کوردستانی

پارێزگاری سلێمانی ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارێزگاری سلێمانی ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر, پارێزگاری سلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر مەترسییە كارەساتبارەكانی تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆناو ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كرا، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستاو ڕابردوو و پێشبینیەكانی داهاتوو، چەندین پێشنیاز خرانەڕوو، بەكۆی دەنگ ئەم بڕیارو ڕێنمایی و پێشنیازانە پەسەندكران:

1-ڕێكارەكانی چاودێریكردن‌و بەدواداچوون‌و لێپرسینەوە بەرامبەر هەر سەرپێچییەكی ڕێنماییە تەندروستیی و كارگێڕییەكان توندترو خێراترو فراوانتر دەكرێن‌و بۆ ئەم مەبەستە بنكەكانی تەندروستیی‌و پۆلیس‌و ئاسایشی گەڕەكەكان ڕاسپێردران‌و دەسەڵاتی تەواویان دراوەتێ‌ بۆ چاودێریكردن‌و لێپرسینەوەو داخستنی هەر شوێنێك لە سنوری گەڕەكەكاندا، كە پابەندی ڕێنماییەكان نەبێت.

2-سەرجەم یەكە كارگێڕیی‌و فەرمانگاكانی دەوڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بەپێی تایبەتمەندی فەرمانگاكەیان‌و داخستنی هەر شوێنێكی سەرپێچیكار لەڕێی تیمی پشكنینی فەرمانگاكەیانەوە بەتایبەتی فەرمانگاكانی (تەندروستی، شارەوانی، ئەوقاف، گەشتوگوزار).

3-لیژنەی بەدواداچوونی یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتەكان‌و تیمە تەندروستیەكان بە هەماهەنگیی لیژنەكانی ئارامیی لە پارێزگاو قەزاو ناحیەكاندا هەر شوێنێكی سەرپێچیكار دادەخەن‌و ڕووبەڕووی ڕێكاری یاساییان دەكەنەوە.

٤-بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌و قەزاو ناحیەكان ڕاسپێردراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی گشتی (تاكسی، مینی پاس، پاس) ئەگەر پێچەوانەی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیەكان كاربكەن.

5-هەموو فەرمانگاكانی دەوڵەت‌و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت پێویستە پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیەكان بن‌و بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەرو دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت دادەخرێن.

6-هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە جگە لەو حاڵەتە مرۆیی‌و دبلۆماسیی‌و بازرگانییانە نەبێت كە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ دیاریكردوون، هەر سەرپێچی‌و بەكەمگرتنێك بەڕێوەبەرو بەرپرسی دەروازە نێودەوڵەتی‌و مەرزو بازگەكان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكاتەوە.

7-هەر هەوڵێك بۆ هێنانی خەڵك بەقاچاخ، یان بەقاچاخ گەڕانەوە، بەتاوانی زیانگەیاندن بە سیستمی گشتی‌و ئاسایشی تەندروستیی‌و تەندروستیی گشتیی ئەژمار دەكرێت‌و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

8-هەركەس‌و گروپ‌و دامەزراوەو مێدیاو هێزو لایەنێكی سیاسیی، هەوڵی بە سیاسەتكردنی ئەم بارودۆخە تەندروستیە بدات‌و هانی هاووڵاتیان بدات بۆ پابەندنەبوون‌و بەدگومانی بە مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا، لەلایەن فەرمانگای داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 

9-لە ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو مزگەوتەكانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی تا كاتێكی نادیار دادەخرێن.

10-لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتەكانی تەندروستی‌و پەروەردە تا كاتێكی نادیار پەیمانگا فێركاریی‌و پیشەییەكان ناكرێنەوە.

11-دانانی پرسە لە مزگەوت‌و گەڕەك‌و ژێرخێمەو ماڵەكانیشدا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

12-ئاهەنگ‌و بۆنەو كۆڕو كۆبوونەوەو لایڤ موزیك‌و هەر چالاكییەك قەرەباڵغی‌و تێكەڵاوبوون دروست بكات قەدەغەیە.

13-پێویستە هەموو مۆڵ‌و ماركێت‌و بازاڕەكان ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكەن‌و بەپێی ڕووبەرو قەبارەی شوێنەكان ڕێگا بە هاتووچۆی هاووڵاتیان‌و بازاڕكردن بدەن، بەپێچەوانەوە دادەخرێن.

14-داوا لە هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت دەكەین، كە پشتیوانی‌و هەماهەنگیی كەرتی تەندروستیی دەوڵەتیی بن، لەكاتی زیادبوونی ژمارەی تووشبووەكاندا نەخۆشخانەكانیان بخەنە خزمەت كەرتی تەندروستی گشتییەوەو خۆیان بۆ ئەم دۆخە نوێیە ئامادەبكەن، چونكە لە حاڵەتی زۆربوونی تووشبووندا لە توانای نەخۆشخانە حكومییەكاندا نامێنێت نەخۆش وەربگرێت.

15-داوا لە هەموو كەناڵ‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین ڕۆڵی بەرپرسیارانەی مێدیاییانەی مرۆییانەی نیشتمانییانەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا ببین‌و پشتیوانی  كەرتی تەندروستی‌و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی بكەن. 

16-داوا لە ڕێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی خۆپارێزیی‌و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی لای هاووڵاتیاندا، ببینن.

17-داوا لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین بەیەكەوە كار بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتە خۆجێیەكان‌و هاووڵاتیانی كوردستان بكەن، خۆیان لە هەر ململانێیەكی سیاسیی‌و بەسیاسیكردنی دۆزو دۆخی تەندروستی، بەدووربگرن.

18-داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین بە متمانەیەكی تەواوو بە هۆشیارییەكی فراوانەوە خۆیان بپارێزن‌و پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە، دڵنیایان دەكەینەوە، كە ئەگەر هەموو بە ورەو ئیرادەو متمانەیەكی تەواوەوە بەرەنگاری كۆرۆنا نەبینەوە، ئەوا لە ڕۆژانی ئایندەدا دەبێت چاوەڕوانی مەرگی خۆمان‌و ئازیزانمان بكەین‌و توانستە تەندروستی‌و مرۆییەكانمان توانای وەرگرتنی نەخۆشیی نوێ‌و چارەسەركردنی ژمارەی زۆری تووشبووانی نامێنێت‌و وڵاتەكەمان ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە. دەبێت دڵنیابن كە گیان‌و ژیان‌و بژێویی‌و كارو كەسابەتمان دوچاری هەڕەشەی گەورە دەبنەوە. پێویستە لەسەر بنەمای سزاو خۆپارێزیی گشتیی، خۆیان لە هەر شوێنێك داببڕین كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان نابێت‌و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەنەوە بۆ داخستنی ئەو شوێنانە.

19-داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بەخێرایی موچەو مافی دارایی كەرتی تەندروستی‌و هەموو كەرتە حكومییەكانی تر خەرج بكات‌و ڕێزلێنان‌و پێزانین بۆ هەموو ئەو پزیشك‌و كارمەندانەی بوارە جیاجیاكانی تەندروستیی بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو كەرتە جیاجیاكانی كارگێڕیی‌و ئارامیی‌و خزمەتگوزاریی‌و ئابوورییانەی تریش بكات، كە لەم بارودۆخەدا خۆنەویستانە خزمەت دەكەن.

20-پێشنیاز دەكەین بۆ وەزارەتی تەندروستی، كە ژمارەی پشكنینەكان لە كەرتی گشتیدا زیاتر بكات‌و دەرفەتیش بداتە كەرتی تایبەت كە لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیدا بتوانن پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان بكەن، چونكە ئەگەر خۆپارێزی بەردەوام نەبێت‌و پابەندییەكان زیاتر نەبن، لە ڕۆژانی ئایندەدا دەرفەتەكانی پشكنینی هاووڵاتیان زۆر كەمدەبنەوە.

21-داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەكەین، كە ئاماری ڕۆژانەی پارێزگاكانی هەرێم بەیەكەوەو لەیەك كاتدا ڕابگەیەنێت‌و لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش شوێن‌و گەڕەكی تووشبووان دیاری بكرێن‌و بڵاوبكرێنەوە.

22-هاووڵاتیانی خۆشەویست، داوا لە هەموولایەكتان دەكەین پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی‌و خۆپارێزییەكان بن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ بكەین، كە بەدڵنیایی هەڕەشەو مەترسیی گەورە لەسەر بژێویی‌و ئابووریی‌و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان‌و دەوڵەتیش دروست دەكات.

23-داوا لە هەمووان دەكەین كە هەموو ڕۆژێكی پێنجشەممە لە سەعات (8)ی ئێوارەدا بۆ ڕێزلێنان لە ئەرك‌و ماندوبوون‌و جوامێریی‌و شكۆمەندیی كەرتی تەندروستی: گوڵێك لەسەر دیواری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان كەناڵەكان، یان ناوەندە تەندروستییەكان، یان سەرمێزو ناوگوڵدان‌و پەرداخ و حەوشەو هەیوان و ئینجانەو باخچەی ماڵەكانتاندا دابنێن، وەك هێمایەك بۆ ڕێزگرتن لەم مرۆڤە میهرەبانانە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان