کوردستانی
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەك بڵاودەكاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی هۆشدارییەك ئاراستەی هاوڵاتییان و مووچەخۆران دەكات لە بارەی ئەنجامدانی خۆپشاندان و ناڕەزایەتییەكانەوە.
ئەمە دەقی راگەیەنراوەكەیە:
ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی دەردەبڕین و باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین كە دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەكانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نابێت.
بۆیە، وەك چۆن پێشتر هاوكار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەكایەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەكەین خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوكار و هەماهەنگ بین لە گەیاندنی پەیامەكانتان بەشێوەیەكی شارستانیانە و دوور لە هەر ئەگەرێكی توندوتیژی و رووداوی نەخوازراو.
سوپاس بۆ هاوكاریی و پابەندبوون...
لەگەڵ ڕێزدا
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بیروڕا



