چاوپێكەوتن

رووخۆش غەریب: لە دوو کتێبدا وەک ژنێکی سەرکەوتوو ژیاننامەی من بە هۆڵەندی نووسراوەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رووخۆش غەریب: لە دوو کتێبدا وەک ژنێکی سەرکەوتوو ژیاننامەی من بە هۆڵەندی نووسراوەتەوە
مەودا میدیا-

نادادیی جێندەری بەجۆرێک رەگ و ریشەی لە نێو مێژووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکاندا داکوتیوە، جیاوازیی رەگەزیی بووەتە کولتوور و نەریتێکی چەسپاو... لەو ساتەوەی کۆرپە لە سکی دایکدا رەگەزی دەردەکەوێت نێرە یان مێ، رایەڵە کولتوورییە کۆمەڵایەتییەکان چارەنووسی دیاری دەکەن. هەر لەو ساتەشەوە مرۆڤبوون لە پۆلێنی یەکەمدا نامێنێت و رەگەز بنەماکانی ژیان و هەڵبژاردەکان یەکلا دەکاتەوە. بەرگی ئازادی و ئازایەتی و شەهامەت و بوێری دەکرێتە بەری نێر و بەرگی زەعیفە و لاوازی و حەیا و حورمەت و شەرەفیش دەکرێتە بەری مێ... 
خاتوو رووخۆش میوانی ئەم جارەمانە و لە خێزانێکی هۆشیار و کراوەدا پەروەردە بووە، ئەوەش کاریگەریی هەبووە لەسەر ژیان و هەڵبژاردەکانی، باشتر توانیویەتی بڕیار بدات و هەنگاو بنێت و خزمەت بکات. لەگەڵ ئەوەش، نە ئەو و نە هیچ یەکێکی تریش لەو هەموو بڤە و هێڵە سوورەی نەریت و کولتووری دواکەوتووی کۆمەڵگە پارێزراو نەبووە و بێ سەرئێشە لێی دەرنەچووە.

سەرەتا بفەرموو خۆت بناسێنە...
ناوم رووخۆش غەریب فەتاحە، لە 9ی تەمووزی 1963 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایک بووم.

باوکت چ ئیشێکی دەکرد؟
باوکم بازرگان بوو، دوکانەکەی لە تەنیشت کتێبخانەی سلێمانی، نزیک چایخانەی شەعب بوو، وەکوو نووسینگەیەک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی داینابوو. 

بازرگانیی چی دەکرد؟
بازرگانیی ئۆتۆمبێل و بریکاری چەند کۆمپانیایەکی جیهانیی بوو بۆ کاری بازرگانی. 

لەگەڵ باوکت نێوانتان چۆن بوو؟
بەهۆی ئەوەی لە ژنی یەکەم منداڵی نەبوو و لە ژنی دووەمیش یەکەم منداڵی باوکم بووم، بە کچی باوکم ناسرا بووم و بەردەوام لەگەڵیدا بووم. باوکم دوو ژنی هەبوو و ئەوەی کە زۆر بایەخی پێ دەدا و ئازیز بوو لای، من بووم.

لە ئیشەکانیدا یارمەتیت دەدا؟
هەمیشە لەگەڵ باوکم بووم، ئەویش وەکوو کوڕی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم. لە دوکانەکەی ئەگەر میوانی بهاتایە دەیوت بڕۆ بۆ چایخانەکە پێیان بڵێ با سینییەک چا بهێنن. بەم شێوەیە دەیناردم بۆ کاری جیاواز جیاواز. هەروەها کە تۆزێک گەورەتر بووم، یارمەتیم دەدا لە راگرتنی کاروباری ژمێریاری و لەگەڵ خۆی دەیبردم بۆ سەفەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات  بۆ کاروبارە بازرگانییەکانی، چونکە باوکم خوێندەواریی نەبوو، بەڵام لە بازرگانیدا زۆر شارەزا بوو، لەسەر بەردی رەق نانی پەیدا دەکرد. 

