ئابووری

مامەڵەکردن بە لیرەی سوری مەترسیدارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامەڵەکردن بە لیرەی سوری مەترسیدارە
مەدا میدیا-

دوای رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەهای لیرەی سوری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە.

ئەحمەد جەلال خاوەنی کۆمپانیای هیوای گەش بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بە مەودا میدیای راگەیاند "هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی سوری بۆ گۆڕینی رژێمی سیاسی دێت بە پلەی یەکەم، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەناو سوریا و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە نرخەکەی بەشێوەیەک بەهای یەک ملیۆن لیرە لە ناوخۆی سوریا بەرانبەر 160 هەزار دیناری عیراقییە لە کاتێکدا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهای یەک ملیۆن لیرە 510 هەزارە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پێویستە بازرگانان و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەو مامەڵەیە هۆشیار بن چونکە هەرکات سنوورەکانی سوریا بکرێتەوە، خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند دەبن، بەهۆی ئەوەی ئێستا رێگە نادرێت لیرە لە بازاڕەکانی سوریاوە ببرێتە دەرەوەوە، ئەوەی هەیە لە ناوخۆی هەرێم مامەڵەی پێوەدەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەم شێوە مامەڵەیە نادروستە چونکە ناکرێت بەهای دراوی هەر وڵاتێک لە دەرەوە بەرزتر بێت تاوەکو ناوخۆی وڵاتەکە، وە هەروەها دۆخی سیاسی سوریا جێگیر نییە و دەکرێت لە هەر ئەگەرێکدا 50٪ و زیاتر بەهای دراوەکەیان دابەزێتەوە".

وتیشی "لەئێستادا بازرگانەکانی دراو، لیرەی سوری بۆ خۆیان ناکڕن و هەڵیبگرن بەڵکو دەیفرۆشنەوە بەو کەسانەی کە مامەڵەی رۆژانەی پێودەکەن و ئەوانیش دەیفرۆشنەوە بەو کەسانەی کە ئاگاداری مامەڵەی دراو نین بۆ قازانج روویان لە بازاڕی دۆلارەکە کردووە، بۆیە ئامۆژگاریی هاوڵاتییان دەکەن خۆیان لە کڕین و فرۆشتنی لیرەی سوری بەدووربگرن تاوەکو تووشی زەرەر و زیان نەبن".

ب ح

Qaiwan
Qaiwan