کوردستانی

حكومەت بە فەرمی دەستكاریكردنی مووچەی راگەیاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەت بە فەرمی دەستكاریكردنی مووچەی راگەیاند
مەودا میدیا-

رۆژی سێشەممە 2020/5/5 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران خستەڕوو تایبەت بە بابەتی شایستە داراییەکان و دۆسێی نەوت و گاز. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندەکە و بەرزنرخاندنی هەوڵەکانیان، پێشنیارەکانی شاندەکەی پەسەند کرد بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر دەستبەجێ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای چاکسازیی بە پێی ئەو پلانەی لە لایەن لیژنەی باڵای چاکسازیی پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش ڕاسپێردران بە وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بە ئاراستەی زامنکردنی مافی مووچەخۆری شایستە.
ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
• *کەمکردنەوەی خەرجییەکان* :
لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
1) کەمکردنەوەی مووچە و دەڕماڵەی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی پارێزگا لە بوارەکانی خزمەتی شارستانی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.
2) خەرجکردنی تەنیا مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەو پلە تایبەتانەی کە لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەن و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی 30 رۆژ لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی چارەنووسی وەزیفیان یەکلایی بکاتەوە.
3) پێویستە وەزارەتی دارایی وئابووری مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسی تۆماری بایۆمەتری و بە فیعلی لە خزمەتی وەزیفیدان، هەروەها بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی کە بە فیعلی خزمەتی وەزیفی ناکەن.
4) کەمکردنەوەی بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانی خەرجی بگرێتەوە وەکو بواری دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و خواردنی نەخۆشخانە و زیندانییەکان و خانەی بەساڵاچووان و نەوجەوانان ومنداڵان و شێڵتەرەکانی ژنان وپاکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانی ئاو و کرێی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چاکردنەوەی ڕێگاوبانەکان.
5) پەیڕەوکردنی سیستمی نوێی ئۆنلاین بۆ خەرجکردنی بودجەی تەشغیلی لە پێناوی برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەی رووتین.
6) ڕاگرتنی خەرجییەکانی بودجەی وەبەرهێنان (پڕۆژەی وەزارەتەکان و پەرەپێدانی پارێزگاکان).
7) پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەی وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابووری بە ئاراستەی کەمکردنەوەی بۆ نزمترین ئاست.
8) راگرتنی خەرجکردنی راستەوخۆی وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتی خۆیان.
9) پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز.
• *زیادکردنی داهات*:
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادکردنی داهات، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
1) ​ڕێکخستنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بە شێوەی گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داهاتی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت.
2) هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەی کە دراون لە رەسمی گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا وڕێنماییەکان.
3) کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستی رێگری لەهەر کارێکی نایاسایی کە زیان بە داهاتی گشتی بگەیەنێت.
4) پابەندکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری نەوت وگاز، کۆمپانیاکانی بواری سکیوریتی و کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە پێدانی باج لە چوارچێوەی یاسا وڕێنماییەکان.
5) ڕێکخستنەوەی میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەی گرێبەست کۆدەکەنەوە بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.
6) سەپاندنی باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان.
7) پێویستە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پۆڵینی سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە، سەرەڕای پێداچوونەوەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بە گرێبەست بەکرێدراون لە رووی نرخ و شێوازی گرێبەست بۆ ئەوەی وەک سامانێکی نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت.
8) هەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکردووە.
9) هەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی زەوی کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکردووە.
10) تاپۆکردنی سەرجەم ئەو زەوییانەی کە بە شێوەی کارت تەرخانکراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە ناوی هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزارییی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون.
11) جەردکردنی سەرجەم موڵک و ماڵی حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە تا وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتی گشتی مامەڵە بکرێت.
12) وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان لە لایەن وەزارەتی دارایی وئابووری لەبەر ڕۆشنایی یاسای چاکسازیی.
13) پەسەندکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دابەشکردنی کارەبا و کۆکردنەوەی کرێی بەشداربووانی کارەبا لە لایەن کەرتی تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حکومەت.
14) پەسەندکردنی پڕۆژەی کڕینەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کەرتی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حکومەت بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.
15) داشکاندنی ڕێژەیەک لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووک) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژی 15 ی حوزەیرانی 2020 تەواوی بڕی پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.
• *سووککردنی بارو گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون*:
1) لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی تر، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاریبهێنێت بەهۆی داخستن بە پێی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.
2) بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەکانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.
3) دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەی حكومی و شارەوانییەكان بۆ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
4) لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر ڕۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارە.
5) بڕی (15%) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.
6) پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی تر كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات ، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ وەدەستهێنانی داهات كەدەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.
• *دەستپێکردنەوەی دەوام* :
ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
1) دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە رێکەوتی 2020/5/6 ەوە.
2) وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و رێکخستنی دەوامی فەرمانبەران بە پێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە 2020/5/11 .
3) فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن وراییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.
4) هاووڵاتییان لە دوای 2020/5/11 دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان بکەن بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان .
• *لامەرکەزی ئیداری* :
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پارێزگاکان بە بێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا هاتووە بە جۆرێک کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان