کوردستانی

مەلا بەختیار نامەیەكی تایبەتی بۆ مەسرور بارزانی نارد

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەلا بەختیار نامەیەكی تایبەتی بۆ مەسرور بارزانی نارد
مەودا میدیا-

ئەندامێكی ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نامەیەكی كراوە بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و دەڵێت، لابردنی كاری پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەبێتە پێشینەیەكی خراپ.

مەلا بەختیار لەو نامەدا كە بۆ سەرۆكی حكومەت نوسیویەتی دەڵێت " بەڕێزتان، دوا هەوڵی خۆتان بخەنەكار، كێشەی موچەو بودجە چارەسەر بكرێ‌.. شەفافیەت زیاتر بكرێ‌.. دژایەتی گەندەڵی بكرێ‌، لە زاخۆوە بۆ خانەقین.. دزینی نەوتی قاچاخ رابگرن.. ئەم هەنگاوانە، باشترین وەڵامی هەر رەخنە یان تومەتێكە بۆ جەنابت، یان كابینەكەتان هەڵببەسترێ‌".

نامەیەكی كراوە
بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی
سەبارەت بە "سۆران عومەر"ی پەرلەمانتار

بەڕێز!
وا بڵاودەكرێتەوە گوایە، جەنابت دوای لابردنی پارێزبەندی لەسەر بەڕێز (سۆران عومەر) بیدەنە دادگا. پێمخۆشە، بەم نامە ئاواڵەیە، كە یەكەمین نامەشمە لەژیانمدا بۆ جەنابتی بنوسم، داوا بكەم، تكایە، با حكومەت‌و كابینەكەتان، كاری وا نەكەن. ئەم كارە، دەبێتە پێشینەیەكی ناشایستە بۆ سەرۆك وەزیران‌و حكومەت، بەرامبەر بە پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران!

بەڕێز!
بەندە، نە لە رووی ئایدیۆلۆژیەوەو نە لە رووی سیاسیەوە بەڕێز (سۆران)م قبوڵ نەبوەو نییە. بەڵام لە دوائاكامدا، ناوبراو پەرلەمانتارەو متمانەی بەشێكی دەنگدەری وەرگرتووە. ئەگەر، جەنابت‌و حكومەت، یان هەر كاربەدەستێكی تر، رەخنەكانی بەڕێز "سۆران" بە تومەت دەزانن، تەواو مافی خۆتانە، لە دادگادا شكاتی لێبكەن. دادگا چی بڕیار دەدات، ئەوكاتە با پەرلەمان بڕیاری خۆی بدات.

دیسان تكام وایە، بڕیاری لابردنی پارێزبەندی لەسەر كاكە "سۆران" واز لێبهێنن. چونكە دڵنیام، رەنگدانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە.

بەڕێزتان، دوا هەوڵی خۆتان بخەنەكار، كێشەی موچەو بودجە چارەسەر بكرێ‌.. شەفافیەت زیاتر بكرێ‌.. دژایەتی گەندەڵی بكرێ‌، لە زاخۆوە بۆ خانەقین.. دزینی نەوتی قاچاخ رابگرن.. ئەم هەنگاوانە، باشترین وەڵامی هەر رەخنە یان تومەتێكە بۆ جەنابت، یان كابینەكەتان هەڵببەسترێ‌.

بەهیوام، بەندەو هەموو ئەوانەی داوایان كردووە، پارێزبەندی لەسەر كاكە "سۆران" لانەبرێ‌، بێ هیوا نەكەیت.

لەگەڵ رێزو پەرۆشیم بۆ چارەسەركردنی تێكڕای كێشەكان.

مەلا بەختیار
4/5/2020

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان