کوردستانی
پیاوە پۆڵاینەکەی خورماڵ کۆچی دوایی کرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ هەینی، 8 ئایار پیاوە بەتەمەن و پۆڵاینەکەی شارۆچکەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
وەستا زاهیر خورماڵی، ئەو پیاوەی زیاتر لە 50 ساڵە کاری سەرتاشی دەکرد و تەمەنی 93 ساڵبوو، هەموو رۆژێ بەپێی وەرزەکان، پێش کاتژمێرێک لە بانگی ئێوارە، دوکانەکەی دادەخست و بە پیادە 10 بۆ 15 کیلۆمەتر رێی دەکردو زیاتر لە 60 ساڵ بەردەوام ئەو وەرزشەی دوبارە دەکردەوە بەبێ دواکەوتن.
وەستا زاهیر لە ماوەی تەمەنی بۆ یەکجاریش سەردانی نەخۆشخانەو پزیشکی نەکردبوو، ئەو هەمیشە دەیوت خۆت پزیشکی خۆت بە، ئەو پیادەو رێکردنەی ئەو دەیکرد وایکردبوو بە هیچ جۆرێک نەخۆشی نزییکی نەدەکەوت مەگەر پەتا وەرزییەکان و دوربوو لەو نەخۆشیانەی کە پیاوە بەتەمەنەکان دەیگرن یان گیرۆدەی دەبن.
پیاوە پۆڵاینەکە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 50 ساڵ کاری سەرتاشی دەکرد، بەڵام لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکان زیاتر بۆ پیاوە بەتەمەنەکانی سنورەکە دەکرد و خزمەتی بە هەموو ئەو پیاوە بەتەمەنانەی سنوری شارۆچکەی خورماڵ کردووە کە خۆیان نەیانتوانییوە سەرو ریشی خۆیان چاک بکەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی زۆری تەمەنیەوە ماوەی سێ مانگە توشی نەخۆشیەک بوو کە بەهۆی تەمەنیەوە بوو، دواجار ئەمڕۆ هەینی، 8ئایاری 2020 لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیی دوایی کرد.
پێویستە بوترێ لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو وەستا زاهیر بەهۆی ئەوەی بەردەوام رۆژانە وەرزش و پیادەی دەکرد، لە کاتێکدا تەمەنی زۆر هەڵکشابوو، تەواوی راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان و چەند میدیایەکی نیودەوڵەتی کاریان لەسەر کردووەو راپۆرت و بەرنامەت تایبەت و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە.