دۆزی ژن

چنور حەمە تۆفیق: گەر ئێمەی ژنان یەکگرتوو بین، بەدڵنیاییەوە مافەکانمان پارێزراو دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


چنور حەمە تۆفیق: گەر ئێمەی ژنان یەکگرتوو بین، بەدڵنیاییەوە مافەکانمان پارێزراو دەبێت
مەودا میدیا-
 
شێوازی ژیان و نەریتەکان بەپێی کات و سەردەمەکان دەگۆڕێن؛ زۆر نا، چەند دەیەیەک لەمەوپێش، زۆر پیشە و رەفتار و ئاکار هەبوون، کە بڤە و هێڵی سوور بوون و ئێستاش ئاسایین، ئەگەر ئەمە لایەنێکی بەهۆی کرانەوەی کولتووری و پێشکەوتن بێت، ئەوا لایەنێکیشی بەرەنجامی قوربانیدان و رچەشکێنیی کەسانێک بووە، چونکە نەریتی نێرساریی کۆمەڵگە، بە ویست و بەرژەوەندیی رەگەزێک پیشە و رەفتار و بڕیارەکانی لە قاڵب داوە و پۆلێن کردووە.

خاتوو چنور، ماندوونەناسانە تێکۆشاوە و هەوڵی داوە بۆ ئەوەی ژیان پەراوێزی نەخات، سەرەڕای ستەمی رۆژگار، جەسوورانە شتێکی لە ژیان پچڕیوە و بە پێداگریی و کۆڵنەدانی خۆی ناوێکی بۆ خۆی نەخشاندووە... 

 سەرەتا خۆت بناسێنە...
ناوم (چنور حەمە تۆفیق شەریف)ە، لە ساڵی 1981 لە شارباژێڕ لەدایک بووم.

باسی خێزانەکەتانم بۆ بکە؛ چەند کەس بوون و دۆختان چۆن بوو؟
دەتوانم بڵێم ژیانی خێزانەکەمان چەند قۆناغێکە؛ سەرەتا کە منداڵ بووم، سەردەمی رژێمی بەعس، ماڵمان لە سلێمانی بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکم پێشمەرگە بوو و لە شاخ بوو، ئەو ماوەیە ژیانمان زیاتر بە ترس و دڵەڕاوکێ بە رێ دەکرد. پاش راپەڕین و کۆڕەوە مەزنەکە، چووینەوە گوند و بە کاری کشتوکاڵ و باخدارییەوە سەرقاڵ بووین. ئەو قۆناغەش تا ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعسی خایاند، پاشان هاتینەوە سلێمانی. 
وەکوو خێزانیش، چوار برا و سێ خوشکین، پێش ئەوەی هەریەکە هاوسەرگیری بکات و بچێتە ماڵی خۆی، لەگەڵ باوکم و باوەژنەکەم پێکەوە دەژیاین؛ خێزانێکی زۆر بەختەوەر بووین، ژیانێکی زۆر سادە و خۆشمان هەبوو. 

چۆن پێناسەی باوکت دەکەیت و پەیوەندیت لەگەڵی چۆن بوو؟
باوکێکم کەسێکی زۆر باش و بەهێز و بەئیرادەیە... ئازادیی تەواوی بە کچەکانی دابوو، هەرگیز جیاوازیی نەدەکردین لەگەڵ کوڕەکان و باوەڕی پێمان هەبوو، بەتایبەت من، چونکە من بەردەوام لەگەڵ خۆیدا بووم. هەمیشە دەیوت: "ژن و پیاو بەس لە رەگەزدا جیاوازییان هەیە، ئەگەرنا لە رووی ئەقڵەوە ژن زۆر ژیرتر و بوێر و بەتوانان لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئیداری و ماڵداریدا. ژن دایکە، هەمیشە بە سۆز و خۆشەویستییەوە لە شتەکان دەڕوانێت و جوانتریان دەکات". 
 ئەو ماوەیەی لە گوند بووین، رۆژانە هەموومان لەگەڵ باوکم کارمان دەکرد، کاری باخداری و کشتوکاڵ و ئەو جۆرە کارانە. بە شەوانیش بە دەنگە خۆشەکەی و بە گۆرانیی هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا دەیخەواندین، گۆرانیی (مەڕۆ مەڕۆ، بابە مەڕۆ)ی زۆر بۆ دەوتین. 
بەڕاستی باوکم کاریگەریی زۆری لەسەرمانە، بەتایبەتی من، هەمیشە قەرزاری باوکمم، رۆژی سەد جار بەقوربانی خاکی ژێر پێیەکانی دەبم، چونکە زۆر پشتوپەنا و هاوکارم بووە.

ئەو ماوەیەی لە گوند بوون، تەنیا کاری کشتوکاڵ و باخداریی دەکرد؟
نەخێر، جگە لەو کارانە، باوکم پێشمەرگەش بوو.

ئەى ئێستا کار دەکات؟
نەخێر، پێشمەرگەی دێرینە و مووچەی هەیە.

وەک باست کرد چەند جارێک شوێنی نیشتەجێبوونتان گۆڕیوە، ئەوە کاریگەریی هەبوو لەسەر خوێندنتان؟ سەرەتا لە کوێ چوویتەتە بەر خوێندن؟
بەڵێ بێگومان، سەرەتا لە خوێندنگەی (ئاسۆ)ی سەرەتایی لە گەڕەکی مامۆستایان چوومەتە بەر خوێندن. ئەو خوێندنگەیە لە شەڕی عیراق-ئێراندا لە ساڵی 1987 تۆپی ئێران لێی دا و نزیکەی 40 قوتابی شەهید و بریندار بوون و بەو هۆیەشەوە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (ئاسۆی شەهیدان)، بۆیە بەردەوام بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەمانخوێند. لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم کە لە خوێندن دابڕام، ئەویش بەهۆی کۆڕەوەکە و پاشانیش گەڕانەوەمان بۆ گوندەکەمان، چونکە کاتێک گەڕاینەوە بۆ گوندەکەمان، گوندەکان کاول کرابوون و هیچ خزمەتگوزارییەک و تەنانەت ماڵیشیان تێدا نەمابوو، بۆیە هەموومان لە خوێندن دابڕاین تا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم و چەندین رێکخراوی خێرخوازی دەستیان کرد بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری گەیەنرانە دێهاتەکان، وەک: پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوت، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و کارەبا... 
پاشان کە خوێندنگە لە گوندەکەماندا کرایەوە، هەر لەوێ هەموومان قۆناغی سەرەتاییمان تەواو کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندنی قۆناغەکانی دواتری تێدا نەبوو، بەداخەوە جارێکی تر لە خوێندن دابڕاینەوە.

دواتر کە گەڕانەوە بۆ سلێمانی، نەچوویتەوە بەر خوێندن؟
سەرەتا بەهۆی هاوسەرگیری و سەرقاڵیم بە کار و ژیانەوە، نەمتوانی، بەڵام لە ساڵی 2018 لە پۆلی حەوتەمی بنەڕەتییەوە دەستم بە خوێندن کردووەتەوە، تا ئێستا بەردەوامم، ئێواران دەخوێنم. 

نیازت هەیە بەردەوام بیت و بچیتە زانکۆ؟
بەڵێ، خوای گەورە یارمەتیم بدات ئەمساڵ پۆلی دوازدە تەواو دەکەم و دەچمە زانکۆ، چونکە بەهۆی نەبوونی بڕوانامەوە چەندین پۆستی حکومی و حزبیم لەدەست داوە. بە بۆچوونی من؛ باشترین هاوڕێی مرۆڤ و شوناسی هەر تاکێک، لە ئێستادا بەستراوەتەوە بە بڕوانامەوە، بۆیە بڕیارم داوە بەردەوام بم.

 باوکت پێشمەرگە بووە و تۆش پەیوەندیت لەگەڵی بەهێز بووە و بەردەوام لەگەڵی بوویت، ئەمە وای لێ نەکردوویت تێکەڵاوی کاری سیاسی و حزبی بیت؟
بێگومان، کە باوکم کۆبوونەوەی بە پێشمەرگەکان و بە رێکخستنەکان دەکرد؛ من لەگەڵیدا بووم، هەر ئەوەش بوو وای لە من کرد لە تەمەنی 14 ساڵییەوە کاری رێکخستن بکەم و پەیوەندیم کرد بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، هەرچەندە منداڵ بووم و تەمەنم بۆ حزبایەتی نەدەبوو.
هەر من نەبووم، خوشکەکەشم کە لە خۆم گەورەتر بوو، ئەویش لێپرسراوی شانە بوو. ئێمە سەر بە کۆمیتەی چوارتا بووین، کۆمیتەی چوارتا دەهاتنە ماڵی ئێمە و باوکم و خوشکەکەم و من کۆبوونەوەکانمان رێک دەخست. ئەو کاتە چەند بەڕێزێک بوون، لە ژنەکان: خاتوو ناهیدە، خاتوو ئامینە، خاتوو ژیان و خاتوو سۆیبە... لە پیاوەکانیش زۆر بوون، لەوانە: بەڕێز کاک عیماد ئەحمەد، کاک ئاوات، کە ئێستا قائیمقامی سلێمانییە، هەروەها کاک ئیبراهیم و چەند بەڕێزێکی تر کە ئێستا ناوەکانیانم لە یاد نییە.

کاتێک گەڕانەوە بۆ سلێمانی، هەمووتان پێکەوە بوون؟
نەخێر، کە لە ساڵی 2003 هاتینەوە سلێمانی، خوشکە گەورەکەم و برایەکم و خوشکە بچووکەکەم هاوسەرگیرییان کردبوو، برایەکیشم لە ساڵی 2001 بەرەو ئەوروپا کۆچی کرد، بەڵام لە یۆنان مایەوە. تا ئێستاش ئەو برایەم هاوسەرگیری نەکردووە و هەر لە یۆنانە. ئەوەی مابووینەوە؛ باوکم و باوەژنەکەم و دوو برا و من بووین.

ئەو کاتە تۆ چیت دەکرد؟
کە هاتینەوە سلێمانی، بڕیارم دا خۆم بە کارێکەوە سەرقاڵ بکەم. سەرەتا من و گۆرانی برام بڕیارمان دا ببین بە پۆلیسی هاتوچۆ، داشمەزرام، بەڵام من پەشیمان بوومەوە و ئەو بەردەوام بوو و ئێستاش پۆلیسی هاتوچۆیە. دواتر بەبۆنەی خزمێکمەوە لە پرسگەی راگەیاندنی حزبی سۆسیالیستی کوردستان کارێکم دەست کەوت، چوومە ئەوێ و دەستم بە کارکردن کرد.
نزیکەی هەشت مانگێک دەبوو دەستم بە کار کردبوو، پێیان وتم بۆ کۆمپانیایەک، چووم و چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرا و وەرگیرام. دەوامی راگەیاندنەکەم بەیانیان بوو و کۆمپانیاش دوانیوەڕۆیان، واتە دوو شەفت کارم دەکرد، بەڵام زۆر ئاسوودە و دڵخۆش بووم لەوەی متمانەیەکی باشیان بە من هەبوو، لەکاتێکدا من بڕوانامەیەکی وام نەبوو، بەڵام بەهۆی توانا و لێهاتوویی و راستگۆییم لە کارەکانمدا، متمانەیەکی زۆریان بە من هەبوو.

کەی هاوسەرگیریت کرد و لەگەڵ کێ؟
لە ساڵی 2005 هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ کوڕێکی خەڵکی شەمێران بەناوی ئیدریس.

پێشتر دەتناسی یاخود بە رێکەوت بوو؟
بە رێکەوت بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا زۆر باشە و زۆر رێزی خۆم و خانەوادەکەم دەگرێت.

دوای هاوسەرگیرییش بەردەوام بوویت لەسەر هەردوو کارەکە؟
نەخێر، بڕیارم دا واز لە دەوامێکیان بهێنم، چونکە ئەرکی ماڵ و هاوسەر کەوتە ئەستۆم، بۆیە بڕیارم دا واز لە کاری راگەیاندنەکە بهێنم و تەنیا لە کۆمپانیاکە بەردەوام بم. 

تا کەی لەو کۆمپانیایە مایتەوە؟
تا ساڵی 2007، لەو ساڵەدا دایانخست، چونکە زیانێکی زۆریان کردبوو. ئیتر بێکار مامەوە. 

