کوردستانی
وەزیری دارایی: گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە رێككەوتن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ یەكشەممە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە هاكان كاراچای، قونسولی گشتی كۆماری توركیا لە هەولێر و شاندی یاوەری و لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە پەیوەندی ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد.
ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی مێژوویمان هەیە لەگەڵ توركیادا، هەروەها دەمانەوێ لە ڕووی ئابووریەوە پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین و پێشوازی دەكەین لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا، بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا، چونكە لە هەرێمدا ژینگەیەكی باشی وەبەرهێنان ھەیە لەسەرجەم کەرتە ئابوورییەکاندا".
لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا "قوڵایی ستراتیجی هەرێم لەم كابینەیەدا بەغدا بووە، بۆیە دەمانەوێ گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ریشەوە چارەسەر بكەین، هەروەها گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە رێككەوتن".
هەروەها قونسوڵی توركیارایگەیاند "هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان برا و خوشكی ئێمەن، ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندیە ئابووریەكانمان لەگەڵ هەرێمدا پەرەپێبدەین".