کوردستانی

مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لەسەر چوار تەوەر کۆبوونەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لەسەر چوار تەوەر کۆبوونەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/7/9، وەفدی ئیدارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا گەیشتنە دیمەشق  و بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک و ئیدارەی راگوزەری سوریا کۆبوونەوە.

وەفدەکە بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیلهامم ئەحمەد، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەرو هەریەكە لە (فەوزە یوسف)و (عەبد حامید هەمباش) بەشدارن لە وەفدەکە.

ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە "وەفدی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی و بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا لەسەر تەوەرەکانی (  شێوەی دەوڵەتی نوێی سوریا، پەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەت،دۆسێیەی ئابووری و دۆسێیە سەربازی) گفتوگۆیان کردووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "گفتوگۆکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوون و نوێنەرەکەی ترەمپ داوای لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع کردووە رێككەوتنەكەی پێشوو نوێ بکەنەوە یان رێككەوتنێكی نوێ ئەنجام بدەن".

لای خۆیەوە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریكا بۆ سوریا بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند "پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كاریگەریی لەسەر دۆخی سوریا دەبێت و ئەمە هەنگاوێكی گرنگە و خۆشحاڵە بەوەی لە توركیا روودەدات و ناوچەكە بەتەواوی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) هاوبەشیكی گرنگی  ئەمەریكایە و دژی داعش جەنگاوەو زۆر رێزی لێدەگرن و دەتوانێت تێكەڵی سوریا ببێت و بچێتە ناو سوپاكەیەوە و دەبێت بە خێرایی ئەوە قبوڵ بكات كە سوریا یەک نیشتمان و یەک سوپا و یەک گەلە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan