کوردستانی
هێزێكی زۆر جوڵێنرا... ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی قورس هەیە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ماوەی چەند رۆژێك دەبێت، سوپای پاسدارانی ئێران هێزێكی زۆر و جبەخانەی هێناوەتە سنورەكانی هەرێمی كوردستان له ديوى رۆژهەڵاتی كوردستان، فەرماندەی گشتی هێزى پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان ئێرانیش دەڵێت، هەر هێرشێك بكرێتە سەر بنكە و بارەگاكانمان وەڵامی توندمان دەبێت.
كاوە بەهرامی، فەرماندەی گشتی هێزى پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە مەودا میدیای راگەیاند "زیاتر لە 10 رۆژە سوپای پاسداران سنورەكان و تەواوی رۆژهەڵاتی كوردستانی پڕكردووە لە سوپا بە چەك و جبەخانەی قورس، مانۆڕێكی دەستپێكردووە بۆ ئازاردانی كوردەكان لە رۆژهەڵات بە تایبەتی لە سنوری سنە و شارەكانی تری رۆژهەڵات".
ئاماژەی بەوەشكرد "لەو شوێنانەی كە ئەو مانۆڕە جێبەجێ دەكەن، هەموو شاخ و كێوەكان دەكەنە ئامانج بە بیانوی ئەوەى گوایە ئۆپۆزسیۆن لەو شوێنانە جێگیركراون و ئامانجیشیان وێرانكردنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و ئاوارەكردنی كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە".
وتیشی "بەپێی لێدوانی فەرماندەی نیرۆی زەمینی سوپای پاسداران، یەكێك لە ئامانجەكانی جوڵاندنی ئەو هێزەو مانۆڕە سەربازییە دەیانەوێت هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات ئەوانەی بنكە و بارەگایان لە هەرێمی كوردستانە بكاتە ئامانج".
ئەو فەرماندەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" هۆشداری دەدەين لەوەی ئەگەر بچوكترین زیان یان هێرش بكرێتەسەرمان و بنكەو بارەگاكانمان بە ئامانج بكرێن، وەڵامی توندمان دەبێت بۆ ئێران و بەرپەرچی هەر پەلامارێك دەدەینەوە و پەیوەندی باشیش هەیە لە نێوان حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات بۆ هەر حاڵەتێكی لە ناكاو".