دۆزی ژن

سەیران جەمال بابان: باوکم یەکەم کەسە کە توانیویەتی مێژوو بە چیرۆک بنووسێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەیران جەمال بابان: باوکم یەکەم کەسە کە توانیویەتی مێژوو بە چیرۆک بنووسێتەوە
مەودا میدیا -
 
بابانییەکان رۆڵێکی گەورەیان لە بزاڤی نەتەوەیی کورددا هەیە، بەتایبەتی لە رووی زمان و شیعر و وێژەوە. بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتیان بایەخێکی زۆریان بەو بوارە داوە و دیوەخان و مەجلیسیان بێ کەڵەپیاوی رۆشنبیر، زمانزان و شیعرخوان نەبووە، شایەتیش؛ ئەو شارەی بنیاتیان ناوە، شاری سولەیمانی، لانکەی برەودان بووە بە شیعر و ئەدەب و زمانی کوردی و ئەوەتا ئێستاش پێشەنگ و شاری رۆشنبیرییە.

پاش نەمانی دەسەڵاتەکەشیان، بابانییەکان لەسەر ئاستی تاک و بنەماڵە، ئەو مەشخەڵەیان بە گەشاوەیی هێشتووەتەوە و بەردەوام بوون لە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی و قەڵەمیان نەنەویوە. لەو مەیدانەشدا، جەمال بابان ناوێکی دیارە و یەکێک بووە لە هەڵگرانی ئەو مەشغەڵە... 

ئەمڕۆ خاتوو سەیران، کە کچی رەوانشاد مامۆستا جەمالە و ئەرکی کۆکردنەوەی بەرهەم و کتێبەکانی باوکی و بەرزڕاگرتنی مەشخەڵ و قەڵەمەکەی گرتووەتە ئەستۆ، میوانمانە و باسی ژیان و کارەکانی خۆی و مامۆستامان بۆ دەکات.

 
 خاتوو سەیران، بەڕێزتان کە پاشازادەن، نەوەی کام پاشای بابانەکانن و چ ساڵێک و لەکوێ لەدایک بوون؟ 

سەرەتا دەمەوێت زۆر سوپاسی بەڕێزتان بکەم بۆ ئەو ئەرکە قورسەی خستووتانەتە سەر شانتان بۆ دۆکیۆمێنتکردنی کار و ژیان و خزمەتە شاراوەکانی خانمان لە کوردستان بەگشتی و لە سلێمانی بەتایبەتی، کە بۆ یەکەم جار ئاوڕ لە خانمانی بابان بدرێتەوە بەو جۆرە وردەکارییەوە، بۆیە سوپاس و دەستخۆشیی تایبەتمان هەیە بۆ بەڕێزتان، هەروەها سوپاس بۆ خاتوو ژیان کەمال بابان.

ناوم سەیرانە، کچی جەمال عەبدولقادر عەزمی مستەفا بەگی سلێمان پاشای ئەوڕەحمان پاشای مەحمود پاشای خالید پاشای بابانیی یەکەم، لە ساڵی 1953 لە سلێمانی لەدایک بووم.

باوکم، جەمال بابان، نەوەی پێنجەمی عەبدولڕەحمان پاشای بابانە، کە رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبووە و یەکێکە لە بنەماڵە هەرە رەسەنەکانی شاری سلێمانی و میرنشینی بابان. ئەم کەسایەتییە (عەبدولڕەحمان پاشای بابان)ە، رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبووە لە بنیاتنانەوەی شاری سلێمانی و خزمەتێکی گەورەی کردووە بە شارەکە، گۆڕەکەشی لەناو مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدایە و فەرمانڕەوایەتییەکەی لەم شارەدا بووە و هەر لێرەش کۆچی دوایی کردووە، تەنانەت دەڵێن (فەتحعەلی شا)ی قاجاڕی سەرسام بووە پێی و وێنەکەی لە دیوانی هومایۆنیی خۆیاندا هەڵیواسیوە. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بانگ کراوە بۆ بەغدا، وەڵامەکەی ئەوە بووە "قومێک ئاوی بەفراوی چیاکانی کوردستان و سلێمانی ناگۆڕمەوە بە ویلایەتی عەرشی بەغدا"، ئەوەش لە دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە بووە بۆ سلێمانی و بۆ کورد.

 
سەرەتا بەکورتی باسی دایکت و برا و خوشکەکانتم بۆ بکە...

دایکم؛ ناجیە کچی بەهادین عارف ئەفەندی حاجی حەسەن ئەفەندییە، خوێندنی ناوەندیی تەواو کردبوو و ژنی ماڵ بوو. 

دوو خوشک و برایەکم هەیە. گۆرانی برام، ساڵی 1957 لەدایک بووە، لە زانکۆی بەغدا ئەندازیاریی کارەبای خوێندووە و لە سوید ماجستێری بەدەست هێناوە. بەڕێوەبەری جێبەجێکار بوو لە کۆمپانیای (IBM). هاوسەرەکەی؛ سارا، کچی خوالێخۆشبوو فایەق هۆشیار و عەزیزە خان عەزمی بابانە، دوو کچ و کوڕێکی هەیە و لە سوید دەژین. 

سۆزانی خوشکم؛ پزیشکی ددان بوو، ئێستا خانەنشینە. هاوسەرەکەی د. سەربەست عەلی عەبدولعەزیز کتانی، برازای ئەفسەری لەسێدارەدراو، عزەت عەبدولعەزیزە، کە یەکێکە لە چوار ئەفسەرە شەهیدەکە. خاوەنی چوار کچە.

سەوسەنی خوشکم؛ دەرچووی کۆلێژی تەکنەلۆژیایە، بەشی کارەبا، هاوسەری خوالێخۆشبوو د. حسامەدین شەمسەدین بوو، سێ کچ و دوو کوڕی هەیە، لە ئەمەریکا دەژین.

 
هەرچەندە باوکت کەسایەتییەکی گەورە و ناسراوە، بەڵام دەمەوێت لە زاری خۆتەوە کورتەباسێکی باوکتمان بۆ بکەیت...

 باوکم، لە ساڵی 1927 لە گەڕەکی پیرمەسووری سلێمانی لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە. ساڵی 1947 خوێندنی زانکۆیی لە کۆلێژی ماف لە بەغدا دەستپێکردووە و ساڵی 1950 تەواوی کردووە. 

دوابەدوای دەرچوونی، چەند ئەرکێکی کارگێڕیی وەرگرتووە؛ لە مودیر ناحیە دەستیپێکردووە لە (عەربەت، خورماڵ، قەرەداغ، دیبەگە، حەریر، باتاس و حەویجە). بیرمە ئەو کاتەی بەرپرسیارێتییەکەی لە حەویجە بوو؛ دژایەتی زۆری کرا لەلایەن عەرەبەکانەوە و راپۆرتی لەسەر نووسرابوو، ئەوەش بووە هۆی دەستگیرکردنی لە ساڵی 1963 دوای کودەتای بەعسییەکان.

دواتر بە شێوەی کاتی بوو بە بریکاری قائیمقام لە کەرکوک، لەو کاتەدا ماڵەکەمان لە خوێندنگەیەکدا بووین لە بەرانبەر قەڵا، لای خاسە، هەندێک رووداو روویان دا لە نێوان تورکمانەکان و حکومەت، تەقەکردن و تەنانەت قەدەغەی هاتوچۆش راگەیەنرا. 

لە دوای کەرکوک، راژەی گواستەوە بۆ بەغدا و بوو بە بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری ئیسکان، خوالێخۆشبوو (عەونی یوسف)، کە کورد بوو. پاشان وەک بریکاری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئیسکان پۆستی وەرگرت. 

 
کاتێک ئەرکەکەی گواستەوە بۆ بەغدا، هەر خۆی چووە ئەوێ، یان ئێوەش چوون؟ 

بەخێزانەوە گواستمانەوە بۆ بەغدا.

ساڵی چەند بوو؟ 

 لە ساڵی 1959 بوو. 
 
چوونە چ ناوچەیەک؟ 

سەرەتا چووینە گەڕەکی ساڵحیە، لە ماڵی خزمێکی دایکم، خوالێخۆشبوو شەوکەت غەفوور بابان بووین، تا ماڵی خۆمان ئامادە کرد و رێک خست. ئەمە لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم بوو، پاشان گواستمانەوە بۆ گەڕەکی زەعیم، کە دواتر ناوی گۆڕا بۆ گەڕەکی عەرەبی. ماڵەکەمان لەسەر شەقامێکی سەرەکی بوو، لەو ماڵەدا لە 1959 تا ساڵی 1984 ماینەوە. 

 
کەواتە تۆ لە بەغدا چوویتە بەر خوێندن؟ 

بەڵێ، هەر ئەو کاتەی چووینە گەڕەکی ساڵحیە، لەوێ چوومە بەر خوێندن، لە خوێندنگەیەک بووم ناوی (زەعیم) بوو، دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ خوێندنگەی (پۆر سەعید)، لەوێ بە زمانی عەرەبی دەمخوێند. لە قۆناغی ناوەندییش، لە خوێندنگەی (قادسیە) بووم، بیناکەی هیی ماڵی خوشکەکانی مەلیک فەیسەڵی یەکەم بوو، پێیان دەوت "بیت الامیرات". 
 

لەوێ بەشداریی هیچ چالاکییەکی سیاسی، یان بۆنەیەکی کوردیتان دەکرد؟ 

لەدوای رێککەوتننامەی ئازاری ساڵی 1970، لە دواناوەندی (الرسالة) یەکەم رێکخستنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانمان دامەزراند. هەندێک بۆنە و چالاکیی بۆ نموونە؛ وەک بۆنەی نەورۆزمان رێک دەخست. لەو سەردەمەدا بەهۆی رێککەوتنی ئازارەوە، کوردەکان لە بەغدا لە ناوچەی (صدر القناة) کۆدەبوونەوە و هەمیشە جێی یادکردنەوەی بۆنە کوردییەکان بوو.
 

بۆ خوێندنی زانکۆ چوویتە چ بەشێک؟ 

کە قۆناغی شەشی ئامادەییم تەواو کرد، باوکم، بەڕەحمەت بێت، حەزی دەکرد یاسا بخوێنم، نەمتوانی، چونکە من بەشی زانستی بووم، یاسا تەنیا وێژەیی وەردەگرت. ئیتر چوومە زانکۆی موستەنسریە، کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری، بەشی ئامار. 

 
دوای تەواوکردنی زانکۆ دامەزرایت؟ 

پاش دەرچوونم لە زانکۆی موستەنسریە لە ساڵی 1975، داوام پێشکەش کرد بۆ دامەزراندن، پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی تایبەت، لە وەزارەتی پلاندانان، لە بەشی سەرژمێریی دانیشتوان/ نووسینگەی ناوەندیی بۆ ئامار دامەزرام.

 
لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 1977دا کارت کرد؟ 

بەڵێ، ئەوە بوو لە ناوەڕاستی ساڵی 1976 دەست کرا بە ئامادەکاریی سەرژمێریی ساڵی 1977، کە بە یەکێک لە سەرژمێرییە سەرکەوتووەکان ئەژمار دەکرێت کە لە عیراقدا ئەنجام دراوە. لە هەموو بوارێکی سەرژمێرییەکەدا کارم کرد و بەشدار بووم. 


تا کەی لەو بەشە مایتەوە؟ 

لە کاتی سەرژمێرییەکەدا و بەهۆی لێهاتووییم لە کارەکەمدا، دوو شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاریان بۆ کردم کە لە بواری دیمۆگرافیای دانیشتواندا بخوێنم، لەبەر ئەوەی حەزم دەکرد لە لەندەن بخوێنم؛ لە لەندەن سکوڵ داواکاریم پێشکەش کرد و رەزامەندیم وەرگرت، بەڵام لەو کاتەدا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی دایکمەوە و هۆگریی زۆرم پێوەی، بڕیارم دا نەچم بۆ ئەو خوێندنە. لەدوای ئەوە راژەم گواستەوە بۆ فەرمانگەی (دەستەی پلاندانانی ئابووری) لە هەمان وەزارەت، کە فەرمانگەیەکی زۆر چالاک بوو. 

ئەوەی جێی داخە، هیچ بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی کارکردنم لەو وەزارەتە نەماوە بەهۆی تەقینەوەی وەزارەتەکە لە ساڵی 1982.

 
دوای ئەو دەرفەتی خوێندنەی کە باست کرد، هیچ دەرفەتێکی تر هاتە پێش بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لە خوێندن؟

لە ساڵی 1980 کۆمەڵێک دەرفەتی خوێندن هاتە پێش بۆ کارمەندانی وەزارەت، یەکێک لە بژاردەکان، خوێندن بوو لە وڵاتی کوەیت، لە (پەیمانگەی عەرەبی بۆ پلاندانان). 

 
ئەوەبوو لەو ساڵەدا شەڕی عیراق-ئێران هەڵگیرسا، ئەو شەڕە هیچ کاریگەرییەکی هەبوو لەسەر خوێندنەکەت؟ 

بەڵێ بەدڵنیاییەوە، پاش دەسپێکی خوێندن، بە ماوەی کەمتر لە مانگێک جەنگی نێوان عیراق و ئێران هەڵگیرسا، ئەوەش خوێندنەکەمی زۆر قورس کرد، چونکە شەڕەکە بووە هۆی وەستانی گەشتی فڕۆکە لە نێوان عیراق و کوەیت، هاتوچۆمان بووە پاس و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل، کە نزیکەی 20 کاتژمێر رێگە بوو، ئەمە سەرەڕای مەترسیی بۆردوومان و تاریکیی رێگە، کە دەبوو ئۆتۆمبێلەکان بەبێ لایت بە رێگەدا بڕۆن. هەروەها پچڕانی هێڵی تەلەفۆن، ئەوەندەی تر نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دروست کردبوو، چونکە بێئاگابووم لە هەواڵی خێزانەکەم لە بەغدا، کە بەردەوام مووشەکباران دەکرا. زۆربەی کاتەکان چەندین کاتژمێر لە فەرمانگەی تەلەفۆنات دەماینەوە و چاوەڕێمان دەکرد بۆ دەستکەوتنی تەنیا دڵنیاییەک لە خێزانەکەمان. 
سەرەڕای ئاستەنگییەکان، سەرکەوتوو بووم و بە نمرەی زۆر باش بە بڕوانامەی دبلۆمی باڵام لە (پلاندانان بۆ گەشەپێدان)دا بەدەست هێنا.

 
دوای تەواوکردنی خوێندنەکە، گەڕایتەوە سەر کارەکەی خۆت؟ 

بەڵێ، پاش تەواوکردنی خوێندنەکەم، گەڕامەوە سەر کارەکەم لە بەغدا. 

 
باشە تا کەی لەو کارەدا مایتەوە؟ 

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، لە ساڵی 1982 هەندێک تێکچوون لە بەڕێوەبردنی وەزارەتدا دەرکەوت، هەروەها هەندێک هۆکاری تایبەتی هاتنە پێش، لەوانە کۆچی دوایی پوورم، گێلاس بەهادین، کە کۆچێکی کتوپڕ و جێگەی داخ بوو، لەوەوە دۆخی دایکم و ماڵەکەمان زۆر ناخۆش بوو. هەر لەوەدا بووین کە خاڵم، سەردار بەهادین، دیل کرا لە شەڕی عیراق-ئێران. لە هەمان کاتدا براکەم، گۆران، لەسەر سەفەر بوو وەک زۆرینەی گەنجی کورد کە بانگ دەکران بۆ خزمەتی سەربازی، هەر بۆیە لەبەر ئەو هۆکارانە بڕیارم دا دەست لە کاری حوکمی بکێشمەوە لە ساڵی 1982.

 
دوای ئەوە هیچ کارێکی ترت کرد؟ 

تا ماوەیەک هەر لەو دۆخەدا بووین. پاش ساڵێک دەرفەتێکی ئیشکردن هاتە پێش، لەبەر ئەوەی من کارم کردبوو و لێهاتوویی خۆمم نواندبوو، نەمتوانی هەروا دابنیشم، بۆیە لە رێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەناوی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی رۆژئاوای ئاسیا (ئیسکوا) داواکاریم پێشکەش کرد و چاوپێکەوتنم ئەنجام دا. وەک خۆم ترسی رەزامەندیی لایەنی خۆجێییم هەبوو، واتە رەزامەندیی لایەنی عیراق، بەڵام باش بوو رەزامەندیم بۆ دەرچوو. 

 
کارەکەت چی بوو و لەکوێ بوو؟ 

بەهۆی شارەزاییمەوە بووم بە توێژەر لە کەرتی ئابووریی وڵاتە عەرەبییەکاندا؛ بەردەوام سەردانی کوەیت، عومان، بەحرەین و ئیماراتم دەکرد. پەیوەندییەکانم و خوێندنەکەم لە کوەیت، بووە هۆی ناسینی خەڵکێکی زۆر لەو وڵاتانە کە لەو بوارەدا کاریان دەکرد، ئەوەش ئاسانکاریی زۆری بۆ کردم لە بەڕێوەچوونی کارەکانمدا زۆر بەباشی. هەروەها لە ماوەی کارەکەمدا بڕوانامەیەکی ترم وەرگرت لە (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کە خولەکە لە بارەگای (سندوقی دراوی عەرەبی) بوو لە ئەبوزەبی.

 
ئەو کاتە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراقدا بارەگایان هەبوو؟ 

ئەو بینایەی کە دەکەوتە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، بووە هۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار بدات بارەگاکەی لە لوبنانەوە بهێنێتە بەغدا، لەبەر ئەوەی بینایەکی زۆر مۆدێرن و فراوان بوو؛ باخچە، هۆڵی فراوانی سەرەکی و لاوەکی، نووسینگەی فڕۆکەوانی، بانک، بنکەی تەندروستی و چێشتخانەیەکی پێنج ئەستێرەیی و هۆڵی بۆنەکانی هەبوو... هەروەها پاش وەستانی جەنگی عیراق-ئێران لە رێکەوتی 8ی ئابی 1988، رێکخەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (خاڤیێر پێرێز دی کویلار) هات بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا بۆ بارەگای (هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی)، زۆر مانەوە لامان تاوەکوو شوێنی خۆیان بۆ دیاری کرا.


مووچەتان بە دیناری عیراقی وەردەگرت یان بە دۆلار؟ 

مووچەکانمان بە دۆلار بۆ دەهات، بەڵام حکومەت دۆلارەکەی هەڵدەگرت و بە دیناری عیراقی بە نرخی فەرمی بۆ ئێمە دەشکاندەوە، کە بۆ هەر سێ دۆلار یەک دیناری عیراقیی دەکرد. ئەگەر ئێمە پێویستمان بە دۆلار بوایە بۆ سەفەرکردن، دەبوو لە بازاڕی رەش دۆلار پەیدا بکەین.

 
ئەى لەو کارەیان تا کەی بەردەوام بوویت؟

تا ساڵی 1991 لە بەغدا بەردەوام بووین. پاش دەستپێکردنی هێرشی عیراق بۆ سەر کوەیت، ئیتر بارودۆخی کار تێک چوو، رێکخراوەکە گواسترایەوە بۆ ئوردن. لە ساڵی 1992 دیسان کۆمەڵێک ئاستەنگی تر هاتنە پێش، ئەویش بەهۆی یاساکانی عیراقەوە کە ئافرەت دەبوو لەگەڵ مەحرەم سەفەر بکات، منیش تەنیا باوکم هەبوو لەگەڵم بێت. لەلایەکی تریشەوە، بەهۆی گەمارۆکانی سەر عیراق، گەشتی فڕۆکە نەمابوو، دەبوو بە رێگەی وشکانی سەفەر بکەم بۆ ئوردن. هەروەها لەبەر ئەوەی فەرمانبەری ناوخۆیی بووین، نەماندەتوانی لە ئوردن بەردەوام بین لەگەڵیان، چونکە دەبوو خۆمان شوێنی نیشتەجێبوون دابین بکەین، لەکاتێکدا بەهۆی زۆریی عیراقییەکانەوە جێگە دەست نەدەکەوت. ئیتر ئەوە بوو پاش قەرەبووکردنەوەمان، بەتەواوی وازم لە کارەکە هێنا.
 

پاش ئەو کارانە هیچ کارێکی تری فەرمیت ئەنجام داوە، بەتایبەتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

لە پاش ئەوە، لەبەر تەندروستیم و بارودۆخی گەمارۆکانی سەر عیراق، هیچ کارێکم ئەنجام نەدا، تا ئەوە بوو لە ساڵی 2001 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان/ ئیدارەی سلێمانی، وەک ئەندامی ئەنجومەنی پلاندانان بە پلەی بریکاری وەزیر دامەزرام. 

 
ئەو ئەنجومەنە سەر بە کوێ بوو و کێی تری تێدا بوو؟

ئەنجومەنی پلاندانان سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بوو، پێکهاتبوو لە چوار ئەندامی کارا؛ د. جەمال فوئاد، مامۆستا خەسرەو مستەفا، د. فوئاد مەجید فەرەج و من.

 
تا کەی بەردەوام بوویت و کەی خانەنشین کرایت؟

لەسەر داوای خۆیان بەردەوام بووم لە لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی وەزیران تاوەکوو ساڵی 2006، پاش یەکگرتنەوەی حکومەت، خانەنشین کرام. 

لێرەدا دەچینە سەر باسی بەرهەم و کار و چالاکییەکانی باوکت... سەرەتا تۆ پەیوەندیت لەگەڵ باوکت چۆن بوو؟

باوکم، چەند باسی بکەم هێشتا کەمە، هاوڕێ بوو بۆمان زیاتر لەوەی باوک بێت. رێزی دەگرتین و رای وەردەگرتین لە هەموو شتێکدا، هەمیشە رێزی لە بۆچوونەکانمان دەگرت. پەیوەندیم لەگەڵیدا زۆر بەهێز بوو، هەمیشە رای وەردەگرتم لە ئیش و کارەکانیدا. 

 
لەو سەردەمەدا ژمارەیەک کەسایەتی و نوخبەی کورد لە بەغدا بوون و باوکیشت یەکێک بوو لەوانە، ئەوەندەی تۆ ئاگادار بیت پەیوەندی و چالاکییەکانیان چی بوو؟ 

لە ساڵی 1972 لە قۆناغی دووی زانکۆ بووم، باوکم یانەی سەڵاحەدینی خێزانیی دامەزراند بە هاوکاریی کۆمەڵێک کەسایەتی کوردیی رەسەن، وەک خوالێخۆشبووان: ئیحسان شێرزاد، فایەق هۆشیار، عەتا حاجی کاکەحەمە، ئەحمەد زرنگ و کەسانی تر. ئەو یانەیە بووە شوێنی کۆکەرەوەی خێزانە کوردەکان، بەتایبەتی شەوانی پێنجشەممە زۆرینەی خێزانە کوردەکان کۆدەبوونەوە و پەیوەندییەکان بەردەوامیی هەبووە. هەموو وەک یەک خێزانی گەورە وابووین. کەسایەتی ناسراو، خوالێخۆشبوو (عەلی کەمال عەبدولڕەحمان) هاوکاریی مادی و مەعنەوی و (حەسیب ساڵح)یش رۆڵێکی باڵای هەبوو لە چالاککردنی یانەکە و ئەنجامدانی چالاکیی لە بۆنەکاندا. 

ئەو سەردەمە باوکم ئەمینداری گشتیی (المجمع العلمي الكردي-کۆڕی زانیاریی کوردی) بوو، پاشان داوایان لێ کرد ببێت بە بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردیی لە بەغدا (دار التضامن للثقافة والنشر الکردیة)، ماوەیەک مایەوە و بارودۆخەکەی بە دڵ نەبوو، ئیتر گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی، وەک ئەمینداری گشتیی کۆڕی زانیاریی کوردی. 

 
ماوەیەکیش سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو، ئەو ئەرکەی کەی وەرگرت و کارە دیارەکانی چی بوون؟

لە نێوان ساڵانی (1967 بۆ 1969) لەلایەن کاک ئیحسان شێرزادەوە راسپێردرا کە ببێتە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی. 

ئەو ماوەیەی کە سەرۆکایەتی شارەوانی گرتە ئەستۆ، کاری زۆری کرد؛ گۆڤاری شارەوانی سلێمانیی دەرکرد، کە خۆی خاوەنی ئیمتیاز بوو و 17 ژمارەی لێ دەرچوو. هەروەها ناوی زۆرینەی گەڕەک و شەقامەکانی گۆڕی بۆ ناوی کوردی و کەسایەتیی ناسراوی کورد، بۆ نموونە؛ ناوی گەڕەکی (قەرەجاوا)ی گۆڕی بۆ گەڕەکی (خەبات)، گەڕەکی (عەقاری) گۆڕی بۆ (شۆڕش)، هەروەها ناونانی شەقامەکان بە ناوی شاعیر و کەسایەتییەکان، وەک: مەولەوی، پیرەمێرد، ئیبراهیم پاشای بابان... ئەمە جگە لە کاری نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و دروستکردنی دوو قەیسەری، کە بوونە موڵکی شارەوانی.

لە چوار ژمارەی گۆڤاری سلێمانیدا ئاماژە دراوە بە کارەکانی باوکم لە ماوەی خزمەتەکەیدا. رۆڵێکی گەورەی هەبوو، جێدەستی دیار بوو لە سلێمانی. 

 
دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا؟

بەڵێ، دوای کارکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ، گەڕایەوە بۆ بەغدا و بوو بە ئەمینداری گشتیی کۆڕی زانیاریی کوردی.


کاتێک یەکێتیی نووسەرانی کورد دامەزرا، باوکت بووە یەکەم سەرۆکی ئەو یەکێتییە، ئەوە چۆن بوو و کێی تری تێدا بوو؟

لە ساڵی 1970 یەکێتیی نووسەرانی کورد دامەزرا، کۆمەڵێک کەسایەتی و نووسەری ناسراو لە ماڵی ئێمە کۆبوونەوە، باوکم بە یەکەم سەرۆک هەڵبژێردرا. ئەو کەسایەتییانەی لەوێ بوون، خوالێخۆشبووان: د. ئیحسان فوئاد، کە بە جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا، کاکە مەم بۆتانی، سکرتێری یەکێتیی نووسەران و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنیش هەریەکە لە د. عزەدین مستەفا رەسوڵ، د. نەسرین فەخری، د. مارف خەزنەدار، مامۆستا حسێن عارف، مامۆستا خالید دلێر، مامۆستا محەمەد عەبدولکەریم مودەڕیس بوون. 

 
تا کەی لە کاری فەرمی و حکومیدا مایەوە؟

لە ساڵی 1976 خۆی خانەنشین کرد. 

 
دوای خانەنشینبوونی چ کارێکی دەکرد؟

لە دوای خانەنشیبوونی لە کاری حکومی، دەستی کرد بە کاری پارێزەری. 

جەمال بابان قەڵەمێکی دیاری دنیای چیرۆک و نووسینی کوردە، دەمەوێت بەوردی باسی بەرهەم و نووسینەکانیمان بۆ بکەیت...

باوکم یەکەم کەسە کە توانیویەتی مێژوو بە چیرۆک بنووسێتەوە. چیرۆکی پەڵەهەورێکی چڵکن، کە باسی رووداوەکانی لافاوە گەورەکەی سلێمانی دەکات و هەر لە ساڵانی پەنجاکاندا بە چاپی گەیاندووە، جوانترین گوزارشتی تۆمارکردنی ئەو رووداوە سامناکە سروشتییەیە بە ئەدەب لە بواری مێژوودا. هەروەها نووسینەوەی چیرۆک و شانۆنامەی مامەیارە کە لە ساڵی 1970 بە چاپی گەیاندووە، کاتێک لە کارەکتەرەکانی دەڕوانیت، تەواوی مێژووی بابان دەبینیت و ناونانی مامەیارەش کە یەکێک بووە لە دوازدە سوارەی مەریوان و پاڵەوانی ئەفسانەیی سلێمانی، دیسان هێنانەوە بەرچاوی ئەو بابەتەیە بۆ مێژووی سلێمانی و ناوچەکە. 

لە لایەکی تریشەوە، هەر سێ بەرگی (أسماء المدن المواقع العراقیة) کە باشترین کتێبی جوگرافیی مێژووی مەوسوعییە و هەموو توێژەرانی عیراق لێی سوودمەندن و چەندین جار چاپ کراوەتەوە. کاتێک وەک کوردێک ئەم کتێبە دەنووسێت، زۆرترین خزمەت بە مێژووی عیراق و کوردستان دەکات. 

دیارترین بەرهەمی نووسینی باوکم، (سلێمانی، شارە گەشاوەکەم)ە، کە بە چوار بەرگ توانیویەتی دیارترین نووسین لەسەر مێژووی سلێمانیی بابان بنووسێت، دەتوانم بڵێم یەکەم نووسەر و رێچکەشکێنە لە نووسینەوەی مێژووی بابان لەدوای ئەمین زەکی بەگ، کە وەک رۆڵەیەکی ئەم شارە قەرزی خۆی داوەتەوە بە هەموو ئەو زانیارییانەی کە هەیبووە و کۆیکردوونەتەوە، بەوەش خزمەتێکی بەرچاوی مێژووی سلێمانیی کردووە. هەروەها لە زۆر گۆڤار و بڵاوکراوەدا نووسینی هەبووە، وەک: گەلاوێژ، بەیان، رۆشنبیریی نوێ... ئەو کاتەی باوکم سەرنووسەری گۆڤاری بەیان بووە، لە 1968 بۆ 1975، کاک مستەفا نەریمان شایەتیی ئەوە دەدات و دەڵێت: سەردەمی جەمال بابان، سەردەمی زێڕینی گۆڤاری بەیان بووە. ئەمەش ناوی کتێب و بەرهەمەکانی باوکمە؛ لە بواری چیرۆکدا: خانزاد (1957)، پەڵەهەورێکی چڵکن (1958)، سەی کەڵەک، مامەیارە (1973)، خەڕەکە شکاوەکە (1982)... هەروەها کتێبی هەندێک داوەریی بەناوبانگ، یاخود (محاکمات)ی مەزن لە مێژوودا (1981)... لە بواری مێژووییشدا: سلێمانی، شارە گەشاوەکەم، بەرگی یەکەم (1992)، بەرگی دووەم (1998)، بەرگی سێیەم (2000)، بەرگی چوارەم (2002)، السلمانیة من نواحیها المختلفة (مستل) 1981، بابان في التاريخ ومشاهير البابانيين (1993)، سلێمانی و هەندێک لە بەسەرهاتەکانی لە هۆنراوەی شاعیرەکانماندا، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 200 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانیدا، گۆڤاری کۆڕی زانیاریی عیراق-دەستەی کورد (1985)، نەخشەی شاری سلێمانی لە سەردەمی بابانەکاندا (1987)، مەلا حەمدون، لە بێچاوێکی هەژارەوە بۆ بلیمەتێکی بەهرەداری مێژوو (1984)... چەندین کتێبی عەرەبیی وەک: اعلام کرد العراق (2006)، الجزء الثاني (2009)، اصول اسماء المدن والمواقع العراقیة، الجزء الاول (1976)، الجزء الثاني (2006)، الجزء الثالث (2013)، واقع كركوك (2012)، مذكرات علي كمال عبدالرحمن، تقديم وتحقيق، جمال بابان... ئەمە جگە لە کتێبەکانی: یاداشتنامەی ژیانم (2007)، گەشتێک بە ناخی تەمەندا (2007)، گاڵتەوگەپ دانسقەی کوردەواری، لەگەڵ وێنەی هەندێک لە قسەخۆشان (2010)، بابان لە مێژوودا، گەورەپیاوانی بابان، دیاری تەمەن و پیری، 2016-2017، تەمەنی نەوەد ساڵەی نووسەر... لەگەڵ چەندین کتێبی دیکە.

 
کتێبخانە و کتێبەکانی لای ئێوەن، یاخود بەخشیونی؟

کە کتێبخانەی سەنتەری بابان بە فەرمانی خوالێخۆشبوو مام جەلال دامەزرا، باوکم بەشێکی گەورەی کتێبەکانی لەو سەنتەرەدا بەناوی کتێبخانەی جەمال بابان داناوە، بەڵام ئەوەی جێی داخە، پێشتر زۆرێک لە کتێبەکانی بە زانکۆی ئەمەریکی و زانکۆی سلێمانی و کتێبخانەی ئەوقاف و کتێبخانەی سلێمانی و کتێبخانەی بەکرەجۆ بەخشیوە و کتێبەکانی پەرشوبڵاو بوونەتەوە و ئێستا کۆکردنەوەیان زەحمەتە. 


هەوڵتان نەداوە درێژە بە کارەکانی بدەن، مەبەستم دەرکردنی گۆڤاری بابان و چالاکییە رۆشنبیرییەکانە؟

 لە ئێستادا پاش کۆچی دوایی باوکم لە رۆژی 7ی ئەیلوولی 2023، هەوڵم داوە کارەکانی باوکم بەردەوامی پێ بدەم، ئەویش یەکەم خۆی لە دەرکردنەوەی گۆڤاری باباندا دەبینێتەوە، کە لە ساڵی 2006 باوکم بوو بە خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە و تا ئێستاش گۆڤارەکە بەردەوامە، چونکە بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات، ئەو شەرەفەی پێ بەخشیم کە ببمە خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە و لە ئێستادا هەوڵی دەرکردن و بەردەوامیی ژمارەی نوێی دەدەم. هەروەها هەستاوم بە بنیاتنانی کتێبخانەی (سلێمانی، شارە گەشاوەکەم)ی جەمال بابان، کە سەرجەم کتێب و کتێبخانەکەی لەوێدا دادەنێینەوە، لەگەڵ کۆکردنەوەی ئەو کتێبانەی لە کتێبخانەی کەسایەتییەکاندا لەناو ماڵەکاندا هەیە و پێشکەشیان کردووین و پێشکەشمان دەکەن.

ئەو کتێبخانەیەمان چۆن بۆ پێناسە دەکەیت؟

کتێبخانەی جەمال بابان، ناوەندێکی رۆشنبیریی نوێیە، بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی مێژوونووس و رۆشنبیری گەورەی کورد و شاری سلێمانی و بابان (جەمال بابان) بنیات نراوە، لە پای ئەو خزمەتە زۆرانەی بەدرێژایی تەمەنی هەر لە ساڵانی چلەکانەوە بە رەوتی رۆشنبیریی کوردی و ژێرخانی رۆشنبیری و ئەو بوارانەی کردووە. ئەم کتێبخانەیە، لە بنەڕەتدا ئۆفیسی گۆڤاری بابان بوو، کە گۆڤارێکی وەرزیی رۆشنبیریی کولتوورییە، گرنگی و بایەخێکی زۆر دەدات بە بواری مێژووی بابان و سلێمانی و زیندووڕاگرتنی مێژووی شێوێنراوی کورد.

لەکوێیە؟

نووسینگەی گۆڤارەکە و کتێبخانەکە دەکەوێتە کارگەی کولتووریی سلێمانی (کارگەی جگەرەکە)، لەسەر ئەرکی بنەماڵەی (جەمال بابان) نۆژەن کراوەتەوە و کەلوپەلی بۆ دابین کراوە.

ئامانج و کارەکانی ئەو کتێبخانەیە چین؟

کتێبخانەکە ناوەندێکی رۆشنبیریی قازانجنەویستە، تەنیا مەبەستی گەیاندن و زیندووکردنەوەی مێژوو و ئەدەب و رۆشنبیریی کوردییە. لەم پێناوەشدا پاش کردنەوەی کە لە ئێستادا لەخۆئامادەکردندایە، چەندین چالاکیی خۆبەخشانە و خۆڕایی ئەنجام دەدات، لەوانە:
- بڵاوکردنەوە گۆڤاری بابان، کە گۆڤارێکی وەرزیی رۆشنبیریی کولتوورییە.
- بڵاوکردنەوە و لەچاپدانی کتێب، بەتایبەتی نووسراو و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی تایبەت بە مێژوو و شوێنەوار و ئەدەبی کورد بەگشتی و سلێمانی و بابان بەتایبەتی.
- کردنەوەی خولی رۆشنبیریی مێژوویی و کولتووری و شێوازی نووسینی توێژینەوەی زانستیی ئەکادیمی و پێشکەشکردنی لەلایەن کەسانی شارەزا و خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی بۆ لاو و گەنجەکانمان تاوەکوو بە مێژوو و کولتووری نەتەوەکەیان ئاشنا ببن و لەو رێگەیەشەوە ئینتیما و هەستی نیشتمانیی لای گەنجەکانمان دەپارێزین و زیاتر خۆشەویستیی خاک و نیشتمان و پاراستنی کولتووریان لە لا دروست دەکەین.
- ناوەندێکی گرنگی ئەرشیڤی دەبێت بۆ بە بەڵگەنامەکردن و ئەرشیڤکردنی مێژووی کورد، بەتایبەتی مێژووی بابان و سلێمانی.
- کتێبخانەکە گرنگیی زۆر دەدات بە چینی لاوان، بۆیە بۆ خوێندنگە ناوەندی و ئامادەییەکان، تەنانەت زانکۆکانی سلێمانییش دەرگای واڵا دەبێت بۆ خوێندکاران تا بتوانن سەردانی بکەن، هەروەها بۆ توێژینەوە و راپۆرت و بابەتەکانیان لە کتێبخانەکە سوودمەند ببن و سەرچاوەکانی کتێبخانەکە بەکار بهێنن، کە ئەمەش بێگومان کارئاسانییەکی زۆرە، چونکە لە ناوەندەکانی دیکەدا ئەم شێوازە بە دی ناکرێت و هاوکارێکی زۆر باش دەبێت بۆیان.
- کتێبخانەکە و ئۆفیسی گۆڤارەکە دەبنە ناوەندێکی راوێژکاریی گرنگ بۆ زیندووکردنەوەی مێژووی بابان و شاری سلێمانی، هەر کەسێک و ناوەندێکی راگەیاندن و کولتووری، زانیاریی پێویست بێت سەبارەت بەو مێژووە، دەکرێت سەردانی ئەم ناوەندە بکات.
- دەبێتە شوێنی پێشکەشکردنی سیمیناری رۆشنبیری و کولتووریی تایبەت بە مێژووی بابان و بواری رووناکبیری و ئەدەب و وێژەی کوردی و ناوەندێکی گرنگی بایەخدان دەبێت بەم بوارە، کە بۆ شاری رۆشنبیری پێویستییەکی هەنووکەییە و ناوەندێکی کۆکەرەوەی رۆشنبیران و ئەدیبانی کورد دەبێت لە هەموو لایەک.

* ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە

ر.س
Qaiwan
Qaiwan