وەک بزانیت تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبوو؟
نەخێر، خۆی لە قەرەی سیاسەت نەدەدا، بەڵام ماڵێکی کراوەی هەبوو بۆ هەموو لایەک. خۆی باوکم بەهۆی کاری بازرگانی و خێزانەوە زیاتر لە بەغدا ژیاوە، دوای ئەوەی دایکم دەهێنێت دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.

باسی دایکتم بۆ بکە، کەسێکی چۆن بوو؟
دایکم (زەکیە حامید ئەسعەد)، لە بەرەی قادر ئاغای گەورەییە، خوشکی جەمال بەختیارە.
دایکم خوێندەوار بوو، هەموو براکانی خەریکی سیاسەت بوون. دایکم لەگەڵ ئەوەی کەسێکی دیندار بوو، بەڵام بیرکردنەوەیەکی چەپی هەبوو، چونکە ئەو سەردەمە بیروباوەڕی شیوعیەت زۆر بڵاو بوو. دایکم خوشکی چوار برا بوو، براکانی خاوەنی بڕوانامەی بەرز و بیرێکی پێشکەوتووانە بوون. 

دایکت ژنی یەکەمی باوکت بوو؟
نەخێر، دایە هەیبەت ژنی یەکەمی باوکم بوو، ئەویش زیاتر ئاگای لە من دەبوو.

چەند منداڵ بوون؟
ئێمە هەشت منداڵ بووین، پێنج کچ و سێ کوڕ.

من لە هەموویان گەورەتر بووم و زۆر بە ناز بەخێویان کردبووم، بەتایبەتی باوکم.

باوکت خوێندەواریی نەبوو؟
بەڵێ نەخوێندەوار بوو، بەڵام زۆر حەزی بە موزیک و گۆرانی دەکرد، زۆر جار گۆرانیبێژ و موزیکژەنی کۆ دەکردەوە و خاڵە جەمالیشم دەنگی زۆر خۆش بوو و کاریگەریی زۆری لەسەرم هەبوو.

بەڵام پێش چاوپێکەوتنەکە ئاماژەت بەوە دا کە باپیرت کەسێکی دیندار بووە و هاوڕێی کاک ئەحمەد شێخ بووە؟
بەڵێ، باپیرم (حاجی فەتاح)، زۆر هاوڕێ و نزیکی کاک ئەحمەدی شێخ بوو.
کاک ئەحمەدی شێخ کڵاوەکەی و هەندێک کەلوپەلی تری لای حاجی فەتاحی باپیرم دانابوو. ئەو شتانە وەکوو شتێکی پیرۆز و موفەڕک ئەم گەڕەک ئەو گەڕەکی دەکرد، بۆ منداڵ بوون و چاکبوونەوەی نەخۆش دەبران.

لە باوکت و دایکت کامیان کاریگەرییان زیاتر بوو لەسەرت؟
هەرچەندە باوکم نەخوێندەوار بوو، بەڵام وای لە من کردبوو خاوەنی کەسایەتی خۆم بم و کراوە بم، وەکوو کوڕێک مامەڵەی لەگەڵ دەکردم، ناوی نابووم "حەمەڕەشید". لەگەڵ ئەوەی دایکیشم کەسێکی کراوە بوو و بە بیرکردنەوەش چەپ بوو، بەڵام کە دەهاتمە ماڵەوە ناوم دەبووەوە بە "رووخۆش". دایکم دەیوت: "ئەوەندە پێمەکەنە، دەموچاوت پانە". هەر بۆیە جیاوازیی ئەم دوو جۆرە لە بیرکردنەوە، کەسێکی ناکۆکی لێ دروست کردبووم. 

مەبەستت چییە لەوەی کە دەڵێیت کەسێکی ناکۆکی لێ دروست کردبووم؟
کاتێک منداڵ بووم، وەکوو کوڕی گەڕەک گەورە بووم. کاتێکیش کەمێک گەورە بووم، پێیان دەوتم ئەوەندە لەگەڵ کوڕان یاری مەکە و هەڵبەزودابەز مەکە، تۆ کچیت.
لەپڕ لە حەمەڕەشیدەوە بووم بە کچ و نەشمدەزانی بۆ! خۆشم حەزم دەکرد جارێک کوڕ بم و جارێکیش کچ.

قۆناغەکانی خوێندنت لە کام خوێندنگەیە خوێندووە؟
لە خوێندنگەی گۆیژەی سەرەتایی چوومەتە بەر خوێندن، ئێستا بووەتە مۆزەخانە. ناوەندیم لە ژین و ئامادەییم لە سلێمانیی کچان تەواو کردووە.

دوای قۆناغی ئامادەیی بەردەوام بوویت لە خوێندن؟
کاتێک لە پۆلی شەش دەرچووم، کۆنمرەم بەرز نەبوو، باوکم بەزۆر منی نارد بۆ بەیروت بۆ ئەوەی لە زانکۆی ئەمەریکی لە بەیروت بخوێنم. یەکەم ساڵ دەبوایە زمان بخوێنم. تازە شەڕی ئێران و عیراق دەستی پێ کردبوو، زۆر یارمەتییان دەداین، بەڵام ئەوەندەی نەبرد شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستی پێ کرد. مامۆستاکانی زانکۆ زۆربەیان زانکۆیان بەجێ هێشت، ئیتر چووین بۆ عەمان. لە عەمانیش زانکۆکان هەمان ئاسانکارییان دەکرد بۆ خوێندکارانی عیراقی، بەڵام لە عەمان لە کاتێکدا خەریکی جێبەجێکردنی کاروباری زانکۆ بووین، رۆژێکیان دەگەڕاینەوە بۆ شوقەکەمان، ئێمە لەناو ئۆتۆمبێلدا بووین، ئۆتۆمبێلێک بەدوامان کەوتبوو، دوو کەسی تێدا بوو. کاتێک گەیشتینە ناو باڵەخانەکە، بە پاسەوانەکەمان وت، ئەویش لە دوو پیاوەکەی پرسی، وتیان: "ئێمە ئاسایشین، گومانمان لەو دوو کەسە بوو؛ پیاوێکی بەتەمەن و کچێکی گەنج." باوکم ترسا، جێی نەهێشتم و گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، کە گەیشتینەوە، مانگی تشرینی دووەم بوو.

دوای ئەوەی گەڕایتەوە چیت کرد؟
لە سلێمانی خولێک کرابووەوە، بە بڕوانامەی شەشەمی ئامادەیی و بە شەش مانگ خوێندنی چڕ دەبووین بە مامۆستا. کاک عومەری مچە بەڕێوەبەری ئەو پەیمانگەیە بوو، هاوکارم بوو لە وەرگرتندا، چونکە نزیکەی مانگ و نیوێک بوو دەستی پێ کردبوو.

لە چ کاتێکەوە باوکت پشتی بە تۆ دەبەست بۆ کاروبارەکانی؟
دوای ئەوەی خوێندەواریم باش بوو، کاروبارەکانی ژمێریاریی بازرگانیی باوکمم گرتە دەست و ئاگاداری هەموو سەروەت و سامانی باوکم بووم. کاتێک گرێبەستی بازرگانیی دەکرد، بۆ نموونە؛ وەکوو کڕینی ئۆتۆمبێل، منی لەگەڵ خۆی دەبرد. هەموو وردەکارییەکانی بازرگانی شارەزا بووبووم و زانیارییەکانم لە بازرگانیدا، دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو کاتانە.

عەرەبیت دەزانی؟
بەهۆی هاتوچۆی بەغداوە بەجۆرێک فێری زمانی عەرەبی بووم کتێبی عەرەبیم بۆ باوکم دەخوێندەوە.

وتت باوکت تێکەڵاوی سیاسەت نەدەبوو، تۆ لە کەیەوە تێکەڵاوی سیاسەت بوویت و بە کاریگەریی کێ؟
کاریگەریی ماڵە خاڵوانم بەسەرەوە بوو، ئەوان خەریکی سیاسەت و هونەر و کتێبخوێندنەوە بوون، ئەمەش وای کرد کە لە پێنجی ئامادەییەوە بچمە ناو سیاسەتەوە. هەرچەندە چالاکیی چوونە ناو خۆپیشاندانەکانی دژی رژێم لە ناوەندییەوە دەستم پێ کردبوو.

باوکت دەیزانی سیاسەت دەکەیت؟
بەڵێ دەیزانی.

لە رێگەی کێوە پەیوەندیت بە رێکخستنەوە کرد؟
لە رێگەی شەهید دلێری کوڕی خاڵمەوە پەیوەندیم بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە کرد.

شەهید بووە؟ کەی و چۆن ئەوە رووی داوە؟
لە مانگی ئایاری 1979 لەناو سلێمانی شەهید کرا. لە پۆلی شەشی ئامادەیی بوو، هەرچەندە بۆ خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ لە ماڵەوە بوو، بەڵام چووبوون بۆ چالاکییەک و شەهید کرا. تەمەنی 18 ساڵ بوو، بەو تەمەنە کەمەوە کوڕێکی چالاک و چاونەترس بوو.

دوای شەهید دلێر پەیوەندیت بە کێوە کرد؟
دواتر لە رێگەی شوانەوە پەیوەندیم هەبوو. کوڕی خاڵی دایکم بوو و ئەویش لە پۆلی شەشی ئامادەیی بوو، بەڵام شوانیش گیرا. 

چۆن گیرا؟
ئەمانە چوار پێنج کەس بوون، کوڕی یەکێک لە خزمەکانی بەرپرسێکی ئەو سەردەمە لە نێوانیاندا بوو، کاتێک دەیانەوێت بچن بۆ ئەنجامدانی چالاکی، ئەو کوڕە دەڵێت با بچین بۆ ماڵی ئێمە نانێک بخۆین و ئەوسا بچین بۆ چالاکییەکە. هێزی ئەمن چووبوونە سەریان و هەر چواریان گرتبوون. ئەو کوڕە خەبەری لێ دابوون. دوای لێکۆڵینەوە جیایان کردبوونەوە و بردبوویانن بۆ بەغدا، لە رێگە رزگار و ئەوان ئۆتۆمبێلەکەیان سووتا و شەهید بوون، بەڵام شوان برابوو بۆ بەغدا. لە بەغدا لە ئەمن دەکرێتە ژوورێکەوە کاک فەرەیدون دارتاشی تێدا دەبێت، زۆر هاوکاری بوون لەو کاتانەی کە لە ئەشکەنجەدان هێناویانەتەوە.

ئەى چۆن بوو کە ئازادیان کرد؟
خاڵی شوان لەگەڵ خاڵە ئەحمەدم دەچن بۆ لای سەباح میرزا، بە هەوڵدانێکی زۆر دوای ساڵێک ئازاد بوو.

پێم وایە دواتر لەگەڵ کاک شوان هاوسەرگیریتان کرد؟
بەڵێ، ئەو ماوەیە زۆرێک لە کادیرانی کۆمەڵە گیرابوون، شوانیش یەکێک بوو لەوان. من و شوان پەیوەندیمان هەبوو، خولی مامۆستاییەکەم تەواو کرد و شوانیش لە مفاوەزاتی ساڵی 1983 ئازاد بوو، ئیتر بڕیارمان دا هاوسەرگیری بکەین. 

دوای مفاوەزاتەکە هەر لە شاردا مانەوە؟
نەخێر، کاتێک مفاوەزات تێک چوو، بڕیارمان دا بچینە دەرەوە.

چوونە کوێ؟
چووینە ناوچەی شارەزوور، دوایی چووینە قەراخ، ماوەیەک لە ماڵی کاک حامیدی حاجی غالی بووین، دواتر چووینە ماڵی کاک شەوکەت.

هەر لە دەرەوە بوون یان گەڕانەوە ناو شار؟
دواتر بەهۆی باری تەندروستیمانەوە دەبوو بگەڕێینەوە بۆ ناو شار؛ من سکم هەبوو و دەبوایە بە نەشتەرگەری منداڵم ببێت و شوانیش پێویستی بە نەشتەرگەری بوو. ئەو کاتە بڕیاری لێبووردن هەبوو، گەڕاینەوە سلێمانی و هەردووکمان نەشتەرگەریمان کرد.

دواتر هەر لە شاردا مانەوە یاخود گەڕانەوە بۆ شاخ؟
هەر لە سلێمانی ماینەوە. لە ماوەی چوار ساڵ و نیودا سێ منداڵم بوو، ئەنفالیش دەستی پێ کرد و ئیتر نەڕۆیشتینەوە دەرەوە.

دوای راپەڕین بەردەوام بوون لە کاری سیاسی؟
بەڵێ، ئەوەبوو لە ساڵی 1992 مام جەلال شوانی بۆ کارێکی تایبەت ناردە بەغدا، بەڵام هەر لە کەرکوک و لە رێگەی یەکێکەوە سیخوڕییان بەسەرەوە کردبوو، پێیان وتبوو وەرە بۆ فڵان ئۆتێل و لەوێ گیرا و برا بۆ ئەمنی عامەی بەغدا، دواتر برا بۆ فەزیلیە و لەوێ حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. 

ئێوە چیتان کرد لەوبارەیەوە؟
هەرچۆنێک بوو بە بەرتیل حوکمەکەیمان گۆڕی بە موئەبەد. پارەمان برد بۆ خەیروڵڵا تولفاح، ئەوسا هەردوو قاچی بڕابووەوە، لەگەڵ حاکم ئیبراهیم، پارەکەمان لە دەرگای ئۆتۆمبێلەکەیەوە دایە دەستی کە هاتبووە لای دادگە، ئیتر حوکمەکەی بوو بە هەتاهەتایی و بردیان بۆ زیندانی ئەبوغرێب، زیاتر لە دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە. دواتر بردیان بۆ موسڵ.
پاشان کاک کۆسرەت توانی لە رێگەی هەندێک خەڵکەوە بیگوێزنەوە بۆ زیندانی بادووش، بەرپرسی زیندانەکە پیاوێکی بەرتیلخۆر بوو. لە بادووش ساڵێک و دوو مانگ مایەوە، کە لێبووردنی گشتی دەرچوو، توانیمان وا بکەین ئەو پیاوە بەرتیلخۆرە ناوی بخاتە ناو ئەو لیستەوە کە بەر لێبووردن دەکەوتن و بە بەرتیل بەر بوو. 

کەی بوو کە ئازاد بوو؟
کۆتایی ساڵی 1995 بوو.

دوای ئازادبوونی چیتان کرد؟
ماینەوە تا ئەو کاتەی 31ی ئاب رووی دا، دوای ئەوە کوردستانمان جێهێشت و رۆیشتین بەرەو هۆڵەندا، وەک پەنابەری سیاسی وەرگیراین و لەوێ نیشتەجێ بووین.

هەر لێرەوە بە نیازی هۆڵەندا رۆیشتن یاخود بە رێکەوت لەوێ مانەوە؟
لە کوردستان بە نیازی بەریتانیا دەرچووین، بەڵام لە ئەمستردام ترانزێت بووین و زانییان پەنابەرین، دەبوو یان لەوێ بمێنینەوە و داوای پەنابەریی بکەین (بەپێی یاسای پەنابەریی نێودەوڵەتی)، یان بگەڕێینەوە بۆ عیراق. 

مافی پەنابەرییان پێ دان؟
لەبەر ئەوەی هەموو بەڵگەیەکمان پێ بوو، بە کەمتر لە دوو مانگ وەک پەنابەری سیاسی وەرگیراین و هەر زوو ماڵمان بۆ دابین کرا. 

قۆناغ و ژیانێکی نوێتان چۆن دەست پێ کرد؟
بە شێوەیەکی گشتی باش بوو، بەڵام بەداخەوە، هەرچەندە لەگەڵ باوکی منداڵەکانم کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و خزمایەتیش لە نێوانماندا هەبوو، نەمانتوانی وەکوو دوو هاوسەر پێکەوە بەردەوام بین، بۆیە وەک دوو خزم و هاوڕێ و دایک و باوکی سێ منداڵی نازدار، بەردەوامیمان دا بە پەیوەندییەکەمان. 

باسی خوێندن و چالاکییەکانی ئەوێتم بۆ بکە...
هەر زوو بە گوڕوتینەوە دەستم کرد بە خوێندنی زمان لەگەڵ پەروەردەکردنی منداڵەکان. لەو ماوە کەمەی دیاری کرابوو بۆ فێربوونی زمان، توانیم بەسەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی ئاستێکی بەرزی زمان بکەم، ئەمەش وای کرد لایەنی سەرپەرشتیاری کاروباری پەنابەران لە حکومەت، کە خانمێک سەرپەرشتیاری من بوو بەناوی مایا پۆلین، چانسی بەردەوامبوونی خوێندنم پێ بدەن لەسەر ئەستۆی خۆیان لە کۆلێژ. ماوەیەکی خایاند هەتا لەگەڵ ئەو خانمە توانیمان بوارێکی گونجاو بدۆزینەوە کە نزیک بێت لە ویست و تواناکانی منەوە، ئەویش توێژەری کۆمەڵایەتی بوو. هەرچەندە لە رووی زمانەوە زۆر زەحمەت بوو بۆم، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە توانیم بەسەرکەوتوویی تەواوی بکەم.
خوێندنەکەم لە سەدا شەستی پراکتیک بوو، حەفتەی 16 کاتژمێر لە فەرمانگەی کاروباری پەنابەران کاری پراکتیکیم دەکرد. لەوێ بیرۆکەی رۆژنامەیەکم بۆ پەنابەران لە لا دروست بوو، خۆشم ستوونێکم هەبوو لەو رۆژنامەیەدا کە مانگی دوو جار دەردەچوو. زۆر چالاکیی دیکەشم دەست پێ کرد، لەوانە: خولی بایسکیل بۆ ژنانی پەنابەر. 
دوای تەواوکردنی خوێندنەکەم بە چەند رۆژێک، مایا پۆلین داوای لێ کردم لای ئەوان لە فەرمانگەی پەنابەران وەک سەرپەرشتیاری کاروباری پەنابەران و هاتووانی دەرەوەی هۆڵەندا دەستبەکار بم، لە پاڵیشیدا هەڵبژێردرام وەک ئەندامی دەستەی راوێژکاری لە پارێزگا، بۆ کاروباری ئەو کەسانەی کەمدەرامەت بوون و لەسەر هاوکاریی سۆشیال دەژیان.
بەهۆی زۆریی کار و چالاکییەکانمەوە، بەتایبەتی بۆ ژنان، وەک خول و چالاکییەکانی رۆژی 8ی ئازار و زۆری دیکەش، پارتی کاری هۆڵەندی (PVDA)، پەیوەندییان پێوە کردم و بووم بە کارگێڕی ئەو پارتە لە شارەکەمان. رۆژانە لە پەیوەندیدا بووین بە هەموو ناوەندەکانی خوێندنەوە لە هۆڵەندا بە مەبەستی خوێندنی ئەو پەنابەرانەی لامان بوون. کاتێک بەرنامەیەکی (HAN) کە کۆلێژێکی دیاری پرۆڤینسی خێڵدرلاندە، لەسەر خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەری تایبەت بە پەنابەرە بەتواناکان دروست بوو، منیش پێشکەشم کرد و لە رێگەی ئەوان و زانکۆی کراوە (OU) لە نایمێخن، کە دەبوو هەندێک وانەی زیاتر وەک دەروونزانی بخوێنم، لە بواری دەرووزانیی پیشەییدا ماستەرم بەدەست هێنا. لە پاڵ ئەمانەش، لەگەڵ کۆمپانیایەکدا بە خۆبەخش کارم کرد کە لە بواری بەگەڕخستنەوە بۆ ناو بازاڕ کاریان دەکرد (ئەوان پارەی خوێندنی ماستەرەکەیان بۆ دام).

هەر لە کەرتی حکومی و کۆمپانیاکاندا کارت دەکرد؟ کاری تایبەت بە خۆت نەبوو؟
لە ساڵی 2004 دەستم لە کاری حکومی هەڵگرت و خۆم کۆمپانیایەکم دامەزراند بۆ هەمان مەبەست (Reintegratie bedrijf)، هەتا کاتی گەڕانەوەم بۆ کوردستان بەردەوام بووم. 
کارەکانم زۆر سەرکەوتوو بوون، بەردەوام لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن و گۆڤار و رۆژنامەکاندا دەردەکەوتم. گرێبەستم لە شارەکانی دیکەوە بۆ دەهات و لەگەڵ زۆربەی شارەوانییەکانی هۆڵەندا کارم کردووە، هەر بۆیە بەزوویی ناسرام. بۆ نموونە؛ شازادە ماکسیما (شاژنی ئێستای هۆڵەندا)، کە ئەوکات تازە هاوسەرگیریی کردبوو لەگەڵ جێنشینی هۆڵەندا و لە ئەرجەنتینەوە هاتبوو، هەر زوو وەک خانمێکی چالاک دامەزراوەیەکی دانا بۆ پێگەیاندنی ژنانی سەرڕەشی بازرگان بەناوی دامەزراوەی (Pavem)، ئەو دامەزراوەیە پەیوەندییان پێوە کردم و داوایان لێ کردم وەک باڵیۆزی پاڤیم دەستبەکار بم، ئەویش هەتا گەڕانەوەم بەردەوام بووم. کار و چالاکییەکانی پاڤیم زۆر گەورە و کاریگەر بوون، دەنگدانەوەی گەورەیان هەبوو. بەحوکمی کار و چالاکییەکانی خۆشم، پەیوەندیم زۆر بۆ دروست بوو لەگەڵ میسر، سعودیە و ئوردن، پاش ئازادبوونی عیراقیش، لەگەڵ بەغدا. 

ئەى سەبارەت بە خوێندن چی، بەردەوام بوویت؟
بەڵێ، لەپاڵ ئەمانەدا هەر لە رێگەی زانکۆی ئازادەوە دەستم کرد بە دکتۆراکەم، کە هەر لە بواری دەروونزانیی پیشەییدا بوو.

وتت پەیوەندیت لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بۆ دروست بووە، ئەوە چۆن بوو؟
بۆ نموونە؛ شازادە هێلە، بەرپرسی ژووری بازرگانیی کاروباری ژنان لە ریاز، پەیوەندییان پێوە کردم و توانیمان بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی دیکە بەرنامەیەکی سەرکەوتوویان بۆ دابنێین لە ساڵی 2006، کە بوو بە دەستپێکی دروستبوونی ژنانی بازرگان لە سعودیە. هەروەها لەگەڵ زانکۆی ریاز خولێکم بۆ مامۆستاکانیان لە هۆڵەندا کردەوە. 

پێم وایە بە هەڵبژاردنیش بوویتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی؟
بەڵێ، ساڵی 2007 بووم بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی دوتنخێم لەسەر لیستی پارتی کار و تا گەڕانەوەم بەردەوام بووم. 

سەبارەت بە ئۆتیزم، چۆن بوو بەو بوارە ئاشنا بوویت و کارت تێدا کرد؟
لە کاتی خوێندنم لە کۆلێژ، ئاشنا بووم بە ئۆتیزم، کە بۆ من شتێکی نوێ و زۆر جێگەی بایەخ بوو. بۆ زیاتر ئاشنابوون لێی، لە سەنتەرێکی تایبەتی بە خۆبەخش کارم دەکرد، کە خاوەنەکەی کۆلیتە دی براون بوون. ئەو بەهۆی بوونی ئەو حاڵەتە لە خێزانەکەی خۆیدا، زۆر گرنگیی بەو بابەتە دابوو. زۆر سەرکەوتوو بوو لە کارەکانیدا. 

بیرۆکەى نووسینی کتێبێک لەو بارەیەوە چۆن دروست بوو؟
بۆ پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەی دەناڵێنن بەدەست جۆرێک لە ئۆتیزمەوە، بیرۆکەی نووسینی کتێبێک دروست بوو، کە منیش هاوکاری بووم. 
دوای دەرچوونی کتێبەکە و ئەو سەدا گەورەی دروستی کرد، بیرم کردەوە وەری بگێڕم بۆ سەر زمانی عەرەبی، چونکە خێزانی مەغریبی و عەرەبیی دیکەی زۆر هەبوون لەوێ. ئیتر بڕیارمان دا کتێبەکە وا چاپ بکەین دوو دیو بێت، بەشی راست بە زمانی هۆڵەندی و بەشی چەپیش عەرەبی، ئەمەش سوودێکی زۆری گەیاند. 

کتێبەکە ناوی چییە؟
کتێبەکە بە ناوی (وەڵامی پێنج پرسیارەکەم بدەرەوە)یە.

وەک خانمێکی چالاک و سەرکەوتوو لە هۆڵەندا، ئەو شتە چییە کە زۆر شانازیی پێوە دەکەیت؟
لەڕاستیدا هەموو کار و چالاکییەکانم مایەی شانازین، هەروەها خۆشحاڵیشم لە دوو کتێبدا وەک ژنێکی سەرکەوتوو ژیاننامەی من بە هۆڵەندی نووسراوەتەوە، یەکێکیان بە ناونیشانی (رۆشنایی و تاریکی – Licht en shaduw)، بە سەرپەرشتی دوو پرۆفیسۆری زانکۆی ئەمستردام نووسراوە، ئەوی تریشیان کتێبێکە بە ناونیشانی (باوەڕبوون بە توانای خود – Geloof in eigen kracht)، کە لە لایەن فەرمانگەی کاروباری پەنابەرانەوە نووسراوە، ئەمە جگە لەوەی لە زۆرێک لە گۆڤار و رۆژنامە ناودارەکانی هۆڵەندا ئاماژە بە چالاکییەکانم کراوە، وەک: گۆڤاری (Libelle) و هتد...

لە کەیەوە لێرە دەستت بە کار و چالاکی کردووەتەوە؟
لە ساڵی 2005ەوە بەردەوام داوام لێ کراوە لە سلێمانی خول و راهێنان بکەمەوە، بۆیە بەپێی توانا لەگەڵ زۆرێک لە توێژەکان کارم کردووە. هەروەها لەگەڵ بەغداش، داوام لێ کرا وەک یەکەم ژنی کورد بەشدار بم لە یەکەم کۆنگرەی توانا عیراقییەکانی دەرەوە. لە ساڵی 2008 بە لێکۆڵینەوەیەک بەشداریم کرد، ئەوەش وای کرد چەند وەزارەتێکی عیراقی پەیوەندیم پێوە بکەن و کاری بەردەواممان هەبێت، وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کاروباری ژنان و خوێندنی باڵا. هەر بەو هۆیەشەوە لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عیراقەوە بووم بە ئەندامی لیژنەی ئاوارەکانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی (جامعة دول العربیة).

دوای گەڕانەوەت پەیوەندیت بە کاری حزبی و سیاسییەوە کردەوە؟
ساڵی 2010 بانگهێشت کرام بۆ کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکوو چاودێر. پاش کۆنگرەش، لەسەر داوای خاتوو هێرۆ ئەحمەد بووم بە راوێژکار و لە مەڵبەندی 1ی سلێمانی دەستم بە کار کرد. لە پاڵیشیدا لە سەنتەرەکەی خۆم هەر بەردەوام بووم بۆ گەشەپێدانی مرۆیی.

ئەى سەبارەت بە کاری رێکخراوەیی و پەروەردەیی چی؟
لە ساڵی 2015 وەک جێبەجێکاری پرۆژە کارم کرد لەگەڵ UNDP بۆ بەرنامەی بەگەڕخستنی پیشەیی بۆ ئاوارەکان، دوو ساڵیش لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەین وانەی دەروونزانیم وتەوە. 

لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیم لە 2018 گەڕامەوە بۆ هۆڵەندا و پاش چارەسەرکردن، کە پرۆسەیەکی کەمێک دوورودرێژ بوو، گەڕاومەتەوە بۆ سلێمانی و بەردەوامم لە کار و چالاکی. هەروەها نووسینەوەی دوو کتێب بە کوردی؛ یەکێکیان ئەو کتێبەی دەربارەی ئۆتیزمە، ئەوی دیکەش کتێبێکە دەربارەی دەروونزانیی پیشەیی، کە بە زمانی عەرەبی چاپ کراوە و ئێستا بە کوردییش ئامادەیە بۆ چاپ.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan