نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

چینی ئۆزۆن

چینی ئۆزۆن، چینێکە گازی ئۆزۆنی (O3) تێدایە، کە گازێکی ژەهراوییە و رەنگی شینە، بۆنێکی ناخۆش و ئازاربەخشی هەیە، لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادایە، دەکەوێتە ستراتۆسفێری بەرگەهەواوە و بەتەواوی دەوری بەرگەهەوای داوە، لە بەرزایی نێوان (20-30)کم لەسەر رووی گۆی زەوییە و ئەستوورییەکەی لە نێوان (2-8) کیلۆمەترە.

چینی ئۆزۆن وەک فلتەرێکی سروشتی و قەڵغانێکی پارێزەر وایە، زەوی لە بەشە زیانبەخشەکەی تیشکی خۆر، کە تیشکی سەروو وەنەوشەییە و زیانێکی گەورە بە تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵ و گەشەی رووەک و کشتوکاڵ دەگەیەنێت و کاریگەریی لەسەر سیستمی ژینگەی ئاو هەیە، دەپارێزێت.

چالاکیی مرۆڤ و ئەو تەکنەلۆژیایانەی مرۆڤ بەکاریان دەهێنن، بوونەتە هۆی دروستکردنی مادە کیمیاییەکان، بەتایبەتی هەندێک جۆری گاز دەردەکەن کە هۆکارن بۆ لەناوچوون و تەنکبوونەوەی ئەو چینە، لەوانە:
- مادە کیمیاییەکانی وەک کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (CFCs) و هایدرۆکلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (HCFCs)، کە لە ئامێرەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەی ناوماڵ، سپرا و پاککەرەوەکان، هەروەها شوێنە بارزگانی و پیشەسازییەکاندا بەکار دەهێنرێن.
- هالۆنەکان، کە لە سیستمی ئاگرکوژێنەوەدا بەکار دێت.
- مەتیل برۆماید، وەک مێرووکوژ بەکار دێت لە کاتی هەڵگرتنی بەرهەمی کشتوکاڵی و تەعقیمکردنی خاکی کشتوکاڵی. ئەمە جگە لە مادە توێنەرەوەکان کە بۆ پاککردنەوەی پارچەی میکانیکی و کانزایی بەکار دەهێنرێن، بۆ نموونە؛ تێتراکلۆرایدی کاربۆن.

ئەم گازانە بە زۆری ئەتۆمی کلۆر یان برۆمایدیان تێدایە و بەهۆی کاریگەریی تیشکی سەروو وەنەوشەیی جیا دەبنەوە؛ کلۆرەکە بەرەو نزیکترین یەکەی گازی ئۆزۆن دەڕوات کە لە سێ ئەتۆمی ئۆکسجین پێک دێت، یەکێکیان دەبات و پێوەی دەلکێت، دوو ئەتۆم بەجێدەهێڵێت کە بەرگری لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی ناکات، دیسانەوە ئەتۆمی کلۆر جیا دەبێتەوە و دەچێتە یەکەیەکی تری ئۆزۆن بۆ ئەوەی هەمان کارلێکی لەگەڵدا بکات، بەم شێوەیە ئەم پرۆسەی تێکدانە ملیۆنان جار لە چینەکانی سەرەوەی ستراتۆسفێردا دووبارە دەبێتەوە. ئەو زیانە ژینگەییانەی کە لە ئەنجامی شیبوونەوەی چینی ئۆزۆن دروست دەبن، تا رادەیەکی زۆر یەکێکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە لەسەر هەسارەکەمان روو دەدەن، وەک گۆڕانکارییە لە ناکاوەکانی کەشوهەوا، کە خۆی دەبینێتەوە لە دیاردەکانی: بەبیابانبوون، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان، کە ناهاوسەنگی لە ژینگەی زۆرێک لە کەناراوەکانی جیهاندا دروست دەکات... هەروەها زیانی تەندروستییش، لەوانە: زۆربوونی هەندێک جۆری شێرپەنجە، وەک شێرپەنجەی پێست،  لاوازبوونی سیستمی بەرگریی مرۆڤ، هەندێک نەخۆشیی چاو، وەک ناڕوونیی چاو لەکاتێکدا ئەگەر زیندەوەرەکانی وەک مرۆڤ و ئاژەڵ بڕێکی بەرز لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانبەخشیان بەر بکەوێت. 

رێککەوتننامەی پارێزگاریی لە چینی ئۆزۆن
کاتێک زانست پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و درک بەوە کرا کە کەمبوونەوەی ئۆزۆن کێشەیە و کاریگەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت؛ لە ساڵی 1985 رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن هاتە ئاراوە. ئەم رێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەدا دیاری کرا کە زۆربەی لایەنەکان لەسەری رێک کەوتن، لەو کاتەدا وڵاتانی ناچار نەکرد کە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن، بەڵام دواتر لە شێوەی پرۆتۆکۆڵی مۆنتریالدا ئەو کارە کرا.

رێککەوتننامەی ڤیەننا، یەکەم رێککەوتنی لەو جۆرەیە و لەلایەن هەموو وڵاتانی بەشداربووی واژۆ کرا و لە ساڵی 1988 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ساڵی 2009 گەیشتە قۆناغی پەسەندکردنی جیهانی. ئەم رێککەوتننامەیە وای کرد وڵاتان پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە رێگەی ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە، وڵاتانی پەیوەندیدار سێ ساڵ جارێک کۆ دەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە گرنگەکان و تەرخانکردنی بودجە بۆ پشتگیری لە چالاکییەکانی توێژینەوە و چاودێری و...هتد.

هەنگاوەکانی پارێزگاری لە چینی ئۆزۆن:
- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی دەربارەی چینی ئۆزۆن و گرنگییەکەی بۆ ژیانمان، لە رێگەی دامەزراوە میدیاییەکان و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەوە.
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو مادە کیمیاییانەی کە کاریگەرییان لەسەر چینی ئۆزۆن هەیە، وەک: کاربۆن، فلۆر، کلۆر و مەتیل برۆماید.
- بەکارهێنانی ئەو مادانەی دۆستی ژینگەن.
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو ئاگرکوژێنەوانەی هاڵۆنی زیانبەخشیان تێدایە و رێگری لە بەتاڵکردنەوەیان بەبێ هۆکار.
- چاودێریکردن و پاراستنی ئامێرەکانی ناوماڵ، وەک: ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەکان، بۆ ئەوەی لە کاتی دروستبوونی لێچوون بەزوویی چاک بکرێنەوە، چونکە جۆرە پێکهاتەیەکیان تێدایە کاریگەری نەرێنی لەسەر چینی ئۆزۆن هەیە.

 لە ساڵی 1994ەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی 16ی ئەیلوولی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جیهانیی پارێزگاری لە چینی ئۆزۆن دیاری کردووە، کە مێژووی ئەو رۆژەیە واژۆ لەسەر پرۆتۆکۆڵی مۆنتریال کرا لەلایەن دەوڵەتانەوە. هەروەها لە 16ی ئەیلوولی ساڵی 2009 هەموو وڵاتانی جیهان رێککەوتننامەی ڤیەننا و پرۆتۆکۆڵی مۆنتریالیان واژۆ کرد، کە یەکەم دوو رێککەوتننامەن لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەموو وڵاتانی جیهان واژۆیان کردووە.

بەپێی ئەو بەرنامانەی کە داڕێژراون، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 چینی ئۆزۆن لە نیوەگۆی باکوور و ناوەڕاستی هێڵی پانی وەک پێشووی لێ بێتەوە، هەروەها تا ساڵی 2060 لە ناوچە جەمسەرییەکان بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش ساڵی 1980.

چینی ئۆزۆن لە هێڵی ئیستواییدا بەرزترینە لە ئاستی رووی زەویدا و تا دوور بکەوینەوە نزمتر دەبێتەوە، بەتایبەتی لە جەمسەرەکاندا کە نزمترینە. هەروەها تا لە هێڵی ئیستوائییەوە بەرەو جەمسەرەکان دوور بکەوینەوە، ئەستووریی چینی ئۆزۆن زیاتر دەبێت. رێژەی ئۆزۆن لە جەمسەری باکووردا زیاترە بەراورد بە جەمسەری باشوور، جگە لەوەش، ئەستووریی چینی ئۆزۆن لە جەمسەری باکوور، لە وەرزی بەهار (ئازار و نیسان) زیاترە لە جەمسەری باشوور، لە کاتێکدا لە پاییزدا (ئەیلوول و تشرینی یەکەم) لە جەمسەری باشوور زیاترە لە جەمسەری باکوور. زۆرترین رێژەی ئۆزۆن لە سەرانسەری جیهان، لە جەمسەری باکوورە لە کاتی بەهاردا، لەکاتێکدا لە هەمان وەرز و کاتدا، کەمترین رێژەی ئۆزۆن لە سەرانسەری جیهان، لە جەمسەری باشوورە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan