دۆزی ژن
ئاواز مەهدی: ورەی دایکم و تواناکانی وای کرد بەردەوام بین و کۆڵ نەدەین
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
سنووری دەستکردی بەرژەوەندی و ململانێی دەسەڵاتخوازی، دەستشکاندنەوەی ئایینی و مەزهەبی و کۆڵۆنیالیزم، نەک هەر خاکی ناوچەکە و کوردستانیان بە ویستی خۆیان دابەش کرد، بەڵکوو گەل و مێژوو و کولتوور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیشیان هەڵتەکاند و پارچە پارچە کرد. ئەم سنوورە پیرۆزکراوە ناڕەوایە، بەجۆرێک رۆچووەتە ناو رایەڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە، منداڵ و نەوەی بەرەبابێک بوونەتە کوردی رۆژهەڵات و کوردی باشوور، کوردی باکوور و کوردی رۆژئاوا... ئەم خەڵکی وڵاتێک و ئەو خەڵکی وڵاتێکی تر.
لەم دیدارەدا خاتوونێک دەدوێنین کە یەکێکە لە بنەماڵەی جافرسان و جافرسانەکانیش یەکێکن لەو نموونانەی بەهۆی کوردبوونیانەوە بوونەتە قوربانیی سنوورە دەستکردەکان و زوڵم و زۆری داگیرکەرانی سەردەست، بەتایبەتی هەم لە دیوی ڕۆژهەڵات و هەم لە دیوی باشوور.
کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
لە ساڵی 1965 لە تەوێڵە لەدایک بووم.
باسی باوکتم بۆ بکە؟
باوکم ناسراوە بە مەهدی بەگی عەبدولغەفور بەگی جافرسان. لە شارۆچکەی نەوسوودی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، هەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە.
باوکم دوو جار هاوسەرگیری کردووە، لەو دوو ژنە حەوت و خوشک و برا بووین، پێنج کچ و دوو کوڕ.
کەواتە چۆن لە کوردستانی رۆژهەڵاتەوە هاتوونەتە کوردستانی باشوور؟
باوکم بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە کە کوڕەزای جافرسانی فەرمانڕەوای هەورامان بووە، هەر زوو لە تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵ بە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو بەشەی کوردستان بووە.
بەهۆی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی حەمە رەزای شای ئێرانەوە بۆ سەر ناوچەی هەورامان و بۆردوومانکردنی ناوچەکە و بەتایبەتییش نەوسوود، کە بنکەی دەسەڵاتی جافرسان بووە، ناچار لە ساڵی 1962 لەگەڵ بەشێکی زۆری بەگزادەکان، کە ناسراون بە بەگزادەکانی لهۆن، بەرەو باشووری کوردستان کۆچ دەکەن.
باشە ئەو کاتە کوردستانی باشووریش لە سەروەختی شۆڕشی ئەیلوولدا بووە، کە دەسەڵاتی ئێران پشتیوانیی ئەو شۆڕشەی کردووە، ئەوە کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوان؟
لەگەڵ هاتنیان بۆ کوردستانی باشوور، تێکەڵ بە شۆڕشە تازەهەڵگیرساوەکە دەبن، بەڵام بەشداربوونی مەهدی بەگ و خزمەکانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا، دەبێتە مایەی سەرئێشە بۆ سەرکردەکانی ئەو کاتەی شۆڕش و لە هەمان کاتدا نیگەرانییش بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران.
لەوبارەیەوە چییان کردووە؟
لە ئەنجامی رێککەوتنێکی ژێربەژێری بەرپرسانی ئەوکاتی شۆڕش، بەدیاریکراویش عەبدولوەهاب ئەتروشی لەگەڵ ئێران، چەند کەسێک لە خزمەکانی باوکم رادەستی ئێران دەکرێنەوە، لەوانەش: نیازی بەگ لەگەڵ بەهمەن بەگ، کە هەردووکیشیان دەستبەجێ ئێران لە سێدارەیان دەدات.
ئەی ئەوانی تر دوای ئەو رووداوە چییان کرد؟
دەسەڵاتدارانی هەورامان، ئەوانەی مابوونەوە لە ناوچەکەدا، داوای ئاگربەستیان لە حکومەتی ئێران کرد بۆ ئەوەی زیاتر خەڵکی بێتاوان نەبنە قوربانیی، ئێرانیش قایل بوو بەوەی بەگزادە سەرکردەکان لەسەر جێگە و شوێنی خۆیان بمێننەوە و وڵات جێنەهێڵن، هەرچەندە پاشان زۆرینەیانی بە تۆمەتی جیا جیا زیندانی کرد، لەوانەش: حەمەمین بەگی کوڕی جافرسان، زۆراب بەگی ئەفراسیاو بەگ، جەمیل بەگی ئەفراسیاو بەگ، حسێن بەگ، محەمەد بەگ، خەلیل بەگی باوکی دایکم، کە لە زینداندا کۆچی دوایی کرد، ئەمانە و چەندینی تریان کە دەبنە ئامۆزای باوکم، تاوەکوو رووخانی رژێمی شای ئێران و هاتنە سەر حوکمی خومەینی، لە زینداندا ماونەتەوە.
ئەى باوکت چی بەسەر هات؟
باوکم پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مام جەلال و هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەوکاتی شۆڕشدا هەبوو، بۆیە لە کاتی جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ خزمەکانی لە نێو باڵی مەکتەبی سیاسیدا بەردەوام بوون لە کار و چالاکییەکانیان.
باوکت چۆن شەهید بوو؟
لە ساڵی 1969 بە شێوازێکی نادیار و گوماناوی، لە شاری هەڵەبجە شەهید کرا.
دوای باوکت چیتان بەسەر هات؟
سێ لە خوشکەکانم کە منداڵی گەورەی باوکم بوون لە ژنی یەکەم، خێزانیان پێکهێنا و بوونە خاوەنی ماڵ و منداڵی خۆیان. ئەوانەی تریشمان؛ قاسم، بورهان، ئاواز (خۆم)، دڵگیر لەگەڵ دایکم (ئەختەر) بەیەکەوە لە سلێمانی دەژیاین.
لە نزیکەوە ئاگادارم کە دایکت چەند زەحمەتی و نەهامەتیی بینیوە، بۆیە دەمەوێت راشکاوانە باسی دایکتم بۆ بکەیت؟
دایکم، ناوی ئەختەر سەعیدە، لە ساڵی 1937 لە تاران لەدایک بووە، کە ئەو کاتە دایک و باوکی لە هەورامانەوە بۆ تاران دوورخراونەتەوە.
هەر بە منداڵی باوکی لە دەست دەدات کە بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات، لەگەڵ دایکی (نەنکم) لە ماڵی باپیرە گەورەی دەبێت. پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی 18 ساڵی، شوو دەکات بە باوکم و دەبێتە خاوەنی پێنج منداڵ. هەموو ئەمانە بەئاسانی ناچێتە سەر و تووشی کێشە و گرفت و دەردەسەریی زۆر دەبن.
سەختیی ژیانی دایکم، بە دەم ناگێڕدرێتەوە، بۆ نموونە؛ ئەو کاتەی باوکم لەگەڵ هەندێک لە کەسوکارەکانی لە ساڵی 1962 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول دەکەن و پێشمەرگە بووە، دایکم کۆرپەیەکی دەمرێت، چونکە لە لادێ بوون و کەسی ئاگادار نەکردووەتەوە، تا بەیانی لە باوەشی گرتووە. هەروەها خوشکێکیشم لەدوای شەهیدبوونی باوکم لەدایک بووە، چونکە لە کاتی شەهیدبوونی باوکم، دایکم سکی دەبێت. ئەوەی باسی دەکەم، کورتەیەکی زۆر کەمە بەراورد بەو هەموو نەهامەتییەی بەسەرمان هاتووە.
لەگەڵ ئەوەش، دایکم بۆ ئێمە دایک بوو، خوشک بوو، هاوڕێ و برا بوو، پاڵەوان بوو، یەکەمین و دوایین پشتیوان بوو بۆ من و خوشک و براکانم و بەردەوام هانی دەداین بخوێنین.
ئێمە ژیانێکی زۆر سەختمان هەبوو، ورەی دایکم و تواناکانی وای کرد ئێمە بەردەوام بین و کۆڵ نەدەین.
کەی کۆچی دوایی کرد؟
لە ساڵی 2005 کۆچیدوایی کرد.
پێشتر وتت باوکت لە هەڵەبجە شەهید کرا، واتە ئێوەش لەوێ بوون؟
بەڵێ، دوای ئەو کارەساتە، بارمان کرد بۆ سلێمانی و لە سەرچنار نیشتەجێ بووین.
لە بەیانی 11ی ئازاری 1970ش، خانوویەکیان لە گەڕەکی شەهیدان پێ داین، ئیتر لەوێ نیشتەجێ بووین، دراوسێی زۆر باشمان هەبوو.
دایکت بە چی ئێوەی بەخێو دەکرد؟
بە بەرگدووری، لەگەڵ ئەوەش هەموومانی خستووەتە بەر خوێندن.
هەر باوکت پێشمەرگایەتی کردووە؟
نەخێر، برایەکیشم پێشمەرگایەتی کردووە، بەداخەوە هەرزوو ئەویش شەهید بوو.
چیرۆکی ئەو چۆنە؟
لە ساڵی 1976 شەهید ئازاد هەورامی، کە هەم ئامۆزامانە و هەمیش پوورزای دایکمە، لە کەرکوک ئەمن بە شوێنیدا دەگەڕێن و را دەکات بۆ سلێمانی، هاتە ماڵی ئێمە و ماوەیەکی زۆر لە ماڵی ئێمە خۆی شاردەوە، تەنانەت کۆڕ و کۆبوونەوەشی لە ماڵی ئێمە دەکرد. ئەوکات بورهانی برام، تەمەنی 15 ساڵ بوو. دوای ئەوە شەهید ئازاد هەورامی پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد، بورهانی برام بێ ئاگاداریی هیچ کەسێک لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە. دایکم و کەسوکار بۆ ماوەی چەند مانگێک بەدوایدا گەڕان لەناو زیندانەکان و نەخۆشخانەکان، لەدواییدا دەرکەوت کە چووەتە ناو پێشمەرگە و لەوێ ئەویش بە کارەساتێکی نادیار لە شەڕی براکوژیدا شەهید دەکرێت، کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بوو.
کەی و لە کوێ شەهید دەکرێت؟
لە ساڵی 1977 لە شارەزوور شەهید دەکرێت.
ئەو کاتەی بۆ شەهید بورهان دەگەڕان، دەزگاکانی حکومەت لێپێچینەوەیان دەکرد لەوبارەیەوە؟
لەو کاتەی بورهان دیار نەبوو، چەندین جار دائیرەی ئەمن بانگیان دەکردین و دەیانوت کوڕەکەتان بووەتە پێشمەرگە و داوای هاوکارییان لێ دەکردین.
ئێستا با بێینە سەر باسی خۆت، لە کوێ چوویتە بەر خوێندن؟
لە سلێمانی، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەییم لە سلێمانی تەواو کردووە.
دەربەدەری و نەهامەتییەکانی خێزانەکەتان رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر خوێندنت؟
بەڵێ زۆریش، بەتایبەتی دەستپێکی خوێندنی ئامادەییم، پڕ بوو لە تراژیدیا، کە تا ئێستاش ئاسەواری لەسەر رۆح و جەستەم بەجێ هێشتووە.
سەرەڕای بێباوکی، بەشی زۆری نەهامەتییەکانی ژیانم، لە ساڵی خوێندنی ئامادەییمەوە دەستی پێ کرد، چونکە لە ساڵی 1979 بۆ 1981، رژێمی بەعس دایک و برا و خوشکێکمیان راپێچی کەمپی زۆرەملێ کرد بەهۆی ئەوەی ئێمە رەگەزنامەی عیراقیمان نەبوو.
ئەى تۆ؟
من بە هاوکاریی خزم و دراوسێکانمان هەوڵم دەدا بەردەوام بم لە خوێندن، زۆر جار خۆم بە تەنیا لە ماڵەکەماندا ژیانم دەگوزەراند و دەشمخوێند.
زۆر جاریش پۆلیس یان ئەمن دەهاتن و دەیانبردم بۆ دائیرەی ئەمن، بۆ پرسیار و لێپێچینەوە، هەتا خزمێک یان دراوسێیەکی باش دەهاتن بە واستە و کەفالەت ئازادیان دەکردم. جاری واش هەبوو، کاتێک لە خوێندنگە دەهاتمەوە ئەمن چووبوونە ماڵەوە بەدوامدا. دراوسێکان ئاگاداریان دەکردمەوە لە هاتنی ئەمنەکان، بۆیە بەناچاری دەچوومە ماڵی خزمێکی بەڕێزمان بەناوی (بابەعەلی).
سەبارەت بە زانکۆ چی؟
بەو ئێش و ئازارە دەروونی و بارە نالەبارەی ژیانمەوە، هەرچۆنێک بووبێت، ئامادەییم تەواو کرد و لە ساڵی 1982 لە زانکۆی موسڵ، لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام.
تەواوت کرد؟
نەخێر، لەبەر فشاری بەعس نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندن، بۆیە لە ساڵی 1983 روومان کردە ئەوروپا و چووینە سوید.
هۆکاری چی بوو رژێمی بەعس ئەوەندە بەدواتانەوە بوو؟
بەهۆی چالاکییەکانی بنەماڵەکەمان لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، بەردەوام بووبووینە جێی سەرنجی دەزگا سیخوڕییەکانی ئەوکاتی رژێمی بەعس، چەندین جار دایکم و ئێمەش بانگهێشتی دائیرەی ئەمن دەکراین و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی دوورودرێژ و ئەشکەنجەئامێزیان لەگەڵ دەکردین، بەڵام ئێمە بەبێ گوێدانە هەڕەشە و سەختییەکانی ژیان، بەردەوام لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی خەڵکی کوردستان شوێنپێ و رێچکەی باوباپیرانمان بەر نەدا.
چۆن دەرباز بوون و چوون بەرەو هەندەران؟
سەرەتا چووینە تاران، سێ مانگ لە تاران ماینەوە، لە رێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئەوراقیان بۆ تەواو کردین رۆیشتین بەرەو سووریا، لە سووریا ئەوەبوو هاتینە ماڵی ئێوە (نەرمین عوسمان) و رێزێکی زۆر زۆرتان لێ گرتین کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە، پاشان ئەوراقتان بۆ تەواو کردین و بەرەو سوید رۆیشتین. لە 29ی حوزەیرانی 1983 گەیشتینە سوید. لە سوید کاک شۆڕش و کاک کۆکەش هاتن بەدواماندا لە فڕۆکەخانە و چووینە ماڵی کاک حەمە سابیر و حەفتەیەک لە ماڵی ئەوان ماینەوە و خزمەتیان کردین.
لە سوید دەستت کردەوە بۆ خوێندن؟
بەڵێ، لەوێ لە ساڵی 1990 کۆلێژی پزیشکیم تەواو کرد.
پسپۆڕییەکەت لە چ بوارێکی پزیشکیدایە؟
پسپۆڕی پزیشکی خێزانیم، کە ئەو پسپۆڕییە لە ئەوروپا هەیە و لە ساڵی 2001 بەدەستم هێناوە.
بەردەوامیت لە کارکردن؟
نەخێر، ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە خانەنشین بووم.
نەخۆشیی چی؟
ئەم نەخۆشییەی من هەمە، بەهۆی سترێسی زۆرەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و لێی دەکات بە جەڵتە.
خۆت ئاگاداری کە چەند ماندوو بووین؛ سەرەتا شەش مانگ زمانم خوێند، تەنیا یەک ساڵ لەسەر حکومەت بووم، دواتر بەیەکەوە دەستمان کرد بە ئیشکردن، زۆر بەزوویی، بۆ ئەوەی بتوانم فریای هەموو لایەک بکەوم. لەوەتەی بیرمە دایکم نەخۆش بووە بەهۆی ئەو ژیانە زەحمەتەیەوە، ئەوەش ئەوەندەی تر کاریگەریی هەبووە لەسەر ژیانی من، چونکە وەک باسم کرد دایکم هەموو شتێک بووە لە ژیانی مندا.
ئەی خوشک و براکەت چییان بەسەر هات و بە چییەوە سەرقاڵن؟
دڵگیر، ئەندازیاری داتایە لە لەندەن و منداڵێکی هەیە.
قاسم، کارگێڕی و ئابووریی لە کوردستان تەواو کردووە و ئێستا لە کوردستان لە هەڵەبجە دەژی.
چەند منداڵت هەیە؟
دوو کوڕ؛ کۆیار و ژیوار. کۆیار، پزیشکە. ژیواریش دەرچووی کۆلێجی ئابوورییە.
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
خ.غ

بیروڕا