دۆزی ژن
ئاواز محەمەد عەلی حەمە قەتارچی: هەر کەسێک ویستی گۆڕانکاری دروست بکات، دەبێت لە خۆی و دەوروبەرەکەیەوە دەستپێبکات
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیاـ
هۆکارەکانی پشتگوێخستن و وەلانانی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا زۆرن، یەکێک لەو هۆکارانەی کاریگەرییەکی زۆری هەیە، دابونەریت و کولتووری کۆنی کۆمەڵایەتییە... ئەوە تەوق و کۆتوبەند و شوورەکانی نەریتن ژن دەکەنە تاکێکی پاسیڤ و بێدەنگ و نادیار، دەنا رۆڵ و سەنگی ژن زۆر لەوە زیاتر و بەرزترە.
لەم چاوپێکەوتنەدا خاتوو ئاواز باس لە ژیان و ئەزموونەکانی خۆی، ئاستەنگەکانی رێگەی هەوڵ و دەستکەوتەکانی دەکات... تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی کولتوور و دابونەریت و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگەکان... ئەم خاتوونە، پاش ئەوەی بڕیار دەدات کۆتوبەندەکانی کولتووری دواکەوتوو، کولتووری مەرگدۆستی بێڕەنگ و بۆ بشکێنێت؛ سەد و هەشتا پلە ژیانی خۆی و دەوروبەرەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت و لە تاکێکی بێئامانجەوە دەبێت بە تاکێکی چالاکی کۆمەڵگە و دەیان کەس لە بەری رەنج و هەوڵەکانی بەهرەمەند دەبن.
ئەو نازناوی قەتارچییە لە چییەوە هاتووە؟
باپیرم، محەمەد سۆفی قەتارچییان پێ وتووە، کاتی خۆی لە سنەوە هاتووەتە گوندی سازگاری ناوچەی عەبابەیلێ و لەوێ نیشتەجێ بووە. قەتارچیەتی کردووە، واتە هاتوچۆی بازرگانیی کردووە لەو ناوچانە. ئەوسا عەبابەیلێ خاڵی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی بازرگانی بووە لە نێوان سنە و خانەقین و شوێنەکانی تر.
دوای ساڵانێک لەو کارە، ژن دەهێنێت، کە دەکاتە نەنکم و جێگیر دەبن. دوو کوڕ و کچێکیان دەبێت، کە بچووکەکەیان باوکمە.
باوکت ساڵی چەند لەدایک بووە و چ کارێکی دەکرد؟
باوکم، محەمەد عەلی حەمە قەتارچی، لە ساڵی 1922 لەدایک بووە. کار و کاسبییەکی ئەوتۆی نەبوو، تا باوکم لەژیاندا بوو، بەهەژاری ژیاین. بەڵام زۆری دەخوێندەوە و لە خوێندندا یارمەتیی هەموومانی دەدا.
بڕوانامەی هەبوو؟
نەخێر، تا شەشی سەرەتایی خوێندبوو، بەڵام زۆر رۆشنبیر بوو، مامۆستا گۆرانی شاعیر وانەی پێ وتووە و مامۆستای بووە.
باسی ژیانی باوکتم بۆ بکە...
باوکم، زۆر بە منداڵی ژنی بۆ دەهێنن، هەر لە عەبابەیلێ کوڕ و کچێکی دەبێت و نەنکم زوو دەمرێت، ئیتر باوەژن لە ماڵی خۆیان، واتە ماڵی باپیرم، جێگەیان ناکاتەوە و دەچێتە خورماڵ، لەوێ کشتوکاڵ دەکات و پێی دەژین. پاشان دەچێتە سیروان و لەوێ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دادەمەزرێت و دواتریش دەچێتە هەڵەبجە.
ماوەیەکی کەم لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سیروان دەبێت و لەسەر دوو بابەت دەگوێزرێتەوە بۆ ئاسکی کەڵەک؛ یەکێکیان بەهۆی ئەوەی ئینتیمای بۆ حزبی شیوعی هەبوو، دووەمیشان خۆی و چەند برادەرێکی گەندەڵییان لە بەڕێوەبەرەکەیان بینیبوو،راپۆرتێکیان نووسیبوو و ویستبوویان بۆ سەروو خۆیانی بنێرن، بەڕێوەبەرەکە پێی دەزانێت و یەکسەر هەریەکەیان دەگوێزێتەوە بۆ شوێنێک و خۆشی پلەکەی بەرزدەکرێتەوە.
باوکم سەرەڕای هەژاری، دەستودڵێکی باشی هەبوو، لە سەربازیدا فێری دەرزیلێدان بووبوو، بەردەوام جانتایەکی پێ بوو کەلوپەلی دەرزیلێدانی تێدا بوو، هەرکەس پێویستی بوایە، بەبێ بەرانبەر دەرزیی لێ دەدا.
کەى کۆچی دوایی کرد؟
لە 1ی شوباتی 1983 بە جەڵتە کۆچی دوایی کرد.
باسی دایکتم بۆ بکە... ئەو کەسێکی چۆن بوو؟
دایکم، سۆیبەی شێخ مستەفا، لە ساڵی 1927 لەدایک بووە. ژنێکی زۆر میهرەبان بوو، راستە نەخوێندەوار بوو، بەڵام زۆر دانا و زانا بوو. باوکم بەهۆی حزبایەتییەوە دەگوێزرایەوە، یاخود لە زیندان بوو، دایکم سەرپەرشتی و بەخێوکردنی ئێمەی گرتبووە ئەستۆ. حەوت منداڵی بەخێو دەکرد و بە هەمووشمانی دەخوێند، چاودێریی خوێندنی دەکردین، دەیوت ئێوە بە دەنگی بەرز بخوێنن من گوێتان لێ دەگرم. بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە خوێندن فەرامۆش ناکەین.
چ کارێکی دەکرد؟
بەرگدرووی ژنانی دەکرد و بە دەست جلی دەدووری، محەلەبی و شرووبیی دروست دەکرد و دەیدایە دەستی براکەم، کە تەمەنی 10 ساڵان بوو، لە کۆڵان دەیفرۆشت. ئەوسا مەعمیل هەبوو، بە قەرز کەلوپەلی بۆ دەکڕین و دواتر خۆی بە کاری دەستیی قەرزەکانی دەدایەوە. نەیدەهێشت چاومان لە دەستی کەس بێت. کاتێک لەسەر سفرە دادەنیشتین، تا ئێمە تێر نەبووینایە، دەمی بۆ خواردن نەدەبرد.
ئەى دایکت کەی و چۆن کۆچی دوایی کرد؟
لە ساڵی 1974 کاتێک بۆردوومانی هەڵەبجە کرا، یەکەم ناپاڵم بەر ماڵی ئێمە کەوت، تەنیا دایکم و برا گەورەکەم لە ماڵ بوون. ئەوسا من لە سلێمانی بووم، خەریکی تاقیکردنەوەی سەری ساڵ بووم، خوشک و براکانی تریشم چووبوون بۆ ئەشکەوت، برا گەورەکەم وتبووی من ناڕۆم، دایکیشم وتبووی ئەو نەڕوات منیش ناڕۆم. ئیتر ماوەیەک بەهۆی خۆشاردنەوەوە دووکەڵ و باروودی بۆمبەکەی هەڵمژیبوو و تووشی تەنگەنەفەسییەکی قورس بووبوو، رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو، نزیکەی بیست سی ساڵ لە ماڵەوە بەئەستەم دەیتوانی بچێتە دەرەوە و لە ساڵی 2003 ماڵئاوایی لێ کردین.
دایک و باوکمان بە شێوەیەک ئێمەیان پەروەردە کرد؛ سەرەڕای هەموو نەبوونی و نەهامەتییەک، خوێندنمان تەواو کرد و پەیوەندیی نێوانمان زۆر پتەو بوو.
چەند منداڵ بوون؟
حەوت، چوار خوشک و سێ برا؛ برا گەورەکەمان، مامۆستا تاهیر (1946)، ئافتاو (1950)، مامۆستا رەئوف (1954)، من (1957)، گێلاس (1960)، هەڵاڵە (1963) و ئومێد (1967).
تۆ لە کوێ لەدایک بوویت؟
لە گەڕەکی پیرمحەمەد لە هەڵەبجە. لە خانوویەکی گڵی کرێدا لە دوو ژووردا دەژیاین. تا تەمەنی شەش ساڵیم، لەو گەڕەکەدا ماینەوە.
هیچ یادگارییەکی ئەو کاتەت لەبیرە؟
بەڵێ، هەرچەندە منداڵ بووم، بەڵام زۆر شتی ئەو کاتەم بیر ماوە. لەو گەڕەکە چەند دراوسێیەکمان هەبوو؛ ماڵی حاجی عەبدولقادر و حاجی محەمەد، ئەو دوو ماڵە خزمی یەکتر بوون و خانووەکانیان چیمەنتۆ و کۆنکرێت بوو، حەوشەیەکی گەورەیان هەبوو. دادە بەهیە، هاوسەری حاجی عەبدولقادر بوو، لەودیومانەوە بوون، پێنج کچ و سێ کوڕیان هەبوو، یەکێکیان بە کەمئەندامی لەدایک بووبوو، دەست و قاچێکی نەبوو.
بیرمە دایکم لە ساڵی 1963 کەوتە سەر ژان، رام کرد بۆ لای رەحمەخانی مامان، کە تاکە مامانی زۆرینەی هەڵەبجە بوو، لە هەمان کاتیشدا بەهیە خانی دراوسێشمان کەوتبووە سەر ژان، رەحمە خان قاچێکی لای ئێمە بوو، قاچێکی لای ئەوان. دایکم لە ژوورێکی تاریک بوو، تەنیا کڵاوڕۆژنەیەکی هەبوو و رووناکیی لێوە دەهاتە ژوورەوە. ئێمە کچێکمان بوو، ناوماننا هەڵاڵە، ئەوانیش کچێکیان بوو، بەداخەوە کەم ژیا و زوو مرد.
دراوسێکان وەک یەک ماڵ وابووین و منداڵانیش وەک خوشک و برا بووین، هەمیشە لەگەڵ کچەکانی ئەوان بەیەکەوە لە کۆڵانێکی گڵ و خۆڵدا یاریمان دەکرد.هەندێکیشمان لە قۆناغی جیاوازی خوێندندا بەیەکەوە خوێندکار بووین.
لە منداڵیدا لە یەک شت دەترساین، ئەویش پیاوێک بوو، سووروسپی و باڵابەرز، لە گوندێکی دەرەوە (هانەسوورە)وە دەهات، کەڕولاڵ بوو، پێیان دەوت سەید مستەفا، پشتێنێکی سەوزی دەبەست. هەر کە دەردەکەوت، راماندەکردەوە ماڵەوە و دەرگامان دادەخست، ئەویش لە دەرەوە بە ئەڵقەڕێز دەرگاکانی دادەخست. کەسێکی بێوەی بوو، بەڵام ئێمە لێی دەترساین.
یادگارییەکی تری ئەو سەردەمە کە هێشتا لەبیرم ماوە؛ لە کۆڵانەکەی ئێمە بە بەردەوامی کۆمەڵێک بە حەی ئەڵڵا دەڕۆیشتن و دەیانوت حەی ئەڵایان لێ هاتووە. لەوێوە دەچوونە گەڕەکی عاشقان کە لەوێ ماڵی شێخ محەمەدی نەقشبەندی لێ بوو، نەوەی شێخ عوسمان بوو. ئەو ماڵە کوڕێکیشیان هەبوو، زۆر مۆدێرن و شیک بوو، گیتاری لێ دەدا، ناوی عەبدولڕەحمان بوو.
هەروەها بیرمە کاتێک خوشکەکەم لە ئامادەیی بوو لەگەڵ هاوڕێکانی، بەدەم گۆرانییەوە بە پێ دەچوونە عەبابەیلێ، منیشیان لەگەڵ خۆیان دەبرد، ئەوسا هەڵەبجە بچووک بوو، کۆڵانەکانیشی گڵ بوون، بە پێ بە کاتژمێرێک دەگەیشتینە عەبابەیلێ و لەوێ دەچوونە سەر مەزاری شێخ و بەردیان بە کێلەکەیەوە دەنا، ئەگەر بیگرتایە، دەیانوت رازمان حاسڵ دەبێت.
بەڵام ئەوەی کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە، هەڵوێستێکی دایکم بوو لەو سەردەمەدا؛ لە گەڕەکی پیرمحەمەد، سێ ماڵ سەروو خۆمان، ماڵی کاکی هەبوو، حەوشەیەکی گەورەیان هەبوو، مسگەریی دەکرد، کەوچکی چا و شتی تری لە مس و قەوان دروست دەکرد. لە خوار ئەوانەوە، ماڵێک هەبوو، حەوشەیەکی درێژی هەبوو، رۆژێک ژنێک هاواری کرد وتی: "سۆیبە، کچەکانتان بهێنن خەتەنەیان بکەن." دایکم من و خوشکەکەمی برد، کە چووینە ئەو داڵانە، چەند کچێکی لێ بوو، تەشتیان لەژێردا دانرابوو و خوێنیان لەبەر دەڕۆیشت، دایکم کە ئەوەی بینی، بەرچاوی تاریک بوو و هاواری کرد وتی بێبەزەییانە. دەستی من و خوشکەکەمی گرت و هاتینەوە ماڵەوە. وێنەی زریکە و هاواری ئەو کچانە، کە دنیای دەهەژاند، هەرگیز لە یادم دەرناچێت.
دوای ئەوە چوونە کوێ؟
لە گەڕەکی پیرمحەمەد گواستمانەوە بۆ ناوشار، لەوێ نزیک بووین لە کانیی شێخ بامۆک، کانیی شێخ بە هەمان شێوەی کانییەکەی کانیی عاشقان، کە کانییەکی جوان بوو و شەقامی پیاسەی بۆ کوڕ و کچ هەبوو و ئەمبەر و ئەوبەر کوڕان دەوەستان تا کچان تێدەپەڕین، لەوێش عەسران پیاسەیان دەکرد تا دەگەیشتنە کانیی شێخ و لەوێ دادەنیشتن.
دوای ئەو گەڕەکەش، گواستمانەوە بۆ گەڕەکێکی تر، لە پشتی یانەی مامۆستایانبوو، خاوەنەکەی ناوی حاجی غەفور بوو. حاجی غەفور و حاجی فەتحوڵڵا دوو پیاوی جوانی هەڵەبجە بوون، ئەوانیش بەر بۆردوومانی ساڵی 1974 کەوتن و ماڵەکانیان رووخا.
جیاوازیی ماڵەکەتان لە دەرەوەی شار و ناوشار چی بوو؟
کاتێک گواستمانەوە بۆ گەڕەکی سەرا، لای یانەی مامۆستایان، چووینە نهۆمی سەرەوەی خانوویەک، چوار ژوور بوو، خانووی پیاوێک بوو بەناوی ئەحمەد شیرین. دڵمان زۆر خۆش بوو کە ئیتر لە گەڕەکی گڵ و خۆڵ رزگارمان بوو. ئەو ماڵە بۆ ئێمە گەورە بوو، ئەوەندە کەلوپەلمان نەبوو پڕی بکەینەوە، بۆیە ژوورێکمان دابوو بە کرێ بە سێ خوشکی کریستیان، کە خەڵکی موسڵ بوون.
چییان دەکرد لە هەڵەبجە؟
یەکێکیان ناوی (باسمە) بوو، مامۆستا بوو، ئەوی تریشیان پەرستار بوو، مامانییشی دەکرد، خوشکێکی تریشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، ناوی ئەمیرە بوو، خوێندکار بوو. دایکم وەک کچی خۆی سەیری دەکردن. بۆ منیش زۆر خۆش بوو کە مامۆستایەک لە ماڵی ئێمەدا بوو. ئەم سێ خوشکە بۆ ماوەی سێ ساڵ لای ئێمە بوون.
لە رووی سیاسییەوە دۆخی هەڵەبجە چۆن بوو لەو سەردەمەدا؟
هەڵەبجە بەردەوام ئاژاوەی سیاسی تێدا بوو. یەکێک لەو شەڕانەی بیرم ناچێتەوە؛ئێمە لە گەڕەکی پیرمحەمەد بووین، ساڵی 1962-1963 بوو، هەڵەبجە بووبوو بە دوو بەشەوە، بەشێک بە دەستی پێشمەرگەوە بوو، بەشەکەی تری بەدەست حکومەتەوە بوو. بە فڕۆکە و هاوەن بۆردوومانیان دەکردین، ئێمەش منداڵ بووین و خزاندبوویانینە ژێرزەمینێکی ماڵی مامم، زۆر شێدار و تاریک بوو، خەریک بوو دەخنکاین. ژن و پیاو و منداڵ لەو تاریکییەدا کۆ دەبووینەوە، کارەبا نەبوو، ئێمەی منداڵ بەنهێنی دزەمان دەکرد و دەهاتینە دەرەوە بۆ ئەوەی دوای بۆردوومانەکە قەوانی گوللەی فڕۆکەکان کۆبکەینەوە و بیبەین بۆ ئەو پیاوەی کە کەلوپەل و کەوچکی پێ دروست دەکردن. کێبڕکێمان دەکرد کاممان زیاتر کۆدەکەینەوە، جارێکیان دەستم برد بۆ گوللەیەک هێشتا زۆر گەرم بوو، دەستمی سووتاند، دایکم پێی زانی و ئیتر رێگری لێ دەکردم بچم.
کاتێک بەیانی 11ی ئازاری 1970 دەرچوو، لە شار و شارۆچکەکان بوو بە ئاهەنگ و خۆشی، لە هەڵەبجە ئەوە چۆن بوو؟
یەکێکە لەو رۆژە خۆشانەی کە بیرم ناچێتەوە؛ هەموو کەس رژابوونە سەر شەقام و لە هەموو کۆڵان و کوچەیەک هەڵپەڕکێ و گۆرانی بوو. خولەی لوولەکژەن شمشاڵی دەژەند و یەکێکی تر کە تەپڵی لێ دەدا، لەم گەڕەک دەچوونە ئەو گەڕەک بۆ ئاهەنگگێڕان. کچ و کوڕ تێکەڵ بووبوون.
تا کەی ئەو دۆخە بەردەوام بوو؟
باری سیاسی و ئاسایش تا ساڵی 1973 زۆر خۆش بوو، بەداخەوە ئیتر لە ساڵی 1974 ژیان گۆڕا و دۆخەکە تێکچوو. ئەوەبوو قەڵادزێ بە بۆمبی ناپاڵم بۆردوومان کرا. لە هەڵەبجەش خەڵک بۆ رووداوێکی لەو شێوەیە خۆیان ئامادە دەکرد و کونەتەیارەیان دروست دەکرد. هەر فڕۆکەیەک دەهات، خۆمان دەشاردەوە، دەچووینە ژێرزەمینی ئەو ماڵانەی ژێرزەمینیان هەبوو، یان ئەو کونەتەیارانەی بۆ ئەو مەبەستەدروست دەکران.
کاتێکیش لە خوێندنگە بووینایە و ئینزار لێ بدرایە، ئێمەی منداڵەکان راماندەکردە کونەتەیارەکان، یان دایکان بەپەلە خۆیان دەگەیاندە خوێندنگە و دەستیان دەگرتین بەرەو ماڵەوە دەیانبردین.
قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ خوێندووە؟
سەرەتاییم لە هەڵەبجەی کچان خوێند، بەڕێوەبەرەکەمان خاتوو پەروینی حەمەی مەحمود ئەفەندی بوو، ماوەیەکیش خاتوو ناجیە بوو. تا شەشەم تەواو کرد هەر لەو خوێندنگەیە بووم. بۆ ناوەندییش چوومە ناوەندیی هەڵەبجەی کچان، یەک و دووم لەوێ خوێند، لە پۆلی سێی ناوەندی بووم کە شۆڕش دەستی پێ کردەوە لە ساڵی 1974، ئەوسا باوکم و برا گەورەکەم شیوعی بوون، وتیان ئێمە بڕوامان بەم شۆڕشە نییە و هەرەس دەهێنێت، ئێوە بچن بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی خوێندنتان لەدەست نەچێت.
مەبەستت چییە کە دەڵێیت ئێوە، هەر تۆ بوویت، یان خوێندکاری تریشت لەگەڵ بوو؟
ئێمە 10 کچی هەڵەبجەیی بووین، بەقاچاخ ناردیانین بۆ سلێمانی بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ، ئەو کاتە نزیکی تاقیکردنەوەی بەکەلۆری بوو. لە سلێمانی لە ماڵی پوورم بووم، لە ناوەندیی خانزاد تاقیکردنەوەکەم ئەنجام دا و نمرەیەکی باشم بەدەست هێنا.
لە ماڵی ئێوە هەر تۆ هاتیت بۆ سلێمانی؟
نەخێر، تەنیا دایکم و برایەکم لە هەڵەبجە مانەوە، پاشان ئەوانی تریش هەموویان هاتن بۆ سلێمانی و هەموومان خوێندکار بووین، بۆیە لە سلێمانی ماڵێکمان بە کرێ گرت.
دوای ناوەندیی چوویتە کوێ؟ بەردەوام بوویت لە خوێندن؟
باوکم وتی باری ئابووریمان باش نییە، دەبێت بچیتە خانە مامۆستایان. ئەوسا لە دهۆک خانەی مامۆستایان هەبوو، لە پۆلی دووی خانەی مامۆستایان بووم کە لە سلێمانییش خانەی مامۆستایان کرایەوە، ئێمە ئەوانەی خەڵکی سلێمانی و کەرکوکییەکانیش خۆمان گواستەوە بۆ سلێمانی، ئیتر ئەوەبوو پۆلی دوو و سێشیان کردەوە.
ئەی خوشک و براکانت؟
خوشک و برایەکیشم لە پەیمانگەی مامۆستایان بوون لە هەولێر.
کەی تەواوت کرد؟
ساڵی 1977 لە خانەی مامۆستایان دەرچووم.
دوای ئەوە دامەزرایت؟
بەڵێ، هەر ئەو ساڵە دامەزرام و چووم بۆ گوندی کانی هەنجیرە بۆ لای براکەم، کە ئەویش دەرچووبوو و دامەزرابوو. دواتر لەگەڵ خاڵۆزاکەم، کەمال حەمەدئەمین، هاوسەرگیریمان کرد.
ئەو کاری چی بوو؟
ئەویش مامۆستا بوو. ئەوکات لە کەوڵۆس لە ناوچەی سەیدسادق مامۆستا بوو، منیش خۆم گواستەوە بۆ لای ئەو. دوای ساڵێک گواستراینەوە بۆ سەیدسادق و لەوێ ماڵمان دانا و بووم بە بەڕێوەبەری خوێندنگەی سەرەتایی تا ساڵی 1981 بەڕێوەبەر بووم.
ماوەی چەند مامۆستاییت کرد؟
هەشت ساڵ مامۆستایەتیم کردووە.
یەکەم منداڵتان کەی لەدایک بوو؟
لە ساڵی 1980 کوڕێکم بوو، ناومان نا رۆژگار.
تا کەی لە سەیدسادق مانەوە؟
لە ساڵی 1981 هاتینە سلێمانی و لە پشت سەرا خانووەیەکمان بە کرێ گرت.ئەوەندەی نەبرد هاوسەرەکەم بۆ سەربازیی بانگ کرا، شەڕی عیراق و ئێران بوو.
بوو بە سەرباز؟
نەخێر، سەربازیی نەکرد، هەرچی هەمانبوو فرۆشتمان و چووین بۆ هەڵەبجە و لەوێوە بە رێگەی قاچاخ چووین بۆ شاخی سوورێن، کەسوکار و هاوڕێی خۆمانی لێ بوو، یەک شەو ماینەوە و بەرەو ئێران رۆیشتین. چووینە مەریوان بۆ ماڵی کچێکی مامم کە لەوێ شووی کردبوو، شەش مانگ لەوێ ماینەوە.
دوای ئەوە چیتان کرد؟
دوایی وتیان لە هەندەران خەڵک وەردەگرن، ئێمەش بەرەو تاران بەڕێ کەوتین. خۆمان رادەستی دەوڵەتی ئێران کردبوو، بۆیە ئێمەیان بردە ئۆردووگایەکی زۆر خۆش، ناوی پارکی ئیرەم بوو. لەو شوێنە شەش مانگ ماینەوە و خزمەکانیشمان، وەک پوورزا و خاڵۆزا، هاتبوون بۆ هەمان مەبەست.
دوای شەش مانگەکە رۆیشتن؟
نەخێر، بەهۆی کێشەی پاسپۆرتەکانمانەوە کە ساختە بوون، نەیانهێشت بڕۆین، شەش مانگی تر ماینەوە. دواتر وتیان لە تورکیا ڤیزە دەدەن. لەگەڵ کۆمەڵێکی هاوشێوەی خۆمان بە پاسێک رۆیشتین بەرەو تورکیا، لەوێ بە ڤیزەی دیمەشق چووینە ئەڵمانیای رۆژهەڵات. کاتێک گەیشتینە ئەڵمانیا، لەوێ نەیانهێشت بەرەو سوید بڕۆین و ئێمەیان خستە ناو کەمپێکی سەربازییەوە و لەوێ ماینەوە.
دۆختان چۆن بوو لەو کەمپەدا؟
بارودۆخمان زۆر خراپ بوو.
باشە لەوێ مانەوە، یان رۆیشتن بۆ وڵاتی تر؟
گەڕاینەوە بۆ عیراق.
چۆن؟
سەدام لێبووردنی سەربازیی دەرکرد، بە هاوسەرەکەم وت بڕۆ خۆت رادەست بکە،ئیتر توانام نەماوە. چەند وتی ئەم رژێمە جێی باوەڕ نییە، بەڵام وتم من تەواو ئیتر بەرگە ناگرم. لەبەر من گەڕاینەوە.
بە چ شێوازێک گەڕانەوە؟
چووین بۆ باڵیۆزخانەی عیراق و خۆمان رادەست کردەوە.
بە رۆیشتن و گەڕانەوە چەندتان پێ چوو؟
ئەم بگرەوبەردە و هاتوچۆیە ساڵێک و دوو مانگی خایاند. باڵیۆزخانە بە فڕۆکە ئێمەیان گەیاندە بەغدا، دیسانەوە خانوومان بە کرێ گرت و دامەزراینەوە.
باشە هاوسەرەکەت بانگ کرایەوە بۆ سەربازی، یان نا؟
بەڵێ، لە ساڵی 1984 موالیدی هاوسەرەکەم بۆ سەربازی بانگ کرایەوە.
ئەى ئەم جارەیان چی کرد؟
وتی من دەچمە هەڵەبجە و یەک رۆژ لەم وڵاتە دانانیشم.
تۆش لەگەڵی چوویت؟
منیش کەلوپەلەکانم فرۆشت و چووین بۆ هەڵەبجە. هەڵەبجە بووبوو بە لانکەی سەربازی فیرار، چوار مانگی پێ چوو تا گەیشتینە تاران. لە تاران هاوسەرەکەمیان گرت، وتیان ئەم هەموو ئەمسەر و ئەوسەرە چییە دەیکەن. پاش چەند مانگێک ئازادیان کرد و بەرەو ئەڵمانیای رۆژئاوایی رۆیشتین و لەوێوە بە شەمەندەفەر چووین بۆ سوید، لەوێ ئیقامەمان بۆ دەرچوو و لە ئیسکلستوونا جێگیر بووین.
ئەو کاتەی هەڵەبجە کیمیاباران کرا، هەستتان چۆن بوو کاتێک لە غەریبیدا ئەو هەواڵەتان بیست؟
کاتێک لە ساڵی 1988 کیمیابارانی هەڵەبجە کرا، بۆ ئەوانەی کە لە دەرەوە بووین، ئازارێکی زۆر ناخۆش بوو. پەیوەندیمان لەگەڵ هەڵەبجە پچڕابوو، بۆیە بەناچاری بۆ هەواڵپرسینی کەسوکار و دۆستان پەیوەندیمان بەو خزمانەوە دەکرد کە لە ئێران بوون، هەروەها بە سلێمانیشەوە، ئێمە بووبووین بە پردی پەیوەندی لە نێوان سلێمانی و ئێران.
یەکێک لە هەواڵە ئازاربەخش و ناخۆشەکانی ئەو کارەساتە کە لە سوید بیستم، بەرکەوتن و شەهیدبوونی دادە بەهیە بوو، ئەو ژنە دراوسێیەمان کە پێشتر باسم کرد، بەداخەوە لە کیمیابارانەکەدا بەمردوویی لە کۆڵان دۆزرابووەوە.
لە خێزانەکەی ئێوە کەس لەوێ بوو لەو کاتەدا؟
بەڵێ، هەڵاڵەی خوشکم لەوێ بوو، ئەوەی دەرچووی زانکۆی موسڵ بوو، مامۆستا بوو لە هەڵەبجە. بیستبوومان ئەو شوێنەی هەڵاڵەی تێدا دەژیا بەر کیمیاوی کەوتووە، بەڵامدوای چەند رۆژێک لە ئێرانەوە تەلەفۆنیان کرد وتیان هەڵاڵە و دووان لە هاوڕێکانی گەیشتوونەتە ئەوێ.
چۆن رزگاری بووبوو؟
کاتی بۆردوومانەکە چووبوونە ژێرزەمینێک، لەوێ گازی کیمیاوی لێیان دەدات و چاویان وێران دەبێت. هەرچۆنێک بێت کە شەو دادێت ئامۆزایەکم پشتێنی جلە کوردییەکانی دەکاتەوە و ئەوانەی کە چاویان زیانی پێ کەوتووە، یەک بە دوای یەکدا پشتێنەکە دەگرن و بەسەر شاخەکەدا بەدوای خەڵکەکەدا بەرەو عەبابەیلێ دەڕۆن.
لە سوید کاری چیت دەکرد؟
کە گەیشتینە سوید، سەرەتا دەستمان کرد بە کۆرسی زمان و لە ساڵی 1989 کۆرسەکەمان تەواو کرد. دواتر چوومە پەیمانگەیەک بەناوی (ئاموو سەنتەر) بۆ فێربوونی کار، دوای ئەوەی تەواوم کرد، لە کارگەیەکی (قفڵ و کلیل) دامەزرام و لەوێ کارم دەکرد.
کەسی نزیکتان لەگەڵ بوو؟
ئێمە و ماڵی شووبراکەم، کە خاڵۆزاشمە و هاوسەرەکەشی پوورزامە، بەیەکەوە دەژیاین.
هەر لەو شارەدا مانەوە؟
نەخێر، دوای ئیسکلستوونا چووینە شاری کونگێڵف، کە 20کم لە یۆتۆبۆرییەوە دوور بوو. چەند هاوڕێیەکی منداڵیم لەوێ دەژیان و کەسوکاریان بە کارەساتی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە تیاچووبوون.
لەوێ چ کارێکت دەکرد؟
لەوێ کۆرسێکی دوو ساڵیم لەسەر پەروەردەی منداڵ خوێند و لە دامەزراوەیەکی پێش قۆناغی خوێندندا کارم دەکرد. لەوێ شوێنی کارەکەم زۆر باش بوو.
زۆر مانەوە؟
ماوەی 15 ساڵ لەوێ ماینەوە.
لە سوید لەناو هیچ حزبێکی سیاسیدا کارت کردووە؟
بەڵێ، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەناو پارتی سۆشیال دیموکراتی سویدیدا کاری رێکخراوەییم کردووە.
کوردەکان پێکەوە کۆدەبوونەوە؟
بەڵێ، هەر لەو شوێنە رۆژێک بە ژنە کوردەکانم وت ناکرێت ئەوەندە لە یەکتر دوور بین و یەک نەبینین، پێم وتن "لێرە رێکخراوێک هەیە هەمەلایەنە و بۆ هەموو کەسێک دەبێت، با قسەیان لەگەڵ بکەین و ئێمەش بەشدار بین". بیرۆکەکەم لەگەڵ رێکخراوەکە باس کرد، پێم وتن کە ئێمە چەند ژنێکی کوردین و دەمانەوێت لە رێکخراوەکەدا بەشدار بین. ئەوانیش پێشوازییان لێ کردین.
بیرتان لەوە نەکردەوە رێکخراوێکی تایبەت بە خۆتان دروست بکەن؟
هەر وامان کرد؛ لە ساڵی 2000 پەیوەندیم کرد بە (ئێکس کڤینوور) لە شاری کونگێڵف، لەو شارەی لێی دەژیاین، هاوکارمان بوون رێکخراوێکی بچووکمان دروست کرد و لە رۆژنامەیەکدا بانگەوازێکمان نووسی کە ئێمە ژنی کوردین و دەمانەوێت تێکەڵ بە ژینگەی سویدی بین، هەرکەسێک دەیەوێت پەیوەندیمان پێوە بکات. ژمارەی تەلەفۆنمان بڵاو کردەوە. ئێستاش رۆژنامەکەم ماوە. ئەوەندەی نەبرد ژنان لە نەتەوەی جیاواز پەیوەندییان پێوە دەکردین و حەفتانە جارێک کۆدەبووینەوە،خواردن و قاوە و چامان دەبرد و هەریەکەمان باسی کولتوور و ژیانی خۆمانمان دەکرد، کاتێکی خۆشمان بەیەکەوە بەسەر دەبرد. هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ رێکخراوی تریش پەیدا کرد.
چ جۆرە پەیوەندییەک؟
بۆ نموونە؛ لەو پەیوەندییانەدا ژنێکم ناسی بەناوی (مارلین بلاد)، لە کۆمەڵەی فێرخوازیی کرێکاران (ABF) کاری دەکرد، پێشنیاری بۆ کردم کە پرۆژەیەک بنووسین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندیی لە نێوان ژنانی عیراق و سوید دروست بکەین. مارلین زۆر شارەزای نووسینی پرۆژە بوو، بۆ ئەو مەبەستە دوو شەو لە ماڵیان مامەوە کە لە گوندێکدا بوو، من قسەم دەکرد و ئەو دەینووسی. تا گەیشتینە 1995-1996 لەو ماوەیەدا چەند سەفەرێکم کرد بۆ کوردستان، هەر جارێک دەهاتمەوە پەیوەندیم بە چەند کەسایەتییەکی ژنەوە دەکرد، لەوانە: خاتوو کافیە سلێمان، خاتوو رووناک رەئوف و خاتوو رووناک فەرەج... هەروەک سەردانی شەڵتەرەکانی ژنانم دەکرد، هەروەها چوومە هەولێر و پەیوەندیم بە خاتوو شیرین ئامێدی و رێکخراوێکی ترەوە کرد کە تازە دروست بووبوو. ئەوان هەرچییەکیان پێشنیار بکردایە دەمنووسی و دەمبردەوە، تا ئەوە بوو پرۆژەیەکی 10 لاپەڕەییمان ئامادە کرد. خۆشم زۆر سوودم لێ وەرگرت، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتینە ئامانج، خاتوو مارلین وتی: "دەنگۆی ئەوە هەیە ئەمەریکا پەلاماری عیراق بدات، من نامەوێت بێم".
کەی گەڕانەوە بۆ کوردستان؟
تا 2004 ئێمە لە کونگێڵف ماینەوە. رۆژێک هاوسەرەکەم وتی من بەیەکجاری دەگەڕێمەوە. وتم باشە. کوڕە گەورەکەم لە زانکۆ بوو، جێمان هێشت و کوڕ و کچەکەی ترمان هێنایە و گەڕاینەوە.
ئەو کوڕ و کچەت لێرە لەگەڵتان مانەوە؟
دوای دوو ساڵ کوڕەکەم لە کوردستان بەرگەی نەگرت و رۆیشتەوە، لای شووبراکەم دەژیا، بەڵام کچەکەم مایەوە.
کەی پرۆژەی ئامێزت دەستپێکرد؟
دوای ساڵێک مانەوە لە کوردستان، دەستم کرد بە پرۆژەی ئامێز.
پرۆژەکە چی بوو و چۆن دروستت کرد؟
ساڵی 2005 چووم بۆ لای کاک عزەدین بەرواری، بەرپرسی لقی چواری پارتی، بەحوکمی ئەوەی هاوسەرەکەم ئەندامی پارتی بوو و لە سوید لەگەڵ خێزانەکەیاندا هاتوچۆمان هەبوو. کاتێک پێم وت وا هاتوومەتەوە دەمەوێت ئیش بکەم، وتی بڕۆ بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان. چووم و ماوەیەک لەوێ بووم، خەڵکی باشم ناسی. دواتر چوومەوە بۆ لای وتم داوای لێبووردن دەکەم، من ناتوانم لەم کارە بەردەوام بم، دەمەوێت بیرۆکەی خۆم بەئەنجام بگەیەنم، پرۆژەیەکی خۆمم پێیە، دەمەوێت سەنتەرێک بکەمەوە بۆ ژنان، هاوشێوەی یانەیەکی ژنان بێت و لەوێ کۆبینەوە ئاڵوگۆڕی بۆچوون و راکانیان بکەن، هەروەها لەوێدا بە خواستی خۆیان بابەتی خولی فێرکارییان بۆ دەکەینەوە. پێشوازی لە بیرۆکەکەم کرد و وتی زۆرباشە.پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە کرد بۆ ئەوەی مۆڵەت وەربگرم. پاشان توانیم لە بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتەکە وەربگرم. وەزارەتی ناوخۆ ئەوسا بودجەی بۆ رێکخراوەکان هەبوو، بودجەیەکیان بۆ بڕینەوە بەپێی ئەو دەرخستەیەی کە خۆمان بۆمان دیاری کردبوون بۆ ئیدارەدانی ئەو شوێنە.
چۆن و لە کوێدا دەستتان بە کارەکانتان کرد؟
خانوویەکمان بەکرێ گرت و پێنج کەسی لێهاتووی خاوەن بڕوانامە و رۆشنبیریمان دامەزراند، هەرچەندە لایەنی حزبی ویستیان دەست بخەنە کارەکانمانەوە، بەڵام من نەمهێشت، وتم ئەمە رێکخراوێکی حزبیی نییە و نابێت دەست لە کاروبارەکانمان وەربدەن، دەنا کلیلەکە تەسلیم دەکەمەوە و وازدەهێنم.
وانە و کۆرسەکان تەنیا لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەتانەوە دەوترانەوە، یان کەسایەتی رۆشنبیر و شارەزاش کۆرسیان بۆ دەکردنەوە؟
کەسانی رۆشنبیریش کۆرسیان دەوتەوە، بۆ نموونە؛ کاتێک خولی پێگەیاندنی کارمەندی باخچەی ساوایانمان هەبوو، لەسەر سیستمی سویدی، زۆر خەڵک دەهاتن و کۆرسیان دەوتەوە، لەوانە: هیوا قادر، کە نووسەری چیرۆکی منداڵانە، چەند رۆژێک کۆسی کردەوە و فێری دەکردن چۆن چیرۆکی منداڵان بنووسن، هەروەها یاسین ئافتاو و هێمن قەرەداخی...
لەگەڵ رێکخراوەکانی تر پەیوەندیتان چۆن بوو؟
لەو ماوەیەدا پرۆژەی زۆر جوانمان کرد و هەماهەنگیی باشمان لەگەڵ رێکخراوەکانی تر هەبوو، وەک: خانزاد، شار، CDO و هتد... بەیەکەوە کۆدەبووینەوە و پلان و بەرنامەمان دادەڕشت، بە وێنە و دۆکیۆمێنت هەموویم هەیە. لەگەڵ یەکێتیی ژنان و ئافرەتانیش کارم دەکرد، تەنیا لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکان کارم نەکردووە.
بەتەواوی لێرە جێگیر بوون، یان دەگەڕانەوە بۆ سوید؟
لە ساڵی 2006 کچەکەم نەخۆش کەوت و بەناچاری گەڕامەوە بۆ سوید، بەڵامهاوسەرەکەم لە کوردستان مایەوە. لە پشووەکاندا منیش دەگەڕامەوە بۆ کوردستان، هەر جارە پرۆژەیەکی تازەم پێ بوو، هەندێک جار سویدییەکانیش لەگەڵمدا دەهاتن. بۆ نموونە؛ لە ساڵی 2010 تیمێکی 10 کەسی لە سویدەوە لەگەڵمدا هاتن و تا دهۆک رۆیشتن، لە هەموو شوێنەکان کۆڕ و سیمینارمان دەبەست لەسەر مافی ژن و ئەو جۆرە بابەتانەی کە زۆر دووبارە دەبوونەوە.
پەیوەندیتان لەگەڵ رێکخراوی بیانی هەبوو؟ هاوکاریی داراییان دەکردن؟
بەڵێ، لە ساڵی 2009 پەیوەندیم بە رێکخراوی (ژن لەپێناو ژن)ی سویدییەوە کرد، پێم وتن کە بودجەمان نەماوە وا خەریکە لقی ئامێز لە سلێمانی دادەخرێت. وتیان باشە ئێمە یارمەتیتان دەدەین، بەڵام لە سلێمانی نا، بەڵکوو لە هەڵەبجە. وتم کێشە نییە، ئێمە بنەمای لقێکمان لە هەڵەبجە هەیە، پێویست دەکات پەرەی پێ بدەین. ئیتر لە ساڵی 2011 لەگەڵ رێکخراوی (ژن لەپێناو ژن) کەوتینە کار.
هاوکارییەکەیان تا چ ئاستێک بوو؟
لە ساڵی 2011 نزیکەی شەش مانگ یارمەتییان داین و لە ساڵی 2012 بەتەواوی هەموو بودجەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان.
تەنیا هاوکاریی داراییان دەکردن؟
نەخێر، کارمەندانی رێکخراوی (ژن لەپێناو ژن)ی سویدی دەهاتنە هەڵەبجە سەردانیان دەکردین، هەروەها راپۆرت و وێنەکانمان بۆ دەناردن و ئەوانیش پرۆژەکانیان بەسەر دەکردینەوە و کۆڕ و سیمیناریان بۆ خۆمان و خەڵکەکە دەکردەوە. یەکێک لە کارمەندەکانی (ژن لەپێناو ژن)، ناوی ئێمیلیا لیندمار بوو، کەسێکی زۆر چالاک بوو، لە هەولێر دادەنیشت و سەرپەرشتی چەندین پرۆژەی رێکخراوی تریشی دەکرد جگە لە ئێمە، کە ئەوان هاوکاریی مادی و لۆجستیشیان دەکردین. چەند جارێک سەردانی هەڵەبجەی کرد بۆ سەرپەرشتی خولەکان و یەکسەریش دەگەڕایەوە.
لە هەڵەبجەش لە خانووی کرێدا بوون؟
بەڵێ، لەو ماوەیەدا سێ خانوومان کرد، هەر ماڵێک خانوومان لێ بگرتنایە، دوای ماوەیەک دەیانزانی رێکخراوین بیانوویان پێ دەگرتین، یەکێک دەیوت بزمار دامەکوتن، یەکێک داوای کرێی زیادەی دەکرد.
هەوڵتان نەدا شوێنێکی تایبەت بە خۆتان دەستەبەر بکەن؟
من باپیرم دەوڵەمەند بوو، زەوی و ئاو و بەراوی زۆری هەبوو، بەعس داگیری کردبوون. دوای ئازادکردنی کوردستان وەرمانگرتنەوە و منیش پارچەیەکم بەر کەوت، هەرچۆنێک بێت توانیمان خانوویەک دروست بکەین، وامان دروست کرد کە بۆ ئەو رێکخراوە بگونجێت، ئیتر گواستمانەوە ئەو خانووە و لە کرێچێتی رزگارمان بوو.
چالاکی و خولەکانتان تا کەی بەردەوام بوو؟
تا ساڵی 2016 بەچڕی خولی تێدا دەکرایەوە.
خولەکان زیاتر لە چ بوارێکدا بوون؟
خولەکانمان زۆربەی زۆری خولی دوورمان و نەهێشتنی نەخوێندەواری بوون، هەروەها لە کاتی خولەکاندا زانیاریی رۆشنبیری و تەندروستیشمان پێ دەدان، وەک رۆڵی ژن لەناو کۆمەڵگە.
تەنیا لە هەڵەبجە خولتان دەکردەوە؟
نەخێر، خولەکان تەنیا لە هەڵەبجە نەبوون، بەڵکوو لە عەبابەیلێ، ئاوایی رۆستەم بەگ، هەروەها گوندەکانی دەوروبەر لە دوجەیلە و سیروان...
لای تۆ گرنگترین پرۆژە ئەنجامت دابێت، کام پرۆژەیە بوو؟
لە ساڵی 2015 ئێمیلیا پێی وتم تۆ وتووتە خەونێکی گەورەم هەیە، پێم بڵێ خەونەکەت چییە؟ منیش وتم نامەوێت چالاکییەکانمان تەنیا لەم جۆرە پرۆژانەدا بمێنێتەوە، دەمەوێت پرۆژەی گەورەترمان هەبێت. وتم دەمەوێت خوێندنگەیەک لە بابەتی خوێندنی (خوێندنی باڵای میللی – فۆلک هیۆگ سکوڵان)ی سویدی دروست بکەین، کە جۆرێکە لە خوێندن بۆ گەوران، بەتایبەتی ئەوانەی لە خوێندن دابڕاون، بۆ ئەوەی بتوانن بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن و کاری پێ بکەن. هەرچەندە ئەوانەی لە خولەکانی ئێمە دەردەچوون، بڕوانامەمان پێ دەدان و دەیانتوانی کاریان دەست بکەوێت، چەندین کەسیان توانییان ببنە خاوەن کاری خۆیان.
کێشەتان چی بوو لە کردنەوەی ئەو جۆرە خوێندنگەیەدا؟
مۆڵەتوەرگرتن بۆ کردنەوەی ئەو خوێندنگەیە زۆر ئەستەم بوو، چونکە دامەزراوەکانی کوردستان لەسەر ئەو جۆرە خوێندنە زانیارییان نەبوو و لێمان تێنەدەگەیشتن، وایان دەزانی جۆرێکە لە زانکۆ یاخود پەیمانگە، هەتا جارێکیان بۆم باس کردن وتمسەرۆکی تەنزانیا چووەتە لای ئۆلف پاڵمێ (سەرۆکوەزیرانی سوید لە 1982-1986)پێی وتووە ئێوە وڵاتتان بەم جۆرە خوێندنە پێش خستووە و دەمەوێت هاوکارمان بن بۆ کردنەوەی خوێندنگەی لەو جۆرە لە وڵاتی ئێمە. ئیتر سوید هاوکارییان دەکات و دەیان خوێندنگەی لەو جۆرەیان بۆ دەکەنەوە.
ئێوە چیتان کرد بۆ ئەو مەبەستە؟
لەگەڵ ئێمیلیا پەیوەندیمان بە دوو کارمەندی (فۆلک هیۆگ سکوڵان)ەوە کرد بەناوی (کاتەرینا) و (پییا)، ئەوان وتیان پێش ئەوەی ئەم دامەزراوەیە بکەنەوە، بابچین سەردانی تەنزانیا بکەین، بۆ ئەوەی ئەزموونەکانیان بە چاوی خۆتان ببینن و سوودی لێ وەربگرن. ئیتر رەزامەندی (ژن لەپێناو ژن)مان وەرگرت بۆ سەفەرەکەمان و کچێکی هەڵەبجەییم لەگەڵ خۆم برد بەناوی (پەیام)، کە تەمەنی 24 ساڵ بوو. ئەو سەفەرەمان زۆر سوودبەخش بوو. 10 رۆژ لە تەنزانیا سەردانی هەموو پەیمانگەکانی (فۆلک هیۆگ سکوڵان)مان کرد و بە چاوی خۆمان بینیمان چۆن ئەم هەموو خەڵکە دەخوێنن و دواتر دەیانخەنە ناو کار، ئەو هەموو پێشکەوتن و پرۆژانەمان دەبینی کە دەرچووانی ئەو پەیمانگانە کردبوویان. بەشێک لەو پرۆژانە بۆ ژنانی تەنیا بوون، کە خۆیان سەرپەرشتی ماڵەوەیان دەکرد، هەروەها بینیمان چۆن لە تەپاڵە و پاشەڕۆی مانگا گاز دروست دەکەن بۆ بەکارهێنانی پێداویستییەکانی ناوماڵ.
مۆڵەتەکەتان وەرگرت؟
بەڵێ، گەڕاینەوە بۆ هەولێر و چووینە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لە هەموو دەرگاکانمان دا بۆ مۆڵەت وەرگرتن، سوودی نەبوو، لێمان تێنەدەگەیشتن. دواتر سەردانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیمان کرد، ئەوسا (عارف چیتۆ) وەزیر بوو، وتی: "ئەو سیستمە لای ئێمە نییە، بەڵام من دەتوانم وەک خوێندنگەیەکی پیشەیی مۆڵەتتان بدەمێ"، ئیتر بەو شێوەیە وەرمانگرت.
هەستت چۆن بوو کە مۆڵەتەکەیان دایتێ؟
وێنەیەکم هەیە لەبەردەم وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لەو کاتەدا کە دێمە دەرەوە و مۆڵەتەکەم بەدەستەوەیە، بەرزم کردووەتەوە و دەقیژێنم: "لە کۆتاییدا وەرمگرت". هاوسەرەکەم وێنەکەی گرتووم.
چۆن دەستتان بە کار کرد و سەرەتا چەند کەستان وەرگرت؟
ئیتر دەستمان کرد بە ئامادەکاری. کاک سەلام عومەر کوڕێکی بەتوانا بوو، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی و ماستەری لە بزنسدا هەبوو، بوو بە بەڕێوەبەری خوێندنگەکە. لەسەر داوای مامۆستا سەلام، مەرجی وەرگرتنمان قورس کردبوو، چونکە وتی ئەگەر مەرجەکانمان قورس نەکەین، ئەوا خەڵکێکی زۆر روومان تێ دەکەن و نادادپەروەری دروست دەبێت. ئیتر بڕیارماندا 25 کچ وەربگرین.
مەرجەکان چی بوون؟
بۆ نموونە؛ یەکێک لە مەرجەکان ئەوە بوو ئەو کچانە وەردەگیران کە بەهۆی شەڕ و ئاوارەییەوە (7-8) ساڵ دابڕابن لە خوێندن و توانای بەردەوامبوونیان نەبوو، هەروەها چەند کچێکی دەرچووی زانکۆشمان وەرگرت.
هەستتان دەکرد خواست هەبێت بۆ پرۆژەی لەو جۆرە؟
کاتێک پرۆژەی لەم جۆرە دەکەیت، ئینجا دەزانیت ئەم گەلەی ئێمە چەند تینووی رۆشنبیری و فێربوون و کارکردنی هەیە.
رێکخراوە سویدییەکەتان ئاگادار دەکردەوە لە کاروبارەکانتان؟
بەڵێ، لە کاتی پرۆژەکەدا ساڵی دوو جار دەگەڕامەوە بۆ سوید بۆ سەردانیرێکخراوی (ژن لەپێناو ژن)، چونکە ئەوان هاوکارمان بوون، دەبوایە راپۆرتیان بدەینێ. هەروەها رێکخراوی (سیداو) هاوکاریی مادیی (ژن لەپێناو ژن)ی دەکرد بۆ پرۆژەکەی ئێمە، لەبەر ئەوە دەبوایە زانیاریی زۆر ورد بدەین بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
هەروەها جارێک شاندێکمان بۆ سوید بانگهێشت کراین، لە 10 کەس پێکهاتبووین،لەوانە: سەلام، کوێستان، سۆران و سێ کچ لە ستافەکەمان، تەنانەت شۆفێرەکەشمان، کە دایکی لە کیمیاوییەکەدا تیاچووبوو. 10 رۆژ لەوێ ماینەوە و سەردانی پرۆژەکانی (فۆلک هیۆگ سکوڵان) و خودی خوێندنگەکەشمان کرد.
خۆت سەرپەرشتیی پرۆژەکەت دەکرد؟
بەڵێ، تا ئەوە بوو لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 جەڵتە لێی دام، ئەگەر لە ماوەی پێنج خولەکدا نەگەیشتمایەتە نەخۆشخانە، دەمردم. لەوێ شەبەکە و باڵۆنیان بۆ دانام، ئیتر بەناچاری بۆ چارەسەر گەڕامەوە بۆ سوید. لەوێش سێ شەبەکە و باڵۆنیان بۆ دانام.
دوای ئەوە گەڕایتەوە؟
بۆ ئاهەنگی دەرچووان گەڕامەوە. 25 کچ وەرگیرابوون بۆ خوێندنی چاودێریی منداڵان، دوو مانگ لێیان دوور بووم و هاتمەوە، مەنهەجەکەی خۆم تەواو کرد. رۆژ دەرچوونی خوێندکارەکان، رۆژێکی ئێجگار خۆش بوو.
ئەو پرۆژەیە تا کەی بەردەوام بوو؟
بەداخەوە، هەرچەندە رێکخراوی (ژن لەپێناو ژن) زۆر مەدحی پرۆژەکەیان کردین، بەڵام ئێمیلیا رۆیشتەوە بۆ سوید و کەسی تریشیان بۆ دانەناین، گرووپێکی تازەیان بۆ دانابووین و کێشەی فەندیان بۆ دروست کردین، منیش نەخۆشییەکەمی بەسەردا هاتبوو، پێویستم بە پشوو هەبوو، وتم ناتوانم بەردەوام بم، دەبێت بگەڕێمەوە بۆ سوید. وتیان تۆ خاوەنی پرۆژەکەیت، ئەگەر بەردەوام نەبیت، ئەوا دایدەخەین.
جگە لەو پرۆژەیە، باسی هەندێک لە کار و چالاکییەکی دیکەتمان بۆ بکە...
یەکێک لە چالاکییەکانمان ئەنجامدانی سیمینار بوو بۆ کچێکی ئەڵمانی، کە ناوی کریستیانا سێهاڵس بوو، لە کوردستان لە رێکخراوێکدا کاری دەکرد، رێکخراوەکە سەر بە ئۆسلۆ بوو، لەو رێکخراوەدا کچێکی کوردی خەڵکی سلێمانی لێ بوو، بەهۆی ئەوەوە شارەزایی زۆری لەسەر کورد پەیدا کردبوو. ناوبانگی رێکخراوەکەی ئێمەی بیستبوو، پەیوەندیی پێوە کردم. ئەو ژنە لە بواری دیالۆگدا شارەزا بوو، دیالۆگ لە نێوان کەسەکان، گرووپ و حزبەکان. وتی دەمەوێت بێم سیمینارێکتان بۆ بکەم. لە رێکخراوی ئامێز پێشوازیمان لێ کرد، ئەوسا بەس لە هەڵەبجە بووین و سلێمانیمان نەمابوو، کریستیانا دەهاتە هەڵەبجە و بە سێ چوار شەو لە ماڵی ئێمە دەمایەوە، هەر جارە گرووپێکمان بانگ دەکرد و سیمیناری بۆ دەکردن. جارێکیان هەموو حزبە سیاسییەکان و کەسایەتییە باڵاکانمان لە هەڵەبجە بانگهێشت کرد، تەنانەت ئیسلامییەکانیش، رۆژێکی زۆر ناوازە بوو، فێری دەکردن چۆن لەگەڵ یەکدا بدوێن و گفتوگۆ بکەن. هەروەها لەناو زانکۆ و رێکخراوە ناحکومییەکانیش سیمیناری دەگرت.
پرۆژەیەکی تریشمان، لەسەر بڕوابەخۆبوون بوو، کچێکی هاوڕێم بەناوی کیودرین تیبێک، ئێمە پێمان دەوت "تیبە"، هات بۆ هەڵەبجە، هەشت رۆژ لای من مایەوە، کۆسی (بڕوابەخۆبوون، چۆن هەوڵ بدەیت سەرکەوتوو بیت، چۆن جەستە و تەندروستیی خۆتت لا گرنگ بێت)ی دەوتەوە، کچەکان زۆریان خۆش دەویست، دەیانوت دەمانەوێت وەک تۆ بین، چونکە کەسێکی زۆر سەرکەوتوو بوو.
هەروەها پرۆژەیەکی ترمان هەبوو لەسەر کتێب خوێندنەوە و کتێبخانە، پرۆژەکە جگە لە دروستکردنی کتێبخانە، پێشبڕکێیەکیشمان هەبوو لە نێوان بەشداربوواندا، دەربارەی ئەوەی لە ماوەی مانگێکدا هەر بەشداربوویەک بتوانێت پێنج کتێب بخوێنێتەوە و کورتکراوەی خوێندنەوەکەی، بۆچی مەبەستێک نووسراوە، کەی نووسراوە و بۆچوونی خۆشی و وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە. هەموو مانگێکیش لیژنەی هەڵسەنگاندن هەبوو، ئیتر ئاهەنگێکی خنجیلانەمان ساز دەکرد و یەکەم و دووەم و سێیەم لە باشترین نووسین، پاداشتێکی رەمزیی وەردەگرت، هەروەها کتێبخانەیەکی جوانمان لە هەڵەبجە دروست کرد. زۆربەی نووسینی ئەو کچانە ماون و هەڵمگرتوون.
لە بواری ژینگەشدا، کچەکانمان دەبردە سەیران و گەشت، بە هەلمان دەزانی لەسەر راگرتنی پاکیی ژینگەی دەوروبەرمان زانیارییان پێ بدەین.
لە سلێمانییش لە ساڵی 2005-2006 دوای دامەزراندنی رێکخراوی ئامێز، لەو کچانەی کە بەردەوام دەهاتن بۆ رێکخراوەکەمان، سێ گرووپمان دروست کرد، هەر گرووپە بەرپرسێکی هەبوو؛ گرووپی شانۆ، خاتوو رۆشنا ئەحمەد رەسوڵ بوو، کە فەلسەفەی لە بەغدا تەواو کردبوو، گرووپی هەڵپەڕکێ، کاک جووتیار بوو، لە تەلەڤزیۆنی زاگرۆسیش کاری دەکرد، هەروەها کاک ئەحمەد کە دەرهێنەر بوو. بە یارمەتیی ئەمانە توانیمان لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێکخراوەکەدا ئاهەنگێکی قەشەنگ لە سەنتەری گەنجان لە بەختیاری ساز بکەین و تیایدا سێ نمایشی هەڵپەڕکێ و سێ شانۆ و دانسێکی رۆک ئەنجام دران. چالاکییەکە لەلایەن هەندێک تەلەڤزیۆنەوە پەخش کرا، هەندێکیشیان نەهاتبوون، بەداخەوە، وایاندەزانی سەر بە پارتین، بەڵام خۆشبەختانە کەشێکی سویدیی دیموکراسیانەمان دروست کردبوو.
کام لە بیرەوەرییەکانی ئەو ماوەیە بە لاتەوە سەرنجڕاکێشە و بەردەوام لە یادەوەریتدایە؟
لە ساڵی 2008-2009 کاتێک خولەکانی هاوین دەکرانەوە و تەواو دەبوون، ئاهەنگی دەرچوونمان دەکرد، کاتێک میوزیکی هەڵپەڕکێ لێ دەدرا، کچەکان هەڵدەپەڕین و لەچکەکانیان دادەکەند. منیش پێم وتن دەزانن ئەمە لە پەخشی تەلەڤزیۆندا بڵاو دەبێتەوە؟ وتیان مامۆستا قەیچێکا. زانیم ئەم لەچکانە لە توندڕەویی ئایینییەوە نییە، بەڵکوو کولتوورێکە بڵاوبووەتەوە، هەڵەبجە هەر هەڵەبجەکەی جارانە، کە ژن مافی خۆی تێدا ئەنجام داوە، کولتوور و رەسەنایەتی خۆیان هەر ماوە، ئەوەش ئارامییەکی زۆری پێ بەخشیم.
بێگومان هیچ کارێک بێ کێشە و گرفت نابێت، ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕووی ئێوە دەبوونەوە چی بوون؟
یەکێک لەو کێشانەی رووبەڕوومان بووەوە؛ ئەو کاتە بوو کە پرۆژەیەکی خولی فێربوونی شۆفێریمان بۆ ژنان کردبووەوە. نووسینگەی تری فێربوونی شۆفێری شکاتیان لێ کردبووین کە گوایە ئێمە مۆڵەتمان نییە، دیار بوو بەشێک لە رزقیانمان بڕیبوو. رۆژێکیان تازە گەیشتبوومەوە سلێمانی، کچێک لە نووسینگەوە تەلەفۆنی کرد وتی دوو کەس هاتوونەتە سەرمان وتوویانە دەبێت ئەم رێکخراوە دابخەن. کێشەکەیان تێگەیاندم، نازانم ئەو شەوەم چۆن رۆژ کردەوە، بەیانی چوومە پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، وتم عەقید فڵانم دەوێت، پێم وت من بەرپرسی رێکخراوی ئامێزم، لە هەڵەبجەوە هاتووم، یەکسەر وتی دەبێت رێکخراوەت دابخەیت، ئێوە سەرپێچیکارن. پرسیم بۆ سەرپێچیکارین؟ وتی ئێوە پارەی زۆر لەو ژنانە وەردەگرن. وتم ئەمە راست نییە، یەکسەر ژمارەی شۆفێرەکەم وەرگرت، وتم ئێوە چەند لەو ژنانە وەردەگرن، وتی تەنیا دوو هەزار دینار کە ئەوەش شتێکی رەمزییە و تەنیا بۆ ئەوەیە کە بەشدارن، دیسانەوە وتی دەبێت دایبخەن. ئیتر منیش تووڕە بووم و وتم جیاوازیتان لەگەڵ بەعس چییە وا دەدەن بەسەر رێکخراوێکی ناحکومیدا کە هەموویان ژنن بێ ئەوەی لە دەرگا بدەن. وتی لەسەر ئەم قسانە دەتدەین بە دادگە. قسەکانم دووبارە کردەوە و وتم بمدەن بە دادگە.
ئەى دایانیت بە دادگە؟
دوای ماوەیەک لە دادگەی هەڵەبجە بانگ کرام، دادوەرێکی زۆر بەڕێز بوو، وتی وەرە ئەم کاغەزە بخوێنەرەوە، خۆت بە تاوانبار دەزانیت؟ وتی بۆم باس بکە چی بووە؟منیش باسی رێکخراوەکەم کرد و باسی خولەکەم بۆ کرد کە کۆمەڵێک کچی بێدەرامەت هەن فێری شۆفێرییان دەکەین و هەشیانە نایەوێت لەگەڵ پیاوان فێری شۆفێری بێت، ئێمە هەم پارەیان دەدەینێ، هەمیش فێری شۆفێرییان دەکەین. دادوەرەکە کەسێکی زۆر بەڕێز بوو، وتی بڕۆ بەردەوامبە و کاری خۆت بکە، دۆسیەکەی داخست. ئەوە زۆر دڵخۆشی کردم.
کێشەیەکی تریشمان کە تووشی بووین، جارێکیان من گەیشتمە دەروازەی هەڵەبجە، کچەکان تەلەفۆنیان کرد وتیان فیشەکیان خستووەتە ناو رێکخراوەکەوە. ئاسایش هاتن وتیان لەم شارەدا شتی وا رووینەداوە، دەبێت لەناو خۆتاندا ئەم کارە کرابێت. من ئەم بۆچوونەم بەلاوە ئاسایی نەبوو، چۆن دەبێت ئەم کچانەی ئێرە کە ئەوەندە دڵخۆشن بە کارەکانیان، کاری لەو جۆرە ئەنجام بدەن. ئەو کارە چەند جارێک دووبارە بووەوە و هەموومانی تووشی دڵەڕاوکێ کردبوو. ئاسایش و پۆلیسی یەکێتی زۆر هاوکار بوون، لەکۆتاییدا زانیمان کچێک لەژێر فشاری کوڕێکدا ئەو کارە دەکات. من کچەکەم زۆر خۆش دەویست و زۆر هاوکاری بووم لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، باوەڕم نەدەکرد کاری لەو جۆرە بکات، بەڵام لەدواییدا خۆی دانی پێدا نا.
لێرەدا دەمەوێت باسی ئەوەم بۆ بکەیت کە چۆن گۆڕانکاریی لە بۆچوونەکانتدا دروست بوو، کاریگەرییەکانی کولتووری رۆژئاوا چی بوون لەسەرت؟
لە ساڵی 1985 گەیشتمە سوید و تاوەکوو 1995-1996 ژیانێکی ئاسایی دەژیام، خەریکی ماڵ و منداڵ بووم، بەو شێوەیە کات هات و دەڕۆیشت و جگە لە کاری ماڵ و خێزان و کاری فەرمیی دەوڵەت، هیچی ترم نەدەکرد، تەنانەت لە کاری فەرمیشدا وەک کارمەندێک تەنیا بۆ بژێوی کارم دەکرد و گۆڕانکاریی ئەوتۆی لەژیانمدا نەکردبوو. دوای ماوەیەک بیرم کردەوە پێویست دەکات بچمە ناو کۆمەڵگەی سویدی و تێکەڵیان بم، بچمە ناو رێکخراوە ناحکومییەکان و لێیان تێبگەم، بۆ نموونە؛ لە ساڵی 1998-1999 لە باخچەیەکی ساوایان، پێش قۆناغی خوێندنگە، وەک مامۆستای یاریدەدەر کارم دەکرد، شێوازی فێرکردن بە شێوەی یاریی بوو، کەرەستەکانی فێرکردنیش سروشتیی بوون، وەک: دانەوێڵە، تەختە، خۆڵ و بەرد... فێری ژمارە و تەنانەت نووسینیش دەبوون. مامۆستا سەرەکییەکە ناوی ئەنجێلا بوو، جارێکیان قسەم لەگەڵ کرد دەربارەی کولتووری ئێمە، وتم من بە کاری ماڵ و کاری ئێرە زۆر ماندوو دەبم، کولتووری ئێمە وایە، من و هاوسەرەکەم کار دەکەین، کاتێک دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەو پشوو دەدات و من دەبێت کاری ناوماڵ و خواردن ئامادە بکەم و ئاگاداری منداڵ بم... ئەویش وتی ئەم جارە کە رۆیشتیتەوە جانتاکەت دابنێ و بڵێ من ماندووم و پێویستم بە پشوو هەیە. دوایی لەگەڵ کەمال چەند جارێک قسەمان کرد و وتی: "باشە، لەمەودوا کە گەڕاینەوە کەمێک پشوو دەدەین و دواتر بەیەکەوە کاری ناوماڵ دەکەین"، لەبەر ئەوە بە لای منەوە دەکرێت بە شێوەی دیالۆگێکی هێمنانە باوەڕ بە لایەنی بەرانبەر بهێنیت و کێشە نەنێیتەوە، هاوسەرەکەشم کەسێکی تێگەیشتووە.
دوای ئەوە چوومە ناو سیاسەتی سۆشیال دیموکراتی سویدی، هاوسەرەکەم هاوکارم بوو، نەیدەپرسی بۆ دواکەوتوویت و بۆ کوێ دەچیت.
بە لای منەوە هەر کەسێک ویستی گۆڕانکاری دروست بکات، دەبێت لە خۆی و دەوروبەرەکەیەوە دەستپێبکات. لەگەڵ ئەمانەش، ئێمە هەردوو کولتوورەکەمان راگرتبوو.
ئەو کاریگەرییە تا چ ئاستێک بوو؟
لەوێ فێریان کردین وەک مرۆڤ بژین و بیر لە خۆشمان بکەینەوە نەک تەنیا لە ماڵ و منداڵ و پیاوان، وتیان مەڵێن گەورە بووین شت فێر نابین، فێری شۆفێری و مەلە ببن. من مۆڵەتی شۆفێریم هەبوو، ڤۆڵڤۆیەکی گەورەم کڕی و هەموو ژنەکانم لەگەڵ خۆم دەبردە خولی فێربوونی مەلە. یەک ساڵ هاتوچۆم پێ کردن و هەموومان فێری مەلە بووین. هەروەها سەردانی مۆزەخانە و شوێنە گرنگەکانمان دەکرد.
کاتێکیش گەیشتینە ساڵی 2004 و بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بەتەواوی مێشک و بیرکردنەوەیەکی ترم هەبوو، زۆر شتی جوان لە هاوڕێ سویدییەکانم فێر بووبووم.
ئەى ئەو کولتوورە رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر کاکردنتان لێرە؟
بەڵێ، بۆ نموونە؛ لە لای خۆمان وا باوە بەڕێوەبەر دەبێت ژووری خۆی و باشترین ژووری هەبێت، بەڵام کاتێک لێرە ئۆفیسەکانم دروست دەکرد، من ژوورم نەبوو، دەیانپرسی چۆن دەبێت ژوورت نەبێت؟ دەموت ئیشی من ئەوە نییە لە پشت مێز و کورسییەوە دابنیشم، بەڵکوو دەبێت پرۆژەکان بەسەربکەمەوە.
ئێمە سادەییمان لەناو رێکخراوەکاندا کردبووە نەریت، کچ لە لای خۆمان کە دەچنە ئەو کۆرسانە، بە پاژنەبەرز و جوانترین قژ و جلوبەرگەوە دەچن، بەڵام ئێمە وتمان کاتێک دێنە ناو ئۆفیس، دەبێت بە سەنداڵ و قژی بەستراوەوە بێن، چونکە ئێرە شوێنی کار و جووڵەیە، ناتوانن بەم جۆرە جووڵەی تەواوتان هەبێت. هەروەها هەر هەموومان بەیەکەوە ناو ئۆفیسەکانی خۆمان پاک دەکردەوە لەگەڵ کارگوزارەکان. سەرەتا ئەستەم بوو بەلایانەوە، بەڵام دواتر راهاتن.
هەستت چۆنە دەربارەی ئەوەی کە توانیوتە ئەو پرۆژە و خزمەتانە پێشکەشی وڵاتەکەت بکەیت؟
لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەی هاتوونەتە رێگەم، بەڵام دڵخۆشم کە توانیومە هەندێک کاری جوان بکەم و خزمەتی وڵاتەکەم بکەم، ئەمە جگە لەوەی دەیان کێشەی خێزانیی خەڵکم چارەسەر کردووە و هاوکاریی دەیان لەو خێزانانەم کردووە کە گرفتی خێزانی و مادییان هەبووە.
کێ بوون ئەوانەی کە پاڵپشت و هاوکارت بوون؟
هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشتم بوو، هەرگیز رێگرم نەبوو، بەپێچەوانەوە بۆ هەر شوێنێک پێویستم بەو بوایە، هاوکارم بوو و هاتوچۆی پێ دەکردم، ئەگەر هاوکاریی ئەو نەبوایە، هەرگیز ئەو کارانەم بۆ نەدەکرا.
هەروەها خاتوو مەهاباد قەرەداخی، رۆحی شاد بێت، ئەوسا لە ئەنجومەنی وەزیران کارەکەی وەرگرتبوو، هەم هاوکاریی بودجەی چەندین رێکخراوی وەک ئێمە دەکرد و هەم سەردانیشی دەکردین بۆ بینینی کار و چالاکییەکانمان.
ئێستا خوشک و براکانت سەرقاڵی چین؟
ئێستا خوشک و براکانم جگە لە ئومێد کە سەرپەرشتیاری هونەرییە لە سلێمانی، ئەوانی تر خانەنشینن و سەرقاڵی ژیانی خۆیانن.
ئەى خۆت بەچییەوە سەرقاڵیت و پرۆژەت چییە؟
ئێستا بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە زیاتر لە ماڵەوەم، شەش نەوەم هەیە و سەرقاڵی بایەخدانم بەوان.
ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە
ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە
بیروڕا



