە شێخەکانی بەرزنجەیە. دایکم (حەلاوە قادر تەها)، ئامۆزای باوکمە. لە 27ی شوباتی 1955 لە گوندی حاجی مامەند لە شارباژێڕ لەدایک بووم. 

چەند خوشک و برا بوون؟
شەش برا و سێ خوشک: شەونم، ئارام، ئاراس، شەهید خەبات، رێبوار، جووتیار، سۆران، شەوبۆ و شلێر.
جگە لە خۆشمان، مامم (شێخ تاهیر شێخ غەریب)، کە برا بچووکی باوکم بوو، هەروەها کوڕێکی مامە نوریم (ئیبراهیم نوری غەریب) لە لامان بوون، لە تەمەندا بچووک بوون. ئەوسا باوکم لە حاجی مامەند مامۆستا بوو، هەردووکیانی خستبووە بەر خوێندن و لامان مانەوە تا ژنیان هێنا.

بەکورتی باسێکی دایکتم بۆ بکە، کەسێکی چۆن بوو؟
دایکم هەرچەندە نەخوێندەوار بوو، بەڵام ژنێکی زۆر ژیر و دڵسۆز بوو، بوێر بوو، دەستودڵێکی زۆر باش و فراوانی هەبوو، تەنانەت هاوکاری و پشتیوانی بێگانەشی دەکرد. 
باوکم، کاتێک مووچەی وەردەگرت، دەیدا بە دایکم. دایکیشم سەرەتا یارمەتییەکانی جیا دەکردەوە.

ئەى باوکت، کەسایەتی باوکت چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
باوکم مامۆستای سەرەتایی بوو، رۆشنبیر و شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر بوو. مامۆستایەکی پەروەردەیی بوو، پەیوەندیی لەگەڵ خوێندکارەکانی زۆر باش بوو. هەرگیز بیرم نییە لێدانی بەکار هێنابێت، پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ دایک و باوکی خوێندکارەکان هەبوو.
دەستودڵی زۆر فراوان بوو، خزمەتکردنی خەڵکی بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانی بەبێ جیاوازی، هەر بۆیە بەهۆی ئەو خەسڵەتە دڵفراوانییەی دایک و باوکمەوە، هەموو کاتێک ماڵەکەمان پڕ بوو لە دۆست و برادەر و خزم و خەڵکی بێدەرامەت.
لەو سەردەمەدا باوکم خەریکی سیاسەت بوو، کۆبوونەوەی زۆر لە ماڵەکەماندا دەکرا، باش بیرمە باوکم باسی کوردایەتی بۆ برادەرەکانی دەکرد. کاتێک تەمەنم چوار بۆ پێنج ساڵان بوو، باوکم مامۆستا بوو لە گوندی حاجی مامەند. کادیرێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. هەر لە منداڵییەوە سروودە نیشتمانییەکانی وەک: ئەی رەقیب، ئەی کوردینە و نەورۆزی... فێر کردبووم. لە بۆنەی نەورۆزدا لە چایخانەکەی حاجی مامەند دەیانخستمە سەر بەرزییەک و سروودەکانم دەوتەوە. باوکم چا و شیرینیی وەک: مەسکەت، نوقڵ، لوقم و بابەتی تری لەسەر خەرجیی خۆی دەکڕی و بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەشی دەکرد. 
کاتێکیش مامۆستا بووە لە گوندی ژاژڵە، لەوێ بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەسەر گیرفانی خۆی بۆ خەڵکی گوندەکە کردووەتەوە. خەڵکی گوندەکە زۆر بەوەفا و میواندۆستن و حەزیان بە خوێندەواریی کردووە و چەندین گەنج ناوی خۆیان لەو بنکەیەدا تۆمار کردووە و تا ئێستاش باسی باوکم دەکەن. 

خوشک و براکانیشت لە حاجی مامەند لەدایک بوون؟
نەخێر، بەهۆی دەوامەکەیەوە باوکم چەند جارێک گواستراوەتەوە ئەملا و ئەولا، بۆ نموونە؛ لە ساڵی 1957 گواستراوەتەوە بۆ گوندی ژاژڵە و لەوێ ئارامی برام لەدایک بووە. دوای ئەو ساڵە، بەرەو بەرزنجە گواستراوەتەوە و لەوێش لە ساڵی 1958 ئاراس لەدایک بووە. جارێکی تر بۆ گوندی حاجی مامەند دەگوێزرێتەوە و ئەم جارە لە ساڵی 1960 خەباتی برام لەوێ لەدایک دەبێت.
بۆ جارێکی تر باوکم دەچێتەوە بەرزنجە و لە ساڵی 1961 رێبوار و لە ساڵی 1963 جووتیار لەوێ لەدایک بوون.

واتە لەو ماوەیەدا پێنج برات بەدوای یەکدا لەدایک بوون، هەستت چۆن بوو لەو بارەیەوە، حەزت نەدەکرد خوشکێکت هەبێت؟
بەدڵنیاییەوە زۆرم حەز دەکرد، با شتێکت بۆ باس بکەم؛ ئەو کاتەی کە خەبات لەدایک بوو، من حەزم دەکرد کچ بوایە، مامیشم حەزی دەکرد کوڕ بێت. لەدایکیش بووبوو ئەو حەزەم هەر هەبوو، مامم تووڕەی دەکردم بەوەی کە خەبات کوڕە. ئەوسا کاتێک کوڕ لەدایک دەبوو، حەوت شەو و حەوت رۆژ ئاهەنگیان دەگێڕا، بەڵام من ئارەزووم ئەوە بوو خوشکێکم هەبێت، گوێم بە ئاهەنگەکەکە نەدەدا.

بۆ یەکەم جار لە کوێ خرایتە بەر خوێندن؟
لە بەرزنجە، زۆر بچووک بووم، لەگەڵ باوکم چوومە خوێندنگەی کوڕان. تاقە کچ بووم لەو خوێندنگەیە. کوڕێکی لێ بوو ناوی سەلام، زۆر هاوڕێم بوو.

دەمەوێت هەندێک بەسەرهات و یادەوەریی ئەو کاتەم بۆ بگێڕیتەوە کە تیشکێک بخاتە سەر ژیانی ئەوکاتی گوندەکانی کوردستان...
زۆر باشە، کەواتە چەند یادەوەرییەکی خوێندن و ژیانی خێزانیی ئەو سەردەمەت بۆ باس دەکەم، بۆ نموونە؛ ئەوسا لە خوێندنگەکاندا خواردن دابەش دەکرا، هەموومان کوپێکی فافۆنمان دەبرد و رۆژانە شیری گەرمیان دەداینێ. هەروەها حەپی رۆنماسییان دەداینێ و قەترەیان دەکردە لووتمان و مەرهەمیش بۆ چاومان، ئێمەش ئەوانەمان زۆر پێ خۆش بوو.
جارێکیان بەڕێوەبەری ناحیە هاتبوو بۆ سەردانی بەرزنجە، کچەکەی جلێکی قەدیفەی گوڵداری لەبەردا بوو، لەژێرەوە ئەوسا شتێکیان لەبەر دەکرد پێیان دەوت "گۆمی"، بۆ ئەوەی جلەکە رەق بوەستێت. زۆر جوان دوورابوو، کە ئەوەم بینی، گریام و داوام کرد کە دەبێت لەو جلەم بۆ بکەن. باوکم لەوانە نەبوو بڵێت نا. پرسیاری لە بەڕێوەبەری ناحیە کرد و ناردی بۆ سلێمانی بۆیان کردم و بۆیان هێنام، ئەوەندەم پێ خۆش بوو بۆ خوێندنگەش لەبەرم دەکرد.
جارێکی تریش، کچی خاڵی دایکم، باجی گەلاوێژ، شووی کرد بە ئامۆزایەکی خۆی و بردیان بۆ سلێمانی. جلی بووکێنییان بۆ کردبوو، کراسێکی قوماشی نەورۆز (ئەوسا ئەو قوماشە پێیان دەوت نەورۆز، پڕ بوو لە سیم) و کەوایەکی پەمەیی و چەفتەی شینی بەگوڵینکە. وتم لەو جلانەم دەوێت. باوکم ناردی بۆ سلێمانی بۆم بکڕن و بۆیان هێنامەوە، یەکسەر لەبەردەمی ئۆتۆمبێلەکەدا کەواکەم لەبەر کرد. دایکم داوای لە کچێکی خزممان کرد، کە ناوی کاڵێ خان بوو، تا گوڵینکەکانم بۆ پێوە بکات؛ تا تەواوی کرد، بەدیاریەوە دانیشتم. ئەم چەفتەیەم تا ئەم دواییانە مابوو، دوایی بەخشیم بە منداڵێکی خزممان.
یەکێک لەو یادگارییانەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەوە بوو کاتێک لە ساڵی 1961 رێبوار لەدایک بوو، تووشی سکچوون بوو، هەر لاواز دەبوو، پووری باوکم (گوڵستان خان) لە بەرزنجە دەژیا، بە دایکمی وت: "حەلاو، پیاوێک هاتووە نوشتە دەکات، بیهێنە بەڵکوو لەو سکچوونە رزگاری ببێت." دایکم رازی بوو. ئەوسا ئێمە لە خانووی تایبەت بە مامۆستادا بووین. خانوویەکی گەورە بوو، ژووری میوانەکەمان ئۆرتەیەکی ئێرانیی تێدا داخرابوو، ئەوسا دیوار بۆ گەرمی و جوانی، بە حەسیر دادەپۆشرا. پیاوێکی چوارشانەی درێژی عەبالەبەر هات و لەو ژوورە دانیشتن. دایکم رێبواری بە بێشکەکەوە بردە لای. منیش بە کەللەڕەقیی خۆم چووم دانیشتم. دایکم وتی: "قەینا، بەس بە باوکت مەڵێ و دابنیشە." پیاوەکە بینی ماڵەکەمان گەورەیە، وتی: "نوشتەی بۆ دەکەم، بەڵام دەبێت پێنج دینار و مریشکێکی رەشم بدەنێ." پێنج دیناری ئەوسا زۆر زۆر بوو، بەڵام دایکم رازی بوو. ئیتر پیاوەکە وتی: "تەشتێک ئاو و جاجمێکم بۆ بهێنن"، لەبەردەم خۆی داینا و جاجمەکەی بەسەر تەشتە ئاوەکەدا دا. ئەوەندەی پێ نەچوو، ئاوەکە دەکوڵا و جاجمەکە دەجووڵایەوە و دەیوت: "ئەمە جنۆکەی لەژێردایە، دەری دەکەم." من لەپڕ جاجمەکەم هەڵبڕی، ئاوەکە دەکوڵا، پیاوەکە لێم تووڕە بوو. کە باوکم هاتەوە هەموویم بۆم باس کرد. وتم: "پیاوێک هاتووە، دایکم پێنج دیناریشی داوەتێ." باوکم لە دایکمی پرسی، دایکم بەناچاری بۆی باس کرد. ئەمەم هەر لە خەیاڵدا مابوو تا پۆلی دووی ناوەندی، لە تاقیگەی خوێندنگەدا مامۆستا مادەی فسفۆڕی خستە ئاوەوە و وتی: "سەیر بکەن بزانن چۆن دەکوڵێت؟" ئیتر بۆ مامۆستام باس کرد، مامۆستا وتی: "هەی شەیتان ئەمەت چۆن پێکەوە گرێ داوە." زانیم ئەو پیاوە ساختەچی بووە و مادەیەکی لەو جۆرەی بەکار هێنابوو.

قۆناغی سەرەتاییت لە کوێ تەواو کرد؟
سەرەتاییم لە حاجی مامەند و بەرزنجە خوێندووە، بەڵام دواتر لە سلێمانی تەواوم کرد. 

کەی هاتنە سلێمانی و بۆچی؟
لە ساڵی 1962 دۆخی سیاسی تەواو ئاڵۆز بووبوو، ئیتر لە بەرزنجەوە هاتینە سلێمانی. خوێندنگەکان داخران، لە بەرزنجەوە بە وڵاخ هاتین. باوکم مامۆستا ژنەکانیشی لەگەڵ خۆمان هێنا. یەکێکیان ناوی خاتوو سدیقە بوو، مامۆستایەکی زۆر باش بوو. کاتێک گەیشتینە شاخەکانی بەرانبەر ناحیەی عەربەت (زنجیرەشاخەکانی گۆیژە)، لەسەر تەختاییەکی شاخەکە بۆ یەکەم جار پێشمەرگەم بینی، زۆر رووداوێکی خۆش و سەرنجڕاکێش بوو بە لامانەوە. لایان دانیشتین، ئەوسا خەبات منداڵ بوو، منداڵێکی نازداری چاوسەوز بوو، دەیانبردە لای خۆیان و یارییان لەگەڵ دەکرد. کاتێک لەوێ رۆیشتین، لە رێگە دایکم لەسەر وڵاخەکەی کەوت و رانی شکا، کە گەیشتینە عەربەت، دایکم وتی ئەی خەبات کوا؟ ئینجا زانیمان بیرمان چووە. باوکم لە عەربەتەوە گەڕایەوە بۆ لای پێشمەرگەکان، ئەوان جێیان نەهێشتبوو و هەر لای مابوونەوە. ئیتر باوکم هێنایەوە.

لە سلێمانی چوونە کوێ؟
چووینە ماڵی پووری دایکم لە گەڕەکی عەقاری، ماوەیەک لەوێ ماینەوە. پاشان باوکم خانوویەکی (مامە نوریم)ی لە گەڕەکی لای گۆڕستانی گردی سەیوان بۆ بەکرێ گرتین. ئەوسا چواردەوری گۆڕستانەکە بە محاجەرەی سەوزی تەختە گیرابوو، زۆربەی گۆڕەکان گومەزێکی سەوزی تەنەکەی بەسەرەوەبوو.

کەش و ژیانی شار چۆن بوو بەلاتەوە؟
من منداڵێکی بزێو بووم، باوکم فێری کردبووم شەرم نەکەم و قسەی خۆم بکەم. هەر زوو تێکەڵاوی منداڵانی گەڕەک بووم؛ منداڵانی گەڕەک بەرزیان دەکردمەوە و دەچوومە سەر محاجەرەکان، شیعری "ئەو گەلی کوردەی وا بە شاخەوە، داوای حەق دەکات لە عیراقەوە، تاکوو نەبینم ئاڵای کوردستان، تەئیدی ناکەم چواردەی رەمەزان"م بۆ منداڵەکان دەوت و منداڵەکانیش چەپڵەیان بۆ لێ دەدام.

لە سلێمانی دۆخ و ژیانتان چۆن بوو؟
ئەوەندەی نەبرد کە مەنع تەجەولەکەی ساڵی 1963 بوو. باوکم جلی کوردی بۆ ئارام و ئاراس کڕیبوو، دەیویست بچن بۆ باساک بۆ سەردانی ماڵی باپیرم. بەیانییەکەی بینیمان لەژێر گومەزە سەوزەکانی گۆڕستانی سەیوانەوە سەرباز دەهاتنە دەرەوە و لە سەریشەوە کۆپتەر دەگەڕا و ئاگاداری خەڵکی دەکرد کەس نەیەتە دەرەوە و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. گوێمان لە زریکە و هاواری خەڵکی ناوشار بوو، لەو رۆژەدا هەزاران خەڵک گیران و ئەشکەنجە دران و زۆریشیان گوللەباران کرد بۆ چاوترساندنی خەڵک. گوێمان لێ بوو تانکەکانی حکومەت نزیکی ماڵەکان دەبووەوە، بەڵام پردی پێش ماڵەکان رووخا بوو، ئیتر تانکەکان گەڕانەوە و رزگارمان بوو.

ئەى باوکت چی کرد؟
 هەر ئەو شەوە باوکم لە شار دەرچوو.

بۆ؟
پێش ئەوە باوکم فەرمانی گرتنی هەبوو، بەڵام شێخ لەتیف واستەی بۆ کرد و کردیان بە نەفی بۆ باشووری عیراق و لە گوندی غەرب لە ناحیەی شنافیە دایاننابوو.

بۆچی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو؟
دیار بوو بەهۆی چالاکیی حزبایەتییەوە بوو. ئێمە دەمانزانی باوکمان خەریکی چالاکییە لەگەڵ حاجی حەسیب شەوان بە مەفرەزەی پارتی دەردەچوون و باوکم بە دەمانچەوە دەڕۆیشت.

هەر ئەویان نەفی کرد، یان ئێوەش؟
هەر ئەو.

 ئەى ئێوە لە سلێمانی مانەوە؟
نەخێر، لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا کە گەڕایەوە لە غەرب، ئێمەی برد بۆ ماڵی باپیرم لە باساک، بەڵام مامم و کوڕەکەی مامم مانەوە، چونکە لە سلێمانی دەیانخوێند . 

تا کەی لەوێ مانەوە؟
ماوەیەک لەوێ ماینەوە و جارێکی تر گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، خانوویەکی ترمان لە ماڵی خاڵۆژنی باوکم گرت. لەوێ ماینەوە تا ساڵی 1965 سۆرانی برام لەدایک بوو، دواتر چووین بۆ گەڕەکی ئیبراهیم پاشا بەرانبەر مزگەوتی سەڵاحەدین. 

باوکت هەر نەفی بوو، یان گەڕابووەوە؟
باوکم دوای ماوەیەک حوکمی نەفییەکەی لەسەر لاچوو و گەڕایەوە. 

هەر کرێچیدا بوون یاخود خانووی خۆتان دروست کرد؟
ماوەیەک لەو خانووەدا بووین کە باسم کرد، دواتر باوکم دەستی کرد بە دروستکردنی خانوو لە بەرانبەر خوێندنگەی ژین و ئیتر جێگیر بووین. 
هێشتا هەر لەو خانووەدا بووین، کە پێشمەرگە پەلاماری بەندیخانەی سەرەوەیان دا و چەکی پۆلیسەکانیان گرتبوو، پیاوەکان خۆیان کرد بە کۆڵانی ئێمەدا و قوات خاسە کەوتنە پشکنین و باوکم بە سەربانی ماڵەکەی دراوسێماندا بۆی دەرچوو. ئەوان هاتن بۆ پشکنینی ماڵی ئێمە.

 دراوسێکانتان چۆن بوون لەگەڵتان، هاوکارییان دەکردن؟
بەڵێ، بەتایبەتی لە گەڕەکی برایم پاشا لەگەڵ دراوسێکانمان وەکوو خوشک و برامان لێ هاتبوو، زیاتر لە رۆژانی نەهامەتییەکاندا بۆمان دەرکەوت کە چەند دڵسۆزن.

با بێینەوە سەر باسی خوێندن، کە هاتنە سلێمانی لە چ خوێندنگەیەک چوویتەوە بەر خوێندن؟ 
سەرەتا چوومە خوێندنگەی عیراقیەی کچان کە لای مزگەوتی گەورەی سلێمانییەوە بوو، پۆلی سێیەمی سەرەتایی لەوێ دەوامم دەکرد. 

هەر لەوێ سەرەتاییت تەواو کرد؟
نەخێر، دوای ئەوە چوومە خوێندنگەی مەڵکەندیی دوو. لەو ماوەیەدا ساڵێک خوێندنیشم لەدەست چوو بەم هەموو ئەوسەر و ئەمسەرە.

ئەى قۆناغەکانی دواتر؟
ناوەندی و ئامادەییم لە ئامادەیی سلێمانی تەواو کرد. مامۆستا گوزیدە بەڕێوەبەرمان بوو، بەڕێوەبەرێکی زۆر باش و چالاک بوو. مامۆستا ئەختەر قازی وانەی کیمیای پێ دەوتین، زۆر بایەخێ پێ دەداین و زۆر بەڕێز بوو. مامۆستا شەهلا وانەی ئینگلیزیی پێ دەوتین. مامۆستا زەکیە مامۆستای وەرزش بوو، ئەوسا شۆرتی کورتی سپی و فانیلەی بێقۆڵی بۆ کردین و بەو شێوەیە وەرزشی پێ دەکردین.
لە شەشی ئامادەیی بە چوارەم داخڵ کرام. دواتریش نمرەی ئەندازیاریم هێنا و لە سلێمانی وەرگیرام. خۆی نمرەی کۆلێژی پزیشکیم هێنا، بەڵام لە شاری بەسرا، باوکم وتی دوورە و ئێرە باشترە.

کەی بوو کە چوویتە ریزەکانی رێکخستنەوە؟
لە پۆلی دووەمی ئامادەیی. لە ئامادەیی سلێمانی بووم، داویان کرد بچمە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانەوە، کە لە باوکم پرسی، وتی زۆرم پێ خۆشە. لەڕاستیدا من دەترسام نەوەک رێگر بێت. باوکم یارمەتیدەرێکی زۆر باش بوو بۆ رۆشنبیریمان و خۆی دەچوو کتێبی خوێندنەوەی بۆ دەکڕین، هەر کاتێکیش پرسیارێکم هەبوایە، کات و ساتی بۆ نەبوو، بە دڵێکی فراوانەوە وەڵامی دەدامەوە. 

لە رێکخستندا کێ بەرپرستان بوو؟
لە یەکێتیی قوتابیان، شەهید جەباری حاجی رەشید بەرپرسمان بوو.
دوای ئەوە، شەفیقە خان لێپرسراوی رێکخستنم بوو (شەفیقە خان بوو بە ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی). 
ساڵی 1974 من و نەمام خان، هاوسەری سوارەی سەڵتە، بەیەکەوە کارمان دەکرد و بووین بە لێپرسراوی قوتابییە کچەکانی ناوشار، بەهزادی چاومار بوو بە لێپرسراومان. خاتوو نەمام، ئێستا لە شاری سلێمانی فەرمانبەرە، کاک بەهزاد ماڵیان لای کارگەی سەهۆڵی برایم پاشا بوو. 

بەهۆی چالاکیی سیاسی و حزبییەوە تووشی کێشە دەبوویت؟
بەڵێ بێگومان، بۆ نموونە؛ رۆژێکیان عەبایەکم دا بەسەرما، هەرچەندە بچووکیش بووم، رۆیشتم بۆ ماڵی کاک بەهزاد بە مەبەستی ئەوەی خۆم دەشارمەوە و خەڵک نەمناسێت. ژمارەیەکی زۆر بڵاوکراوەم لێ وەرگرت تاوەکوو دابەشی بکەین، بەڵام کوڕێک کۆڵان بە کۆڵان شوێنم کەوت، ناچار گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و براکانم ئاگادار کردەوە کە کوڕێک شوێنم کەوتووە. منیش بەیانم پێیە، بەپەلە بەیانەکانم دا بە دایکم بیانشارێتەوە. دایکم چەندین جێگەی تایبەتی هەبوو بۆ شاردنەوەی ئەو شتانە. دایکم وتی: "کچێ گلاراو بگریت ئێستا ئەمن دێن بۆمان." ئارام و جووتیاری برام چوون بۆ ئەو کوڕە فەقیرە و تێر لێیان دا، دوایی دەرچوو کوڕی گەڕەکی خۆمانە، بەڵام کادیری حزبی شیوعی بوو، ئەوکاتیش حزبی شیوعی هاوپەیمان بوون لەگەڵ حکومەتی عیراقی. هەر هەمان رۆژ بڵاوکراوەکانمان گواستەوە بۆ جێگەیەکی تر، لەبەر هۆکاری ئەمنی و سەلامەتی.

لەو جۆرە بەیان و بڵاوکراوانەتان زۆر بۆ دەهات؟
بەڵێ، لەو کاتانەدا ماڵی ئێمە بنکەى شۆڕش بوو، شەو و رۆژ بە فەردە بەیان و بڵاوکراوە و پارە دەهاتە ماڵی ئێمە و لەوێوە دابەش دەکران. ئەوسا گەنجەکانی وەک ئێمە لە قوتابیان چالاکیمان هەبوو و کارمان دەکرد.

هیچ کاتێک ئەمن و پیاوانی رژێم دایان بەسەر ماڵەکەتاندا بۆ ئەو بابەتانە؟
بیرمە شەوێکیان بێستون ئەحمەد هات و یەک جانتای پڕی لە نامە نوقڵییەکان هێنا لەگەڵ یەک گوێنی بڵاوکراوە. نامەکان بەشێکیان دابەش کران و هێشتا بەشێکی تری مابوون، ماڵی عوسمان سەعید بەرانبەر ماڵی ئێمە بوو، رۆیشتبوونە دەرەوە بووبوون بە پێشمەرگە، بەو هۆیەوە مەفرەزە دایان بەسەر گەڕەکدا و کەوتنە پشکنین، یەکێک لە ماڵەکان، ماڵی ئێمە بوو. دایکم بەپەلە هەموو ئەو نامە و بڵاوکراوانەی کە مابوون، خستنیە ناو تونی حەمام و داری خستە بەردەمیان، نامەیەک بەجێ مابوو، باوکم بەپەلە خستیە ژێر شلێر، شلێر منداڵ بوو، منداڵێکی چاوسەوزی زۆر جوان بوو، ئیتر ئەمنەکان هەڵیاننەستاند. بێستون بەپەلە چووە حەمام و کەوتە ددان شووشتن، ئەمنەکان لە باوکمیان پرسی ئەو کوڕە کێیە؟ وتی برازامە، داوای ناسنامەیان لێ کرد و پیشانی دان، نووسرابوو بێستون ئەحمەد، ئیتر بەوە رزگارمان بوو.

کەی پەیوەندیت بە کۆمەڵەوە کرد؟
دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، پەیوەندیم بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کرد.

لە رێگەی کێوە پەیوەندیت بە کۆمەڵەوە کرد؟
ئاراس مەحمود تۆفیق یەکەم رێکخەرم بوو، بەداخەوە کاک ئاراس شەهید بوو، کوڕێکی زۆر تایبەت بوو، لەگەڵ ئاراسی براشم پەیوەندییان هەبوو، هاتوچۆی ماڵمانی دەکرد، وەک کوڕی ماڵەکە وابوو. 

لەگەڵ شەهید ئاراس هیچ چالاکییەکتان هەبوو پێکەوە؟
بەڵێ، جارێکیان وتی وەرە دەچین چالاکییەک دەکەین. ئەوسا نووسینی سەر دیوار زۆر بوو، بۆیاخ و فڵچەی پێ بوو، چووین لەسەر دیواری ئامادەیی بازرگانی نووسیمان (بژی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان). دایکم پێی زانی و تووڕە بوو، وتی: "بەخوا سەری کوڕەکان بە قوڕ دەگریت." بردمیە حەمام و بە نەوت دەستی شووشتم، ئاسەواری بۆیەکەی لەسەر دەستم لابرد. 

تا کەی لەگەڵ شەهید ئاراس مایتەوە؟
لە ساڵی 1976 پەیوەندیم گواسترایەوە بۆ لای قادری حاجی عەلی، کە لە رێکخستنی زانکۆ بوو. من و سروەی مەلا حەسەن، لە هەمان شانە بووین.

لە زانکۆدا چالاکیتان ئەنجام دەدا؟
بێگومان، رۆژێکیان کاک قادر بانگی من و سروەی کرد، وتی: "خۆتان ئامادە بکەن، لەناو زانکۆ بەیان بڵاو دەکەینەوە." ئێوارە درەنگ بوو، زانکۆ چۆڵ بوو، دەستمان کرد بە دابەشکردنی بڵاوکراوەکان، لە بەشی بایۆلۆژییەوە دەستمان پێ کرد. ئەوسا خوێندکارەکان لۆکەریان هەبوو، لە هەر لۆکەرێکدا بەیانێکمان دادەنا، بەم شێوەیە هەموو بەشەکانمان کرد. لە کۆتاییدا چەند بڵاوکراوەیەکمان بەدەستەوە مابوو و بە لامانەوە ئەستەم بوو فڕێی بدەین، گەڕاینەوە و ئەوانیشمان خستە هەندێک شوێنەوە، دوایی کاک قادر لەسەر ئەوە لێمان تووڕە بوو وتی: "خەریک بوو ئێمەش پێوە بکەن."

ئەو کارەتان هیچ کاردانەوەیەکی هەبوو؟
رۆژی دواتر زانکۆ ورووژا، ئیتر هەموومان کەوتینە ژێر چاودێرییەوە.

هەر لە زانکۆدا بەیانەکانتان بڵاو دەکردەوە؟
نەخێر، جاری وا هەبوو بڵاوکراوەکانمان لەسەر دیوار و ژێر دەرگاوە فڕێ دەدایە ناو ماڵەکانی گەڕەکەکانەوە. 

هەوڵتان نەدەدا کە خەڵک ببنە ناو رێکخستنەوە؟
ئەوە کارێکی قورس و مەترسیدار بوو؛ بۆ ئەوەی کەسێک بهێنینە ناو رێکخستنەوە، چەند جارێک لەو بڵاوکراوانەمان دەدایێ، ئەوانەی لێیان دڵنیا دەبووین کە ئاشکرامان ناکەن.

جگە لەو کارانەی باست کردن، هیچ چالاکییەکی گرنگی تر هەیە پێی هەستابن  لەو کاتەدا؟
رۆژێک کاک قادر وتی: "دەبێت کۆبوونەوە بکەین." ئەوکات وەسفیە بەنی وەیس لە شانەکەی ئێمەدا بوو، تازە هاتبوو. وتی: "لە رێکخستن داوا کراوە رێکخراوێک بۆ ژنان دروست بکەین." هەر لەوێ بڕیارمان دا رێکخراوەکە ناوبنێین (رێکخراوی شەهید لەیلا)، وەک وەفادارییەک بۆ یەکەم ژنی کورد کە لەسەر پرسی نەتەوەیی لەسێدارە درا.

کێ سەرپەرشتی رێکخراوەکەی دەکرد؟
رێکخراوەکە لە دوو کەرت پێک هاتبوو، کەرتێکیان لای من بوو، لەژێر ناوی هەوار، ئەوەی لای وەسفیەش بوو، ناوی کوێستان بوو. راستەوخۆ لە رێگەی شێخ جەمال شێخ نوری قەرەداخییەوە بە کۆمیتەی سەرکردایەتییەوە پەیوەندیی هەبوو. 

ژنان پەیوەندییان پێوە دەکردن؟
بەڵێ، ژمارەیەکی زۆر باش لە ژنانی رێکخستن و دەرەوەی رێکخستن هاتن و بەیەکەوە کار و چالاکیمان دەکرد.

ناوەکانت بیرە؟
بەڵێ، هەندێکیانم لەبیرە، لەوانە: وەسفیە، وەزیرە جەلال، دلارامی شێخ جەناب، ئاوێزە، شوعلەی هاوسەری کاک نەوشیروان، سروە مەلا حەسەن، سوهەیلە، پرشنگی شێخ عوسمان، خاتوو بەهیە مەعروف، شەهلا ئەحمەد، نەسرین قەرەداخی، ڤیان مەحمود، سۆز، پرشنگ عوسمان، عەتیە، حەمدیە (مامۆستا بوو لە هەڵەبجە)، هاوسەری مەحمود رەزا، گوڵەباخ (لە کارگە بوو)، نەجیبە (خێزانی مامۆستا حەمەڕەشید)، پەخشان حەمە ساڵح و سوعاد خان و ژمارەیەکی تر کە ناویانم لەیاد نەماوە.

بۆ نموونە چالاکییەکانتان چی بوون؟
چەندین چالاکیمان ئەنجام دەدا، وەک: 
- کتێبخانەی گەڕۆک: کتێبمان کۆ کردبووەوە، ئەوانەی کە مەبەستمان بوون، دەبوایە کادیرەکان بیانخوێننەوە و دواتر باسیان لێوە دەکرا.
- بۆ هەموو بۆنەیەک بڵاوکراوەیەکمان دەردەکرد، یاخود بەرانبەر بە رووداوێک هەڵوێستمان وەردەگرت و بە بڵاوکراوە رامان دەگەیاند.
- کۆکردنەوەی جەماوەری ژنان، بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی ئەو کاتە.
- هاوکاریکردنی پێشمەرگە بە پێویستییەکانی وەک: جلوبەرگ، پێڵاو و پارە... جارێکیشیان بۆ پێشمەرگەکانی ئاڵای رزگاری.
- ئەم رێکخراوە ژمارەیەکی باش لە ژنانی کرێکاری کارگەی جگەرەی سلێمانی کۆ کردبووەوە، ئەو بەشە لای وەسفیە خان بوو. ئەو ژنانە زۆر ئازا و جەربەزە بوون. بۆ نموونە؛ جارێکیان ئەو ژنانە لەو کاتەی بە پاسی کارگە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، سێ پێشمەرگە دێنە ناوشار  بۆ چالاکی، هەرسێکیان دەکەونە کەمینی قوات خاسەوە، بریندار دەکرێن، دووانیان مابوونەوە و سێیەمیان رای کردبوو بەرەو کۆڵانەکان، لە کۆڵانێکدا دەکەوێت. یەکێک لەو ژنە کرێکارانە دەبینێت پێشمەرگەیەک کەوتووە و شەهید بووە و چەکی پێیە، ئەویش ناتوانێت پێشمەرگەکە هەڵبگرێت، بەڵام چەکەکە هەڵدەگرێت و دەیخاتە ژێر عەباکەیەوە. ئەو ژنە ناوی گوڵی بوو. چەکەکەی دا بە رێکخستن و ناردمانەوە دەرەوە.
- دەرمان و کەلوپەلی پزیشکیمان کۆدەکردەوە و دەمانناردە دەرەوە. 
ئەمانە و چەندین چالاکیی تر، جاری واش هەبوو لەگەڵ وەسفیە بەبێ ئەوەی رێکخستن پێمان بڵێت، هاوکاریمان کۆدەکردەوە و دەمانبردە ماڵە خاوەن شەهیدەکان.

 زۆربەی جار ژنان لە کاتی شاردنەوە و گواستنەوەی پەیام و بڵاوکراوە نهێنییەکان، ناچار بوون لە شوێنە هەستیارەکانی لەش و جلەکانی ژێرەوەدا بیانشارنەوە، تۆ هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیەت رووبەڕوو بووەتەوە؟
راستە، جا با لەوبارەیەوە شتێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە؛ جارێکیان دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە، ژمارەیەکی زۆر بڵاوکراوەم پێ بوو، لەژێر کراسەکەمەوە بە لەشمەوە بەستبوومەوە، نزیک دەرگای مزگەوت بوومەوە، لەو ناوە مەفرەزەیەکی قوات خاسە دابەزین و کەوتنە هاتوهاوار، منیش چوومە مزگەوتەکەوە و خۆم کرد بە تەوالێتی مزگەوتەکەدا و پێڵاوەکانم خستە کۆشمەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتن نەزانن کچم، نەوەکوو لەژێر دەرگاکانەوە سەیر بکەن، چونکە ژێر دەرگاکان بۆش بوون. پیاوەکان دەستیان کرد بە نوێژ و بە هەلم زانی، هاتمە دەرەوە و بە بەردەمیاندا تێپەڕیم، هەموو بە دەنگی بەرز ئەڵڵاهوئەکبەریان دەکرد و سەیریان دەکردم، منیش بۆی دەرچووم.

یەکێکی تر لەو حاڵەتانە، ئەوە بوو شێخ جەمال ماڵی لە گەڕەکی خەبات بوو، هاوسەرەکەی (نەسرین خان) ژنێکی زۆر باش بوو، زۆر هاوکارمان بوو. رۆژێکیان لەگەڵ وەسفیە چووینە ماڵی شێخ جەمال بۆ ئەوەی بڵاوکراوە بهێنین. من کۆرسییەکەم فراوان کردبوو و نەسرین خانیش بڵاوکراوەکانی دەخستە ناو کۆرسییەکەمەوە، کە هاتمەوە لەسەر رێگەی عەربەت بەرەو سلێمانی، تاکسییەک وەستا وتی: "شەونم خان فەرموو." زۆر شڵەژام و چەندین درۆم کرد، دوایی وتی: "شەونم خان نامناسیتەوە! من شۆفێری دائیرەم." ئەوەندە شڵەژابووین لە سێبەری خۆشمان دەترساین. 

جارێکی تریشیان رێکخستن وتیان دەبێت لەگەڵ وەسفیە پێکەوە بچن بۆ بەغدا و جانتایەک بڵاوکراوەیان هێنابوو بۆ ئەوەی بیگەیەنینە بەغدا، ناونیشانیان بۆ هەڵداین کە بیگەیەنینە کوێ و دەستی کێ. سەرەوەی جانتاکەمان پڕ کرد لە دەرپێ و ستیانی کۆن، تەنانەت لە هاوڕێکانیشمان وەرگرت. پێش بەغدا خاڵی پشکنین هەبوو، لەو خاڵە خۆمان کرد بە نوستوو، بانگیان کردین "هۆو" خۆمان مات دابوو، بە دارەکەی دەستی توند لە کوشنەکەی دا، هەردووکمان لەترسا راچڵەکین. وتی: "ئەم جانتایە هیی کێیە؟" ئەوەی تەگبیرمان لێ کردبوو، بیرمان چووەوە و وتمان هیی ئێمەیە، کە کردیەوە و سەرەکەی هەڵدایەوە، هەمووی ستیان و دەرپێ و جلی ژێرەوە بوو، شەرم گرتی، وتی: "دایبخەن!" بەو شێوەیە رزگارمان بوو. کە گەیشتینە نەهزە، لەوبەر شەقامەکە کوڕێکمان بینی، وەسفیە وتی: "ئەم کوڕەیە"، هەمان شێوەی جانتاکەی ئێمەی پێ بوو. خۆمان گەیاندە لای و باوەشمان پێدا کرد و بە قاچ جانتاکانمان گۆڕیوە، جانتاکەی ئەو بەتاڵ بوو.

هیچ کاتێک بەشداریی کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە کردووە لە دەرەوە؟
لە ساڵی 1981 یەکەم کۆنفرانسی کۆمەڵە لە دۆڵی مالیمۆس گیرا، شێخ جەمال وتی کۆمەڵە داوایان کردووە بچین بۆ ئەو کۆنگرەیە، ئەوسا ئارام و رێبوار پێشمەرگە بوون. کە بە باوکمم وت، باوکم وتی: "مەچۆ! دوایی بگەڕێنەوە، دەناسرێنەوە." قسەکەشی راست بوو، حاڵەتی لەو جۆرە دروست بوو، بۆ نموونە؛ ئاراس مەحمود تۆفیق کە لە کۆنگرە گەڕایەوە، ئاشکرا بوو و گیرا و لەژێر ئەشکەنجەدا لە ئەمنی سلێمانی شەهید کرا. شەهید ئاراس باوکیشی هەر شەهید بوو. 

ماڵەوەتان هەڵوێستیان چۆن بوو بەرانبەر کاری سیاسیتان و ئەو هاوڕێ کوڕانەی کارت لەگەڵ دەکردن؟
لەوەدا دایکم رۆڵێکی باشی هەبوو لە هاوکاریی هەموو ئەندامانی خێزان و بگرە هاوڕێکانیشمان، هەرکات شتێکی نهێنیمان بگواستایەتەوە، زۆر جار دایکم عەبای دەدا بەسەریدا و تا جێی مەبەست شتەکانی بۆ دەگەیاندین، دەیوت: "با ئێوە نەگیرێن" و پاشان دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە.
بۆ شاردنەوەی شتەکانیش، لە ماڵی خۆمان شوێنێکی نهێنیمان هەبوو لەناو ساردی حەمامەکەدا، کە وەک دیوار هەڵچنرابوو، فەرشی بەسەردا درابوو، سەرقاپێکی تایبەتی بۆ کرابوو و داپۆشرابوو. زۆربەی بڵاوکراوە و چەک ئەگەر لە ماڵی ئێمە بوایە، لەو شوێنەدا دەشاردرایەوە. کاتێک خانووەکەشمان فرۆشت، ئەو ماڵەی کە کڕییان، وتیان دڵمان نایە تێکی بدەین، چونکە یادگارییەکی دێرین و جوانە، تاکوو ئێستاش ئەو جێگەیە ماوە.
بەنسبەت باوکیشمەوە؛ من لە خێزانەکەی خۆماندا یەکەم کچ بووم هاوڕێی کوڕم هەبێت و ئازادانە کارم لەگەڵ دەکردن، کاری سیاسی پێویستی بەو پەیوەندییانە هەبوو، چونکە زیاتر پیاوان لە بواری سیاسەتدا کاریان دەکرد. باوکم زۆر پاڵپشتم بوو، هاوڕێکانم ئازادانە سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد. کاتێک کە خوێندکاری زانکۆ بووم، هەر کوڕێک دەبووە هاوڕێی نزیکم، بە باوکم دەناساند و پاش گفتوگۆ ئەگەر باوکم تێبینی هەبوایە لەسەری دەیوت: "کچم لێی دووربکەوە، بەڵام رێزی لێ بگرە و برینداری مەکە، ئەو مرۆڤە بەکەڵکی هاوڕێیەتی تۆ نایەت، تۆ سیاسەت دەکەیت."

باشە تۆ باسی خاتوو بەهیە مەعروفت کرد، خۆ ئەو کۆمەڵە نەبوو، چۆن پەیوەندیت پێوە کرد؟
کاک قادری حاجی عەلی وتی: "دەبێت بچیت پەیوەندی بە خاتوو بەهیە مەعروفەوە بکەیت". خاتوو بەهیە خزمی باوکم بوو، وتم عەیبە چۆن بچم! هەرچۆنێک بوو چووم و پێم وت: "من خەجاڵەتم کە هاتووم و پەیوەندیت پێوە دەکەم"، کە مەبەستی سەردانەکەم بۆم باس کرد، هات سەری ماچ کردم و وتی: "من خزمەتکاری پێڵاوی یەکێکم کوردایەتی بکات." ئیتر بوو بە هاوکارێکی زۆر چالاک و کۆمەکی زۆری بۆ کۆدەکردینەوە.

وتت کە شێخ جەمال لێپرسراوتان بوو، هەر لای ئەو مانەوە یان گۆڕا؟
دوای شێخ جەمال، مامۆستا محەمەد بوو بە لێپرسراومان، نازانم ناوە راستییەکەی چی بوو. جارێک هاتبوو بۆ سەردانی باوکم، نەمزانی ئەوە هاتووە، چووم چایان بۆ ببەم، کە چاکەم برد وتم: "مامۆستا بەخێر بێیت". دواتر باوکم لێی پرسیم وتی: "ئەو پیاوە چۆن دەناسیت؟" وتم: "لێپرسراومە."

براکانت چۆن و کەی بوون بە پێشمەرگە؟
لە ساڵی 1980 ئارامی برام بوو بە پێشمەرگە و کادیری سیاسی لە ناوچەی شارباژێڕ. کە ئارامی برام بوو بە پێشمەرگە، حکومەت هاتە سەر ماڵمان، ئێمە خۆمان خستە ناو ماڵە دراوسێ. موختار ئەمن بوو، ماڵە دراوسێکان وتیان ئێمە نایانناسین. دوای حەفتەیەک چووبوونە لای باوکم وتبوویان کوڕەکەت بووە بە پێشمەرگە؟ ئەویش وتبووی لە باساک مامۆستایە، خۆی گەورەیە، من ئاگادار ئەوە نیم بووبێت بە پێشمەرگە.
لە ساڵی 1982 رێکخستنەکانی بەغدا ئاشکرا بوون، ئیعتراف لەسەر هەندێکیان کرابوو، رێبواری برام لەگەڵ ئەوان کاری دەکرد کە 17 کەس بوون، خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاریی میکانیک بوو لە زانکۆ تەکنەلۆژیا، هاتەوە و یەکسەر چوو پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد، لە کەرتی ئێستگە بوو.

کە حکومەت بەوەی زانی، هیچیان بەرانبەر خێزانەکەتان کرد؟
کاتێک رێبوار و برادەرەکانی ناویان درابوو کە لە رێکخستندان، لە بەغداوە خۆیان گەیاندە سلێمانی، ئەو شەوەی ئەوان گەیشتن، ملازم موحسین و قوات خاسە دایان بەسەر ماڵماندا، زانیبوویان رایان کردووە، هەر بۆیە دەوری ماڵی ئێمەیان گرت. ناو ماڵەکەمان پڕ بوو لە قوات خاسە، جلی کوردیی کوڕەکانیان لەبەر کرد و لە ماڵەوە دانیشتن. ئێمە کونێکمان کردبووەوە لەگەڵ ماڵی پەری خانی عزەت رەشید، لەوێوە دەمانتوانی قسە لەگەڵ یەکتر بکەین. 13 رۆژ لە ماڵی ئێمە مانەوە. ئێمە (دایکم، باوکم، من، شلێر، شەوبۆ و سۆران) بووین، خەبات لە بەغدا سەرباز بوو. ئاراس لە کۆلێژی موستەنسریە لە بەشی ئابووری و جووتیار لە کۆلێژی بەغدا لە بەشی کیمیا بوو، هەر ئەو رۆژەی ئێمەیان دەستبەسەر کرد لە ماڵەوە، ئەوانیان لە بەغدا گرتبوو.

واتە هەر لە ماڵی ئێوە دەمانەوە؟
بەڵێ، مەفرەزەیەک لە ماڵەوە بوون، کەسێک بەناوی مونعیم کە لێپرسراوی مەفرەزەکە بوو، دەهاتە ناومان دادەنیشت.

خواردنیشیان لەسەر ئێوە بوو؟
بەڵێ، باوکم سۆرانی برام دەنارد، ئەوانیش سەربازێکیان لەگەڵ دەنارد و دەچوون خواردنی ئەو هەموو خەڵکەیان دەکڕی و دەبوایە دایکم لێی بنێت. 

سەرەڕای ئەو دۆخە خراپەی ماڵەوەمان، باوکم هەموو شەوێک گوێی لە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دەگرت، رادیۆکەی بە گوێی خۆیەوە دەنا و هەواڵەکانی پێ دەوتین. ئەوەی باوکم دەیکرد، هێزێک بوو بۆ ئێمە.

دەیانهێشت کەس سەردانتان بکات؟
هەر کەسێک بهاتایە بۆ ماڵی ئێمە، دەیانگرت و دوای ئەوە ملازم موحسین دەهات و دەیبردە ئەمن و لەوێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرد. ماڵی ئێمەیان ناونابوو ماڵی حەرەسەکە.

لەو ماوەیەدا کەسیان گرت؟
رۆژی دووەم بوو کە لە ماڵەوە دەستبەسەریان کردبووین، کوڕێکیان هێنا ناوی خەلیل بوو، شۆک بووبوو، ئێمە وتمان تۆ ناناسین! وتی: "من هاوڕێی ئاواتم"، ئەوەندە شڵەژابووین بیرمانچووبووەوە کە جووتیاری برام لە نفوس ناوی ئاواتە. دواتر کوڕەکە وریا بوو، وتی: "هاتووم بۆ ماڵی عەلی شەونم." ملازم موحسین وتی: "عەلی شەونم، ئەو شەونمەیە؟" کوڕەکە وتی: "عەلی شەونم پیاوە، ژن نییە، نووسەر و شاعیرە".

باسی دۆخی خۆتم بۆ بکە لەو ماوەیەی کە لە ماڵەوە دەستبەسەر بوون...
من ئەوسا زۆر نەخۆش بووم، تووشی کۆکەیەکی زۆر خراپ بووبووم. مونعیم تەلەفۆنی بۆ ملازم موحسین کردبوو، وتبووی دەبێت ئەو کچە ببەین بۆ لای پزیشک. وتبووی هیچ نییە چاک دەبێتەوە. ئەویش وتبووی نان ناخۆم ئەگەر نەیبەن. دواتر ملازم موحسین هات، من و باوکم لەگەڵی رۆیشتین بۆ لای دکتۆر بەکر. لەو کاتەی ئێمە خەریکی سواربوونی ئۆتۆمبێل بووین، خزمێکمان گەیشتە بەر دەرگا، ناوی کاک فایەق بوو. ملازم موحسین بانگی مونعیمی کرد وتی: "بیگرن!" سۆرانی برام وتبووی ئەمە شێتە بۆ هێناوتانە. ئەم داماوە دایمە ئێمە خێری پێ دەکەین. ئیتر مونعیم وتبووی بەری بدەن. 

من و باوکم و ملازم موحسین چووینە لای دکتۆر بەکر، دکتۆر بەکر لە دۆخەکە گەیشت، بە ملازم موحسینی وت دەبێت بڕۆیتە دەرەوە. وتی: "ناچم." وتی: "من نایپشکنم ئەگەر نەچیتە دەرەوە، من دکتۆرم." ناچار رۆیشت. دکتۆر زۆری هێشتینەوە و لە دۆخەکەمان تێگەیشت، باوکم پێی وت هەرکەسێک دەناسیت پێیان بڵێ با نەیەنە ماڵی ئێمە. دوای ئەوە ئێمە هاتینەوە ماڵەوە و ملازم موحسین رۆیشتەوە.

ماوەی چەند بەو شێوەیە مانەوە؟
شەوی یازدەیەم، پێش ئەوەی ئازاد بکرێین، ملازم موحسین هات وتی: "خۆتان کۆ بکەنەوە، تەرحیل دەکرێن بۆ باشوور." هەموو شتێکمان کۆکردەوە و بەیانی کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ هات، وتی: "شێخ تۆ پیاوێکی بەهێزی، ئێوەمان دانابوو تەرحیلتان بکەین، بەڵام دیارە پشتتان زۆر بەهێزە، پێم ناخۆشە، بەڵام ئەمرمان بۆ هاتووە کە تەرحیلەکەتان بوەستێنین."

تەرحیلەکەیان بۆچی وەستاند؟
خاتوو بەهیە مەعروف و خاتوو ناهیدەی شێخ سەلام چووبوون بۆ لای شێخ قادری کوێسە، پێیان وتبوو عەیبە بۆ ئێمەی شێخان و زۆریش عەیبە کوڕی شێخ غەریب وای بەسەر بێت. شێخ قادر تەداخولی تێدا کردبوو. ئیتر ئەوان کاتژمێر 11:30 خولەک بەجێیان هێشتین و رۆیشتن.

هیچ یەکێک لە هاوڕێیانی رێکخستن لەو ماوەیەدا هاتن بۆ ماڵتان؟
ئەو رۆژەی ئێمە دەستبەسەر کراین، مەوعیدی کۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ خاتوو وەسفیە بەنی وەیس، هەروەها باوکیشم لەگەڵ مامۆستا محەمەد لە هەمان رۆژ، بەڵام توانیمان (ئاوێزە محێدین)ی هاوڕێم ئاگادار بکەینەوە لە رێگەی ماڵی عزەت رەشیدی دراوسێمانەوە، ئەویش هەردووکیانی ئاگادار کردبووەوە.
ئاوێزە محێدین رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی؛ لە سەری کۆڵانەکەمان وەستابوو، ئاگاداری ناسیاوەکانی دەکردەوە، دەنا ئەو رۆژە پەنجا کەس دەگیران، ئیتر دوای ئەوە خەڵک بە حاڵیان زانین و نەدەهاتن.

ئەو ماوەیە قوات خاسەکان لە ماڵی ئێوە بوون، ماڵەکەیان دەپشکنی؟
لە ژوورێکی نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەماندا کتێبخانەیەکمان هەبوو، بە جۆرێک دروست کرابوو شوێنێکی نهێنی تێدا بوو بۆ هەڵگرتن و شاردنەوەی بڵاوکراوەکان. ئەو چەند رۆژەی مەفرەزەی قوات خاسە و ئەمن لە ماڵی ئێمە بوون، هەرچی کتێب هەبوو پشکنیبوویان، بەڵام درکیان بەو جێگەیە نەکردبوو، ژمارەیەکی باش بڵاوکراوەشی تێدا بوو. 

وتت ئاراس و جووتیاریان دەستگیر کردبوو، چارەنووسی ئەوان بە چی گەیشت؟
ئاراس و جووتیار بۆ ماوەی سێ مانگ لە ئەمنی عامەی بەغدا مابوونەوە، دواتر هێنایاننە سلێمانی بۆ بەندیخانەی سەرەوە لە سلێمانی، لەوێ تەسفیرات بوو، دەبوایە ئازاد بکرێن، بەڵام مدیری ئەمنی سلێمانی گلی دابوونەوە و ئازادی نەدەکردن. ئەوسا من کارمەند بووم لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا، لەوێ ئەفسەرێکی ئەمنی لێ بوو، ناوی حسێن بوو، ژنێکی کوردی هەڵەبجەیی هەبوو. ئەو ئەفسەرە رۆژێک بانگی کردم، سەرەتا بە شانوباڵی خێزانەکەی ئێمەدا هەڵی دا، دواتر وتی: "وەرە یەک واژۆی بوون بە بەعسیم بۆ بکە، دواتر دەچینە لای مدیری ئەمنی سلێمانی و لەوێوە دەستی هەردوو براکەت بگرە و بڕۆن." کە بە باوکمم وت، وتی: "ئەو کارە نەکەیت، پێی بڵێ جارێ تۆ کاتێکم لای مدیری ئەمن بۆ وەربگرە. پێشی بڵێ خۆ ئەمانە کوڕی من نین، باوکم بانگ بکەن." یەک دوو حەفتەی پێ چوو، وتی: "وەرە ئیشم پێتە!" کە چووم، وتی: "وەرە مەوعیدمان هەیە لای مدیری ئەمن (رەفیق جومعە)، دوایی دەچین بۆ بەندیخانە." وتم: "نایەم، ئیتر واز لەو بابەتە بهێنە." ماوەیەکی کورتی پێ چوو، دیسانەوە حسێن بانگی کردمەوە، چوومە ژوورەکەی، ویستی دەرگام لێ دابخات، وتم: "با کراوە بێت، دەنا خەڵک قسە دەکەن، ئێمە خانەوادەیەکی رێزدارین و خەڵک دەمانناسێت، پێویستە زۆر ئاگاداری ناوبانگی خۆمان بین. فەرموو دەتەوێت چیم پێ بڵێیت؟" وتی: "تۆ لە ئەمن فەرمانی گرتنت هەیە، کابرایەک گیراوە ئیعترافی لەسەر کردوویت کە تۆ لەناو ریزەکانی کۆمەڵەدا کار دەکەیت." جا لەو کاتەدا هاوڕێیەکی نزیکم (ئاراس محەمەد تۆفیق) گیرابوو، کە پێکەوە کارمان دەکرد. هەروەها وتی: "بەڕێوەبەری ئەمن بانگی کردووم کە تۆ بگرم، بەڵام من هاوکاریت دەکەم، چونکە هەر کچێک ببەنە ناو ئەمن، دەستدرێژی دەکەنە سەر و ناوی دەزڕێت، بۆیە داوات لێ دەکەم 15 رۆژ مۆڵەت وەربگرە تا بزانم چی دەگوزەرێت." منیش وتم: "بۆ ئەمن وایە، دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان!" وەڵامی دامەوە و وتی: "بەڵێ، پیاوانیش نەک هەر ژنان." بەردەوام بوو و وتی: "من پیاوەتیت لەگەڵ دەکەم." ئیتر منیش تێگەیشتم چی دەگوزەرێت، پێم وت: "من کۆمەڵە نیم و کاری سیاسی ناکەم، کچی بنەماڵەیەکی عەشایەرم، باپیرم چەندین خەڵکی کوشتووە، ئێستا ئەو کەسانە دەیانەوێت لە رێگەی منەوە تۆڵە لە خێزانەکەمان بکەنەوە." ئەم قسەیەم کاریگەریی زۆر باشی هەبوو، هەرچەندە لە راستیدا شتی وا لە ئارادا نەبوو. زۆر پێداگریی دەکرد لەسەر مۆڵەتوەرگرتنم، منیش وتم: "تەواو دڵنیا بم کە ئەمە قسەی مدیری ئەمنی سلێمانییە و دەیانەوێت بمگریت؟" ئیتر هەستامە سەر پێ و وتم: "کە من ئەوەندە تاوانبار بم، ئێستا بە پێی خۆم دەچم و بشزانم ئەمە راستییە، یان بۆیان هەڵبەستووم." بانگی شۆفێرەکەم کرد، کابرا شڵەژا و وتی: "مەڕۆ دەگیرێیت." منیش وتم: "دەچم و دەڵێم حسێن بانگی کردووم کە لەگەڵ حزبی دەعوەیە (ئەوسا حزبی دەعوە هێندەی کۆمەڵە و زیاتریش دوژمنی سەرسەختیان بوو، حسێن خۆشی شیعە بوو)، پێم دەڵێت با وەک حزبی دەعوە و کۆمەڵە لەناو شاردا چالاکی بکەین و تەقینەوە بکەین." کابرا کە ئەم قسەیەی لە من بیست، رۆحی چوو. دەرکەوت ئەو پیاوە درۆ دەکات، کە گەڕامەوە ژوورەکەی خۆم، ئەم بابەتەم بۆ هاوڕێیەکم کە ناوی کاک بێستون بوو، باس کرد. وتی: "دەستخۆش، ئەوە تەڵە بووە بۆت دانراوە"، بەڵام من هەر هەندێک ئاگاداری خۆم دەبووم. چوومە ماڵی ئاوێزە و زیاتر لە 15 رۆژ لەوێ دەخەوتم.

ئەى براکانت کەی و چۆن ئازاد کران؟
رۆژێکیان لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا بووم، کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی بوو، تەلەفۆنیان بۆ کردم وتیان وەرە براکانت ببەرەوە. یەکسەر دڵم داخورپا و زۆر ترسام، بەپەلە رۆیشتم بۆ بەندیخانە، بە پۆلیسەکەم وت: "توخوا براکانم ماون؟" ئەو پۆلیسە زۆر باش بوو، وتی: "ماون، ئێستا بەر دەبن"، کەفالەتیان پێ پڕ کردمەوە و ئازادیان کردن و چووینەوە ماڵەوە.

بۆچی باوکتیان بۆ ئەوە بانگ نەکردبوو؟
لەو کاتەدا کوڕێکی پوورم شەهید بووبوو، دایکم و باوکم لە باساک بوون، چووبوون بۆ پرسەکەی.

پێش ئەوەی ئازاد بکرێن، سەردانتان دەکردن؟
بەڵێ، لە رێگەی شێخ نەجمەدینەوە مواجهەیەکیان بۆ کردین، بەناوی ئەوەی ئاراس و جووتیار دەچن بۆ نەخۆشخانە، بچین لە دوورەوە تەنیا بیانبینین. کە چووین، دوای کەمێک هێنایاننە دەرەوە بەرەو نەخۆشخانە و دایکم خۆی بۆ نەگیرا؛ بەپەلە رای کرد و باوەشی بە ملی ئاراسدا کرد و لە پەناگوێیدا هەندێک قسەی کرد، وتی: "پێم وتووە نەکەیت هیچ بڵێیت، شەرمەزار و رووڕەشی خەڵکم نەکەیت."

دوای ئەوەی ئازادیان کردن، توانییان بچنەوە سەر خوێندنەکەیان؟
هەردووکیان لە زانکۆ فەسڵ کران، بەڵام ساڵی دوای ئەوە توانییان بچنەوە زانکۆ و ساڵێکیان لەدەست چوو. جووتیار بۆیە چووبووە بەشی کیمیا، بۆ ئەوەی نمرەی بەرز بهێنێت و بتوانێت بچێتە کۆلێژی پزیشکی، ئەوسا ئەوە یاسا بوو لە زانکۆ، بەڵام بەهۆی ئەو ساڵەوە ئەو دەرفەتەی لەدەست چوو.

لێرەدا دەچینە سەر باسی یەکێک لە ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانتان کە تێیدا خەباتی برات و ژمارەیەک هاوڵاتیی دیکە شەهید کران، ئەویش رۆژی مەنع تەجەولەکەی سلێمانییە، ئەوە چۆن رووی دا؟
لە 17ی تشرینی یەکەمی 1985، رۆژی مەنع تەجەولەکەی سلێمانی، ئەو رۆژە رۆژێکی شووم و ناخۆش بوو بۆ ماڵی ئێمە و دەیانی وەک ماڵی ئێمە. لە ماڵی ئێمە ژمارەیەک کتێب و بڵاوکراوەی سیاسی گیرا، کە بە نسبەت بەعسییەکانەوە قەدەغە بوون. ئەوکات خەباتی برام بەڕێوەبەری خوێندنگەی ناوەندیی کانی پانکە بوو، سۆرانی براشم خوێندکاری زانکۆی سەڵاحەدین بوو، لە بەشی جیۆلۆجی. ئەو رۆژە دوو کوڕی خاڵیشم لە ماڵی ئێمە بوون، هاتبوون بۆ سلێمانی بۆ دامەزراندن، باوکیشم لە ماڵ بوو. هەموو ئەمانەیان راپێچ کرد، منیش لە ماڵەوە بووم. باوکم دوو رۆژ بوو نەشتەرگەری چاوی کردبوو. هاوارم کرد "تکایە باوکم مەبەن بەو تەمەنەوە، چاوی نەشتەرگەری کردووە". یەکێک لە قوات خاسەکان هات و بە عەرەبی وتی: "واز لە پیرەکە بهێنن". هەموو ئەوانەی گرتبوویانن بردیاننە خوێندنگەی ژین کە لای ماڵی خۆمانەوە بوو. نیو کاتژمێری نەخایاند، هاتنەوە بە باوکمیان وت بە بڕیاری لیژنە، ماڵەکەتان دەڕووخێنین. باوکم پرسی: کێ سەرۆکی لیژنەیە؟ وتیان رەفیق یاسر. باوکم رۆیشت بۆ لای، هەر لەو ناوە بوو، منیش رامکرد بە دوایدا، هێزێکی ئەمنیی زۆریش بەو ناوەدا بڵاو بووبوونەوە. باوکم پێی وت: "ماڵی منە، ماڵی سۆران و خەبات نییە، ئەمە وەفاکەتانە، 33 ساڵ خزمەتی عیراقم کردووە بە عەرەب و کوردەوە؟" ئەویش وتی: "انت بعسي لو مو بعسي؟" وتی: "ئەگەر بڵێیت بەعسیم، ئەوا دەبینیت شۆڤڵ ئامادەشە و نایڕووخێنێت." باوکم وتی: "ئەوەی ئێوە دەیکەن، تەنیا جوولەکە بە فەلەستینییەکانی کردووە". ئەمانەشی بە دەنگی بەرز و بەبێ ترس دەوت. یەکسەر کارەبایان لە ماڵەکەمان بڕی، دراوسێکانمان رژانە ماڵی ئێمە. پیاوێکی باشی لێ بوو، بە جلی جەیشی شەعبییەوە، هات وتی: "هەرچی شتی گرنگتان هەیە بەپەلە کۆی بکەنەوە." رەفیق یاسر بینی، هاواری بەسەردا کرد و وتی: "ولک حقیر اطلع". ئیتر دراوسێکانمان زۆر دڵسۆز بوون، بەپەلە هەرچی ئاڵتوون و پارە و جلوبەرگ هەبوو لەسەر دیوارەوە فڕێیان دەدایە ماڵەکانی دراوسێمان.

هەرچی هەبوو لە ناوماڵ، تەنانەت قاپوقاچاغیش، فڕێیان دایە بەردەم ماڵەکەمان و نەوتیان پێدا کردن و لەبەر چاوی خۆمان سووتاندیان، هەرچی کتێب و ئەرشیڤ و وێنەش هەبوو هەموویان سووتاند و ئینجا لەبەرچاومان ماڵەکەیان رووخاند. 

هەر ماڵی ئێوەیان رووخاند؟
نەخێر، ئەو رۆژە نۆ ماڵیان رووخاند، لەوانەی بیرمە، ماڵی: مامۆستا ئەحمەد غەفور، مامۆستا حسێن، ماڵی کاک تایەری بانک، ماڵی مامۆستا لەتیف (ئەوان لە بەرانان بوون)... لە گەڕەکی ئێمە تەنیا سێ ماڵیان رووخاند. وەک ماڵی ئێمە، پیاوەکانی ئەوانیش گیران.

دوای ئەوە چیتان کرد؟
ئێمە لەسەر زەوییەکە لە کۆڵان دانیشتبووین، هێزی ئەژنۆمان نەبوو؛ ماڵیان نەهێشتین، برا و کەسوکاریان بردین، مێژوویەکی زۆر رەش بوو. باوکم زۆر تووڕە بوو، بە دەنگی بەرز جنێوی دەدا. یەکێکیان لە دوورەوە هات و یەک زللەی لە باوکم دا. 

خاتوو شەونم بەدەم گریانەوە وتی: "باوەڕ دەکەیت هەموو نەهامەتییەکانی ئەو رۆژەم بیرچووەتەوە، بەڵام ئەو زللەیەی باوکمم بیرناچێتەوە و هەر لەبەر چاومە." پیاوێک لە دوورەوە هات و لەو قوات خاسەیە تووڕە بوو، وتی: "جنێو دەدات با بیدات."

دوای ئەوەی ماڵەکەیان رووخاندن و شوێنتان نەما، چوونە کوێ؟
بردیانینە ماڵی مامە تایەر. 

چۆن زانیتان کە خەباتیان شەهید کردووە؟
بەیانییەکەی هاتن وتیان نۆ کەسیان لەبەردەم فولکەی نالی گوللەباران کردووە. وتیان خەباتی برامیشی تێدایە، ئیتر لە ماڵی مامم پرسەمان دانا. باوەڕ بکە ئەوەی زۆر نزیک نەبوایە نەیدەوێرا بێتە پرسەکەشمان.

ئەو کەسانەی لەگەڵ شەهید خەبات گوللەباران کران، کێ بوون؟
نۆ کەسیان شەهید کرد: 
خەبات محەمەد غەریب، مامۆستای ئامادەیی. 
حسێن شەریف محەمەد.
زەردەشت حسێن شەریف، کوڕی شەهید حسێن.
ئاوات حەمە ئەمین شەریف، برازای شەهید حسێن، شەهید ئاوات بە میوانی لە ماڵی مامی بوو.
تاهیر محەمەد عومەر.
ئامانج تاهیر محەمەد، کوڕی شەهید تاهیر.
ئاسۆ تاهیر محەمەد، کوڕی شەهید تاهیر.
ئامانج ئەحمەد غەفور، خوێندکاری زانکۆ.
دلێر عەبدوڵڵا عەزیز، پێشمەرگە.

تەرمەکەی شەهید خەباتتان وەرگرتەوە؟
وەرگرتنەوەی چی! ئێمەیان وا چەواشە کردبوو هەر رۆژە قسەیەکیان بۆ دەکردین، چونکە کەس نەیدەزانی ئەوانەی گوللەباران کران کێن بوون، ئەوەیان لەبەرچاوی خەڵک نەکردبوو. هەر جارەی یەکێک دەهات دەیوت خەبات ماوە، تەنانەت سێ جار پرسەمان بۆ دانا، جلی رەشمان لەبەر دەکرد و هیوایەک دەهاتە پێشەوە، لامان دەبرد و دیسان لەبەرمان دەکردەوە. ئەم جۆرە ئازارانە لە مردنێکی راستەوخۆ زۆر ئەستەمترە. چی پارەوپول و ئاڵتوونی خۆم و هاوسەرەکەی (مامۆستا ڤینۆس) هەبوو، فرۆشتمان، هەموویان لێ دەکێشاینەوە بۆ ئەوەی سەرەداوێکی مان و نەمانی خەباتمان پێ بگات.

 بۆ نموونە بە چ شێوەیەک هەوڵتان دەدا کە چارەنووسیان بزانن؟
جارێکیان لە رێگەی (رەفیقە هودا)وە مەوعیدێکمان لای عەبد عەلی وەرگرت، رەفیقە هودا، ڤینۆسی زۆر خۆش دەویست، مامۆستای بوو. کە چووین، عەبد عەلی رووی کردە ڤینۆس و بە عەرەبی پێی وت: "کێ تۆی گەیاندووەتە ئەمانە، ئەمانە پیاوکوژن، وازیان لێ بهێنە بڕۆرەوە بۆ ماڵی خۆتان". بۆیە وای وت، چونکە ڤینۆس خەڵکی خانەقین بوو. ڤینۆسیش وەڵامی دایەوە و پێی وت: "من مێردی خۆم باش دەناسم، ئەگەر یەکێکی پاک و بێتاوان هەبێت، ئەوە خەباتە." 
هەروەها زۆربەی جار لە کاتی مواجهەکانی ئەبوغرێب دەچووین، تاوەکوو سۆراخێکی بزانین.
یەکێکی تر لەوانەی دەیویست پارەمان لێ بکێشێتەوە، ئەوە بوو جارێکیان نیزال، کە بووکی ئەحمەد غەفور بوو، کابرایەکی هێنا، سوێندی بە عەلی و حسێن خوارد کە ماون. باوکم وتی یەک واژۆیم بۆ بهێنە، من خۆم دەستوخەتی دەناسمەوە، مەرج بێت خانووەکەمت لەسەر تاپۆ دەکەم. 
جارێکیشیان هات بۆ لای من وتی: "مەوعیدێکم وەرگرتووە، کاتژمێر 11 تەلەفۆنمان بۆ دەکات." منیش لە خۆشیاندا وەک مژدە و شیرینی 150 دینارم خستە دەستی. وتی: "دەچم نیزالیش دەهێنم." نیزال ژنی ئامانج بوو، یەکێک لە شەهیدەکان. دوایی رێبواری برام تەلەفۆنێکی بۆ کرابوو لە لایەن برای یەکێک لە هاوڕێکانییەوە، وتبووی ئەمە ساختەچییە و فێڵ دەکات. ئیتر هەر ئەوان شکاتیان کرد و بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندن گیرا و شەش مانگ حوکم درا.
جارێکی تریشیان لەگەڵ نەزیرە حارس چووین بۆ لای شاهۆ، کە کارمەندی شارەوانی بوو، وتی: "من خەبات باش دەناسم، سیاسەتم لەگەڵ کردووە، ماوە." قەناعەتی پێ کردین، لە دواییشدا دەرچوو درۆ دەکات.

باشە نەتانزانی بۆچی ئەو نۆ کەسەیان شەهید کرد؟
ئێمە دواتر بەهۆی سۆرانەوە زانیمان کە چی روویداوە، ئەو بۆی باس کردین کە پاش ئەوەی لە رێکخراوی عوسمان فایەق لێکۆڵینەوەیان لێ دەکەن، لەگەڵ چەندین کەسی تر کە لەو رۆژەدا گیرابوون دەبرێن بۆ ئەمنی سلێمانی. 
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی، 18ی تشرینی یەکەمی 1985، لە ئەسحابە سپی لەناو شاری سلێمانی، تەقە لە مفەوەزێکی ئەمن دەکرێت و بریندار دەکرێت. فاشییەکان لە تۆڵەی ئەودا نۆ کەسیان لە ئەمن هێنایە دەرەوە و گوللەبارانیان کردن بەبێ دادگەیی و بەبێ تاوان. ئەوەیان تەنیا بۆ چاوترساندنی خەڵکی سلێمانی کرد.

کەی بوو دڵنیا بوونەوە کە شەهیدیان کردوون؟
تا راپەڕین ئێمە و هەموو کەسوکاری شەهیدەکان هەر هیوامان هەبوو سەرەداوێک بدۆزینەوە لە مانیان. تا ئەوەبوو لە راپەڕیندا دۆکیۆمێنتەکانمان دۆزییەوە کە چۆن شەهید کراون و لەکوێ نێژراون. بەدیاریکراوی لە 29ی ئەیلوولی 1991 تەرمی نۆ شەهیدەکەی فولکەی نالیمان دۆزییەوە، چوار ئەفسەری ئێرانییشیان لەگەڵ ناشتبوون.

لە کوێ نێژرابوون؟
لە سەربازگەی سارداو، بەرانبەر گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی.

ئەى چیتان لێ کردن؟
 لە  رێوڕەسمێکی شایستەدا و بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری جەماوەری سلێمانی، تەرمەکانمان گواستەوە بۆ گردی شەهیدان، هەموویان بە ریز بەیەکەوە نێژراون.

با بچینە سەر باسی سۆرانی برات، چۆن هەواڵی ئەوتان زانی؟
هەر لەو ماوەیەدا کەوتینە سۆراغی سۆران. پیاوێک ئازاد بووبوو، چووین بۆ لای، وتی: "یاخوا رووی ئەو دایک و باوکە سپی بێت کە ئەو منداڵانەیان بەسەربەرزی و ئازایەتییەوە پەروەردە کردووە." بۆی گێڕاینەوە کە ئەو رۆژە ئەوەندەیان لێ دابوون، خەڵکێکی زۆر لەژێر ئەشکەنجەدا مردوون، سۆرانیش لەهۆش خۆی چووە و وایانزانیوە مردووە، کە دەیانبەن بۆ پزیشکی دادی، لەوێ دەڵێن سۆران ماوە و نەمردووە، ئیتر بردوویانەتەوە بۆ زیندان.

 دوای ئەوە کە زانیتان ماوە و لە زیندانە، چیتان کرد؟
ئیتر کەوتینە واستە و بارەبەخشینەوە بۆ بەردانی. 
 دوای بەدواداچوون، زانیمان کە لە ئەمن نەمابوو، بردوویان بۆ بەندیخانەی سەرەوە. دواتر گواستینەوە بۆ بەندیخانەی ئەسکەندەریە لە موسڵ، لەوێشەوە بۆ فزەیلیە لە بەغدا و جارێکی تر بۆ ئەسکەندەریە و لەوێشەوە بۆ سەماوە، هەرچی زیندانی عیراق هەیە پێیان کردبوو.

چۆن زانیتان کە بردوویانە بۆ سەماوە؟ دوای ئەو کە بۆتان دەرکەوت لە سەماوەیە، سەردانتان کرد؟
هەواڵێکمان بۆ هات کە سۆران لە سەماوەیە، براکانم ئەوەی مابوون فیرار بوون و باوکم و دایکم ئەژنۆیان شکابوو، ئیتر هەر من هەبووم، بۆیە بڕیارم دا کە من بچم بۆ سەماوە. لەگەڵ ئەو ماڵانەی کە وتیان کوڕەکانیان لە سەماوەیە، تەگبیرمان کرد بەیەکەوە بچین. دایکم کەوتە ئامادەکردنی شتومەک، پێنج فەردە شتی ئامادە کرد بیبەم، لەبەر ئەوە دواکەوتم و نەمتوانی لەگەڵ ماڵەکانی تر بچم. کە رۆیشتم بۆ نقڵیان، هەر منیان تێدا بووم کە ژن بم، ئەوانی تر هەموو سەرباز بوون و دەچوونەوە بۆ ئەرک. پیاوێک وتی: "خوشکم ئەوە تۆ چی دەکەیت؟" پێم وت کە براکەم لە سەماوە بەندە و دەچم بۆ بینینی. وتی: "باشە، جێگەیەکت بۆ دەگرم." وتم: "نا، دوو جێگەم بۆ بگرە." 
تا گەیشتینە سەماوە، بە چیچکانەوە لەسەر کورسییەکە دانیشتم، نەمدەوێرا خەوم لێ بکەوێت لەبەر ئەو هەموو پیاوە، ئێوارە بوو کە گەیشتمە سەماوە. پێنج فەردە شتم پێ بوو، هەندێک منداڵی لێ بوو، پێم وتن پارەتان دەدەمێ ئەوانەم بۆ بەرنە سەر شەقامەکە، ئیتر تاکسییەکم گرت و چووم بۆ بەندیخانە. کاتی مواجهە تەواو بووبوو، وتم: "بەس ئەو شتانەی دەدەمێ"، بە هەزار پاڕانەوە سۆرانیان هێنا. کە سۆران هات بە سەری خۆیدا کێشا و وتی: "ئەی هاوار! گەیشتیتە ئێرەش"، ئیتر شتەکانم دا پێی. لەوێ وتیان ئەوانەی کە هاتوون، رۆیشتوون بۆ هۆتێل. ئیتر چووم بەرەو هۆتێلەکان. دنیا چۆڵوهۆڵ بوو، پردێکی بە دار و بەنی لێ بوو، بەسەر پردەکەدا رۆیشتم بۆ بازاڕ، هەر رووناکییەکم ببینیایە، بەرەو رووی دەڕۆیشتم تا دۆزیمنەوە. کە چووم، سەیر دەکەم ئەو ماڵانە هەموو لە حەوشەکە دانیشتوون و نایانکەنە ژوورەوە، دەڵێن دەبێت وەرەقەی ئەمنتان پێ بێت. پیاوێکی عەگالبەسەر دیاربوو پیاوێکی بەئەرزش بوو، هات و پرسی، وتی: "ئەمانە بۆ لێرەن؟" پیاوی هۆتێلەکە بە عەرەبی وتی: "ئەمانە خێزانی مخەریبەکانن، وەرەقەی ئەمنیان نییە." پیاوەکە وتی: "بیانکەنە ژوورەوە، کە ئەمن پرسیاری کرد، ژوورەکانیان پیشان بدەن." ئیتر کردیانینە ژوورەوە.

هەر ئەوەندە بینیت، یاخود سەردانیت کردەوە؟
بۆ بەیانی، جارێکی تر چووین بۆ سەردانیان.

باسی بارودۆخی ناو زیندانەکەم بۆ بکە...
لەناو زیندان ژوورێکی درێژ هەبوو، ژن و منداڵیان تێ کردبوو. ژوورێکیش بە هەمان شێوە، پیاوەکانی تێدا بوو. وەک سۆران بۆی باس کردم؛ یەکەم جار لەو ژوورە درێژە بووە و دوایی لێیان پرسیوە لەسەر چی گیراویت، ئەویش بۆ ئەوەی لێی بترسن، وتبووی پیاوێکم کوشتووە. وتبوویان لەسەر چی؟ وتبووی بەڕێوەبەری فەرمانگەکەمم کوشتووە، چونکە پەلاماری دەستگیرانەکەمی دابوو. هەموویان وتبوویان: "عافیة بطل". دوای ئەوە پیاوێکی بینیبوو کە لە لایەکەوە دانیشتووە، بانگی کردووە و لێی پرسیوە کە کوردە؛ کابراش بەکوردی قسەی لەگەڵ کردووە. ئەو پیاوە پاشماوەی ئەنفالی بارزانییەکان بوو، دیاربوو هەموو گیراوەکان لێی ترساون، وتبووی هەرکەس لێی نزیک بێتەوە، دەیکوژم. دوای ئەوە سۆرانیان بۆ لای چەند سیاسییەک گواستبووەوە، لەوانەی لەو ژوورەدا بوون: کاکە حەمە، سۆران، هێمن، بورهان ناوێک بوون. ژوورەکەیان بەرانبەر قاوشە درێژەکە بوو. ئەو پیاوە بارزانییە و سۆران زۆر بەیەکەوە دەبوون کاتێک لە ژوورەکانیان دەریان دەکردن. 

ئەو بارزانییە کەس هاتبوو بۆ سەردانی؟
نەخێر، کەسوکاری نەیاندەزانی کە ماوە. دوای مواجهە سۆراغم کردن و دۆزیمنەوە و چووم بۆ ماڵیان.

وەک بزانیت لە بەندیخانەکە هەر کوردی لێ بوو؟
نەخێر، هەر لەو حەوشەیە ژوورێکی بچووکی لێ بوو، دواتر زانیم پزیشکێکی عەرەب بوو.

نەتزانی کە لەسەر چی گیراوە؟
 وەک بۆیان باس کردم؛ شەوێک ئێشکگر دەبێت، جەماعەتێک ئەفسەر کچێکی بۆ دەبەن، سکی پڕ دەبێت، دەڵێن دەبێت ئەو سکەی لەبار بەریت. ئەویش وتبووی ئەمە دژی یاسا و شەرع و مرۆڤایەتییە، من نایکەم. ئیتر تۆمەتی سەر بە ئۆپۆزسیۆنییان بۆ دروست کردبوو و گرتبوویان. ئەو رۆژەی مواجهە هەبوو، مێردەکەی لەوێ بوو، ئەویش پزیشک بوو.

ئەى وەک ئەنفالی بارزانییەکان، هەر ئەو پیاوەی لێ بوو؟
ژوورێکی تری دوورودرێژی لێ بوو، وتیان ئەوانە هەموویان ئەنفالی بارزانییەکانن.

 سۆران ماوەی چەند گیرا و کەی ئازاد کرا؟
نزیکەی سێ ساڵ مایەوە، رۆژی لێبووردنی ئەنفالی 1988 هێنایانەوە بنکەی عەربەت لە سلێمانی، من و ئاراسی برام چووین بیهێنینەوە، سۆران لەگەڵ ئاراس رۆیشت و منیش بە ئۆتۆمبێلێکی تر. لەوێ بە سۆرانیان وت کە دەبێت بچێتە کۆمەڵگەی باینجان و لەوێ شوێنێک بۆ خۆی پەیدا بکات. من بەرەو باینجان رۆیشتم، لە رێگەی ئاراس بە سۆران دەڵێت گویان خوارد، دەچینەوە ماڵەوە. ئەوان چووبوونەوە ماڵەوە. کاتێک من گەڕامەوە، بەردەمی ماڵەکەمان پڕ بوو لە خەڵک، من زۆر ترسام، خەریک بوو ببوورێمەوە (بەهۆی نەهامەتییەکانی ئەو رۆژانەوە تا ئێستاش بیر لە شتی ناخۆش دەکەمەوە)، کەچی کە پرسیم، وتیان بەهۆی بەربوونی سۆرانەوەیە. ئیتر هێور بوومەوە.

ئێوە وەک خێزان و وەک خودی خۆشت، گوشاریان لێ دەکردن بۆ ئەوەی ببن بە بەعسی؟
بەڵێ، چەندین جار. بۆ نموونە وەکوو خێزان؛ لە کاتی گرتنی خەڵک بۆ دروستکردنی هێزەکانی خەفیفە، جارێکیان بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی نامەیەکی بۆ باپیرم نووسیبوو، هات بۆ لای باوکم نامەکەی بۆ بخوێنێتەوە. من لایان بووم، سەرەتا مەدح و سەنای کردبوو، بۆشی نووسیبوو کە من خەڵکت بۆ دابین دەکەم و دایاندەمەزرێنم. باپیرم لە باوکمی پرسی: تۆ دەڵێیت چی؟ باوکم وتی: "بابە، تۆ دەڵێیت چی؟ نامەکە بۆ تۆیە." باپیرم وتی: "ئەوەی خیانەت لە میللەت بکات، لە کوتەکی میللەت دەرناچێت، ئەگەر ئەوە بکەم، سەری هەمووتان شۆڕ دەکەم." باوکم هەردوو دەستی ماچ کرد، منیش رام کرد و باوەشم پێدا کرد. 
باپیرم یەکێک بوو لە لێپرسراوەکانی سەردەمی شێخ مەحمود و لە ناوچەی خۆی نفوزی خۆی هەبوو، زۆر ناسراو بوو. 

 ئەی وەک خودی خۆت؟
خۆشم چەندین جار بانگیان دەکردم بۆ ئەوەی ببم بە بەعسی، پێیان دەوتم تۆ یان کۆمەڵەیت، یاخود شیوعی. زۆربەی جار بەناوی ئەوەی کە ئێمە بنەماڵەیەکی عەشایەرین، نابێت کچ لە تەنزیماتدا کار بکات، خۆم دەدزییەوە. 
جارێکیشیان لە ئەمنی بەلدەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم بۆ ئەوەی بچم بۆ ئەمن، ئەوکات بەڕێوەبەرەکەمان هەرچەندە بەعسی بوو، بەڵام پیاوێکی باش بوو. منی لە جێگەی خۆی دانابوو، خۆی چووبووە دەرەوە. ئەفسەرێکی ئەمنمان هەبوو، ناوی حەبیب بوو، زۆر خوێڕی بوو، دەیوت دەبێت بچیت، منیش وتم ناچم. کە بەڕێوەبەرەکەمان گەڕایەوە، پێم وت. خۆی لێ تووڕە کرد و دواتر گۆڕی، یەکێکی تری هێنایە شوێنەکەی، ناوی رەئوف بوو. 
دەمەوێت چاکەی بەڕێوەبەرەکەمان لەبیر نەکەم، کە ناوی قاسم بوو، هەرچەندە بەعسی بوو، بەڵام پیاوێکی باش بوو. جارێکی تریش ئەمن چووبوون بۆ دەوام بەدوامدا، وتبووی لێرە نییە، مۆڵەتی 15 رۆژم داوەتێ، نەخۆشە. کاتێک چووم بۆ دائیرە، کاک حەمە سەعید گەڵاڵی ئاگاداری کردمەوە و وتی: "بڕۆ! هاتوون بەدواتدا".

بۆچی هاتبوون بەدواتدا؟
جا ئەوەش بەسەرهاتێکی خۆی هەیە با بۆت باس بکەم، جارێکی تر لە شەوی 23ی کانوونی یەکەمی 1989، قوات خاسە دایان بەسەر ماڵی ئێمەدا، هەموو دەرگاکانیان شکاند، ئەو رۆژە باوکم زۆر ماندوو بوو، نانی خوارد و خەوت. جەندرمەکانی بەعس هاتن، ملازم عەلی و جەماعەتەکەی، هاتبوون بۆ گرتنی باوکم، یەکسەر پەلاماری باوکمیان دا و بەئاگایان هێنا. دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵەکە. باوکم زۆری دەخوێندەوە، هەرچی وەسڵ و نامە هەبوو لەناو دۆڵابەکانی ژوورەکەدا هێنایان، وەرگێڕێکی زمانی کوردییان لەگەڵدا بوو، دواتر زانیمان کوردی موسڵ بوو، خوێندکاری پۆلی سێی ناوەندی بوو. من دەمخوێندنەوە و وەرمدەگێڕا، کوڕەکەش سەیری دەکرد و سەری دەلەقاند کە راست دەکەم. تا باوکم خۆی گۆڕی، ناسنامەیان لە ئاواتی برام وەرگرت. ملازم عەلی وتی: "تۆم لە کوێ بینیوە؟" ئەویش وەڵامی دایەوە وتی: "ئەم ئێوارەیە لەسەر شەقامی بازنەیی ناسنامەکەمت سەیر کرد." خۆی بینیبووی کە ناسنامە لە خەڵک وەردەگرێت. وتی: "رەنگە وابێت." هەرچەندە واش نەبوو، بەڵام باش بوو وازی لێ هێنا و رزگاری بوو، چونکە فیراری سەربازی بوو. ئەو ناسنامانەی براکانم و هاوڕێ فیرارەکانیانم لە دائیرە بە ساختە دروست کردبوو. 

 دوای ئەوەی باوکتیان گرت، ئێوە چیتان کرد؟
هەر ئەو شەوە ئێمە رۆیشتین بۆ ماڵی خزمێکمان لە ئازادی. بەیانی کاتژمێر 6ی بەیانی بوو مامۆستا عزەت رەشیدی دراوسێمان گەیشتە لامان، وتی: "ئەمشەو سێ جار ئەمنەکانی (تەواری سلێمانی)، هاتوونەتە سەر ماڵی ئێوە بۆ گرتنتان، تکایە مەگەڕێنەوە، چونکە دەتانگرن." پاشان بۆمان روون بووەوە کە من و خوشکەکانم (شەوبۆ و شلێر)، فەرمانی گرتنمان لە ئەمنەوە بۆ دەرچووە. بەیانی کاتژمێر 8 بوو ملازم عەلی چووبوو بۆ دائیرە بۆ گرتنم، بەڵام من لە دابەشکردن بووم و نەگیرام، پاشان بۆ ماوەیەک خۆمان شاردەوە تاکوو بە واستە و پارەیەکی زۆر باوکممان بەر دا.

ئەم جارەیان هۆکارەکەی چی بوو کە دایان بەسەر ماڵی ئێوەدا و باوکتیان گرت؟
کوڕێک گیرابوو، ناوی مستەفا ئەحمەد بوو، لە سەیتەرە نامەی پێ گیرابوو. ئەو کوڕە نامەی دەبرد و دەهێنا. ئیعترافی کردبوو، یەکێک لەوانە باوکم بوو، وتبووی کچێکیشی نامەی داومەتێ.

چۆن و لە رێی کێوە باوکتان ئازاد کرد؟
پاش چەند مانگێک لە گرتنی باوکم، بەهۆی واستە و پارە و خۆڕاگری و ئیعترافنەکردنی باوکمەوە، واستەکەشمان بەهۆی پیاوێکی هەولێرییەوە بوو کە ناوی ئەسعەد موختار بوو، هاوکاریی کردین، باوکم بەر درا و دۆسیەکەی داخرا، ئیتر منیش چوومەوە بۆ دائیرە. ئەو ماوەیە مۆڵەتی پزیشکم وەرگرتبوو گوایە ئینزیلاقی پشتم هەیە کە دکتۆر فوئاد بابان بۆی کردبووم. 
هەر لەسەر ئەو بابەتە هەردوو خوشکەکەم چوونە ئەمنی هەولێر، ئەوان چاویان شین بوو، کوڕەکەیان هێنابوو، وتبووی ئەوانە نین، ئەو کچەی نامەکەی داومەتێ چاوی شین نەبوو. لێیان پرسیبوون: ئەی خوشکی سێیەمتان؟ ئەوانیش وتبوویان لە جێگەدا کەوتووە، بڕۆن لە ماڵەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکەن. ئیتر نەهاتن.

ئەوەندەی نەبرد کە راپەڕینە مەزنەکە بوو، ئەو ماوەیە بارودۆختان چۆن بوو؟
تاکوو ساڵی 1991 و راپەڕین دەستی پێ کرد، هەموو ئەندامانی خێزانەکەم لە بارودۆخێکی نائارام و شلۆق و پڕ لە ترسدا دەژیاین، رۆژانە چاوەڕێی ئەوە بووین بگیرێین، یان تیا بچین و هەموو کاتێکیش لەژێر چاودێریی بەعسدا بووین.

لەو ماوەیەدا کە ئامادەکاری دەکرا بۆ راپەڕین، ئێوە هیچ چالاکییەکتان هەبوو؟
ر
ۆژەکانی پێش راپەڕین ماڵی ئێمە وەک بنکەیەکی لێ هاتبوو، هاوڕێکانمان تێیدا کۆ دەبوونەوە و پلانیان دادەنا بۆ راپەڕین، لە هەمان کاتیشدا خوێندنگەی ناوەندیی ژین کرابوو بە بنکەیەکی گەورەی جەیشی شەعبی و پڕ بوو لە هێزەکانی بەعس. لەبەر ئەوە ماڵی ئێمە بەردەوام چاودێریی دەکرا. 
چەند رۆژێک پێش راپەڕین، حکومەتی بەعس کەوتە دابەشکردنی چەک بەسەر فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بەناوی جەیشی شەعبییەوە. کچێک هەبوو بەناوی سروە قەرەداخی، چەکەکەی وەرگرتبوو. کاک عەبدوڵڵا عەزیز کە پێکەوە کارمان دەکرد، قسەی لەگەڵ کردبوو، بڕیاری دابوو چەکەکەمان بداتێ. ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان وەرگرت، سۆرانی برام و کاک عەبدوڵڵا چەکەکەیان هێنا بۆ ماڵی ئێمە لە برایم پاشا. شەو چووین بەرەو ئازادیی بۆ ماڵی خزمەکانمان، چەکەکەمان لەژێر قاپووتێکەوە شاردەوە و منداڵێکم خستە باوەشمەوە و چووین بۆ ماڵی ماڵی مامم و لەوێ دەست کرا بە خۆئامادەکردن، مەفرەزەیەکی گەنجانمان بۆ رۆژی راپەڕین ئامادە کرد.

رۆژی راپەڕینی سلێمانی تۆ چیت کرد؟
بەیانییەکەی چووم بۆ فەرمانگە، بە کاک حەمە سەعیدم وت: "ئۆتۆمبێلێکی دائیرەم بدەرێ، دەڵێن هێزێکی زۆر گەورە هاتووەتە بازیان". ئۆتۆمبێلەکەمان برد و بەرەو بازیان رۆیشتین بەناوی چاککردنەوەی وێستگەی کارەباوە، بەڵام نەیانهێشت، لە خاڵی پشکنینی پێش کێڵگەی پەلەوەرەکە گەڕاینەوە سلێمانی و لەبەر دەرکی سەرا، چەند پۆلیسێکی لێ بوو، هاتمەوە ماڵەوە و ئۆتۆمبێلەکەم ناردەوە. دوای ئەوە من و خوشکەکانم (شلێر و شەوبۆ)، چووین بۆ لای فولکەی کاوە، هێزی راپەڕینی گەل گەیشتبوونە ئەو ناوچەیە و بەرگرییەکی بەهێز لە مونەزەمەی عوسمان فایەق هەبوو. پاش ئەوەی ئەوێیان گرت، بەرەو بەندیخانەی سەرەوە رۆیشتین، دەرگایان شکاند، ژمارەیەکی زۆر گیراوی عەرەب و کورد لە ژن و پیاو و منداڵ بە هاوار و گریانەوە رژانە سەر شەقامەکە و هاتنە دەرەوە، ژمارەیەکی عەرەبیان تێدا بوو دەگریان و دەیانوت: "خۆزگەم بە خۆتان، بەڵام ئێمە منداڵەکانمان تێدا دەچن، چی بکەین!" خەڵکی شار زۆر بەپەرۆشەوە پێشوازییان لە گیراوەکان دەکرد و بەخێرایی جل و پێڵاو و خواردنیان بۆ هێنان.

شلێر و شەوبۆت بۆچی برد؟
شلێری خوشکم خوێندکاری قۆناغی چوارەمی کۆلێژی پزیشکی بوو. شەوبۆ، خولی پەرستاری بینیبوو، بە دوو جانتا پێداویستییەوە هاتبوون، لە خوار نەخۆشخانەی عەلی کەمالەوە بەرانبەر سیانەی کارەباکە، شەهید سالار بریندار بووبوو، من چەکەکەم لێ وەرگرت و شلێر و شەوبۆ کەوتنە چارەسەرکردنی. هەستایەوە و ئێمە بەرەو سەرا کەوتینە رێ. خەڵکە دڵگەرمەکان هێرشیان کردە سەر سەرای سلێمانی، کە گەیشتینە بەر دەرکی سەرا، بەرەنگاربوونەوەیەکی بەهێز هەبوو، لەو کاتەدا وتیان بریندار هەیە، رامانکردە ئەوبەرەوە بەرەو لای شەمامی مەولەوی، بینیمان لەوێ شەهید دلێر کەوتبوو، من لەسەر شەقامەکە وەستابووم، لە حەسیب ساڵحەوە بە قەناس بەرگرییان لە خۆیان دەکرد. یەک فیشەک دای بە بەردەمماندا و خۆڵ و پارچە قیری شەقامەکە چاومانی پڕ کرد، بەڵام بەخێرایی رایانکێشامە دواوە و کەوتم بە زەویدا و هەڵیانگرتمەوە. 
شلێر و شەوبۆ بەخێرایی کەوتنە چارەسەری شەهید دلێر، منیش گرتبوومە باوەش، بەڵام رەنگی بەرەو زەردبوون دەچوو، کاتێک شلێر دەستی لە برینەکەی دەدا، بە ئیشارەت تێیگەیاندم تەواو بووە، بەڵام توند دەستی گوشیم و چاوی پڕ بووبوو لە ئاو. وتم: "قوربانتم، ئەوە پزیشکەکە دەڵێت مەترسە شوکر باشیت". بەپەلە داوای پەتۆیەکمان کرد بۆمان هەڵ بدەن، بۆ ئەوەی بیگوێزینەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی فیشەکبارانەوە نەیانتوانی، ئیتر قاپووتەکەی خۆمم بۆ داخست و شەهید دلێرمان خستە سەری تا نزیک بازاڕ بردمان و بەتانییەکەیان بۆ فڕێ داین و فریامان کەوتن و بردیان بۆ نەخۆشخانە. ئیتر پاش گرتنی سەرا، خەڵکەکە بڕیاریان دا ببن بە دوو بەشەوە، بەشێک بۆ کۆنترۆڵی ناوشار و بەشێک بۆ ئەمنەسوورەکە. 

تۆ کە خۆت یەکێکی لەوانەی لەو رۆژە شکۆدارەدا بەشدار بوویت، رۆڵی ژنان لەو راپەڕینەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت و هەستت بە چی دەکرد؟
لەو رۆژەدا ژنان رۆڵێکی بەرچاویان بینی لە دەستپێکی راپەڕین تا کۆتایی، هاوکار و هاوپشتی براکانیان بوون.
رۆژەکانی راپەڕین ئەوەندە شکۆدار بوو لای من، بە سەرلەنوێ ژیانەوەی تەمەنمی دەزانم، چونکە لەو رۆژەدا بە چاوی خۆم بینیم چۆن تاوانبارەکان بە سزای گەل گەیشتن. خۆشترین رۆژی ژیانم، رۆژی راپەڕین بوو. هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدان کوردستان.

بەداخەوە دیارە کە زۆرێک لە فەرمانگەکان تاڵان کران، فەرمانگەی ئێوەش وابوو؟
بۆ رۆژی دوای ئەوە سەردانی فەرمانگەی کارەبام کرد، سەیرم کرد تاڵان کرابوو. باوەڕ بکە مادەی زۆر زیانبەخش هەبوون ئەوانەشیان بردبوو، کە زیانی بۆ خۆیان هەبوو.

دوای راپەڕین خانووەکەتان چاک کردەوە؟
هەر لە سەردەمی بەعس چاکمان کردەوە، هەمووشی بە هاوکاریی دۆست و برادەر بوو، بە بێ بەرانبەر کرێکارییان بۆ دەکردین و کەلوپەلیان بۆ پەیدا دەکردین. هاوڕێ و دراوسێکانمان زۆر دڵسۆز بوون، هەرگیز لەبیریان ناکەم.

دوای ئەوەی راپەڕین کرا و زۆرێک لە پیاوانی رژێم بەسزا گەیەنران، تۆ هیچ یەکێک لەوانت بینییەوە کە پێشتر کێشەی بۆ دروست کردبێتی؟
لە دوای راپەڕین، رۆژێکیان ئەو عەقید یاسرەم بینییەوە، گیرابوو، لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوو. یەکسەر لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە پەلاماری قژیم دا و ویستم سەری لێ بکەمەوە. دەمویست تۆڵەی خەباتی برام بکەمەوە، هەرگیز ئەو رۆژەم بیرناچێتەوە کە دوادیدارم بوو، بردیان و بەپەلە پارەیەکم خستە دەستییەوە، ئاوڕێکی لێ دامەوە و ئەوەش دواسەیرکردنی بوو. 

خاتوو شەونم بەهۆی گریانەوە نەیتوانی قسەکانی تەواو بکات. ئای کە بەئازارە گێڕانەوەی ئازارەکان و کولانەوەی برینە ساڕێژنەبووەکان.

ئێستا با دوور لە سیاسەت و کوردایەتی بچینە سەر باسی کارەکەت لە فەرمانگەی کارەبای سلێمانی و لێت بپرسم کەی دامەزرایت و سەرەتای کارکردنت چۆن بوو؟
لە ساڵی 1979 وەک یەکەم کچ لە فەرمانگەی کارەبای سلێمانی لە بەشی هونەری، وەک ئەندازیار دامەزرام. ئەو بەشە قورس بوو، چونکە پیاوەکان لەوێ کاریان دەکرد و بۆ کچێک قورس بوو کارکردن تێیدا، ئەوانیش هەر پێیان خۆش نەبوو، بابەتەکانیشی نامۆ بوون بۆم. ئاشکراشە پیاوان، بەتایبەتی ئەوانەی بەشی هونەری، پێیان خۆش نەبوو من وەک کچێک دەست لە کاروباریان بدەم. یەکەم شەڕیشم لەوێ لەگەڵ ئەفسەری ئەمنی دائیرە بوو، ناوی غەفار بوو، بەعسی بوو، لەسەر پارککردنی ئۆتۆمبێل بوو، بیانووی پێ دەگرتم، چونکە سڵاوم لێ نەدەکرد.

 یەکەم کارت لە دەرەوەی فەرمانگە لەبیرە؟
یەکەم جار کە لێپرسراوی هونەریی منی نارد بۆ چاککردنی محاویلەی کارەبا، لای مەرقەدی پیرمەنسوور بوو، کە رۆیشتم، کرێکارەکان گیرۆدە بووبوون بە دەستییەوە، هەر فیوزێکیان لێ دەدا، دەسووتا. بەگاڵتەپێکردنەوە وتیان: "ئادەی خانمی موهەندیس، بزانین تۆ چی لێ دەزانیت." زۆر لام ئەستەم بوو، چونکە یەکەم جار بوو ئەو کارە بکەم، بەڵام سەرنجی دەستیانم دابوو. سەرکەوتمە سەر پەیژەکە و کلیلی جیاکەرەوەی محاویلەکەم خستە گیرفانم، نەوەک لێی بدەنەوە کارەبا بمکوژێت، فیوزەکانم بەتوندی بەست و هاتمە خوارەوە و جیاکەرەوەی محاویلەکەم لێ دایەوە، ئەم جارە نەسووتا، زۆر بەو سەرکەوتنە دڵخۆش بووم. ئیتر وردە وردە پێگەی خۆمم لەناو فەرمانگە جێگیر کرد، پلە و بەرپرسیارێتیی جیاوازم لەو فەرمانگەیە وەرگرت تاکوو گەیشتمە جێگری بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی.

ئەو بەرپرسیارێتی و پۆستانەی کە وەرگرتوون، کامانەن؟
سەرپەرشتیاری بەشی: خدمات (خزمەتگوزاری)، انارة (رووناکی)، احصاء (ئامار)، تخطیط (پلاندانان) و شبکات (تۆڕەکان) بووم.
هەروەها لێپرسراوی بەشی محاویلات.
لێپرسراوی بەشی هونەری.
لێپرسراوی بەشی سەیتەرە و تەشغیل (کۆنترۆڵ و کارپێکردن).
لێپرسراوی بەشی تەکنیک.
دواتر چوومە دیوانی وەزارەتی پیشەسازی.
لە رێکەوتی 4ی کانوونی دووەمی 1999 خۆم خانەنشین کرد و چوومە هەندەران. 
لە 1ی حوزەیرانی 2004 گەڕامەوە بۆ وڵات و چوومەوە سەر کار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەکنیکی.
لە 3ی تشرینی یەکەمی 2004 بووم بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بە وەکالەت.
لە 31ی تەمووزی 2006 بووم بە بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی.

ئەو ماوەیەی کە بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بوویت، ئەو کارە گرنگانەی کە بە هەندت وەرگرتوون و لەبیرتن، چی بوون؟
دانانی وێستگەکانی کارەبا، دانانی تۆڕەکانی کارەبا، چاککردنی تۆڕەکانی کارەبا، فراوانکردنی تۆڕەکانی کارەبا، پێنج فیس وێستگەی کارەبامان دانا، 36 بینامان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دروست کرد، ئەمە جگە لە دابینکردنی چەندین پارچە زەوی... هەموو شەش مانگ جارێک چالاکییەکانمان لە توێی کتێبێکدا چاپ دەکرد و دابەشمان دەکرد بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە ئێستا لە وەزارەت و لە کارەبای سلێمانی هەن. 

کەی بوو کە چوویتە پەرلەمان؟
بۆ ماوەی چوار ساڵ لە خولی سێیەمی پەرلەمان، ئەندام پەرلەمان بووم لە ساڵی 2009. دوای ئەوە خانەنشین کراین.

لە پەرلەمان کارەکانتان چی بوون؟
لە پەرلەمان، ئەندامی لیژنەی ژنانی پەرلەمان بووم، یەکێک لەو کارانەی کە زۆر پێوەی ماندوو بووین بەگشتی، یاسای توندوتیژی دژ بە ژنان بوو، پەسەند کرا و بڕیاری لەسەر درا. ئەمە جگە لە کاری رۆژانە و سەردانی خەڵک و بەدواداچوونی داواکاریی خەڵک و گەیاندنی گلەیی و ویستەکانیان. هەروەها ئەندامی لیژنەی وزە بووم لە پەرلەمان.

ئەى لە کاری رێکخراوەییدا چیتان کردووە؟
لە ساڵی 1992 پەیوەندیم کردووە بە رێکخراوی مافی مرۆڤ لە سلێمانی و بوومەتە ئەندامی لیژنەی سلێمانیی مافی مرۆڤ. وەک نوێنەری مافی مرۆڤ لە لیژنەی داکۆکیکار لە لوتبڕینی کەژاڵ خدردا کارم کردووە.
لە ساڵی 1997 بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە رێکخراوی (UNDP) کارم کرد، ئەو کاتە مۆڵەتم لە حکومەت وەرگرتبوو.
هاوبەشیم کردووە لە ژمارەیەکی زۆر لە ناڕەزایی و خۆپیشانداندا دژی نایەکسانیی ژن و پیاو.
لە هەندەران دامەزرێنەی لیژنەی کۆمەک بووم لە ئەڵمانیا بۆ هاوکاریی 45 منداڵ لە کوردستان.
ئەندامی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستانم.
ئەندامی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستانم.
ئەندامی رێکخراوی هاوکاریی نەخۆشیی شێرپەنجەم.
لەگەڵ بەشداریی چەندین خول و سیمینار.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan