کوردستانی

شوێنەوارێكی نوێ‌ لە گەرمیان دۆزرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


شوێنەوارێكی نوێ‌ لە گەرمیان دۆزرایەوە


مەودا میدیا-
بەهۆی ئەو بارانبارینەی چڕەی كە هەفتەی رابردوو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە قەزای كفری شوێنەوارێكی دێرین دەركەوت كە مێژووەكە بۆ نزیكەی 1500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.  

ساڵح محەممەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند" ئەو شوێنەوارەی كە دەركەوتووە لە قەزای كفرییە و جۆگەیەكە كە زیاتر لە جۆگەی ئاو دەچێت". 

وتیشی" تیمێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هاوبەشی بەڕێوەبەرێتی شوێنەواری كفری كە پیكهاتوون لە دوو شوێنەوارناس و ئەندازیارێك ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە شوێنەوارەكە". 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد" بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیان شوێنەوارەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ساسانییەكان". 

 باسی لەوەش كرد"شوێنەوارەكە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی بەپەلە هەیە بۆئەوەی لە لەناوچوون و فەوتان بپارێزرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوایەكی بەپەلەیان ئاراستەی سەرووی خۆیان كردووە بۆئەوەی بەدەم داواكارییەكەیانەوە بێن. 

ساسانییەكان كە رەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە سەر كورد، مێژووی ئیمپراتۆرییەتەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 1500 ساڵ پێش ئێستا كاتێك بنەماڵەی ساسانی لە ساڵی 224ی زاینی بە تێكشاندنی ئەشكانییەكانی ئێرانی كۆن حكومەتەكەیان پێكهێنا و هەتا ساڵی 651ی زاینی واتا بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا مانەوە.
ئ پ 

Qaiwan
Qaiwan