نەرمین عوسمان
رۆڵی ژنانی گوندنشین لە بواری کشتوکاڵیدا
ژنانی گوندنشین، بە کارەکتەرێکی سەرەکیی کۆمەڵگەی گوندنشین و پرۆسەی گەشەسەندن دادەنرێن. لایەنێکی گرنگن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی؛ جا چ رووەک، یاخود بەخێوکردنی ئاژەڵ بێت، شانبەشانی پیاوەکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کێڵگەی خێزانیدا، یاخود کێڵگەی کەسانی تر. خۆ ئەگەر بڵێین لە پیاوانیش زیاتر کار دەکەن، زیادەڕۆیی نییە.
لە راپۆرتێکی رێکخراوی فاو (FAO)دا ئاماژە بەوە کراوە کە ژنانی گوندنشین هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانی لە سەدا شەست بۆ لە سەدا هەشتای خۆراک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا.
ژنانی گوندنشین، لە ناوچەکانی ئێمەدا چەندین رۆڵ دەبینن لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا، بە نزیکەیی لە سەدا حەفتای کارەکانی وەک: دابەشکردنی زەوی بۆ جۆرەکانی کشتوکاڵ، کێڵان، بژار، نەمامناشتن، چنینەوەی بەروبووم و لەدواییشدا پاککردن و تەتەڵەدا بەشدارن و رۆڵیان لە رۆڵی پیاوان جیا ناکرێتەوە و بەیەکەوە تەواوکەری یەکترن لە کار و چالاکییە کشتوکاڵییەکاندا. لە بواری بەرهەمەکانی ئاژەڵیشدا، رێژەی بەشدارییان دەگاتە لە سەدا هەشتا و زۆربەی جاریش بۆ پەیداکردنی سەرچاوەیەکی دارایی بۆ خۆیان، بەشدارن.
ژنان، مەڕ و مانگا و بزن بەخێو دەکەن، هەڵدەستن بە کاروبارەکانی کۆکردنەوە، شوانکارەیی، لەوەڕاندن، پاککردنەوەی گەوڕ و تەویلە و شوێنی ژیانیان، بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی شیر، وەک: ماست، پەنیر، قەیماغ، رۆنەکەرە و کەشک و بەکارهێنانیان بۆ ژیانی رۆژانە و سەرچاوەیەکی ئابووریشە بە فرۆشتنی ئەو بەروبوومانە. هەروەها بەخێوکردنی پەلەوەر و زیادکردنیان و سوودوەرگرتن لە هێلکە و گۆشت و پەڕیان. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لەو ژنانە کاری دەستییش دەکەن، وەک: چنین لە بابەتی رستن و چنین، فەرش، حەسیر، بەڕە و پێستە خۆشکردن و کۆکردنەوەی خوری و مووی مەڕ و بزن لە رێگەی بڕینیانەوە، ئەمانە و چەندین کاری تری پێویستیی رۆژانە. زۆربەی کاتیش وەک داهات بۆ خێزانەکە بەکاری دەهێننەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی فاو، ژنان لە سەدا شەستی دەستکەوت و داهاتیان بۆ ماڵ و منداڵیان بەکار دەهێنن، لەکاتێکدا ئەو رێژەیە بۆ پیاوان لە سەدا چلە.
ئاڵنگاری و کێشەکانی بەردەم ژنانی گوندنشین:
ژنانی گوندنشین لەسەر بنەمای رەگەزی رووبەڕووی کێشە دەبنەوە، ئەمەش وا دەکات رووبەڕووی هەژاری ببنەوە و زۆر جار دەستیان ناگات بە سەرچاوە سروشتییە پێویستەکانی وەک: زەوی و ئاو، یاخود دەسەڵاتیان بەسەردا نابێت، تەنانەت ئەگەر خاوەنیشی بن، بەمەش ئەو سەرچاوە کەمەی دارایی کە هەیانە، کەمتر دەبێتەوە. هەروەها لە رووی رێژەی نەخوێندەوارییەوە، رێژەی نەخوێندەواریی ژنانی گوندنشین بەرزە. بەپێی رووپێوێکی هەڵسەنگاندنی هەژاری لە عیراق لە ساڵی (2017-2018)، ژنانی نەخوێندەواری گوندنشین، رێژەیان دەگاتە 29.8% بەراورد بە ژنانی شار، کە لە 19.4%یە. لە هەمان کاتدا رێژەی ئەوانەی قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکەن، زۆر کەمترە بەراورد بە ژنانی شار. سەرەڕای ئەمانە، ژنانی گوندنشین زۆر کەم دەتوانن سوود لە پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵیی سەردەم بۆ گەشەی کاری کشتوکاڵی و ئاودێری وەربگرن.
بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: دابونەریت، کولتووری نێرسالاری، نەبوونی هۆشیاری دەربارەی ژن و رۆڵی ژن، لاوازیی ئاستی پەروەردەیی و کولتووریی ژنانی گوندنشین... جۆرێکن لە کۆسپ و کێشە بۆیان. ئەو شێوازە سەرەتاییانەی لە بەڕێوەبردنی ژیانیاندا بەکاری دەهێنن و ئەو وێنایەی کولتووری باو و هەڵەتێگەیشتن لە شەرع و ئایین بۆیان کێشاون؛ هاندەر نین بۆ گۆڕانکارییەکی خێرا.
ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی گوندنشین لە بواری ئابووریدا:
ژنانی گوندنشین بەشێکن لەو سەرچاوە مرۆییانەی لە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵ بەخێوکردندا کار دەکەن، بەهەدەردانی ئەم هێز و توانایەی بەرهەمهێنان، کە نزیکەی سێیەکی ژنانی عیراق پێک دەهێنن، گەشەکردن دوادەخات و رێباز و ئامانجەکانی دەشێوێنێت.
هەرچەندە رێژەی بێکاری لە نێو ژنانی گوندنشین کەمترە بەراورد بە ژنانی شار، بەڵام ئاستی کارکردنیان لە پرۆژەی زۆر بچووکدایە، وەک: پیشەسازیی خۆراکە نەریتییەکان، پیشەسازیی دەستی، بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و بەرهەمەکانیان... توانای گەورەکردنی پرۆژەکانیان زۆر کەمە بەهۆی ئاستی داراییانەوە، بۆیە گرنگە دەوڵەت لەو قەرزە بچووکانەی دەدرێن بە خاوەن پرۆژە بچووکەکان، ژنانی گوندنشین زیاتر بگرێتەوە، چونکە ئەوان سەرچاوەیەکی گرنگی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی رێژەی هەژارین.
وەک لەسەرەوە باسمان کرد، زۆربەی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی رۆڵی ژنانی گوندنشین لە کاری بەرهەمی کشتوکاڵیدا سنووردار دەکەن، بەربەست و کێشەی ئاسانن و دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. دەکرێت بە ستراتیژی گەشەپێدان و پلاندانان ئەو بەربەستانە کەم بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن لە بەدەستهێنانی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیدا، هەروەها دەتوانرێت کۆمەڵێک پلان دابڕێژرێن کە جێبەجێکردنیان ئەستەم نەبێت، بۆ نموونە؛ کردنەوەی پێشانگەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پێشبڕکێ بۆ باشترین بەرهەم، لە رێگەی میدیاکانەوە زیاتر بایەخ بە کار و چالاکیی ژنانی گوندنشین بدرێت، کردنەوەی خولی تایبەت بۆیان، بەتایبەتییش راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی سیستمی مۆدێرن و تەکنەلۆژیای سەردەم... هەروەها رۆڵی رێکخراوە ناحکومییەکان زیاتر بکرێت و خۆیان لەناو شارەکاندا قەتیس نەکەن و بەرەو گوندەکان پەل بهاوێژن و چالاکیی بکەن. بەو شێوەیە دەتوانن لە چەندین رووەوە هاوکاریان بن و پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی فاو، پتەو بکەن.
ر.ص