کوردستانی

سەرکردایەتیی یەکێتی بیر لە دانانی بەرنامەیەکی نوێ دەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرکردایەتیی یەکێتی بیر لە دانانی بەرنامەیەکی نوێ دەکاتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد 

 ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت هۆکاری کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ مەترسییەکانی نەخۆشی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر مەترسییەکانی کۆرۆنا بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئەو کاتە دەبێت بەرنامەیەکی دیکەی بۆ دانێین.

دڵپاک تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "هۆکاری کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی سەردکردایەتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ مەترسییەکانی نەخۆشی کۆرۆنا، ئەگینا کۆمەڵێک ئەجێندا و کاری تایبەتمان ماوە بۆ جێبەجێکردن بەتایبەتی ئەو کارانەی راستەوخۆ پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیش وتی "هەتاوەکو مەترسییەکانی کۆرۆنا هەبێت ئێمە ناتوانین ژیانی هیچ ئەندامێکمان بخەیەنە مەترسییەوە، هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە پێش هەموو کەسێکی تر پابەندی رێنماییەکان بێت".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر مەترسییەکانی کۆرۆنا بەردەوام بێت پلانیان هەیە کۆبوونەوەکانیان بکەنە ئۆنلاین دڵپاک تاهیر ئاماژەی بەوەکرد "لە ئێستادا بەشێکی کارەکانمان بە ئۆنلاین ئەنجام دەدەین، بەڵام ئەگەر مەترسییەکانی کۆرۆنا بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئەو کاتە دەبێت بەرنامەیەکی دیکەی بۆ دادەنێین".
Qaiwan
Qaiwan