نەرمین عوسمان
کارکردنی ژنان لە کەرتی پەروەردەدا
ژمارەی ژنان لە پیشەی کەرتی پەروەردەدا وەک مامۆستا، لەم ساڵانەی دواییدا و لە سەرانسەری جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەمەش مایەی پرسیاری توێژەر و لێکۆڵەرەوەکانە، کە دەبینن هێشتا پیاوان لە زۆربەی کەرتەکانی تری کاردا زۆرینەن و باڵادەستن، بۆ لە کەرتی پەروەردەدا بەپێچەوانەوەیە و رێژەی خانمان وا بەرزە! بەپێی ئامارێکی ساڵی 2020ی یونسکۆ، ژنان لە سەدا پەنجا و پێنجی بواری پەروەردە و فێرکاری لە سەرتاسەری جیهاندا پێک دەهێنن. ئەم رێژەیە لە ئاستی دایەنگە و باخچەی ساوایان و قۆناغی سەرەتاییدا زۆر زیاترە. لە هەموو دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکاریدا (حکومی یان تایبەت) دیاردەی بوونی ژن زیاتر بە دی دەکرێت بەراورد بە پیاوان.
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە ساڵی 2018 لەسەر "واقیعی جێندەریی لە وەزارەت و دامەزراوەکان"، کە لەم ساڵانەی دواییشدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، ئاماژە بە رێژەکان کراوە و تێیدا هاتووە: لە وەزارەتەکاندا رێژەیەکی بەرزی فەرمانبەری ژن بوونیان هەیە، وەک: بانکی ناوەندی (حەوت ژن بەرانبەر بە سێ فەرمانبەری پیاو)، لە وەزارەتی دارایی یەکسانن، لە وەزارەتی پەروەردە (شەش ژن بەرانبەر بە چوار پیاو) دامەزراون، بەڵام لە وەزارەتەکانی تر، رێژەکان پێچەوانە دەبنەوە و پیاوان چەندین ئەوەندەی ژنن، بۆ نموونە؛ لە وەزارەتی ناوخۆ، رێژەی ژنان لە سەدا دوو تێناپەڕێت، وەزارەتی نەوت رێژەی ژن لە سەدا دە تێناپەڕێت. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە هۆکاری ئەم جۆرە جیاوازییە لە دامەزراندن؛ دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان؛ خودی ژن و خێزانەکانیشیان پیشەی پەروەردەیان بەلاوە پەسەندترە لە کاری فەرمانگەکاندا، چونکە گەرەنتی بەرکەوتنی کەمتریان لەگەڵ پیاواندا هەیە. بەگشتی، دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانەی نێرسالارانەیە.
لە هەمان توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە رێژەی ژنان لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیدا (7.3%) تێناپەڕێت، وەک یاریدەدەر بەڕێوەبەر (8.7%)، تەنانەت ئەو وەزارەتانەی کە رێژەیەکی زۆر لە ژنان دادەمەزرێنن، مەرج نییە بگەنە پۆستە کارگێڕییەکان. هەروەها رێژەی ژن وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، لە سەدا سییە و لە بەرانبەردا لە سەدا حەفتا بۆ پیاوانە.
بەپێی توێژینەوەیەکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 2020یش، رێژەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا لە عیراق، نزیکەی لە سەدا بیستە، کە ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە.
کەمیی ژن لە پۆستە باڵا کارگێڕییەکاندا، رێگری دەکات لە بوونی دیدی ژنان لە پرۆسەکانی پەرەپێدانی پلانی داهاتوو و پرۆسەی بڕیاردان، هەروەها چانسی هاوسەنگیی جێندەریی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا کەم دەکاتەوە.
هیند یوسف مەجید، خوێندکاری کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سامەڕا، لێکۆڵینەوەیەکی لەژێر ناوی (رۆڵی ژنان لە خوێندنی باڵا) کردووە و زانکۆکانی عیراقی وەک نموونە وەرگرتووە و دەڵێت: ئابووریی عیراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی، لەسەر بنەمای کەرتی گشتی دامەزراوە. ئەوەش دەردەخات پشتبەستن بەو رادەیە بە کەرتی گشتی، بەهۆی داڕووخانی ئابوورییە کە ناوچەکە لە ساڵی 2014وە رووبەڕووی بووەتەوە. هەروەها دەڵێت: زانکۆکانی عیراق بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن و ژنان دوورەپەرێز دەخرێن، ئەمەش قەیرانێکە لە خوێندنی باڵادا و بەربەستە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی و رێگرە لە گەشەی بەردەوام و هاوسەنگیی جێندەری.
هەرچەندە کارکردن لە کەرتی پەروەردەدا چیتر لە خەونەکانی کچان نییە، هەندێکیان لەبەر چەندین هۆ ئارەزووی پراکتیزەکردنی ئەو پیشەیەیان نەماوە، بەڵام تا ئێستاش هەندێکیان بەهۆی هەندێک فشاری خێزانییەوە رووی تێ دەکەن. پیاوان و ئەو خێزانانەی لەگەڵ دابونەریتە باوەکاندان، دان بەوەدا دەنێن کە پیشەی وانەوتنەوە بۆ خانمان بەگونجاوتر دەزانن لە پیشەکانی تر، چونکە کاتی زیاتریان دەبێت بۆ چاودێریی ماڵ و منداڵی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی کاتی کارکردنی کەمترە و پشووی زیاترە و مۆڵەتی دووگیانی و نەخۆشیی منداڵیی زیاترە، هەروەها بەرکەوتنی لەگەڵ پیاوان کەمترە. ئەم بۆچوونە روویەکی پراگماتیکیی هەیە بۆ کاری ژنان و واقیع وەک خۆی نابینێت، ژنی مامۆستا و پەروەردەیی زیاتر لەوانی تر کار دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کارەکەی دوای وانەوتنەوەش تەواو نابێت و ئەرکی خۆئامادەکردن و تاقیکردنەوە و پراکتیزەکردنی بەردەوامە. وەک زانراوە، پیشەی مامۆستایی، بە دووەم پیشەی سەخت لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت دوای پیشەی کارکردن لە کانە بەردینەکاندا، چونکە پێویستی بە وزەی ئاوەزی و جەستەیی و دەروونیی زۆر هەیە و وا دەکات کەسەکە لەوانی تر ماندووتر بێت.
هەرچەندە پیشەی مامۆستایەتی پیشەیەکی پیرۆزە و جێی ئەرزشە، بەڵام کارێک نییە تەنیا بە بەرگی ژناندا کرابێت.
خ.غ
خ.غ