ئەدەب و هونەر

چیرۆكى میراتى به‌شكردن له‌ نێوان دوو برا دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


چیرۆكى میراتى به‌شكردن له‌ نێوان دوو برا دا
مه‌ودا میدیا-

شاعیرى  ناودارى كورد "قانع" چیرۆكى میراتى به‌شكردن له‌ نێوان دوو برا به‌ شێوه‌ی هۆنراوه‌ دادڕێژێته‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ باسى لێوه‌ ده‌كات.

‎"ماڵ بەشکردن لەگەڵ براکەم"

‎برا وا باوکمان رۆیی بە رەحمەت
‎چاک نەجاتی بوو لە دەرد و زەحمەت

‎باوک بۆ هیچ کەس نامێنێ تاسەر
‎کوڕ ئەو کوڕەیە لە گڵ بێتە دەر

‎مەسەلەی مەشوور برامان برایی
‎بەڵام بەو شەرتەی کیسەمان جیایی

‎ماڵەکە بەشکەین، بێ مەلا و قازی
‎یەک لەیەکتری چاک ببین رازی

‎ئەو هێسترە شێتەی جووتە وەشێنە
‎دایبنێ بۆ من هیچ دامەمێنە

‎ئەو پشیلە جوانەی پڕ خەت و خاڵە
‎چش با بۆ تۆ بێ، رەونەقی ماڵە

‎ئەو جووتە مانگای زل و زۆر خۆرە
‎کە یەکێ شینە و یەکێکیان بۆرە

‎بۆمن... دوومریشک لاری و هێلکە کەر
‎دابنێ بۆ خۆت، بەبێ دەردی سەر

‎ئەو ماینە پیرەی زین هەڵچنراوە
‎مەرحوومی باوکم بۆ منی داناوە

‎بەشی تۆ، لەسەر ئەم ماینە نییە
‎باوکم فەرموویە، خەتای من چییە؟

‎مس و مەسینەی لە ژەنگا پوواو
‎دای بنێ بۆ من، لە ساغ و شکاو

‎کیتەڵە و گۆزە، دیزە و دەرخۆنە
‎هەمووی بۆ تۆ بێ، لە تازەو کۆنە

‎قەت پارە نادەی بۆ سپی کردن
‎مسگەر ناناسی تا رۆژی مردن

‎زرنگەی مەنجەڵ و زەحمەتی سینی
‎لە خوام گەڕەکە، تۆ قەت نەیبینی

‎ئەو ئاوە ساردە لە ئەو جەوەنە
‎دایبنێ بۆ خۆت، هەر پێی پێبکەنە

‎ئەو هیزە رۆنەی کوڵک و مودارە
‎دایبنێ بۆمن، چارم نا چارە

‎لە دەرگای حەوشە تاوەکو سەربان
‎دابنێ بۆ من سەرپاک هۆدەکان

‎ئەمما لە سەربان هەتاكو ئاسمان
‎هەمووی بۆ تۆ بێ، بێ کەسری و نوقسان

‎هەردووکیان بۆ من گا سوور و گا رەش
‎دوو سەگمان هەیە بۆ تۆ، لە جێی بەش

‎نەکای بۆ بێنە، نەجێی بماڵە
‎هیچ ئەرکی نییە ئەو دوو گەماڵە

‎شەو تا بەیانی بە جووت دەوەڕن
‎حەلەلیان لێکەی، سک پیاو ئەدڕن

‎برا وا ماڵمان تەواوی بەشکرد
‎هەمووی بەزیاد و بەشی خۆتت برد

‎ئەلحەمدولیلا بەبێ دڵ یەشان
‎جیا بوینۆ لەیەک، بە سەهل و ئاسان

‎هەرچەن مەغدوور بووم ـ بەشی تۆ زۆرە
‎لەبەر تانەی عام، رازیم بەم جۆرە

‎با خەڵكی نەڵێن بڕوانە حاڵــــــی
‎تەماحی کردە، بــــــــــــرای مناڵی

‎قانع
Qaiwan
Qaiwan