نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

بەهێزکردنی تواناکانی ژن

بەهێزکردنی تواناکانی ژن و گەیشتن بە یەکسانی، تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقیی نییە، بەڵکوو ئەرکێکی ستراتیژی و نیشتمانییە، کە دەبێت باڵاترین و بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی پاڵپشتی بێت و کاری لەسەر بکات، چونکە کاتێک ژنان بەهێز دەبن؛ خێزانەکانیان بەهێز دەبن، کۆمەڵگە پێش دەکەوێت، گەلان گەشە دەکەن، هاوڵاتی هاوسەنگتر و تەندروستتر و ئارامتر و داهاتوویەکی گەشاوەتری دەبێت. بەهێزکردنی تواناکانی ژنان، دەبێت بکرێت بە پرۆژەیەکی نیشتمانی و لە لایەن دەوڵەتەوە سەرپەرشتی بکرێت و وەک پرسێکی ستراتیژی رەفتاری لەگەڵدا بکرێت.

کە باس لە توانا دەکەین، مەبەستمان تواناکان لە هەموو روویەکەوەیە، بەتایبەتییش لە رووی ئابوورییەوە. بەهێزکردنی تواناکان و توانای ئابووریی بەتایبەتی، دوو لایەنی بەیەکەوە بەستراون و کلیلی گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. کاتێک ژن بەهێز دەبێت، بەشدارێکی بەرچاوی بووژاندنەوەی ئابووریی خێزان و کۆمەڵگە دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش، دەبێت ژینگەیەکی دروست هەبێت تا ژنان بتوانن چالاکانە و لێهاتووانە ببن بە بەشێک لە هێزی کار و ببنە هۆکارێک بۆ گۆڕانکاریی سەرتاسەری و ریشەیی.

بەهێزکردنی ئابووریی ژن، هۆکارێکە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، لە خێزانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی و دەبێتە هۆکار بۆ گەشەسەندنی بەردەوام.

ژنان چۆن ببنە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز؟
بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، پێویستی بە داڕشتنی پلانێکی ورد و تۆکمە، هەمەلایەنە و درێژخایەن هەیە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەو وڵاتەی لەم رووەوە بەدوایدا دەگەڕێن، هەروەها پێویستی بە هەوڵێکی چڕ هەیە بەرەو ئەو مەبەستە. ئەم خاڵانەی خوارەوە هەندێک لەو رێگەیانەن کە دەکرێت پیادە بکرێن بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ژن:
- پەروەردە؛ یەکەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، لە رێگەی پەروەردەوە دەتوانرێت توانا و لێهاتوویی تاک گەشەی پێ بدرێت بۆ هاوشانی ئەو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیا و ئاڵنگارییەکانی بازاڕ. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ژنان لە بواری خوێندندا پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، هەروەها رێژەی ژنانی خوێندەوار و دەرچووانی زانکۆ زیادی کردووە، بەڵام زۆربەیان لەو بوارانەدا دەخوێنن کە بۆ بازاڕی کاری تایبەت ناگونجێن و هەڵبژاردنیشیان یان لەسەر بنەمای تێڕوانینی کۆمەڵایەتی کراوە، کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا هەندێک کار و پیشەیان بە لاوە پەسەندە بۆ ژنان، یاخود نمرەی دەرچوون و دەچنە شوێنێک بەبێ ئارەزوو و خواستی خۆیان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداریکردنیان بە رێژەیەکی زۆر لە کەرتی تایبەتدا. بە دامەزراندنی رێژەیەکی زۆریشیان لە کەرتی گشتیدا، دوای ماوەیەک هەڵاوسان لەو کەرتەدا دروست دەبێت وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان روویداوە. بەمەش هەلی کار لە کەرتی گشتیدا کەم دەبێتەوە و ئامادەش نەکراون بۆ کەرتی تایبەت، لەم حاڵەتەدا هەردوو لایان لەدەست دەچێت.
- گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی هەندێک بابەتی خوێندندا بەو مەبەستەی ئەو جیاکارییانەی لەسەر بنەمای رەگەزیی هەن، لاببرێن و کارەکان جیا نەکرێنەوە، بۆ نموونە؛ پیاوان خەریکی کاری قورسن و ژنان خەریکی کاری ئاسان و کاری ناوماڵ، ئەو کارانەی کە بۆ ژن دانراون و رێگەیان پێ دراوە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، بۆ کۆمەڵگەیەکی نێرسالارین.
- جیانەکردنەوەی کوڕ و کچ لە خوێندن و خوێندنگەکاندا، بۆ ئەوەی بیرکردنەوەی جیاواز لە رووی پیشەوە دروست نەبێت و هەمان هەل لەبەردەستیاندا هەبێت. 
 بەپێی چەندین ئاماری خوێندنگەکان، دەر کەوتووە مامۆستاکان لە رووی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە زیاتر بایەخ بە رەگەزی نێر دەدەن.
- بایەخدان بە چەمکی بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، کە رێگەیان پێ دەدات دەستیان بە سەرچاوە ئابوورییەکان بگات لە بازاڕدا و کۆنترۆڵی ئەو سەرچاوانە بکەن و کارێک بەدەست بهێنن کە لەگەڵ خواست و لێهاتووییەکانیاندا بگونجێت و سوود لە هاوکارییەکانی دەوڵەت ببینن کە لە رێی سولفە و قەرزی بچووکی پرۆژەکانەوە پێشکەشیان دەکات.
- کردنەوەی خولی تایبەت بە پەرەپێدانی خواست و لێهاتوویی ژنان لە لایەن حکومەت و رێکخراوە قازانجنەویستەکانەوە بۆ چۆنێتی ئیدارەدانی پرۆژەکانیان.
- بەرزکردنەوەی تواناکانی ژن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پرۆژەکانیان و کەمکردنەوەی بەربەستەکان.

بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەی ئابووری و گەشەی بەردەوامی گشتی.

زاڵبوون بەسەر نایەکسانی رەگەزیدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی. پسپۆڕانی بواری ئابووریی وڵاتە عەرەبییەکان، دەڵێن بە بەشداریی ژنان بەیەکسانی، بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی لە ساڵی 2025 بەرز دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی 12 ملیار دۆلار، ئەمەش یەکسان دەبێت بە قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی ئابووریی ژاپۆن، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەیەکەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan