گێتی

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا
د.نازەنین عوسمان

وڵاتێکی گەورەی وەکو ئەمەریکا کە لەسەر بنەمای دیموکراسی دانراوە و هەڵبژاردنی سەرۆک بە دەنگی میللەت راستەوخۆهەڵنابژێردرێت، هەربۆیە ئەمەریکیەکان زۆر بەلایانەوە گرنگ نییە بەشداری دەنگدان بکەن، سەرۆک لەلایەن 538 ئەندامی (ئەنجومەنی هەڵبژاردن) هەڵدەبژێردرێت کە خەڵک بە نوێنەری خۆیان هەڵیانبژاردوون.

سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکی یەکێکە لە ئاڵۆزترین سیستمی هەڵبژاردن، هەمان شێوەی هەڵبژاردنە کە لە سەدەی هەژدەمەوە لە 1787 وە بەبێ گۆڕانکاری کاری پێدەکەن.

هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک کاتێکی زۆر و داراییەکی گەورە و وتیمێکی زۆری دەوێت، بانگەشەی هەڵبژاردن ساڵێکی زیاتر پێدەچێت، ئەمەریکا وڵاتێکی گەورەیە لە 50 پەنجا ویلایەت و یەک هەرێم کە هەرێمی کۆڵۆمبیایە و پایتەختی واشنتۆنی لێیە پێکهاتووە، کاندیدەکان پێویستیان بەوەیە کە خۆیان لە نزیکەوە بە خەڵک بناسێنن تا متمانەی خەڵک  و بەتایبەتی متمانەی نوێنەرانی پارت  وەرگرن و لەگەڵ بەکارهێنانی جۆرەها رێگای سەردەمیانە. هەڵمەتی هەڵبژاردن داراییەکی خەیاڵی پێویستە و یاساکانی فیدراڵی رێگەی بە کاندیدەکان داوە پارە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە خەڵک کۆبکەنەوە، لە ئەندامانی پارتەکانیان و لە پارتەکەی، لە لیژنەکانی سیاسی و لە حکومەتی فیدراڵی.
 
کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت لەسەر خاکی ئەمەریکا لەدایک بووبێ، تەمەنی لە 35 سی و پێنج ساڵ کەمتر نەبێت و 14 چواردە ساڵ بەر لە خۆکاندیدکردنی بە بەردەوامی لە سەر خاکی ئەمەریکا ژیابێت. تاکو ئێستا هەمو سەرۆکەکان، خاوەنی مێژوویەکی درێژ بوون لە کایەی سیاسی یا ئەندامی کۆنگرێس بوون یا لە بەڕێوەبردنی ویلایەتەکان رۆڵیان هەبوە تەنیا دوو سەرۆک نەبێت، ئایزنهاوەر لە سوپاوە هاتبوو و سەرۆکی ئێستاش ترەمپ کە سەرمایەدارە، تاکو ئێستا هیچ ژنێک نەبووەتە سەرۆک، هیلاری کلینتۆن تاکە کاندیدی ژن بووە کە گەیشتووەتە کێبڕكێی کۆتایی و ئۆباما تاکە رەش پێست بووە گەیشتبێتە کۆشکی سپی. سەرۆک بۆی هەیا بۆ دوو خول سەرۆکاییتی بکات.

كۆشكی سپی

كارەكانی سەرۆك چین؟
کاری سەرۆک بریتییە لە دوو بەش: کاری ناوەوەی وڵات، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی یاساکان و دامەزراندن و لادانی ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێکار. کاری دەرەوەی وڵات بریتین لە دانپێدانان بە حکومەت یان دەوڵەتێکی بێگانە،  پەسەندکردن یان هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکان، نوێنەرایەتی ئەمەریکا، دامەزراندنی نوێنەران لە بواری دیپلۆماسی.

رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆک

هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان
هەر پارتێک چەند کاندیدێکی هەیە بۆ سەرۆکایەتی، بەڵام دەبێت تەنیا یەک کاندیدیان بچێتە کێبڕکێی کۆتایی، بۆیە دەبێت لەپێشەوە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کام کاندید دەچێتە کێبڕکێی کۆتایی. بۆ گەیشتن بەو دەرئەنجامە دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرەتاییەکاندا بڕۆن.

بۆ هەڵبژاردنی 2020 کە دەکاتە 59 پەنجاونۆیەمین سەرۆک لە بەهاری 2019وە کاندیدەکان خۆیان ئاشکراکردووە کە تەمای خۆهەڵبژاردنیان هەیە بۆ سەرۆکایەتی. بۆ هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی تاکە کاندید بۆ سەرۆکایەتی دوو سیستمیان هەیە، سیستمی هەڵبژاردنی سەرەتایی و سیستمی کەوکس. هەر حزبە و لە هەر ویلایەتێک ئازادن چ جۆرە سیستمێک بەکاربهێنن.

هەڵبژاردنی سەرەتایی بریتییە لە نووسینی ناوی یەک کاندید و خزاندنی بۆ نێو سندوقی هەڵبژاردن و بە درێژایی رۆژەکە دەتوانی بچی دەنگبدەی و دەنگدانەکە شاراوەیە. ئەمەش چەند جۆرێکی هەیە:

1- هەڵبژاردنی سەرەتایی کراوە: هەموو کەس مافی بەشداریی لەو هەڵبژاردنە هەیە گەر ئەندامی ئەو پارتە بێت یان نا.
2- هەڵبژاردنی سەرەتایی داخراو: تەنیا ئەندامانی ئەو پارتە مافی دەنگدانی هەیە.
3- هەڵبژاردنی سەرەتایی نیمچە داخراو ئەندامانی ئەو پارتە مافی دەنگدانی هەیە، هەروەها خەڵکی سەربەخۆ.
4- هەڵبژاردنی سەرەتایی نیمچە کراوە هەموو کەسێک مافی دەنگدانی هەیە هەتا ئەگەر ئەندامی ئەو پارتەش نەبێت، بەڵام یەکجار دەنگدەدا و بۆ یەک پارت و ناتوانێت بچێت لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتێکی تر دەنگ بدا.


لە هەڵبژاردن بە سیستمی کەوکس (کۆبوونەوەی پارتییە) لە 4 ویلایەت بەم شیوە دەکرێت، ئەندامانی پارتەکە کۆبوونەوەی گشتی دەکەن لایەنگرانی کاندیدەکان دابەشدەبن بەسەر چەند شوێنێک و هەرشوێنێک بۆ کاندیدیک تەرخانکراوە و لایەنگرانی لەو شوێنە لە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکە و سەرژمێریان بۆ دەکرێت، گەر ئامادەی ئەو کۆبوونەوە نەبن لەوکاتەدا کە دەنگەکان دەژمێردرێن ناتوانن دوای ئەوە دەنگبدەن، لەم دەنگدانە ئاشکرایە کێ دەنگی بە کێ داوە. ئەگەر کاندیدێک لە 15% کەمتری هێنابێ دەنگدەرانی دەبێت دەنگ بۆ کاندیدێکی تر بدەن.
هەمو پارتێک ئازادە لەسەر ئاستی هەر ویلایەتێک ئەو هەڵبژاردنە بەکام شێوە ئەنجام بدا و یاخود هەر نەیکات، ئەم ساڵ پارتی کۆماری بڕیاریدا لە پێنج ویلایەت ئەم هەڵبژاردنە نەکات تا ركابەر بۆ ترەمپ درووست نەبێت.

بەشداریی دەنگدەران


هەر ویلایەتە کاتێکی دیاریکراوی بۆ دانراوە کەی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی بکا.
بۆ هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان یەکەم ویلایەت کە تێیدا ئەنجامدەدرێت ویلایەتی (ئایاوە)یە، بۆ هەڵبژاردنەکانی 2020  لە 3 فێبریوەری کرا و دووەم ویلایەت (نیوهامشەر) بوو. هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەم دوو ویلایەتە بچوکە گەورەترین روماڵی میدیایی بۆ دەکرێت. لە سوپەر سێشەمە کە یەکەم سێشەمەی مانگی مارسە ژمارەیەکی زۆر لە ویلایەتەکان هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان لەو رۆژەدا تیایدا دەکرێت ئەم ساڵ ئەو رۆژە کەوتە 3/3.   هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان بۆ 2020  لە 3 فەبریوەریاوە دەستیپێکرد تا 16 حوزەیران بەردەوام بوو.

لە کۆتایی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان و لە دوای مانگی تەمووزهەر پارتە کۆنگرەی نیشتیمانی دەبەستێت و لەو کۆنگرەیە نوێنەرەکانی پارتەکە دەنگدەدەن بەو کاندیدەی کە دەچێتە کێبڕکێی کۆتایی کە لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان دەرچووە و شەرعیەت بەو کاندیدە دەدەن و بەڕەسمی ببێتە کاندیدی پارت، بەڵام هەندێكجار روودەدا کیبڕکێیە لەنێوان دوو کاندید كە هەمان دەنگیان هێناوە، هەرچەندە ئەمە زۆر کەم رودەدا، بەڵام لەو حاڵەتە نوێنەرەکان چەندجار دەنگدەدەن تا یەکێکیان دەیباتەوە.

دوای  هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان لەهەر ویلایەتێک نوێنەر بۆ ئەنجومەنی هەڵبژاردن هەڵدەبژێردرێن، زۆربەی کات ئەو نوێنەرانە خەڵکی چالاکوانی سیاسین یا لایەنگرانی کاندیدەکانی سەرۆکایەتین.  ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن هەمان ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێسن لەگەڵ 3 سێ نوێنەری هەرێمی کۆڵۆمبیا واتە 538 نوێنەر. ئەو 538 نوێنەرە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و ئەوانەن کە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەدەن، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا راستەوخۆ نییە.

بۆ هەر ویلایەتێک ژمارەیەک لە نوێنەر بۆ ئەنجومەنی هەڵبژاردن دانراوە کە هەمان ژمارەیە بۆ کۆنگرێس دانراون. کۆنگرێس پێکهاتووە لە ئەندامانی پەرلەمان (ئەنجومەنی نوێنەران) و ئەنجومەنی سینات (پیران). هەر ویلایەتێک 2 دوو ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنی پیران کە ژمارەیان دەبێتە 100 کەس. ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) لە 435 ئەندام پێکدێت، هەر ویلایەتە و بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ئەندامی هەیە بۆ نموونە کالیفۆرنیا گەورەترین ژمارەی هەیە 53 پەنجا و سێ ئەندامی لە پەرلەمان هەیە، تەکساس 36،  فلۆریدا و نیویۆرک 27 ئەندام و هەندێ ویلایەت تەنیا یەک نوێنەریان هەیە وەک ئالاسکا، مۆنتانا، ڤێرمۆنت، باکوور و باشووری داکۆتا...هەر3 سێ نوێنەری هەرێمی کۆلۆمبیا لە کۆنگرێس مافی دەنگدانیان نییە، بەڵام لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک دەنگدەدەن.

ئەو کاندیدەی بۆ سەرۆکایەتی دەردەچێت جێگرێکیش بۆ خۆی دیاریدەکات و پێکەوە دەست بە بانگەشە دەکەن لە سەرتاسەری وڵات.

لە ئەمەریکا دوو پارتی سەرەکی هەیە پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری چەندەها ساڵە حوکم لەنێوانیان دەستاودەست دەکات و چەند پارتێکی تری بچوک هەیە وەک سەوز و دەستوور وسەربەخۆ، بەڵام دەنگی زۆرکەم دەهێنن.

لۆگۆی پارتی دیموكراتی ئەمەریكی

پارتی دیموكرات
پارتی دیموکرات لە 1792وە دامەزراوە هێماكەیان (کەر) و رەنگی شینە، بە پارتێکی چەپ ناسراوە، زیاتر نوێنەرایەتی چینی مامناوەندی دەکات، دەزگای سەرمایەدارە بچوکەکان پشتی دەگرن، رۆشنبیر و هونەرمەندان پشتیوانیان لێدەکەن، گرنگی بە مافی ژن و بێگانە دەدەن، لە حوکمدا زیادکردنی باجی زۆر دادەنێن تا بۆ پرۆژەی گەورە بەکاریبێنن. بۆ سەرۆکایەتی ئەمساڵ جۆبایدن کاندیدی دیموکراتەکانە تەمەنی (77)  ساڵە و 8 ساڵ جێگری باراك ئۆباما بوو، بە کەسێکی میانڕەو دادەنرێت و شارەزایی لە یاساکان و حکومڕانی زۆرە. دروشمەکانی دیموکراتەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە دژ بە سیاسەتی ترەمپن کە سیاسەتی ئەمەریکای ناشیرن کردووە و پیاوێکی درۆزن وگەندەڵە و پشتی دیکتاتۆرەکانی سعودیە و ئەردۆغان و بنیامین نەتانیاهۆ و عەبدولفەتاح سیسی دەگرێت.

لۆگۆی پارتی كۆماری ئەمەریكى

پارتی كۆماری
پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزراوە و (فیل) و رەنگی سوور نیشانەیەتی، نوێنەرایەتی سەرمایەدارن و بانكە گەورەکان و کۆمپانیای نەوتییەکان دەکات، پارتێکی راسترەوە و دژ بە پەناهەندە و لەباربردنی کۆرپەلەن و لە حوکمدا لەگەڵ دانانی باجی کەمن لەسەر سەرمایە و پرۆژەی گەورە ناکەن. بۆ سەرۆکایەتی ئەمساڵ ئەگەری زۆری ترەمپ بێت، ترەمپ هەر دوای دوو ساڵی لە حوکم ئاشکرای کرد کە خۆی کاندید دەکات. بەهۆی ئەوەی لە مانگی ئابدا کۆنگرە دەبەستن بیل واید لە کێبڕکێدا دەبێت لەگەڵ ترەمپ بۆ کاندیدی کۆمارییەکان. ترەمپ پەیمان تازەدەکاتەوە کە لەسەر هەمان سیاسەتە ناتەقلیدییەکەی بڕوا بەتایبەتی بۆ پێشخستن و بوژانەوەی ئابووری و ترس دەخاتە نێو ئەمەریکییەکان گەر ترەمپ هەڵنەبژێردرێتەوە ئەوا مەترسی هەژمونی چین و ئێران لەسەر ئاسایشی ئەمەریکا دەبێت.

لەدوای ئەوەی کۆتا کاندیدی حزبەکان یەکلادەبنەوە دوو دیبەیت لە سەرتەلەڤزیۆن دەکەن، بۆ ئەمساڵ دەکەوێتە 26/9 و 9/10 و سێیەم دیبەیت لەنێوان هەردوو جێگر دەبێت.
ویلایەتەكان یەكلابووەوەكان بۆ حزبی كۆماری و حزبی دیموكرات

لە پەنجا ویلایەتەکانی ئەمەریکا هەندێکیان لەسەر پارتی دیموکرات ئەژمار دەکرێن و لەدەنگدان زۆربەی کات دەنگیان بۆ دیموکراتەکانە، زۆربەی ئەو ویلایەتانە دەکەونە سەر دەریا و ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە، بۆیە ژمارەی نوێنەرانیان لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن زۆرە، هەندێ ویلایەتی ترهەن کە دەنگیان زۆربەی کات بۆ کۆمارییەکانە و ژمارەی ویلایەتەکان زیاترن، بەڵام ژمارەی دانیشتووانیان کەمە، بۆیە ژماری نوێنەرانیان لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن کەمترە،  بەشێکی تر لە ویلایەتەکان خۆیان سا‌غ نەکردووەتەوە بە کام پارتەیان لە هەڵبژاردنەکان دەنگدەدەن، هەربۆیە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی گرنگی زۆر بەو ویلایەتانە دەدن تا دەنگەکانیان بۆ خۆیان راکێشن.

خاڵێکی گرنگ هەیە لە شێوەی ژماردنی دەنگەکانی نوێنەرانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن لە هەندێ ویلایەت کە پارتی براوە هەموو دەنگەکان دەبات، بۆ نموونە لە فلۆریدا کە خاوەنی 29 نوێنەرە لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن، گەر پارتی یەکەم 15 دەنگ بێنێت و پارتی دووەم 14 دەنگ، ئەوا پارتی یەکەم هەر 29 دەنگەكە دەبات و پارتی دووەم سفری بۆ دەژمێردرێت، لە هەندێ ویلایەتی تر وانییە و هەریەکە دەنگی خۆی دەبات. ئەم جۆرە ژماردنە هەندێكجار وا دەکات کە کاندیدێك بدۆڕێ لە دەنگدانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن، بەڵام خۆی براوە بووبێت لە دەنگدانی خەڵک و ئەمە لەگەڵ ئەڵگۆڕ روویدا دژ بە جۆرج بووش  لە 2000 و هیلاری کلینتۆن دژ بە ترەمپ لە 2016.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا
لە یەکەم سێشەمەی دوای یەکەم دووشەممەی مانگی یازدە (نۆڤێمبەر) هەڵبژاردنەكە لەلایەن ئەنجومەنی هەڵبژاردنەوە بۆ سەرۆک و جێگرەکەی بەڕێوەدەچێت.
لە هەمان رۆژهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت لەگەڵ 3/1ی  ئەنجومەنی پیران. هەموو 2 دوو ساڵ جارێك ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژاردن دەکات، بەڵام هەموو 6 ساڵ جارێك ئەنجومەنی پیران هەر 2 دوو ساڵ لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران 3/1 ئەنجومەنی پیران هەڵبژاردن دەکات.

بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی ببێت بە سەرۆک دەبێت 270 دەنگ لە کۆی 538 دەنگ بهێنێت. ئەگەر کەس زۆرینەی نەهێنا ئەوا لە ماڵی نوێنەران (پەرلەمان) بڕیار دەدەن کام لە کاندیدەکان ببن بە سەرۆک.  بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی 2012 بەم شێوەیە بوو( ئۆباما 269، رۆمنی 268، جۆنسن 1) بڕیار بۆ ئۆباما درا.
خۆ ئەگەر پەرلەمانیش هەر نەگەییە ئەنجام، ئەوا ئەنجومەنی پیران بڕیاری لێدەدا، بەڵام تاکو ئێستا ئەمە رووی نەداوە.

مەراسیمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ/ سەرەتای 2017

سوێندخواردنی سەرۆكی هەڵبژێردراو
لە  20ی مانگی یەک (کانونی دووەم) سەرۆکی هەڵبژێردراو سوێند دەخوا لەسەر ئینجیل و دەچیتە کۆشکی سپی.
لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ترەمپ نەخۆشی کۆڤید 19 بکات بە بیانوو تا هەڵبژاردن دوابخرێت لەڕێگای ئەنجومەنی پیرانەوە کە کۆمارییەکان زۆرینەن تیایدا، بڕیاریکی لەو جۆرە تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیرانە، خاڵی بەهێزی ترەمپ گەشەی ئابووری ئەمەریکا بوو، بەڵام کۆرۆنا وەک هەموو جیهان کاری لە ئابووری ئەمەریکا کردووە. دەرچوونی کتیبەکەی جۆن بۆڵتۆ  کە راوێژکاری ترەمپ بوو و زۆر بەشێوەیەکی ناشیرین باسی ترەمپ دەکات و بە دەبەنگ پێناسەی دەکا و زیانی لە ترەمپ داوە، بەڵام ئێستا زۆر زووە پێشبینی بکرێت ئەو هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی کام کاندیدە دەبێت.

*د.نازەنین عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوەیە و ئەم نووسینەی تایبەت بۆ "دۆسییەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا" نووسیووە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە