راپۆرت
سیتییه‌كانى سلێمانى قوتابخانه و ره‌وزه‌و دایه‌نگا دروست ناكه‌ن
مەودا میدیا - سلێمانی |

مه‌ودا میدیا-
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه، سیتییه‌كانى سلێمانى پابه‌ندى دروستكردن یان كردنه‌وه‌ى قوتابخانه و باخچه‌ى ساوایان و دایه‌نگا نابن و سه‌رپێچى ئه‌و ماسته‌رپلان و مه‌رج و رێنمایانه نابن كه له وه‌به‌رهێنانه‌وه بۆیان دیاریكراوه.
له سنورى شارى سلێمانى تا ئێستا 39 سیتیی دروستكراون، له كۆى ئه‌و سیتیانه ته‌نیا 10 دانەیان قوتابخانه و باخچەی ساوا و خزمەتگوزارییەكانی تریان دروست كردووە، ئه‌وانى تر پابه‌ندیی مه‌رج و رێنماییه‌كان و دروستكردنى ئه‌و به‌شانه‌ى سیتییه‌كان نابن.
نه‌بوونى ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه گرفتى گه‌وره‌ى دانیشتوانى ئه‌و سیتیانه‌ن، به‌هۆیه‌وه كێشه‌ى گه‌وره‌یان بۆ دروستبووه و منداڵانى دانیشتوى ئه‌و سیتیانه له قوتابخانه‌كانى تر وه‌رناگیرێن و به‌هۆیه‌وه دایك و باوكان رووبه‌ڕووى كێشه بوونه‌ته‌وه.
ئارام عه‌زیز، دانیشوى یه‌كێك له سیتییه‌كان به مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "له ساڵى 2019ه‌وه پرۆژه‌كه‌مان ماڵى تێدایه، پێشتر به‌شێك بوو، ئێستا بووه به سێ به‌ش، به‌ڵام هێشتا نه قوتابخانه، نه باخچه‌ى ساوایان و دایه‌نگاو مزگه‌وتى تێدا نییه و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه ئاماده نییه دروستى بكات و چه‌ندین رێكاریی یاسایی به‌رانبه‌رى گیراوه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام سودى نه‌بووه".
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ئه‌و سیتیانه بۆ دایك و باوك نه‌بوونى قوتابخانه و باخچه‌ى ساوایانه، چونكه منداڵى ئه‌و سیتیانه له قوتابخانه‌كانى تر وه‌رناگیرێن".
باسى له‌وه‌شكرد "وه‌به‌رهێنان و لایەنی پەیوەندیدار كه‌مته‌رخه‌من له‌وه‌ى سیتییه‌كان قوتابخانه و باخچه و خزمه‌تگوزارییه‌كانى تر‌ى تێدا نییه، چونكه ئه‌وان ئه‌گه‌ر به یاسایی بجوڵێنه‌وه ده‌بێت ئه‌و كاره به وه‌به‌رهێنه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام پابه‌ندیی یاسا و مه‌رجى خۆیان نابن، بۆیه وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ش باكى به‌وه نییه".
ع
بیروڕا