دوای ئەوە چیت کرد؟
زۆر بێتاقەت بووم لە ماڵەوە، چونکە لەژیانمدا بێکار نەبووم. بەدوای کارێکدا دەگەڕام، گۆرانی برام وتی هاوڕێیەکم وتویەتی لە سەندیکاکانی کرێکاران کارمەندیان دەوێت. چووم پرسیارم کرد، وتیان بەڵێ وایە، هەر ئەمڕۆ دەستبەکار بە! سەرۆکی سەندیکاکان ناوی کاک (سەردار) بوو، وتی: "بەڵێ کارمەندمان دەوێت بۆ سەندیکای شۆفێران". سەرۆکی سەندیکاکەیان بانگ کرد، ناوی کاک (لوقمان) بوو، پێیان ناساندم و چوومە ژوورەکەم و دەستم کرد بە کارکردن. 

کاکردن لە دامەزراوەیەکی لەو شێوەیەدا چۆن بوو و تا کەی لەوێ مایتەوە؟
تاوەکوو 2010 لەو سەندیکایە کارمەند بووم، جگە لەوەی کارمەند بووم، بەشداریی چەندین خول و وۆرکشۆپیشم کردووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 10 سوپاسنامە و بڕوانامەم بەدەست هێنا. دواتر بەهۆی گۆڕینی سەرۆکی سەندیکاکەوە، گواسترامەوە بۆ کۆمەڵەی بریکارانی خۆراک و تا 2016 لەوێ کارم دەکرد وەک کارمەند. پاشان وەک زۆرێک لەو کارمەندانەی راژەکەیان گواسترایەوە سەر فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت، ئێمەش دابەش کراین، من دەستم کرد بە مامەڵە و لە گەنجینەی یەک داواکاریم پێشکەش کرد تا راژەکەم بخرێتە سەر وەزارەتی تەندروستی، ئەوەبوو ناوم هاتەوە. لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی پەیوەندیم کرد و داوام کرد بچمە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون، ئەویش لە خۆشەویستیم بۆ ژنان و بەمەبەستی خزمەتکردنیان ئەو بڕیارەم دا و چوومە ئەو نەخۆشخانەیە.

پێش ئەوەی کاری موختاری بکەیت، هیچ کارێکی دیکەت کردووە کە مۆرکێکی پیاوانەی هەبووبێت بەپێی نەریتی کۆمەڵایەتی؟
بەڵێ، سەرەڕای کارکردنم لە سەندیکا، لە ساڵی 2009 لە نووسینگەی زەویوزار کارم دەکرد، کە پیشەکی پیاوانە بوو، هیچ ژنێک کاری تیادا نەکردبوو. ماوەی دوو ساڵ لەو نووسینگەیە لەگەڵ هاوسەرەکەم کارم کرد.

نووسینگەکە هیی خۆتان بوو؟
نەخێر، هیی پیاوێک بوو ناوی کاک (فەتاح) بوو. 

ئەى هەوڵت نەداوە کارێکی تایبەت بە خۆت هەبێت؟
بەڵێ، دوای ئەوە نووسینگەیەکی گەشتوگوزارم دانا، بەناوی نووسینگەی (ئەستێرە)، ماوەی چەند ساڵێک خۆم بەڕێوەم برد. دوای ئەوەی بووم بە موختار، نووسینگەکەم دا بە کرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆم بەڕێوەم نەدەبرد، ئیشوکارەکانی بەباشی بەڕێوە نەدەچوو، بۆیە بڕیارم دا دایبخەم.

ئێستا با بچینە سەر ئەوەی چۆن بوو بڕیارت دا ببیتە موختار، لەکاتێکدا پێش تۆ هیچ ژنێک ئەو کارەی نەکردووە؟
لە ساڵی 2013 بە کارێک چوومە کۆمەڵەی رۆشنبیریی موختارەکان، پێویستم بە پشتگیری بوو. مانگی نیسان بوو، کە چووم، بینیم هەموو موختارەکان پیاون، پرسیم ئەوە بۆ ئێوە هەموو پیاون و موختاری ژنتان تیا نییە؟ زەردەخەنەیەکیان کرد و وتیان: "ژن و موختاری! جا ژن چۆن موختاریی بۆ دەکرێت!؟" منیش وتم: "ئەی ئەگەر من بمەوێت ببم بە موختار، چۆن دەبم؟" وتیان: "ئەوە رێکارەکانی بوون بە موختارە"، کە بریتی بوو لە چەند خاڵێک، لەوانە: دەبێت کەسێکی بەڕەوشت بێت، بە هیچ تاوانێک سزا نەدرابێت، خوێندەواریی باش بێت و نووسین و خوێندنەوەی باش بێت، هەروەها چەند خاڵێکی تریش... وتم: "باشە، ئەگەر من داواکاریی پێشکەش بکەم، هاوکاریم دەکەن؟" وتیان: "بەڵێ، بەدڵنیاییەوە". کاک رێبوار و کاک سیروان هاوکاری و رێنماییان کردم.
دواتر هاتمە ماڵەوە لەگەڵ هاوسەرەکەم باسم کرد، سەرەتا لای نامۆ بوو، دڵنیا نەبوو لەوەی کە بۆم بکرێت. پاشان کە زانی زۆر حەزم لەو پیشەیەیە و حەز دەکەم وەک ژنێک رێچکە بشکێنم بۆ ژنان، چونکە کاری موختاری لە کوردستان و عیراق هیچ ژنێک نەیکردبوو، ئەوەبوو وتی: "بیکە! مادام حەزت لێیە، ئیشەڵڵا سەرکەوتوو دەبیت". ئینجا پرسی باوکم و براکانم و ماڵەخەزوومان کرد، هەمووان رایان لەسەر بوو، باوکم بەتایبەتی، وتی: "تۆ یەکەم جارت نییە پیشەیەکی پیاوانە بکەیت، بڕۆ بیکە، من متمانەی تەواوم پێتە". دوای ئەوەی کە هەمووان رەزامەند بوون و پشتگیریی خۆیان بۆ دەربڕیم، دەستم کرد بە رێکارەکان. 

لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئاستەنگت بۆ دروست دەبوو؟
بەداخەوە، لە زۆرێک لە فەرمانگەکان کێشە و بەربەستی زۆرم بۆ دروست دەبوو، بەڵام لە هەندێکیشیان زۆر پێیان خۆش بوو و کارئاسانییان بۆ دەکردم. من بەهۆی باوکمەوە ناسراو بووم، چونکە باوکم پێشمەرگەی دێرین بوو، دوو براشم ئاسایشن و برایەکی تریشم کارمەندی هاتوچۆیە، هەروەها هاوسەرەکەشم کارمەندی ناوخۆیە، بۆیە کارکردن بۆ من باشتر بوو، چونکە هەمیشە رێنماییان دەکردم. 

سەرەتا کە دەستت کرد بە کارەکە، چۆن بوو بۆت؟ ئەگەر شتێکت نەزانیایە، چیت دەکرد، یان کێ یارمەتی دەدایت؟
سەرەتا زۆر قورس بوو بۆ من، چونکە هیچ بەرچاوڕوونییەکم نەبوو کە کاری موختار چییە و چۆنە. یەکەم رۆژ، موختاری کەنەسوورە، بەڕێز کاک عومەر، بەوەکالەت کاری گەڕەکەکانی منی لابوو، فۆرمێکی دا پێم وتی: "هەرچی هات بۆ پشتگیریی موختار، ئەمەی بۆ پڕ بکەرەوە!" رۆژانەش گەر شتێکم نەزانیایە، پەیوەندیم بە کۆمەڵەوە دەکرد تا رێنمایی لەوان وەربگرم. ئیتر وردە وردە فێری کارەکە بووم. 

یەکەم کارێک کە وەک موختار کردت، چی بوو؟
بڕیارم دا یەکەم کارم ئەوە بێت کە ئاماری ماڵەکانی سنوورەکەم وەربگرم، هەر بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەم شەوانە فۆرممان دەبردە ئەو ماڵانەی دانیشتووی سنوورەکە بوون. بەم جۆرە ماوەی سێ مانگ بەردەوام بووین، زیاتر شەوان، تا کاتژمێر 11ی شەو خەریکی کارکردن بووم.

 موختاری چ گەڕەکێک بوویت؟
سەرەتا تەنیا موختاری کورد ستیی یەک و دوو بووم، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند گەڕەکێکی تری ئەو سنوورە موختاریان نەبوو، داوام لە پارێزگا و قائیمقامیەت کرد سنوورەکەم فراوان بکرێت و خۆشبەختانە بۆیان کردم. هەر هەمان ساڵ بوومە موختاری (کوردستیی یەک، کوردستیی دوو، دیە ستی، لوبنان ستی، صائب ستی و گەڕەکی جیهان). 

هەستت دەکرد کارەکە قورس و زەحمەتە، یان بە پێچەوانەوە؟
بەڕاستی نایشارمەوە؛ سەرەتا کارەکە قورس بوو، چونکە سەرەڕای ماندووبوون، هەندێک جار تانەشم لێ دەدرا، بەداخەوە زیاتریش لەلایەن ژنانەوە. 

رات چییە لەسەر ئەو جۆرە کەسانە، کە نەک پشتگیریی خانمان ناکەن کاتێک بیانەوێت کارێک بکەن، بەڵکوو تانەشیان لێ دەدەن؟
هەرگیز قسەی ئەو کەسانەم بیر ناچێتەوە کە دەیانویست بمڕووخێنن، بۆ نموونە؛ قسەی ژنێکم بیر ناچێتەوە کاتێک پێی وتم: "وەڵڵا تەواومان کرد! خۆم ژنم، بەڵام قەت ژن و موختارییان نەوتووە". زۆر پێم ناخۆش بوو، بەڵام نابێت گوێ بدرێت بەو تێڕوانینەی ئەو، بەڵکوو بە تێڕوانینی من، ژن چی بووێت دەتوانێت بیکات و سەرکەوتووش بێت، ژن زۆر لەوە زیاترە کە ئەو کەسانە لێی تێگەیشتوون. 
جارێکی تریش پیاوێک هات بەتوانجەوە پێی وتم: "ژن کاری چێشتلێنان و ماڵ و منداڵە، نەک موختاری"، بەڵام هەموو ئەمانە زیاتر و زیاتر منیان هان دا کە بیسەلمێنم ژن لە کاروباری ئیداریدا زۆر لە پیاوان بەتواناترن. 

ئەى پشتگیری و دەستخۆشیت لێ دەکرا؟
بەڵێ، زۆرێکیش لە هاوڵاتیان، لە پیاو و ژن، دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێ دەکردم و سەردانیان دەکردم. هەر ئەو رۆژەی چوومە پارێزگای سلێمانی، بەشی کاروباری ناوخۆ، نووسراوی دەستبەکاربوونیان بۆ کردم، لەو کاتەدا ئەو ژنەی کارەکانی بۆ دەکردم، دەستخۆشیی لێ کردم و وتی: "شانازیی دەکەم کە هەستاوی بە شکاندنی ئەو رێچکەیە بۆ ئێمەی ژن". ئەوەش بۆ من زۆر خۆش بوو و هاندانێکی باش بوو. 

لە کوێ کارەکانت بە رێ دەکرد؟
سەرەتا هەر لەناو مۆڵەکەی کوردستیدا ماوەی چەند مانگێک مامەوە، لەناو راڕەوەکەدا کاری هاوڵاتیانم رادەپەڕاند، دواتر بۆم دەرکەوت کاری موختاری لەو شوێنەدا گونجاو نییە بۆ من، هەر بۆیە بڕیارم دا کابینەیەک بکڕم و لە شوێنێکدا دایبنێم.
 
لەسەر ئەرک و خەرجیی خۆت ئەوەت کرد؟
 بەڵێ، هیچ کەس و لایەنێک، بە ئێستاشەوە، هیچ هاوکاییەکی مادییان نەکردووم، هەر بۆیە لەسەر حسابی خۆم ئۆفیسێکی بچووکم دانا لەناو کوردستیی دوو، کە زیاتر لە پێنج هەزار و پێنج سەد دۆلاری تێ چوو.

ئەو کاتەی بوویتە موختار، منداڵت هەبوو؟
سەرەتا نەخێر، بەڵام دوای چەند مانگێک زانیم کە دووگیانم. لە رێکەوتی 9ی نیسانی 2014 خوای گەورە کچێکی پێ بەخشیم، ناومان لێ نا (ئەستێرە). 

ئەوە کاریگەریی هەبوو لەسەر کارەکەت؟
نەمهێشت کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت، چونکە ئەو رۆژەی کچەکەم لەدایک بوو، پێنجشەممە بوو، پشوو بوو، بەبۆنەی رووخانی رژێمی بەعس، هەینی و شەممەش نەچوومە سەر کار، بەڵام چوارەم رۆژی منداڵبوونەکەم چوومەوە بۆ کارەکەم بۆ ئەوەی ئیشوکاری خەڵک نەوەستێت.

دوای ئەوە کچەکەت لە کوێ دادەنا؟ دەتبرد لەگەڵ خۆت؟
بەڵێ، کچەکەم زۆر بچووک بوو، تەنیا دوو مانگ بوو کە لەگەڵ خۆم دەمبردە سەر کارەکەم، لەوێ هەم دایکایەتیم دەکرد، هەم کاروباری موختارییەکەم، بەڵام کاتێک بووە دوو ساڵ، ئیتر دەمبردە دایەنگەیەکی ئەهلی. 

بیرت لەوە نەکردەوە واز لە کاری موختارییەکە بهێنیت؟
نەخێر، سەرەڕای ئەوەی ئەو ماوەیە زۆر سەرقاڵ بووم، چونکە جگە لە کاری موختارییەکە، دەوامی رێکخراوەکان و کاروبای حزبی و ئەرکی ماڵ و منداڵیش بەتەواوی ماندوویان دەکردم، بەڵام لە خۆشەویستیم بۆ کارەکەم، کۆڵم نەدا و هەتا ئێستاش بەردەوامم.

باشە، بەکورتی و بە خاڵ باسی کار و چالاکییەکانتم بۆ بکە...
- لە ئێستادا پلەی حزبیم، ئەندام مەڵبەندم لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها لە مەکتەبی رێکخستن ئەندامی بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونم.
- جێگری کۆمەڵەی موختارەکانی سلێمانیم. لە 30ی کانوونی یەکەمی 2022 کۆنگرەمان بەست، من لەناو هەموو پیاوەکاندا دەنگی یەکەمم بەدەست هێنا، بە هەموو حەقێک دەبوو من سەرۆکی کۆمەڵەکە بم، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیم لە چەندین جێگەی دیکەوە، کە هەم کارمەندم لە تەندروستی، هەم سیڤیم پێشکەش کردبوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆیە هەوڵم بۆ سەرۆکی نەدا و بوومە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە. 
- موختاری پێنج گەڕەکم: (کوردستیی یەک، کوردستیی دوو، دیەستی، لوبنانستی، صائبستی و گەڕەکی جیهان)ن.
- جگە لە کاری موختاری، کارمەندی تەندروستیم لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون، ئێشکگری کارگێڕیم. 
- لە ئێستادا بە خۆبەخشی لە چەندین رێکخراو و گرووپ و کۆمەڵەی دیکەدا ئەندامم؛ لە گرووپی هونەریی کوردستان جێگرم، لە رێکخراوی شنەبای خاک، لێپرسراوی بەشی پرۆژەکانم. 
- بەشداریی دوو کۆنگرەی یەکێتیم کردووە، لە کۆنگرەی چوار، لە کۆنفرانسی کۆمیتە، دەنگی یەکەمی ژنەکان بووم، هەمیشە لە هەڵبژاردن و کۆنفرانسەکاندا بەشداریم کردووە و دەنگی یەکەم بووم.
- لە چەندین بواری جیاوازدا بڕوانامەم بەدەست هێناوە و خاوەنی چەندین رێزلێنان و خەڵاتم، کە لەسەر کار و چالاکیی حکومی و حزبی وەرم گرتوون. هەروەها بەشداریی چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسم کردووە، خولی پێگەیاندنی کادیران و هۆشیاریم بینیوە، بەشداریی چەندین خول و سیمیناری ژنانم کردووە.

ئەو چالاکی و کارانەی پێیان دڵخۆشیت و شانازییان پێوە دەکەیت، کامانەن؟
زۆرن، بەتایبەتی ئەو کارانەی بۆ خزمەت و هاوکاریی خەڵک کردوومن، بۆ نموونە؛ بەپێی توانا هاوکاریی خانەی بێسەرپەشتانم کردووە، تەنانەت لە هاوڕێ و دەوروبەرەکانیشم کۆمەکم بۆ خانەکە کۆ کردووەتەوە، هەروەها هاوکاریی منداڵانی نابیست و منداڵانی ئۆتیزمم کردووە. ئەو کەسانەی ناسیومن و زانیومە دۆخی مادییان باشە، داوای سەبەتەی خۆراکم لێ کردوون و لە زستاندا داوای نەوتم لێ کردوون، زۆربەی ئەوانە بۆ خەڵکی سنوورەکەم بووە کە هاوکاریم کردوون، ئەوان دەتوانن شایەتیی ئەوەم بۆ بدەن. 
لە کاری موختارییەکەشم، لەو پارە رەمزییەی دانراوە لەو هاوڵاتییانەی وەربگرین کە سەردانمان دەکەن و پێویستیان بە پشتگیرییە، بەڵام من بۆ خەڵکی کەمدەرامەتی سنوورەکەم و بۆ منداڵی بێباوک و بۆ خانەوادەی شەهیدان و بۆ ئەو هاوسەرانەی جیا دەبنەوە، پارە وەرناگرم.
یەکێکی تر لەو کارانەی دڵخۆشم پێی؛ چەندین خێزان و خەڵکی سنوورەکەم کێشەیان هەبووە، کە زانیومە، بانگم کردوون و قسەی خێرم تیا کردووە، زۆر دڵخۆشم بەوەی زۆربەی جار ئەنجامی باشی هەبووە. هەروەها زۆر ژن هەبووە تووشی کێشە بووە، من بە بێدەنگی بۆم چارەسەر کردووە، هەرچەندە خۆم بە تەنیا ئەوەم نەکردووە، بەڵکوو وەکوو تیم و گرووپ کارمان کردووە، بەڵام زۆر دڵخۆشم بە کارەکانم و ئاسوودەم کە کارێک ناکەم خەڵک بێزار و دڵتەنگ بکەم.

هیچ خەون یان پرۆژەیەکت هەیە بتەوێت بەئەنجامی بگەیەنیت؟
بەڵێ، بیرم لە پرۆژەیەک کردووەتەوە کە تا ئێستا لە عیراق و هەرێمی کوردستان کەس نەیکردووە، وەک ژن ئەم کارە نەکراوە، من دەمەوێت رێچکە بشکێنم و چەندین هەلی کار بۆ ژنان بدۆزمەوە، بەڵام بەڕاستی بۆ ئەمە پێویستم بە پاڵپشتێکی گەورە و بەهێزە، هەم لە رووی مەعنەوی، هەم لە رووی مادییەوە، چونکە پرۆژەکە گەورەیە و لە توانای مندا نییە بەتەنیا بیکەم. ئیشەڵڵا ئەگەر کەسێک هەبێت بتوانێت پاڵپشتیم بکات، خزمەتێکی گەورە بە ژنان دەکەم.

کێن ئەوانەی هاوکار و پشتیوانتن؟
هاوسەرێکی باش و دڵسۆزم هەیە، کە سەرکەوتنەکانم بە پاڵپشتی ئەوە، هەمیشە هێزێکە لە پشتم. هەروەها باوکم و براکانم و خوشکەکانم زۆر هاوکارمن، چونکە بەڕاستی من بەهۆی سەرقاڵیمەوە درەنگ درەنگ دەیانبینم، هەروەها ماڵی خەزوورم و خەسووم و شوبراکانم هەموویان زۆر باش ئاگاداری دۆخی منن و زۆر هاوکارمانن. لێرەوە سوپاسیان دەکەم و داوای لێبووردن لە سەرجەم خانەوادەکەم دەکەم کە بەپێی پێویست ناتوانم سەردانیان بکەم و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا زۆربەى کات لەگەڵیاندا نیم.
 
لە کۆتاییدا ئەگەر شتێکت هەیە بۆ وتن، بفەرموو...
بەداخەوەم کە ئەمە دەڵێم؛ لەگەڵ ئەوەی چەندین کونسوڵ و رێکخراوی جیهانی هاتوونەتە لام و رێزلێنانیان بە من بەخشیوە، بەڵام رێکخراوەکانی ژنانی خۆمان بە هیچ شێوەیەک نە سەردانیان کردووم و نە رێزلێنانێکیان پێ بەخشیوم، لەگەڵ ئەوەی من لە سەرجەم بۆنەکانی ژنان و خۆشی و ناخۆشییاندا بەشداریم کردووە. هەر بۆیە، من وای دەبینم هەتا ژنان تەواو یەکگرتوو نەبین و یەک نەگرین، سەرکەوتوو نابین و هەمیشە دەگەڕێینە دواوە گەر خۆمان نەبینە پشتوپەنا بۆ یەکتر. بۆیە دەڵێم گەر ئێمەی ژنان یەکگرتوو بین، بەدڵنیاییەوە مافەکانمان پارێزراو دەبێت.

* ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە

ر.س

Qaiwan
Qaiwan