کوردستانی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی تایبەت بە ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس و نووسەری کورد ئاپێ موسا (موسا عەنتەر) بڵاوکردەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند "موسا عەنتەر زۆر بەنرخ و بە بایەخە، ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی دوای ساڵانی 194وە دەنگی هەڵبڕی و تاکە وڵاتپارێزی راستەقینە بوو داوای مافی نەتەوەکەی دەکرد کە بە تەنها وەک پارتێک مامەڵەی دەکرد".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئێستا بە ئامانجی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، پرۆسەیەک بەڕێوەدەبەن، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هەوڵێکی دڵسۆزانە و بەنرخە و باوەڕ و هیوایەکی گەورەی بە سەرکەوتن هەیە".

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

“دەبێت دۆخ و کەشی ساڵانی 1970کان، لەلایەن کوردانەوە بە باشی لێی تێبگەن، ئینکاریکردن لە لوتکەدایە. لە خود ڕاکردن لە بەرزترین ئاستدایە، تەنانەت لە بەکارهێنانی ناوی “کورد”یش ڕاکردن هەیە، ئینکاریکردن باڵادەستە. تا ئەو ڕادەیەی باسکردنی ناویشیان بەو مانایە دێت کە هەموو شتێکت لەدەست بدەیت. لە سەرەتای ساڵانی 1970کاندا، من ویستم گۆڕانکارییەکی مێژوویی بکەم. یەکەم هەنگاوم بە چوون بۆ کۆمەڵەکان لە ئەستەنبوڵ دەستپێکرد. بڕیارمدا ناوی ‘کورد’ بەکاربهێنم و بەکاریشم هێنا. هەروەها لەوێ بۆ یەکەمجار مووسا عەنتەرم بینی، ئەوە یەکەم و دواجار بوو کە بینیم.

ئاپێ مووسا زۆر بەنرخ و بە بایەخە، ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دوای ساڵانی 1940کان دەنگی هەڵبڕی. لەوانەیە ئەو دوای جەنگی جیهانیی دووەم، تاکە وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بووبێت. ئەو بە تەنیا وەک پارتێک مامەڵەی دەکرد، بۆ ماوەی نیو سەدە بە تەنیا وەک پارتێک جووڵایەوە. لەوانەیە پارتی دانەمەزراندبێت، بەڵام هەوڵی دا لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە هەندێک شت بۆ کورد بکات. لە ئەدەبدا پێگەی یاشار کەمال چی بێت، ئەویش هەمان شتە، یەشار کەمال بۆ تورک و ئەویش بۆ کورد، ئەمە زۆر بەنرخ بوو. بەم مانایە، ئەو خاوەنی تایبەتمەندییەکی بنەڕەتییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، لەلایەن کۆنتراوە کوژرا.

لە دیدارەکەماندا لە ئیستانبوڵ، هەرچەندە کورت بوو، بەڵام دەرفەتمان بۆ ڕەخسا پێکەوە پیاسەیەک بکەین. ئامۆژگاریی بۆ ئێمە هەبوو، وتی: “ئاگاداری خۆتان بن.” ئێمە هەوڵماندا ئەمە جێبەجێ بکەین و هێشتاش بەردەوامین. بەم شێوەیە گەیشتینە ئەمڕۆ.

ئێمە ئێستا بە ئامانجی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، پرۆسەیەک بەڕێوە دەبەین. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هەوڵێکی دڵسۆزانە و بەنرخە، من باوەڕ و هیوایەکی گەورەم بە سەرکەوتن هەیە.

دەبێت لەبیر نەکرێت، کاتێک وتە لەگەڵ ڕاستیدا یەکدەگرێت، زۆر کاریگەر، داهێنەرانە و بەهێز دەبێت. بەپێی ئەم ڕاستییە، لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی و ماندووبووندا، ئەندامە بەڕێزەکانی چاپەمەنی، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لە ئەستۆدایە.

من شەهیدانی چاپەمەنیی ئازاد بە ڕێزدارییەوە یاد دەکەمەوە، بۆ هەموو ئەو ئەندامانەی چاپەمەنی کە لەسەر شوێنپێی مووسا عەنتەر دەڕۆن و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی تێدەکۆشن سەرکەوتن دەخوازم.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan