کوردستانی

سبەی خۆرگیران روودەدات، کەشناسی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان

مەودا میدیا - سلێمانی |


سبەی خۆرگیران روودەدات، کەشناسی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان
مەودا میدیا-

سبەی یەكشەممە 21ی حوزەیرانی 2020 خۆرگیرانی نیمچەیی لەهەرێمی كوردستاندا روودەدات و بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی تەماشاكردنی راستەوخۆی خۆر لەكاتی گیرانی ھۆشداریی دەداتە ھاوڵاتییان.

بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیان  "پێوانە فەلەكییەكان لە زووەوە ئاماژەیان بە روودانی خۆرگیرانێكی ئەڵقەیی كردووە، كە لە رۆژی یەكشەممە 2020/6/21 دا روودەدات، ئەو وڵاتانەی خۆرگیرانی ئەڵقەیی بە تەواوی دەبینن ئەمانەن كە دەستپێك لە (كۆنگۆ) یە لە ئەفریقیا ئینجا دەكشێ بۆ (ئەفریقیای ناوەڕاست و باشووری سوودان و ئەسیوبیاو ئەریتیریاو یەمەن و عومان و پاكستان و هیندستان و نیپال و چین و تایوان، ئینجا سێبەری مانگ دەخزێتە نێو دەریای چین و پاشان لەنێو زەریای هێمن) دا كۆتایی پێدێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو وڵاتانەی وەكو ئێمە خۆرگیرانی نیمچەیی دەبینن گەلێك زۆرن، بەڵام ئەوانەی لەسەر رێڕەوی ئێمەن بریتین لە: (نەیجەرو چادو باشوقری لیبیا و میسرو فەلەستین و ئوردن و لوبنان و سووریا و هەرێمی كوردستان و باكووری ئێران و توركمانستان و ئوزبەكیستان و باشووری كازاخستان و مەنگۆلیاو باكووری رۆژهەڵاتی چین و هەردوو كۆریای باكوورو باشوورو ژاپۆن)".

ئاماژە بەوەکراوە "خۆرگیرانی ئەڵقەیی كاتێك روودەدات كە مانگ لە خاڵێكی دوورە لەگەڵ زەویدا، بۆیە كاتێك دێتە پێش دیسكی خۆر، ئەوا بە تەواوی نایگرێت، بەڵكو ئەڵقەیەكی باریكی بریقەدار لە دەوری دیسكی تاریكی مانگدا دەبینرێ كە بەڕاستی مایەی سەرسامی و سەرنجڕاكێشانی دەبێت، بەڵام بەداخەوە، هەموو ئەو ناوچانەی كە خۆرگیرانەكە بە شێوەیەكی گشتی دەیانگرێتەوە بۆیان ناڕەخسێت كەوا ئەم خۆرگیرانە لەشێوەی ئەڵقەیی ببینن، هۆكارەكەش شوێنكەوتەی جوگرافی كەسەكەیە، چونكە  ئەگەر بە مەودایەكی بەرچاو بۆ باكوور یان باشووری ئەو ناوچانە بڕۆین كە خۆرگیرانی ئەڵقەیی تیایدا روو دەدات ئەوا بێ گومان گۆشەی دیمەنەكە دەگۆِرێ، ئیدی دیسكی مانگ بە پێی شوێنكەوتەی تۆ یان لە كاتی جووڵەكردنت بەرزو نزم دەبێتەوە بەرامبەر بە دیسكی خۆر لەپێش چاوی ئێمە ئاسماندا، بەمەش دیمەنی خۆرگیرانە ئەڵقەییەكە دەگۆڕێ بۆ خۆرگرانی نیمچەیی، بە شێوەیەك هەرچەندە بەرەو ناوچەی گیرانی ئەڵقەییدا بچین ئەوا رێژەی گیرانی دیسكی خۆر بەهۆی مانگەوە زیاتر دەبێ و لێی دوور بكەوینەوە ئەوا رێژەی گیرانەكەكەمتر دەبێ تا وایلێدێت هیچ خۆرگیرانێك نابینی و نامێنێ". 

بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان روونیكردووەتەوە، سەبارەت بە داتای خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دەبێت: 

* دەستپێكی دیاردەكە لەنێو هەرێمی كوردستان لە كاتژمێر 07:34:52 ی بەیانی دیسكی مانگ لە بەشی خوارووی لای راستی دیسكی خۆرەوە دێتە پێشەوە و لەوێوە خۆرگیرانی نیمچەیی دەست پێدەكات.

* كاتژمێر 08:38:47 ی بەیانی خۆرگیرانەكە دەگاتە بەرزترین ئاستی كە %36.86 ی دیسكی خۆر دەكەوێتە دواوەی دیسكی مانگ و لە پیش چاومان ئەو بەەر تاریك دادێت.

* كاتژمێر 09:50:24 دیسكی مانگ بە تەواوی لە پێش دیسكی خۆر لادەچێ و كۆتایی بەو دیاردەیە دێت بە نیسبەت هەرێمی كوردستان.

* كەواتە دیاردەی خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان لە دەستپێك تا كۆتایی 2 كاتژمێر و 15 خولەك و 32 چركە.

* لێرەدا بە پێویستی دەزانين كەوا هۆشداریی بدەينە هاووڵاتیانی ئازیز كەوا بەهیچ شێوەیەك هەوڵ نەدەن راستەوخۆ لە رێگەی (تلسكۆب و دووربین و كامێرا) لەهەر كات و ساتێك و لەژێر هەر بارێكدا سەیری خۆرنەكەن، چونكە دەستبەجێ زیانی راستەوخۆ بەچاو دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی خوانەخواستە كوێربوونی كاتی یان هەمیشەیی یان دەبێتە هۆی حاڵەتی لەدەستدانی توانای بینینی رەنگەكان، بەڵكو پێویستە فلتەری تایبەت بە خۆر بەكار بهێنرێت و یان چاویلگەی خۆرگیران، كە بە داخەوە ئەم دوو بابەتە لە هەرێمی كوردستاندا دەستناكەون!، هەروەها بەكارهێنانی مۆبایلی بەستراوە لەگەڵ دووربین یان تلیسكۆب دەبێتە هۆی سووتاندنی كامێرای مۆبایل یان پێگەیاندنی زیانێكی گەورە، ئەگەر هاتوو فلتەر بەكار نەهێنرێت.
Qaiwan
Qaiwan