عیراقی
عەدنان زورفی شكست دەهێنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سەرۆكی فراكسیۆنە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، تائێستا عەدنان زورفی نەبووەتە كاندیدی فەرمی شیعەكان و چاوەڕێ دەكرێت كە كەسی تر دابنرێت.
جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "راستە عەدنان زورفی لە لایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بەڵام ئەو كەسە تائێستا نەبووەتە بەربژێری شیعەكان و كاندیدی بەشێك لە لایەنە شیعییەكانە".
ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا گفتوگۆ بەردەوامە لەسەر ئەوەی كەسی تر دیاری بكرێت، بەڵام ئەوەش لە چوارچێوەی گفتوگۆدایە، دەكرێت زورفی بكرێتە كاندیدی هەموو شیعەكان و دەكرێت كەسی تر دابنرێت لە شوێنی".
لە بارەی كورد و سوننەوە هەروەها وتی "تائێستا ئەو دوو لایەنە ناتوانن پشتگیری زورفی بكەن، چونكە تانەبێتە بەربژێی فەرمی شیعە و ئێران وەك لایەن دان بە زورفی نەنێت ئەو دوو لایەنەش ناتوانن پشتگیری بكەن".
راسپاردنی عەدنان زورفی، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق لە كاتێكدایە سەرەتای مانگی شوبات محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق هەرچەندە نزیكبووەوە لەپێكهێنانی حكومەتەكەی بەڵام دواجار بەهۆی رێكنەكەوتنی هەندێ لایەن لەسەر دانانی كەسی ناحزبی بۆ پۆستی وەزارەتەكان، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند.