جیهانی

ئێران هەردوو سندوقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانیيەكە دەنێرێتە پاریس

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئێران هەردوو سندوقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانیيەكە دەنێرێتە پاریس
مەودا میدیا-

كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاژانسی فڕۆكەوانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی ئاگادار كردووەتەوە، ئامادەیە هەردوو سندوقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانیيەكە رادەستی پاریس بكاتەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەكان، ئێران ئامادەیی دەربڕیوە ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە لێكۆڵینەوەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیيەكە پەسەندی بكەن، هەردوو سندوقی رەشی فڕۆكەكە بنێرێتە پاریس، لەكاتێكدا پێشتر كەنەدا فشاری خستبووە سەر ئێران كە سندوقی رەشی فڕۆكەكە رەوانەی پاریس بكات، بەڵام ئەو وڵاتە رەتیكردبووەوە.

لە هەشتی مانگی یەكی ئەمساڵ لە نزیك تاران فرۆكەیەكی ئۆكرانی كە ژمارەیەكی زۆر سەرنشینی تێدابوو كەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە 176 كەس گیانیان لەدەستدا كە هاوڵاتی چەندین وڵاتی تێدابوو، كە 55 كەسیان كەنەدی بوون.

لە مانگی سێی رابردوودا ئێران ئاژانسی فڕۆكەوانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەیە سندوقی رەشی فڕۆكەكە رادەست بە ئۆكرانیا بكات، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە، پاشان بە فشاری كەنەدا ئامادەی خۆی دەربڕیوە رادەستی فەڕەنسای بكات، بە مەرجێك ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە لێكۆڵینەوەكان پەسەندی بكەن.


Qaiwan
Qaiwan