عیراقی

پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رووداوەکانی شەوی رابردووی عیراق و کوشتنی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند بەرپرسێکی دیکەی حەشد لەلایەن ئەمریکاوە لە شاری بەغدا کاردانەوەی جیهانی و ناوخۆی لێکەوتەوە و بڕیارە سبەی پەرلەمانی عیراق لەسەر ئەو پرسە کۆبێتەوە.

حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "تاوەکو ئێستا بە فەرمی بانگهێشتی پەرلەمانتاران نەکراوە، بەڵام لەلایەن جێگری سەرۆکی دووەمی پەرلەمان داواکراوە کە سبەینێ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بەو هێرشانەی کە ئەمریکا کردیە سەر عیراق و بووەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس ئەنجام بدرێت".

ئاڵی وتی "ئەمڕۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق ئیدانەی  دەست درێژی و پێشلکردنی سەرەری خاکی عیراقیان کرد".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "ساڵی پار بڕیارێک هەبوو لە  پەرلەمانی عیراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عیراق و گفتوگۆی زۆری لەسە کرا، بەڵام ئەو بڕیارە سەری نەگرت، چونکە تاوەکو ئێستا عیراق نەیتوانیەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێ و پێویستی بە هێزی دەرەکی هەیە".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "دەبێت کاربەدەستانی عیراق ئاگاداری ئەم بارودۆخەی ئێستای ناوچەکە بن نەهێڵن شەڕی ئێران و ئەمریکا بێتە عیراق، چونکە لە ئێستادا عیراق ناتوانێ لە ئێستادا هەموو شوێنەکانی خۆی بپارێزێت".
Qaiwan
Qaiwan