کوردستانی
وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێرشكردنە سەر نەخۆشخانەكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی هێرشكردنە سەر بنكە و مەڵبەندو نەخۆشخانەكان راگەیەندراوێكی توندی بڵاوكردەوە و دەڵێت قەبوڵی ناكەین و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین هەوڵی پاراستی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بدەن.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە خزمەتكردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەركردنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی. جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا، چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆماركراوە.
بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێ یەمین جار هێرشكراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان، سەرەڕای هەڕەشە و سووكایەتی كردن بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.
لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین كە نەخۆشخانەكان و دامەزراوە تەندروستییەكان مولكی گشتین و شوێنێكی پیرۆزن، چونكە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی چەندین كەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاكانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەكەین كە هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێكی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە كە بەناحەق دەكرێتە سەر پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان.
لەكۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییان دەكەین كە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو كارێكی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین ئارامی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن وە هاوڵاتییان دڵنیادەكەینەوە كە پزیشكان و كارمەندان لە ڕوانگەی هەستكردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان كەئەمەش سەروەتێكی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢١ حوزەیران ٢٠٢٠