کوردستانی

پێشوازی لە پەسەندکردنی رێککەوتنی سێقۆڵی دەکەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێشوازی لە پەسەندکردنی رێککەوتنی سێقۆڵی دەکەین
مەودا میدیا-

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم کۆبووەوەو  پێشوازی له‌ پەسەندکردنی رێككه‌وتننامه‌ی سێقۆڵی کرد بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت و ئاماده‌یی خۆی بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كان له‌پێناوی دابینكردنی مووچه‌ و شایسته‌كانی مووچه‌خۆران دوپاتكرده‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم رایگەیاند "وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت لێره‌ به‌دواوه‌ مووچه‌ی مانگی ئاب و مانگه‌كانی تر خه‌رجبكرێت و هیچ ئاسته‌نگێکیش له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی ته‌واوی نه‌وتی به‌رهه‌مهاتووی هه‌رێمی كوردستان نەماوە".

لای خۆیەوە وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت رایگەیاند  "ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم، چاوه‌ڕێی واژۆی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌ سێقۆڵییه‌یه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن و دڵنیایی به‌ هه‌موولایه‌ک دەدەن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاریی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنەکە كردووە".

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە خستنەڕوووی بابەتی ڕێککەوتنی سێ لایەنەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەموارکراو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا.

سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پوختەی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی، دوای گفتوگۆ و دانووستانێکی دوور و درێژ، ڕێکكەوتنامەکە گەڵاڵە کرا و هەر دوێنێش بە نووسراوی فەرميی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە ئیمزای وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ کراوە، بەم جۆرەش هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە ڕێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بەوەی کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئیمزای ئەو ڕێكکەوتننامە سێقۆڵیيەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیيەوە، تا لەم یەک دوو ڕۆژە، ڕێکكەوتنامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، دڵنیایی بە هەموو لایەکیش دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکكەوتنامەیە كردووە.

پاشان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بە وردیی باسی لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان کرد و ئاماژەی بە هەموو ئەو ئاستەنگانە کرد کە بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەک لابران و دواجار هەر سێ لایەن، ڕێكکەوتنامەکەیان بە هاوبەشی گەڵاڵە کرد.

ئينجا ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ناوەڕۆکی ڕێکكەوتننامە سێقۆڵییەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و وردەکاريی ماددە و بڕگەکانی ڕێكکەوتننامەکە و پابەندی و ماف و شایستەکانی هەر یەک لە حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕوونکردەوە کە وا چاوەڕان دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیە، ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەکرێن لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری هەرێم، کە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستووریيەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد، لە گەیشتن بە ڕێكکەوتنی نەوت، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات بە پەسەندکردنی ڕێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەک هەمیشە، ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیەکانی خۆی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی دووەم و کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی کرا.

لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەوردی دواپێشهاتەکانی خستەڕوو و لایەنی دەستووری و یاسایيی بابەتەکەی بەوردی بۆ ئەنجومەنی وەزیران شیکردەوە. دواتر ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار بە درێژی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان سەبارەت بەم دۆسیەی ڕوونکردەوە.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، جارێکی تر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ و یاسای بودجەی گشتی فیدڕال و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وەک لە دوا یاداشتی یاسایی شاندی دانووستانکاری هەرێم هاتووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کراوە. لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بە زووترین کات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی نیشان درا بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش کەسییەی، کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەکان لە بەغدا پێکهێنراوە.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan