گشتی

ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌ به‌ره‌ڵاكان رێگه‌ى له‌ هه‌ڵمه‌تى نه‌مام ناشتنیش گرتووه‌ "كاریگه‌رى له‌سه‌ر رێژه‌ى سه‌وزایی دروستكرووه‌"

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌ به‌ره‌ڵاكان رێگه‌ى له‌ هه‌ڵمه‌تى نه‌مام ناشتنیش گرتووه‌ "كاریگه‌رى له‌سه‌ر رێژه‌ى سه‌وزایی دروستكرووه‌"
مه‌ودا میدیا-

به‌رده‌وام به‌ره‌ڵاكردنى ئاژه‌ڵى ماڵى به‌تایبه‌ت مانگا و مه‌ڕ و بزن، له‌ هه‌ندێك شوێن و گه‌ڕه‌كى شاره‌كان یان له‌ سه‌ر شۆسته‌ى شه‌قامه‌كان ده‌بینرێت و نه‌مام و سه‌وزایی چێندراو ده‌خۆن، ژینگه‌پارێزێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ كاریگه‌رییان له‌ سه‌ر ژینگه‌ دروستكردووه‌ و زۆرجاریش له‌ به‌ر فه‌وتان و خواردنى نه‌مامه‌كان له‌ هه‌ندێك شوێن، هه‌ڵمه‌تى نه‌مام ناشتن ئه‌نجام ناده‌ن".

حوسنا مه‌حمود، به‌رپرسى به‌شى ژینگه‌ له‌ رێكخراوى نوێ بۆ ژینگه‌پارێزى بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ماڵییانه‌ى له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌ به‌ره‌ڵا ده‌كرێن و نه‌مام و سه‌وزایی شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌خۆن، كاریگه‌رى زۆرى كردووه‌ته‌ سه‌ر ژینگه‌ و رێژه‌ى سه‌وزاییش".

وتیشى "له‌ ئێستادا ئه‌وان پلانیان هه‌یه‌ هه‌ڵمه‌تێكى نه‌مام ناشتن ئه‌نجام بده‌ن، بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ له‌و جۆره‌ دره‌ختانه‌ بن كه‌ له‌ لایه‌ن ئاژه‌ڵه‌ به‌ره‌ڵاكانه‌وه‌ نه‌خۆرێن، یان له‌و شوێنانه‌ نه‌ینێژن كه‌ ئاژه‌ڵى زۆری تێدا به‌ره‌ڵایه‌، چونكه‌ به‌راستى شوێن و گه‌ڕه‌كى وا هه‌یه‌ ئاژه‌ڵى زۆری تێدایه‌ و ئه‌وانیش ناتوانن به‌رده‌وام چاودێرى بكه‌ن و خزمه‌تی بكه‌ن".
 
روونیشیكرده‌وه‌ "له‌ لایه‌ن شاره‌وانییه‌كانیشه‌وه‌ به‌رده‌وام هۆشیاری بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و هۆشداریشیان داوه‌ به‌ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌ به‌ره‌ڵاكان، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینرێت هه‌ر بوونیان هه‌یه‌ و پابه‌ند نه‌بوونه‌ به‌ داواكارییه‌كانه‌وه‌".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan