ئابووری

وەفدی دارایی هەرێم بەبێ ئەنجام گەڕانەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەفدی دارایی هەرێم بەبێ ئەنجام گەڕانەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2024/12/25، وەفدی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەبێ بەدەستهێنانی هیچ ئەنجامێک لە بەغداوە گەڕانەوە.

ئاژانسی شەفەق نیوز رایگەیاند "وەفدە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە سێ رۆژە لە بەغدان، بەبێ بەدەستهێنانی هیچ ئەنجامێک لە دۆسییەی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئامانج لە سەردانی وەفدی هەرێم گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی 11 و 12ی کۆتایی ئەمساڵ، هەروەها راپۆرتێک پێشکەش بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن".

ئەوەشی خستەڕوو "وەفدەکەی هەرێم هیچ کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەیان ئەنجام نەداوە، بە تایبەت کۆبوونەوەیەک کە بڕیاربوو لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچەی فەرمانبەران".

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی 10 ساڵی تەواوە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختدان، تاوەکو ئێستا دۆسییەی مووچەی فەرمانبەران لەنێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەکراوە و بەردەوامە.

ب ح



Qaiwan
Qaiwan