عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

یەکێتیبوون وەک شانازی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر ئەو هێزە نوێیە نەبوو کە لە 1975/6/1 خۆری ئومێدی لە شەوەزەنگی نائومێدیدا هەڵکرد، بەڵکو  رێباز و شێوەیەکی نوێی خەبات بوو بۆ درێژەپێدانی  کوردایەتی لە دوای شکست.

بیرۆکەی دروستکردنی یەکێتی هەم  وەکو فکر و شێوازی رێکخستن، هەم وەکو نیمچەبەرەییش بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی شۆڕشگێڕ لە دەوری خۆی،  بیرۆکەی مام جەلال بوو.

 ئەو لە نووسینەکانی هەر لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو بیروبۆچوونەی خۆی بەڕوونی بەیان کردبوو، بۆ ئەمەش پشتی بە چەمکی (لا حركة ثورية بدون نظرية ثورية) و (التنظيم الثوري ) بەستبوو.

ئاشکرایە مام جەلال رێبەری چەپی راستەقینەی ناو بزووتنەوەی کوردایەتیی هاوچەرخ بوو، بۆیە هەر خۆی رابەرایەتیی  ئەو بزاوتەی کرد و هەر خۆشی دامەزرێنەری سەرەکی  و داینەمۆی راستەقینەی یەکێتی بووە لەگەڵ ژماریەک لە تێکوشەرانی تر.

خەسڵەتێکی جوانی مام جەلال خۆدەرنەخستن و خۆهەڵنەکێشان بوو، ئەمەش لە بڕوابەخۆبوون و نادیدەنەگرتنی رۆڵی هاوڕێکانی بوو لە خەبات و شۆڕش و حزب و قوربانیداندا.

ئاشکرایە یەکێتی لە بنەڕەتدا هەڵچوونێکی سۆزداری و هەڕەمەکی نەبوو بۆ قۆناغێکی راگوزەری و دیاریکراو، بەڵکو پێداوێستییەکی بابەتی و خۆیی کوردستان بوو. هەروەک چۆن لەگەڵ دروستبوونیدا ئەرکی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشێکی نوێ و بەردەوامی لە ئەستۆگرت.

لەڕاستیدا یەکێتی لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی شاخ و شاردا پێشەنگ بوو، زۆر هەوراز و نشێو، زۆر تاڵی و تفتی رۆژگارەکانی خەباتی تێپەڕاند، بەڵام چونکە وەکو داربەڕوو رەگ و ریشەی لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داکوتراوە هەر بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان.

مام جەلال سەرەڕای ئەوەی دەیزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ...؟ هەروەها دەشیزانی یەکێتی بەرەو کوێ؟ بەرەو بەرەی گەل و خانووە قورەکان بەرەو بەرەی رەنجدەرانی بیر و بازو بەرەو خۆڕاگری و رزگاریی گەل و راماڵینی داگیرکەر و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

یەکێتی خاوەن قوتابخانەی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە، بێگومان یەکێتی شکستی کاتی خواردووە چ لە شەڕ و چ لە ململانێ ناوخۆییەکان، بەڵام هەرگیز نەڕووخاوە و نەبەزیوە، بۆیە سەرلەنوێ خۆی رێکخستووەتەوە  بەگوڕ و تینێکی شۆڕشگێڕانەی تازەترەوە هاتووەتە مەیدانەوە و بەردەوامیی بە خەباتی خۆی داوە.

ئاساییە یەکێتیی نیشتمانیی لە شەڕێکدا براوە نەبێت، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز لە راستەڕێی خەباتی کوردایەتی نەدۆڕاوە و لاینەداوە.

راستە لە ململانی ناوخۆییەکاندا تووشی لە یەکترازان و جیابوونەوە بووە، بەڵام یەکێتی هەرماوە و وەکو دارحەیزەران نەچەماوەتەوە. ئەوانەش کەوتبێتە دەرەوەی یەکێتیش، بەهەر هۆیەک بووبێت دڵ و چاویشیان هەر لای یەکێتی بووە و یەکێتیش ماڵە گەورە و  چەترە فراوانەکە بووە بۆ هەمووان.

رەنگە بتوانین بڵێین یەکێتیبوون ئالودەییەکی جوانە، تێکەڵ بە خوێن و مێشکی یەکێتییەکان دەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لێی دووربکەونەوە، ئەزموونی ساڵانی رابردووش ئەم راستییەی دووپاتکردووەتەوە، ئومێدەوارین  ئایندەش هەر بە هەمان شێوە بێت!

ئەمڕۆ (ی.ن.ک) سەرەڕای ئاڵۆزیی بارودۆخی ناوچەکە و عیراق و کوردستان لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە رۆڵی خۆی بینیووە و لە هەندێک بواریش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و رۆڵیشی زیاتر بووە لە عیراق و هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم . ئەمەش وادەخوازێت وەکو مام جەلال وتەنی لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن خەومان لێنەکەوێت و پشتی لێبکەینەوە، چونکە ئەمڕۆ ئەرکمان قورستربووەتەوە و خەڵکیش چاوەڕوانی زیاتر و زیاترن و پێویستە دورشمی (هێز لە یەکبووندایە) لەناو خۆمان و کوردستان و عیراقدا بەرجەستە بکەین، بەمەش رۆحی مام جەلال و سەرجەم شەهیدان شاد دەکەین.

سەرەڕای هەڵەیەک لێرە و لادانێک لەوێ، دەتوانین بڵێین یەکێتیبوون شانازییە، چونکە دەبێتە خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خاوەن دەیان داستانی عەسکەری و داهێنانی سیاسی و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بەهێز و پرشنگدار.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan