راپۆرت

11-11، ‎رۆژی جیھانیی سنگڵەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


 11-11، ‎رۆژی جیھانیی سنگڵەکان
مه‌ودا میدیا-

رۆژی 11-11ى هەموو ساڵێك دیاریكراوه‌ به‌ رۆژی جیهانی سینگڵه‌كان، واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ژیانى هاوسه‌رگیرییان پێكنه‌هێناوه‌ و ئه‌وه‌ش لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ ده‌كرێت و لاى هه‌ندێك پێى وایه‌ سنگڵبوون باشتره‌ و لاى هه‌ندێكیش سه‌د ده‌ر سه‌د به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ خراپترین بڕیارى ده‌زانن.

له‌ ته‌واوى رۆژه‌كانى ساڵدا زۆرێك له‌ رۆژه‌كان ته‌رخان كراوه‌ بۆ بۆنه‌ و یاده‌كان، یه‌كێك له‌و رۆژانه‌ش رۆژى جیهانى سنگڵه‌كانه‌ و رێكه‌وتى 11-11ى بۆ دانراوه‌، چونكه‌ هه‌مووی یه‌كه‌ و ته‌واو له‌گه‌ڵ یه‌ك كه‌سى و تاكیدا ده‌گونجێت، هه‌روه‌ها به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى یه‌كه‌كان هێزێكى زیاتر به‌ ته‌نیایی ده‌دات و وه‌ك گوزارشت بێت له‌ ته‌نیاییه‌كى سه‌خت و كوشنده‌، ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ لاى هه‌ندێك كه‌س ته‌واو راست بێت و ژینى ته‌نیایی به‌ سه‌خت و دژوار بزانن، هه‌ندێكجار گوێمان له‌وه‌ش بووه‌ كه‌سێك ده‌ڵێت "یه‌ك رۆژ به‌ ته‌نیایی ناتوانم بژیم و شاوه‌ تاقه‌ت ئه‌وه‌ى به‌ ته‌نیا ده‌ژى". به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ به‌ ته‌نیایی ئاسووده‌تریت و رێگه‌یه‌كیشه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن، ده‌توانیت به‌ باشى بیر بكه‌یته‌وه‌ و په‌ره‌ به‌ كار و توانه‌كانت بده‌یت.

ئه‌م رۆژه‌ سه‌ره‌تا چۆن دروستبوو، وه‌ یه‌كه‌م وڵات كێ بوو یادى كرده‌وه‌؟

سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى چینییه‌وه‌ به‌ ناوى "عه‌لى بابا" داهێنرا و ئامانجیان ریكلامێك بوو بۆ فرۆشى زیاترى كاڵاكان و باسیان له‌وه‌ده‌كرد "ده‌توانن له‌م رۆژه‌دا دیارى بۆ هاوڕێ سنگڵه‌كانتان بكڕن"، وه‌ یه‌كه‌م وڵاتیش له‌ 1990 ژاپۆن بوو كه‌ یادى كرده‌وه‌ و ئیدى له‌وكاته‌ به‌دواوه‌ یادى ئه‌و رۆژه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ هه‌رێمى كوردستانیش سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك چالاكى جیاواز ئه‌نجام ده‌درێت، به‌شێك لە گەنجان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستیان لە سەر ئەو رۆژە كردووه‌، هەندێكیشان لە پەیجەكانەوە هاوڕێ سنگڵەكانیان تاگ ده‌كه‌ن، ئه‌و پۆستانه‌ش كۆمێنتى جۆراوجۆرى بۆ ده‌نووسرێت و به‌شێك له‌ كۆمێنته‌كان به‌ شێوه‌ى كۆمیدین و به‌شێكیشیان تراژیدین، یه‌كێك نووسیویه‌تى "خیرم پئ ده‌شێت، چونكه‌ یادی له‌دایكبوونمه‌ زۆر به‌ئازاره‌ ئه‌م رۆژه‌"، یه‌كێكى تر نووسیویه‌تى "سنگڵی، جیهانێک لەبێ کێشەیی". كه‌سێكیش تاگى هاوڕێكه‌ى كردووه‌ و ده‌ڵێت "کەی شیرینی تۆ بخۆین".

لێره‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ش له‌ یاد نه‌كه‌ین، كه‌سانێكیش هه‌یه‌ بۆنه‌تایبه‌ته‌كانى ژیانى ده‌خاته‌ ئه‌م رۆژه‌ 11-11، چونكه‌ رێكه‌وتێكى جوانه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ بیر و هزریاندا بمێنێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت تا ئه‌و راده‌یه‌ى كه‌سانێك هه‌ن له‌م رۆژه‌ى سنگڵیدا له‌ ناو ئه‌و هه‌موو یه‌كه‌دا جوت ده‌بێت و رزگارى ده‌بێت له‌ ژینى ته‌نیایی و ده‌چێته‌ ناو قه‌فه‌زى زێڕینه‌وه‌.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan