کوردستانی

کۆمەڵی ئیسلامی: وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر کوردستان بەرەوە داهاتوویەکی خراپ دەبات

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆمەڵی ئیسلامی: وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر کوردستان بەرەوە داهاتوویەکی خراپ دەبات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژی 7ی ئایاری 2020 بەدەنگی 57 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندی لە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری  فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان وەرگیرایەوە کە بەشی زۆر فراکسیۆنەکان و سەرۆکی پەرلەمان بایکۆتی دانیشتنییەکەیان کرد و لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نەبوون، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان لایەنەکانی پەرلەمان و ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت "وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر کوردستان بەرەوە داهاتوویەکی خراپ دەبات".

سەباح قارەمانی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەوەی کە لەم چەند رۆژەی پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان روویدا سیناریۆیەک بوو بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر، بەڵام بەرگێکی یاسایی بە بەرگدا کرا هەرچەندە سیاسی بوو، چونکە چوار پەرلەمانتاری دیکەش هەبوو کە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت دەنگیان نەهێنا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بابەتەکە سەروەری یاسایە دەبوو سەرجەم پەرلەمانتارەکان لە بەرانبەر یاسادا یەکسان بن هەموویان پارێزبەندیان لێوەربگیرێتەوە، لە کاتێکدا روونە پارێزبەندی بۆ ئەو بابەتانە وەرناگیرێتەوە، بەڵکو کاتیک پارێز بەندی وەردەگیرێتەوە پەرلەمانتارێک تاوانێک ئەنجام بدات، چونکە وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لەسەر ئەوەی پەرلەمانتار قسەیەکی هەبێت لەسەر سەرۆک یان وەزیرێک ئەوا پەرلەمانتار مافی قسەکردنی نامێنێت و پەرلەمان ناتوانێت چاودێربێت بەسەر حکومەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "کاتێک سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و یەکگرتوو و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی دیکە هەڵوێستیان وەرگرت و دانیشتنەکەیان جێهێشت تێگەیشتن لەوەی کە ئەم کارە رەهەندێکی سیاسییە نەک یاسایی، ئەمەش کوردستان بەرەوە داهاتوویەکی خراپ دەبات وادەکات جۆرێک لە قۆرغکاری و تاکڕەوی دروستببێت".

قارەمانی وتی "بەداخەوە پێکهاتە کەمایەتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ئەو لایەنەی باڵادەستە لە پەرلەمان بە ئاراستەیەکدا بران جێگەی تێبینی بوو، ئەمەش بوو بە رەخنە لەسەریان، هەروەها ئەوەی پارتی کردی پەیامێک بوو بۆ سەرجەم لایەنەکان کە هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن لە پەرلەمان ئەوەی دەیانەوێت تێپەڕێنن و جێبەجێ بکەن".

سەبارەت بەوەی ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوەی سەرجەم فراکسیۆنەکان بەرامبەر بە پارتی یەکبگرن ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵ وتیشی "نابێت ئەم بابەتە تێپەڕێت بەسەر فراکسیۆنەکان، بۆیە دەبێت فراکسیۆنەکان یەکهەڵوێست بن لەم بابەتەدا و قبوڵ نەکرێت لەوەی کە پەرلەمان گرنگی خۆی لەدەست بدات، هەروەها واشی دەبین لە نێوان ئەو فراکسیۆنانەدا جۆرێک لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە هەیە بە جۆرێک کە وای دەبینن ئەوە حاڵەتێکی نەخوازراوە روویداوە".
Qaiwan
Qaiwan