کوردستانی

هاوڵاتییانی سوری لە هەرێم ئاگادار دەکرێنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاوڵاتییانی سوری لە هەرێم ئاگادار دەکرێنەوە
مەودا میدیا-

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راتگەیاند "لەپێناو چارەسەرکردنی دۆخی تایبەتی هاوڵاتییانی سوری ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بەسەر چووە،  فەرمانیان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کردووە کە کاری پێویست ئەنجام بدەن بە گرتنەبەری ئەم رێکارانەی خوارەوە":

یەکەم: پێدانی ماوەی (60 رۆژی کارکردن لە رۆژی دەرچوونی ئەم نوسراوە) بۆ گشت خوشک و برایانی سوری کە نشینگەکانیان بەسەرچووە یان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نشینگەیان دەرنەهێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشینگە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەپێی فۆرمی (20) و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.

دووەم: ئەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژە بە کەیسەکانیان کراوە و نایانەوێ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن، لە سزاکانی دواکەوتنی نوێکردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن. پێویستە سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەک جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بە شێوەی فەرمی لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

سێیەم: ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی ناتوانن بە فڕۆکەخانە گەشتی گەڕانەوە بکەن، دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبوون لە بەخشین لە سزاکان و خۆ تۆمارکردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی پیشابوور، کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان رێکدەخرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێکهێنانی تیمی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە و ئاسانکاری جێبەجێکردنی بە خێرایی، ئەم فەرمانە لە رۆژی یەکشەممە 2025/6/15وە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan