گێتی

هه‌ڵبژاردنى تره‌مپ و هاریس بۆ كوردانى رۆژئاواى كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


هه‌ڵبژاردنى تره‌مپ و هاریس بۆ كوردانى رۆژئاواى كوردستان

مه‌ودا میدیا-

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمه‌ریکا بڕیارە دوو رۆژی تر بەڕێوە بچێت، نیگەرانیی کوردەکانی سووریای لێکەوتۆتەوە، لانیکەم دوو بەرپرسی باڵای رۆژئاواى كوردستان، مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هێزە کوردییەکانی سووریا و سینەم محەمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کورد لە ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەربڕیوە.

ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی رۆژئاواى كوردستان ڕایانگەیاندووە "لە ساڵی 2019 پاش کشانەوەی نیوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە باکووری سوریا، تره‌مپ زەمینەی بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە خۆش کرد کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی رۆژئاوایه‌.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، کاملا هاریس، ڕکابەری دیموکراتی دۆناڵد ترەمپ، چەندین جار تره‌مپی تۆمەتبار کردووە بە خیانەتکردن لە کوردەکانی رۆژئاواى كوردستان.

یوسف جان، شرۆڤەکاری پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێکخەری پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ویلسۆنی ئەمه‌ریکی پێی‌ وایە "سەرۆکەکانی ئەمه‌ریکا بەتەنها، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دۆخی کوردی رۆژئاواى كوردستان نییە، بەڵکوو ئەم بابەتە زیاترە پەیوەندی بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکاوە هەیە".

یوسف جان سەبارەت بە رۆڵی ئەمه‌ریکا لە نزیک کردنەوەی تورکیا و كوردانى رۆژئاواى كوردستان رایگەیاند "پرسی کورد و تورکیا کە کوردەکانی رۆژئاوا و عیراقیش دەگرێتەوە، پەیوەندییەکی کەمی بە ئامادەبوون یان دەستوەردانی ئەمه‌ریکا لە سوریا هەیە، بۆیە بە وتەی ناوبراو، بێ ئاوڕدانەوە لەوەی کە چ کەسێک دەبێتە سەرۆکی ئەمه‌ریکا، واشنتۆن ناتوانێت کۆتایی بەم ناکۆکییە بهێنێت و تەنانەت ئەگەر کاریگەریش بێت، ناتوانێت بیکاتە ئامرازێک بۆ هاوکاریی نێوان ئەو دووانە بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکادا هەنگاو بنێت".

ناوبراو دەڵێت هەڵبژاردنی هاریس یان ترەمپ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پشتیوانی ئەمه‌ریکا بۆ کوردەکانی رۆژئاواى كوردستان نابێت.

ع
Qaiwan
Qaiwan