کوردستانی

گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین بەردەوامە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین بەردەوامە
مەودا میدیا-

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا بڵاویکردەوە هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە لە پێشهاتێکی نوێدا سێ خێزانی تری کورد لەسنوورەکە دەربەدەرکراون.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا رایگەیاند "سێ خێزانی کورد بە ناوەکانی (بەشیر حەج یوسف، فاروق عادل، مونیر محەمەد، و فاروق حەج تۆباڵ) کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی مەعرەسکەن و لە شوێنەکانیان سێ خێزانی چەکدارە ئیغۆرییەکان نیشتەجێکراون".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "رۆژی هەینی خەڵکی گوندەکە داوای چۆڵکردنی ئەو ماڵانەیان کردووە کە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لە بەرانبەردا چەکدارە ئیغۆرییەکان بە دەستڕێژی گوللە و بە تووندی وەڵامی خەڵکەکەیان داوەتەوەو دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن".

ئەوەشی خستەڕوو "چەکدارە ئیغۆرییەکان، بە چاودێری راستەوخۆی دەزگای میتی تورکیا هەوڵدەدەن ژمارەیەکی زیاتر لە خێزانەکانیان لە گوندی مەعرسکە نیشتەجێ بکەن".

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 2018/3/18، شاری عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە تووندڕەوەکانەوە داگیرکراو بووەهۆی شەهید و برینداربوونی نزیکەی هەزار و 500 هاوڵاتیی شارەکە لەگەڵ ئاوارەبوونی 350 هەزار کورد و داگیرکردنی ماڵ و موڵک و باخ و بێستانی کوردستانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan