کوردستانی

عومەر گوڵپی: دەبێت مووچە لە دواکەوتنی وەرزی رزگاربکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


عومەر گوڵپی: دەبێت مووچە لە دواکەوتنی وەرزی رزگاربکرێت
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد  وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی (120 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا کرد، لەبەرانبەردا (یەک ترلیۆن) و (حەوت ملیار) دیناریان بۆ مووچەی مانگی شەش نارد.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند  "رازیبوونی بەغدا بۆ ناردنی مووچە بەبێ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەستەمە، کەواتە چارەنووسی مووچەکانی مانگی (7 تاوەکو 12)ی ئەمساڵ چی لێدێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد " کاتێک ئێمە داوای مووچە و بودجەی کوردستان دەکەین، پاڵپشت بە یاسای بودجە داوای دەکەین، کاتێکیش بەغدا داوای فرۆشتنی رۆژانەی (400 هەزار) بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی فیدراڵی دەکات، بە هەمانشێوە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵە بۆ ساڵەکانی (2023 -2025) داوای دەکات".

ئەوەشی خستەڕوو "بۆ ئەوەی مووچە لە دواکەوتنی وەرزی رزگاری بێت، پێویستە حکومەتە ماوە بەسەرچووەکە نەوت بداتە سۆمۆ و داهاتی مانگانە لە داهاتی ناوخۆ پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێرێت، ئەگەر بە هەمان ئەو یاسایەی گلەیی لە بەغدا پێدەکەن، بەغداش گلەیی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات راستە".

باسی لەوەشکرد "ئەگەر حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەیەوێت میللەت برسی نەبێت، مووچەی مانگەکانی (7 تاوەکو 12)ی ئەمساڵ مسۆگەر بێت، ساڵی مووچەخۆران دوانزە مانگ بێت نەوەک کەمتر، دەبێت خەڵکی کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان و کۆمپانیاکانیان و ئەم دوو ئەرکە بە زوویی جێبەجێ بکەن:
1- رازی بن بە فرۆشتنی کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە رێگەی سۆمۆوە.
2- داهاتی ناوخۆ رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن بە پێی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan